من له‌1/1/2008 دا وتارێكم نووسى سه‌باره‌ت قه‌یرانه‌كانى هه‌رێم كه‌به‌ داخه‌وه‌ هه‌مان حاڵه‌ت به‌رده‌وامه‌و قه‌یرانه‌كان قوڵ ترو ئاڵ

Friday, 01/01/2010, 12:00


ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌میانه‌ى دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى كه‌ سایتى یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵیدا سازیكردووه‌ ، تێیدا به‌رێزیان تیشكى خسته‌سه‌ر چه‌ندین مه‌سه‌له‌ى هه‌نووكه‌یى گرنگ ..

سه‌ره‌تا مامۆستا (سه‌ڵاحه‌ددین موحه‌مه‌د به‌هائه‌ددین) ى ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ووتى: له‌كۆتایى ساڵێك و پێشوازى ساڵى نوێ ى زاینیدا هیواخوازم كه‌خواى میهره‌بان له‌هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتیه‌كانمان خۆشبێ و كۆتایی و نه‌هامه‌تى و گه‌نده‌لًى ئیدارى و سیاسى و دارایى بێ و كوردستان و عێراق و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تى روو به‌ساڵێكى پرله‌خێرو خۆشى ئاشتى برِۆین و دووربین له‌شه‌رِو شۆرِو گرانی و قات و قرِی و په‌تاو نه‌خۆشى و ناخۆشى و ساڵى سه‌قام گیری و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى یاساو ئارامی و ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تی بێ.

ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو تیشكى خسته‌ر گرنگترین رِووداوى ساڵى رِابردوو ووتى: به‌راى من 25/7/2009 گرنگترین رِووداوى ئه‌و ساڵه‌بوو كه‌بووه‌خاڵى وه‌رچه‌رخان له‌بارودۆخى سیاسى و ئیدارى له‌هه‌رێمه‌كه‌مانداو سه‌ره‌تاى له‌دایك بوونى رِه‌وت و ئارِاسته‌یه‌كى به‌رهه‌ڵستكارو ئۆپۆزسیۆن، كه‌ئه‌وه‌كه‌لێنێكى گه‌وره‌بوو له‌ئه‌زموونى سیاسى و ئیدارى و په‌رله‌مانى ئێمه‌دا.

ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان رِایگه‌یاند: ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات له‌كوردستان هێشتا رِانه‌هاتوون به‌بوونى چه‌ند حزبێكى جیاوازو به‌رهه‌ڵستكار.

له‌به‌شێكى دیمانه‌كه‌یدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو مامۆستا (سه‌ڵاحه‌ددین موحه‌مه‌د به‌هائه‌ددین) ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ووتى: ئێمه‌له‌كوردستان ئه‌زموونمان له‌بوارى بوونى ئۆپۆزسیۆنى كه‌مه‌و هێشتا ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات رِانه‌هاتوون به‌بوونى چه‌ند حزبێكى جیاوازو به‌رهه‌ڵستكار.

هه‌روه‌ها ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو ووتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونمان له‌و بواره‌دا كه‌مه‌، هێشتا هێزه‌ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ش رِێبازى یاسایى و ئاسایى خۆى وه‌رنه‌گرتووه‌و هه‌ندێكیان ئاسه‌وارى په‌رچه‌كردارى ره‌د فیعلى پێوه‌دیاره‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كى زه‌رورى و حه‌یاتییه‌و هیچ ئه‌زموونێكى دیموكراسى به‌بێ هه‌ردوو باڵى ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ناتوانێ بوونى ببێ.

ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كه‌ئه‌و ئومێده‌واره‌ حاڵه‌ته‌سیاسییه‌كه ‌سه‌قامگیر ببێ و ده‌سه‌ڵاتیش به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و خۆى چاره‌سه‌رى گرفت و گه‌نده‌ڵییه‌كان بكاو ئۆپۆزسیۆنیش چاودێرێكى به‌ویژدان و هاوكارو كارێكى زانستى و یاسایى بێ و هاوڵاتیش چاوى بكاته‌وه‌و حه‌كه‌مى خۆى بكات.

هه‌روه‌ها (م.سه‌ڵاحه‌ددین) ووتیشى: من له‌1/1/2008 دا وتارێكم نووسى سه‌باره‌ت قه‌یرانه‌كانى هه‌رێم كه‌به‌ داخه‌وه‌ هه‌مان حاڵه‌ت به‌رده‌وامه‌و قه‌یرانه‌كان قوڵ ترو ئاڵۆزترده‌بن، چونكه‌ئیراده‌ى چاره‌سه‌رنیه‌و ستراتیژیه‌ت چاره‌سه‌رى ده‌ستورى نیه‌و كات به‌رێكردن و ده‌سى ده‌سى زال بووه‌.. زۆرجاریش رۆڵى (كه‌سه‌كان) و پۆستداره‌كان سه‌لبی یه‌و كێشه‌كان ده‌بنه‌قوربانى میزاجى كه‌سه‌كان و هه‌موو جارێكیش هه‌ردوولا یه‌كتر تاوانبار ئه‌كه‌ن و كه‌سیش دادگاى یاسایى ورد ناسى له‌و نێوانه‌دا، چونكه‌هه‌ندێ له‌دۆسیه‌كان شاراوه‌ن له‌نێوان كه‌سه‌كان و حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدا...

به‌هه‌رحاڵ ناتوانم گه‌ش بینبم، چونكه‌ته‌رازوى هێز له‌داهاتوودا به‌ره‌و ئه‌وه‌ناچێ هه‌رێم بتوانێ قسه‌ى خۆى بكاته‌سه‌ر قسه‌ى به‌غدا، زۆرجاریش ناوبژیوانه‌كان خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى خۆیانن و دڵى كه‌س ناشكێنن و مه‌سه‌له‌كان به‌ئاڵۆزى به‌جێ ئه‌هێڵن و ناسه‌قام گیرى سیاسى و ئه‌منى عێراق تائێسته‌رێگه‌ى داوه‌به‌دواخستنى ئه‌م دۆسیانه‌، به‌ڵام بێ چاره‌سه‌ر مانه‌وه‌شیان چاره‌سه‌رنیه‌...

له‌باره‌ى به‌ڵێنه‌كانى ئه‌مریكا بۆ گه‌لى كورد ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو ووتى: به‌رِاى من ئه‌مریكاییه‌كان لێزانانه‌قسه‌و به‌ڵێنیان داوه‌و شتێكیان نه‌وتووه‌لێى پاشگه‌زببنه‌وه‌.. ئه‌وه‌ته‌فسیرو لێكدانه‌وه‌كانى خه‌ڵكى خۆمانه‌هه‌رجاره‌بۆبه‌رِێكردنى گرفت و ته‌نگه‌شه‌و گرژییه‌ك ناوى لێئه‌نێ به‌ڵێن.

ئه‌میندارى گشتى ووتیشى: قسه‌ى ئه‌مریكا هه‌میشه‌له‌2003 وه‌له‌بیرم بێ ئه‌ده‌بیاتیان له‌مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك و سنوورى ئیدارى هه‌رێم و سه‌روه‌رى ده‌ستورو فیدرالیه‌ت و یه‌ك پارچه‌یى هه‌رێم و یه‌ك پارچه‌یى عێراق ..هتد ، هه‌مان قسه‌بوو حه‌زیان لێ یه ‌له‌گه‌ڵ عێراقیه‌كان دوورنیه ‌كه‌بۆ موجامه‌له‌و به‌زاره‌كى شتێك وترابێ به‌سه‌ركرده‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌وه‌هیچى له‌سه‌ربینا ناكرێت هه‌میشه‌له‌م جۆره‌شتانه‌دا به‌رژه‌وه‌ندى باڵاو ئه‌منى قه‌ومى خۆیان له‌به‌رچاو ئه‌گرن و كچى خۆیان ناكه‌ن به‌قوربانى كورِى كه‌س، ئه‌مه‌ش جێگاى گله‌یى نیه‌له‌وان، به‌ڵكو گله‌یى كه‌بۆچى له‌1991 ئه‌م هه‌موو فرسه‌ته‌ره‌خساوه‌و ناوچه‌ى دژه‌فرینه‌و ئیداره‌ى خۆماڵیه‌و دۆستایه‌تى ئه‌مریكاو ئێرانمان چاكتر به‌كارنه‌هێنا بۆ بنیاتنانى ئه‌زمونێكى ئیدارى نموونه‌ى دیموكرات كه‌هه‌رئه‌وه‌ ده‌بووه‌گه‌وره‌ترین ره‌سیدو پاڵپشت و مایه‌ى سه‌رفرازى له‌عێراق و له‌ناوچه‌كه‌دا و له‌سه‌رئاستى جیهانیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە