رۆژنامەنوس و هەڵوێست
Monday, 24/06/2013, 12:00
1704 بینراوە
-قەڵەم ئەو چەكە كاریگەر و سەردەمیانەیە كەهەڵگرەكەى یان بەندیخانەو دەربەدەری وسێدارە چاوەڕێیەتى یان پارەو پلەو پایە وێنەى كەسى یەكەمیان زۆردانسقەو پڕبایەخن، وێنەى كەسى دووەمیان وەك گەڵاى دار زۆرو بێبایەخن.
- ئەگەرجاران شانۆ قوتابخانەى گەل بو ئەوا ئەمڕۆ رۆژنامەنوسى ئازا و ئازاد و ڕاستگۆ مامۆستاى گەل و چاوى جەماوەر و زمانى هاوڵاتى و ویژدانى كۆمەڵگەیە.
كەسێك دەڵێت (نوسینێك ناژى ئەگەر نوسەرەكەى بۆ ئەوە بینوسێت كە پێى بژى) گۆڕینى هەڵوێست و گواستنەوەى كارى ڕۆژنامەگەرى لاى زۆربەى ڕۆژنامەنوسان بۆتە دیاردە، ئەمڕۆ بەچاوى خۆمان دەیبینیین كە بابایەكى ڕۆژنامەنوس لە دەزگایەكى ڕاگەیاندنەوە دەردەكەوێت و دەچێتە نێو هەموماڵێك و دەبێت بەكارەكەرێكى ناسرا و لەنێو كۆمەڵگەدا، كەچى لەناكاو سەنگەر دەگوازێتەوە بۆ دەزگایەكیتر ئیتر لاى ئەو گرنگنیە هەردەزگایەك بێت، ئەوەى گرنگ بیت لاى ئەو زۆرترینى داهاتە.
جاران دەیان وت (كارى ڕۆژنامەنوسى گەڕانە بەدواى سەرئێشەدا) بەڵام ئەمڕۆ پیشەى ڕۆژنامەنوسى لاى زۆربەى ڕۆژنامەنوسان بوە بە گەڕان بەدواى زۆرترینى دەسكەوتى ماددیدا! ئیتر سەرچاوەى داهاتەكە لاى ئەو گرنگ نیە، بچوكى ئەو جۆرە ڕاگەیاندنكارانە لەوێدایە بۆ مشتێك پارە و ئیمتیاز زۆر بە ئاسانى ڕاو هەڵوێستى خۆیان لەماوەیەكى كەمدا 180 پلە پێچەوانە دەكەنەوە.
مرۆڤەكان ئازادن لەوەى چۆن بیر دەكەنەوە یان لەكوێ دادەنیشن و كاردەكەن، گرنگ ئەوەیە ئەوكەسە پەیامەكەى خۆى(ئەگەر خاوەن پەیام بێت) لەدەست نەدات، ئاخر هەمومان جیاوازى نێوان ڕاگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یان خراپتر ڕاگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن و سێبەر دەزانیین، گواستنەوەى سەنگەر لەو نێوەندەدا ئەوەمان پێدەلێت كە ئەو باباى بەناو ڕۆژنامەنوسە ڕۆژێك لە ڕۆژان خاوەنى پەیامى ڕونى خۆى نەبوە، ڕاگەیاندنكار هەیە هەربەناوى خۆیەوە لەماوەیەكى كەمدا لەسێ میدیاى جیاوازدا هەمان بەرنامەى پێشكەشكردوە، ئەمە لەكوێى ڕاگەیانكارى پەیامداردا جێگاى دەبێتەوە، لەكاتێكدا هەموكەس هۆكارى ئەو ستۆدیۆ گۆڕینانە دەزانێت!!!
ئەو جۆرە ڕاگەیاندنكارانەن كە ئەرزشیان بۆ ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكار نەهێڵاوە، هەر لە سایەى ئەوانەوەیە كە دەسەڵاتیش دەیان و سەدان كەناڵى سێبەرى دامەزراندوە، ئاخر ئەگەر ئەوان و هاوشێوەكانیان نەبن ئەو ئۆردویە لە ڕاگەیاندنكار و ڕاگەیاندنى سێبەر دروست نابێت!!!
لەكۆتایدا ئەو جۆرە ڕاگەیاندنكارانە بەخۆیان بزانن یاننا ئەوە ڕاگەیاندنى مەرگى ناوبانگیانە لە پێناو پارە و پولدا.