پرسی ده‌سه‌ڵات له (هه‌رێم)
Monday, 13/05/2013, 12:00
پرسیاری بنیاتنانی سیسته‌مێکی سه‌رۆکایه‌تی یان په‌رله‌مانی له هه‌رێم هه‌لێکه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوی دانوستانی پرسی ده‌سه‌ڵات بکه‌ینه‌وه.
ئێمه له پرسی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌رگیز ناتوانین کێشه‌ی مێنتالێتی وهلاوهنێین. مێنتالێتی جۆر و شێوازی هزرین و ده‌رککردنی جیهانیانه‌ی که‌س یان گرووپه که له ره‌وتی کاتدا سه‌روه‌ریی وه‌رگرتووه، بۆیه ته‌نیا که‌سانی دیاریکراو ناگرێته‌وه، به‌ڵکو به هه‌مان شێوه چواندنی بۆ گرووپ هه‌یه. له رووی که‌سییه‌وه زۆر ئاساییه که جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌توانێت واز له سیاسه‌ت بهێنێت. تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی پێی ناکرێت، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانییه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌کراوی کولتووره‌که‌یه‌تی و وه‌ک ئه‌مه‌ش ده‌رککردنێکی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه که هاوکات تایبه‌ته به‌و کولتووره، به واتایه‌کی دی، ئه‌و به‌ده‌ره له ئازادیی که‌سیی و بۆیه سه‌بژێکت نییه، که ئیتر دوای ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌ک واز بهێنێت. ئه‌م بنه‌مایه به هه‌مان شێوه مه‌سعود به‌رزانی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌که لای ئه‌م ئاڵۆزتره، چونکه ئه‌م نه‌ک ته‌نیا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار هاتۆته جیهانه‌وه و ته‌نیا بنه‌مای ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێت، به‌ڵکو هه‌روه‌ها خاوه‌نی "هه‌ستی شانازی بهرزانیانه"یه و شانازییه‌که‌ی به هێماکانی تیره‌که‌ی ده‌رده‌خات، لێره‌شدا کاری سیاسی له‌و تێگه‌یشتنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه پێناسه ده‌کات که خۆی ده‌یناسێت. ئه‌م لایه‌نه جیهانبینییه‌ی پرسی ده‌سه‌ڵات خۆی کێشه‌یه‌کی کرۆکییه له به‌رده‌م پرسیاری دێمۆکراتیی په‌رله‌مانیدا، چونکه بنه‌ماکه‌ی بریتییه له جێگریی (خه‌لافه‌تی) خێزانی. جگه له‌وه له هه‌رێم چه‌ندین بنه‌ماڵه و تیره و هۆز هه‌ن و به حوکمی بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تییان ته‌نیا له جۆرێکی حوکمڕانیدا هه‌ڵده‌که‌ن، بۆیه شه‌ڕ بۆ فۆرمێکی ده‌وڵه‌تی ده‌که‌ن که هه‌ره‌می کۆمه‌ڵایه‌تییان بپارێزێت _ ئه‌وه پرسیارێکی گرنگ نییه که داخۆ مه‌به‌سته‌کانیان "له‌مسه‌ر" یان "له‌وسه‌ر" به‌دیبێن.
به‌ڵام ئێمه ترادیسیۆنگهرایی ته‌نیا له‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نابینین، به‌ڵکو هه‌روه‌ها که‌سێتیی کوردی (که‌سێتی له رووی سایکۆلۆژی نه‌ک له رووی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه) له‌سه‌ر هه‌مان شێوه ده‌رکی ده‌سه‌ڵات ده‌کات: نزیکه‌ی هه‌موو یه‌کێک راستاندنی کار و پیشه‌ی له به‌رده‌وامیدا ده‌بینێته‌وه. بۆ نموونه له بواری کاری هۆشه‌کیدا "نزیکه"ی هه‌موو نووسه‌ران هه‌تا په‌ککه‌وتنی ته‌مه‌نیان به‌رده‌وامی به نووسین ده‌ده‌ن، چونکه له بزربوون ده‌ترسن، بۆیه ده‌نووسن و ده‌نووسن. بۆ ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه که له‌سه‌ر هه‌موو شتێک قسان بکه‌ن، جا گه‌ر ته‌نانه‌ت بابه‌تی ئه‌وان نه‌بن و هیچ له‌باره‌یان نه‌زانن. هه‌مان کێشه له بواری زانستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا له‌گۆڕێیه، که‌واته له‌م بوارانه‌شدا سه‌ندنی کورسی و گه‌یشتن به ئیمتیازاتی جیاواز مه‌به‌ستی سه‌ره‌کین له چالاکبوونی تاکه‌که‌سدا. ته‌نانه‌ت توێژینه‌وه‌ی دکتۆرا "به‌زۆریی" وه‌ک دهسوێژ بۆ سه‌ندنی پرێستیژی (هه‌یمه‌نه‌ی) کۆمه‌ڵایه‌تی و کورسی ده‌بینرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه که له هه‌رێم ژماره‌ی توێژه‌ر زۆر که‌مه.
ئێمه پێویسته بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی سیاسیی هه‌رێم هه‌روه‌ها له‌پاڵ ده‌رککردنی ترادیسیۆنیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ره‌چاوی سایکۆلۆژیی گه‌شه‌ی تاک بکه‌ین، لێره‌شدا یه‌کسه‌ر ده‌که‌وینه به‌رده‌م سه‌ره‌نجامه‌کانی حه‌ساری ئابووری له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا، هه‌روه‌ها سه‌ره‌نجامه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ بۆ تاکه‌که‌س.
حه‌سار له نه‌وه‌ده‌کاندا نه‌هامه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی بۆ زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه هێنا و ته‌نیا که‌مینه‌یه‌کی زۆر بچووک لێی سوودمه‌ند بوو. زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و که‌سانه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌نج بوون یان له‌و سه‌رده‌مه و دوای ئه‌ودا سۆسیالیزه‌کراون (واتا به‌که‌سکراون)، چڵێسییهکی بێ‌سنووریان هه‌یه، که به‌تایبه‌تی دوای گه‌یشتنیان به "پاره" ده‌رده‌که‌وێت. دوای رووخانی رژێمی به‌عس زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه، به تایبه‌تی حیزبییه‌کان، نیعمه‌تیان به‌سه‌ردا بارێنرا: پاره به رێژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ هاته نێویانه‌وه که ره‌نگه ته‌نیا خه‌ونیان پێوه بینیبێت. ئه‌مه چڵێسییه کرۆکییه‌که‌ی تاکه‌که‌سی ده‌رخست، که ئیتر نه‌ک ته‌نیا خوازیارانی پاره ده‌رفه‌تیان بۆ ره‌خسا به فرت و فێڵ و خۆنهواندن بێنه نێوه‌ندی سیاسه‌ته‌وه، به‌ڵکو بۆ نموونه ته‌نانه‌ت زۆر ئه‌کادیمی دوای وه‌رگرتنی ناونیشانی دکتۆر راسته‌وخۆ که‌وتنه چاوبازی له‌ته‌ک دامه‌زراوه سیاسیه‌کاندا، چونکه موچه و ئیمتیازی زۆرتریان هه‌یه، خانه‌نشینییه‌کی مفتیان پێدهبڕرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له سه‌ره‌تاوه خۆیان له‌نێو حیزب‌دا مه‌ڵاس دابوو، یان له ده‌رگای پارته سیاسیه‌کانیان دا و ده‌ده‌ن، لێره‌شدا گرنگ نییه که ئه‌وه ده‌رگای "پارتی" یان "یه‌کێتی" یان "گۆڕان" بێت.
بۆ تێگه‌یشتن له‌مه ده‌بێت رووبکه‌ینه "که‌سێتیی پۆستجوتیاری". ئه‌م که‌سێتییه که شه‌یدای ره‌نگی ئاڵوواڵایه، خانووی بلۆکی چیمه‌نتۆ، خۆراکی زۆر ساده چێکراوی وه‌ک برنج و شله و که‌باب، قه‌نه‌فه‌ی ئاغایانه، که‌سێتییه‌کی بێچێژ نییه، به‌ڵکو خاوه‌نی چێژێکه که تایبه‌ته به کۆمه‌ڵگه جوتیارییه‌کان. مرۆڤی کۆمه‌ڵگه‌ی جوتیاری ساده‌یه. پۆشاکی، خواردنی، ماڵی، گۆڵمزهکانی، هه‌موو ساده‌ن: "به زۆری" گۆشت به ئاو و خوێ ده‌کوڵێنێت، برنجی بۆ لێده‌نێت و به کولێرهوه ده‌یانخوات!" به‌ڵام که‌سێتیی پۆستجوتیاری بریتییه له دازانانی که‌سێتیی جوتیاری، ئه‌و گه‌رچی هێشتا هه‌ر ژیانی ساده‌ی جوتیاری به ئه‌وپه‌ڕی بێکولتوورییهوه له ماڵ و باره‌گا حیزبییه‌کاندا، "له گرده‌که" و وه‌زاره‌ت و زانکۆکان‌دا پیاده ده‌کات، به‌ڵام شێوه‌یه‌کی چڵێسانه‌ی دازناوی پێداوه: چڵێس له خواردندا، له بیناسازیدا، له خۆپۆشین و مکیاج‌کردن و بهمۆدهکردنی پۆشاکی میللی‌دا، له رازاندنه‌وه‌ی نێوماڵدا، له باخسازیدا، هۆکاری ئه‌م چڵێسییهش ته‌نیا پرسی ساتارکردنی پێداویستی نییه، به‌ڵکو له بێکولتووریی که‌سه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئه‌م بێکولتوورییهشه که وا ده‌کات ئه‌و ته‌نیا چاوی له ده‌ره‌وه بێت، لاسایی ئه‌وه بکاته‌وه که چێژگهندهڵهکهی دراوسێی یان دۆستی کردوویه‌تی. به‌م شێوه‌یه خه‌ڵک رژاوه‌ته نێو بازاڕه‌کان و به ئهزرهتهوه باوه‌ش به‌و شتانه‌دا ده‌کات، که بازرگانان و مافیای کوردی له چین و تورکیا و ئێرانه‌وه بۆی ده‌هێنن.
پێش ئه‌وه‌ی رووبکه‌ینه کێشه‌ی شه‌ڕی نێوخۆ گه‌ره‌که له ده‌رهاویشته‌کانی خه‌باتی کوردایه‌تی بڕوانین. به به‌راوردکردنێک: بۆ نموونه له شه‌سته‌کان و حه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا له شارێکی وه‌ک سلێمانیدا (خوێنه‌ر ده‌توانێت په‌یوه‌ند به شاره‌کانی هه‌ولێر و که‌رکوک و دهۆکه‌وه هه‌مان به‌راورد بکات) حه‌سیب ساڵه‌ح و عیرفانی حه‌مه‌ی فه‌ره‌جه فه‌نی، ئه‌فسه‌ره‌کانی شار و به‌ڵێنده‌ران، بازارگانان و هتد هه‌ڵده‌که‌وتن، په‌یوه‌ندیی بۆرژوایانه‌یان ئاوه‌ڵا ده‌کرد، به‌ڵام ئایا دوای تێکه‌وتنی سه‌دام حسێن به هۆی هه‌ڵه‌ی کوێته‌وه ئه‌وانه کێ بوون که له شاخه‌کانه‌وه بۆ نێو شار گه‌ڕانه‌وه و بوون به ده‌سه‌ڵاتدار؟ پێویست ناکات ناو بهێنین، ئه‌وه‌نده به‌سه بڕوانینه جیاوازیی هه‌ڵکه‌وتوانی شار و "زۆرینه"ی مه‌زنه‌کانی خه‌باتی "کوردایه‌تی"! گه‌ره‌که ببینین که چ جیاوازییه‌ک له ره‌فتار و ژیاندنی چێژه که‌سییه‌کانی هه‌ردوو لادا هه‌یه، ئه‌وجا گه‌ره‌که بڕوانین که چۆن هه‌زاران داماو له‌م په‌یوه‌ندییه سهقامگیربووانهی شاخه‌وه ده‌رفه‌تیان بۆ ره‌خسا هه‌ستی هیچێتی خۆیان به شێخزادهچێتی و خزمایه‌تی نه‌فی بکه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن له‌نێو پارتی سیاسی‌دا بوونێک به خۆیان بده‌ن. ئه‌مه به‌رهه‌می کوردایه‌تییه‌که‌ی کوردستانی ئێراقه هۆکارێکی سه‌ره‌کییه له دێگێنهراسیۆنی (بهدفهڕبوونی، گه‌نده‌ڵبوونی) که‌سێتیدا.
ئێمه بۆ وه‌سفکردنی دۆخی ئه‌مڕۆی "هه‌رێم" پێویسته رووبکه‌ینه تێگه‌یه‌کی توخمی که تێگه‌ی "دۆخگۆڕی"یه (Wandel)، واتا: هاتنه‌ئارای دۆخێکی نوێ له دۆخێکی پێشینه‌وه. ئێمه لێره‌دا تێگه‌ی دیالێکتیکیانه‌ی گۆڕانمان نییه. له دۆخگۆڕیدا چه‌ندین ئاڕاسته‌ی جیاواز، جۆری جیا له پێشبینیکردنی ژیانی خۆ و کۆمه‌ڵایه‌تیدا دێنه‌گۆڕێ، ئه‌وجا ده‌سوێژی پاره گۆڕان به‌سه‌ر دید و روانگه‌کانی که‌سدا ده‌هێنێت، ساتارکردنی چێژه‌کان ده‌بێت به پله‌یه‌کی سه‌ره‌تایی و لێوه‌ی داواکاریی زیاتر بۆ ساتارکردنی زیاتر سه‌رهه‌ڵده‌دات، داواکارییه‌کان بۆ ژیاندنی چێژ و خواسته خۆییه‌کان په‌ره‌ده‌سێنن، به‌مه‌ش ره‌فتاری که‌س مۆدیفیکهیت (ته‌عدیل) ده‌بێت، که وه‌ک سه‌ره‌نجام نه‌سازییه (تناقچ) کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌ته‌ننه‌وه، به‌ڵێ له شاره‌کاندا ئه‌ڵقه‌کانی خێزانی گه‌وره (extended family) و ته‌نانه‌ت خێزانی ناو‌کی قرچه‌ڵۆک ده‌بن یان ته‌نانه‌ت له به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه.
به‌ڵام کێشه‌ی ئه‌م دۆخگۆڕییه ته‌نیا ئه‌وه نییه که به بێکولتووریی ته‌شه‌نه‌کردووی تاکه‌که‌س: به رواڵه‌تگه‌رایی و سادهیهتیی پۆستجوتیاری، سنووری بۆ کێشراوه، به‌ڵكو هاوکات له به‌رده‌م دوو ئاسته‌نگدایه: ئه‌و یه‌که‌م له سه‌رده‌می گلۆبالیزهبووندایه، ئه‌وه‌ش که چێژه‌کانی مرۆڤ ساتار ده‌کات، کۆنزومی به‌رهه‌مهێنراوی وڵاتانی دیکه‌یه، وه‌ک پۆشاک، ئامێره کاره‌باییه‌کانی نێو ماڵ، ستیلی قژتاشینی کۆری و ئه‌مه‌ریکی، ته‌لارسازیی دوبه‌یی، ئه‌وجا لای ده‌سه‌ڵاتداران کۆشکبازی و که‌شخه‌یه‌تی (و له‌وانه‌ش زیاتر) ته‌نیونه‌ته‌وه، هاوکات ژماره‌ی گه‌نجان له هه‌رێم په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌ڵام ئه‌وان به‌زۆری روویان له خۆیانه و شوێن به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زووه‌کانیان که‌وتوون (که بێگومان له‌م هه‌ڵوێسته‌یاندا ناره‌وا نین)، هه‌روه‌ها هه‌موو یه‌کێک ده‌یه‌وێت خاوه‌نی موڵک بێت، له‌م په‌یوه‌ندییه‌شدا که‌مینه‌یه‌کی زۆر بچووک بێموڵک ماوه‌ته‌وه (به پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری وڵاتانی جیهانه‌وه). به‌ڵام ئاسته‌نگی دووه‌م ئه‌وه‌یه که نه‌ک ته‌نیا زانکۆکان ناتوانن شوێنی چێ‌کردنی مه‌عریفه بن، به‌مه‌ش مایه‌ی به‌ربوونی هۆشی ئازادی ره‌خنه‌یی بن یان ببن به دامه‌زراوه‌ی شرۆڤه‌کردنی بواره زانستییه جیاوازه‌کان (بۆ نموونه توێژینه‌وه‌ی ئۆبژێکتییانه له بزووتنه‌وه‌ی ئهیلوول که کۆتایی به حیکایه‌ته‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بهێنێت)، به‌ڵکو هه‌روه‌ها لاساییکهرهوانی ده‌زگای ستالینی یان به‌عسی ده‌یانه‌وێت به کهللهڕقی په‌یوه‌ندییه کۆنه‌کان ڕابگرن. ئه‌وان له لایه‌ک به به‌خشینی ئیمتیاز، به هه‌ڵڕشتنی پاره بۆ لایه‌نگرانیان، به قۆرخکردنی بازرگانی فاکته‌رێکی ئه‌م دۆخه نوێیه‌ن و به‌مه‌ش خۆیان تێوه‌گلاون، له لایه‌کی دی به‌رژه‌وه‌ندیه که‌سییه‌کان، هه‌ڵه و تاوانی سیاسی و ئابووری، دایانخستوون.
ئێمه پێویسته هاوکات له رووی ئۆبژێکتییهوه (مه‌وزوعییه‌وه) له پرسی ده‌سه‌ڵات بڕوانین: له هه‌رێم ژماره‌ی دامه‌زراوه‌کان زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه و پێویسته پۆسته جیاوازه‌کانی نێویان به که‌سان (پێسرۆنال) بگیرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌نیا ژماره‌یه‌کی که‌می پێرسۆنال له به‌رده‌ستدایه. ئێمه له‌م په‌یوه‌ندییه‌شدا ناتوانین به‌سه‌ر سایکۆلۆژیی سۆسیالی که‌سدا (که‌سی شیاو یان نه‌شیاو) بازبده‌ین، واتا پێویسته سه‌رله‌نوێ بڕوانین که چۆن که‌س پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیاریی سۆسیال ده‌کات. که‌واته نه‌ک ته‌نیا ژماره‌که به‌س نییه، به‌ڵکو ترادیسیۆنگهرایی که‌سه‌کانیش پرسیار له به‌رده‌م چاکسازیدا زیتدهکهنهوه. ئاخر له "دۆخگۆڕی"ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا روانگه و ره‌فتار و به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌س په‌یوه‌ند به جووڵه‌ی ئابووری و دامه‌زراوه‌ییه‌وه له پێشینه‌دایه. به‌ڵام ئه‌م ره‌وشه هه‌ر تاکێکی ئه‌و پارته‌ش ده‌گرێته‌وه که له ئۆپۆزیسیۆندایه و ره‌نگه ئاینده به هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌و هه‌قیقه‌ته که هیچ دۆخێکی سره‌وتوو نییه و لێوه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌ربکه‌وێت. که‌واته هه‌موو پارتێکی سیاسی ته‌نیا پاژێکه له‌نێو ئه‌و دۆخه سهرجهمییهدا. به‌م شێوه‌یه کاتێک خودی دامه‌زراوه‌کان: په‌رله‌مان، دادگاکان، زانکۆکان، میدیاکان و هتد ده‌بن به مایه‌ی هاڤرکێ، ئه‌وا ته‌نیا که‌سانی شیاو بۆ جێی شیاو نایه‌نه مه‌یدانه‌وه و خواست بۆ وه‌رگرتنی پۆست ده‌رببڕن، به‌ڵکو به‌بێ هیچ شیمانه‌یه‌کی رێگری له هه‌ڵپه‌ی پۆستسهندندا مه‌رامه که‌سییه‌کان کاران، لێره‌شدا به‌تایبه‌تی چاوه‌ڕوانی بۆ مووچه‌ی زۆر و خانه‌نشینی مفت و ئیمتیازاتی دیکه، هه‌روه‌ها خواست بۆ ده‌رپه‌ڕین له ئهڵقهبهندیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رکه‌وتن، رۆڵێکی کرۆکی له هاڤرکێکانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گێڕن (له‌نێو "گۆڕان"یشدا). ئه‌م مه‌رامانه پێکه‌وه له‌ته‌ک ده‌رککردنی ده‌سه‌ڵاتدا زه‌مینه‌ن بۆ جۆر و شێوازی ئه‌نجامدانی کاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و سیاسی و ئه‌کادیمی و هتد، چونکه ئه‌م جۆره‌ی ده‌رککردنی فرمانه که له بنه‌ڕه‌تدا به‌رجه‌سته ده‌بێت و به‌مه‌ش نێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی داگیر ده‌کات، ئه‌وجا په‌یوه‌ندیی جووتسهری (سه‌رۆک و پارت، په‌رله‌مانتار و گه‌ل، به‌ڕێوه‌به‌ر و هاوڵاتی و هتد) ده‌خاته‌وه.
مۆرکێکی کرۆکیی ئه‌م دۆخگۆڕییهی "کۆمه‌ڵان"ی (بێگومان نه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی) هه‌رێم چێ‌بوونی پارتی نوێی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی ئاشکرایه که ناکۆکییه دێرینه‌که‌ی مه‌لایی_جه‌لالی کرد به ناکۆکییه‌کی لاوه‌کی.
به‌کورتی: هه‌موو ئه‌م فاکته‌ره ناوبراوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی دۆخگۆڕییهکه وا ده‌که‌ن که زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی_سیاسیه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌کی سه‌رۆکایه‌تی یان بۆ ئه‌ندێشه و ته‌نانه‌ت خواستی "شانشینی" زۆر لاواز بن (ئێمه بێگومان ته‌نیا ره‌چاوی ئه‌و فاکته‌رانه‌مان کردووه و لێره‌دا مه‌ترسییه‌کانی و فرت و فێڵ و ته‌زویرمان وهلاوهناوه).
گه‌ر سه‌رجه‌می بڕوانین، ئه‌وا ده‌بێت ببێژین که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له دوالیزمی چاکه و خراپه‌وه بڕوانینه کێشه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم، هه‌روه‌ها خودی ئه‌م جیهانبینییه‌ی چاکه و خراپه ده‌بێت به ئاسته‌نگ له به‌رده‌م خه‌باتی دێمۆکراتیدا، چونکه جیاوازییه‌کان له نێوان خه‌باتگێڕی مه‌ده‌نی و دێمۆکراتیخواز له لایه‌ک، ههلباز یان دێماگۆگدا له لایه‌کی دی ده‌شارێته‌وه. جگه له‌وه دێمۆکراتییهکی په‌رله‌مانی (نه‌ک سه‌رۆکایه‌تی) خه‌باتێکی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری پێویست ده‌کات، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گه‌ره‌که له سه‌ره‌تاوه ره‌چاوی سه‌رجه‌م خۆزگه و پلان و جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتخوازی بکرێت، ئاخر گه‌ر نه‌کرێت، ئه‌وا مرۆڤ له پرنسیپه‌وه خه‌بات له‌دژی پاوانخوازی ناکات، به‌ڵکو یه‌کلایه‌نی، ره‌نگه جیهانبینیانه، له ئه‌ندێشه‌ی چاکه و خراپه‌وه ده‌نگ به‌رز ده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێکه که هه‌میشه جێی گومانه، چونکه کاتێک ئه‌م دژبه‌رییه‌ی چاکه و خراپه له‌نێو ئه‌م دۆخگۆڕییهی هه‌رێمدا کارا ده‌کرێت، ئیتر به‌و رێیه‌وه زۆر جار مه‌رامه خۆییه‌کان به‌چاکی دهشاررێنهوه. بۆ نموونه زۆر که‌س که به ده‌نگی بڵند له میدیاکاندا (ته‌نانه‌ت لای (KNN)) بانگه‌شه‌ی دێمۆکراتی و مافی مرۆڤ ده‌که‌ن، و ره‌نگه "چالاکوانی گۆڕان" بن، له کرۆکیانه‌وه کۆنزه‌رڤاتیڤن و ژیانێکی خێڵه‌کی پیاده ده‌که‌ن، یان بۆ نموونه ئه‌و که‌سانه که‌م نین که سه‌رسه‌ختترین دوژمنی هه‌ر گۆڕانکارییه‌کن له ژیانی که‌سی و خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌چی خۆیان به بزووتنه‌وه‌ی "گۆڕان"ه‌وه هه‌ڵواسیوه. ئه‌م نموونانه سه‌رله‌نوی به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه که پێویسته ئیدیالیزمی چاکه و خراپه، "ئێمه‌ی چاک" و "ئه‌وانی خراپ"، وازلێبهێنرێت، ئه‌مه‌ش له پێناوی ئاوه‌ڵاکردنی ده‌رفه‌تدا بۆ پێگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌یی که زامنی به‌هێزبوونی سیاسییه. ئاخرا له دۆخگۆڕیدا پتر ئاوه‌ز بێدارده‌بێته‌وه و پرنسیپی خۆنوێکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌گه‌ڕده‌خات. که‌واته گه‌رچی خواست (ته‌نانه‌ت خواستی فراوان) بۆ گۆڕانکاری له شێوه‌ی حوکمڕانیدا هه‌یه، به‌ڵام گه‌ره‌که ببێت به هه‌ڵوێست، ئه‌مه‌ش به‌دیدێت گه‌ر دیدی ره‌خنه‌یی ئاڕاسته‌ی هه‌موو جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتخوازی بکرێت. گه‌ره‌که وردتر خودی ده‌رککردنی ده‌سه‌ڵات دیاری و وه‌سفبکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست