کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتیی نووسه‌ره‌ نهێنییه‌کانی خۆی ئاگادار کرده‌وه‌، تا بێنه‌ ده‌نگ

Friday, 21/05/2010, 12:00


تیرۆری شه‌هید سه‌رده‌شت له‌لێکدانه‌وه‌ و پیلانه‌کانی پارتی ده‌رچوو،  بوو به‌ ریسوابوونێک، که ‌له ‌ژیانی سیاسیی و حزبیی نمونه‌ی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر له‌31ی ئاب ته‌نیا ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌لاتی یه‌کێتی گرتبوو،  ئه‌وا له‌ تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان ناوچه‌کانی خۆشی گرته‌وه‌، چونکه‌ شیوازی تیرۆرکردنه‌که مندالانه‌ و به‌ عه‌قڵێکی عه‌شایرانه‌ ئه‌نجام درا‌، بۆیه‌ هه‌موو خه‌لک ئیستا ده‌زانن و به‌ئاشکراش هاوار ده‌که‌ن، ده‌ڵین، که‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی ئه‌و کاره‌یان کردووه‌، ئیتر ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ کاره‌که‌یان ئه‌نجام دا، بۆ ئه‌وه‌ بووبێت، خه‌ڵکی پێ چاوترسێنیش بکه‌ن، ئه‌وا ترسی خه‌ڵکی به‌رامبه‌ریان شکا.
بارزانی و پارتی رووبه‌روی گه‌وره‌ترین ناره‌زایه‌تی و جه‌ماوه‌ری و جیهانی بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌م ریسوابوونه‌،‌ گه‌لێک گه‌وره‌ بوو که ‌پارتی سه‌ره‌تا وای دانابوو ئه‌مه‌شیان وه‌ک ده‌یان تاوانی تر به‌ هێمنی بۆی تێده‌په‌ڕێت، به‌لام کوردستانپۆست به‌ پله‌ی یه‌که‌م توانی مه‌سه‌له‌که‌ باش بجولێنێ و کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێدروست بکات بۆیه‌ پارتی ترس دایگرت، که‌ له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆشی به‌ئاشکرا قسه‌ی پێ ده‌وترێت، به‌راده‌یه‌ک له‌ خۆپیشاندای هه‌ولێر قوتابیان ، پێلاوه‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان به‌رزکرده‌وه‌ و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان دژ به‌پارتی ئه‌و ده‌نگه‌ ناره‌زایه‌تیانه‌یان په‌ره‌ پێده‌دا به‌راده‌یه‌ک ترس له‌وه‌ هه‌بوو، که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌لاتی ناره‌زایه‌تییه‌کان زیاتر بته‌قێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌په‌له‌ داوایان له‌ هه‌موو کادیره‌کانی راگه‌یاندن کر، تا گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌ت دژ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران و نه‌وشیروان مسته‌فا و کوردستانپۆست ئه‌نجام بده‌ن، ده‌ستیان واڵا کردن هه‌رچی ده‌نووسن بنووسن .
شپرزه‌یی پارتی به‌راده‌یه‌ک بوو،  به‌و راده‌یه‌ی قه‌له‌مه‌ نهینیه‌کانیشی هێنایه‌ سه‌رخه‌ت و په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵمالین، له‌ نمونه‌ی گۆڤاری سیڤیل، کۆمپانیای رووداو، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، گۆلان، ماڵپه‌ری ده‌نگه‌ ناسه‌ربه‌خۆکه‌ی هیشام ئاکره‌یی، که ‌وه‌ک نه‌فیر عامی ڕۆژنامه‌نووسان هه‌موو له‌ یه‌ک کاتدا ئاگادارکرانه‌وه‌، که‌وتنه‌ شه‌ڕی مان و نه‌مان. ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی راکێشا کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر بوون، من باس له‌و ورده‌ ره‌شنووسانه‌‌ ناکه‌م ، که‌ پارتیی وه‌ک مێروله‌ بۆ به‌ر به‌ده‌م ده‌ریا ره‌وانه‌ی ده‌کردن، به‌ڵکو کۆمه‌ڵی که‌سی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ش، له‌ نموونه‌ی ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا و فه‌همی کاکه‌یی، هاتنه‌ گۆ، که‌  تا دوێنێکه‌ خۆی به‌ شه‌ریفی مه‌ککه‌ی بێلایه‌نه‌کان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، ئه‌ویش هاته‌ پێشه‌وه‌ و خۆی لێقیت کرده‌وه‌، که‌وته‌ ستایشکردنی ترسنۆکترین، عه‌شایرترین، نه‌فامترین و خائینترین سه‌رکرده‌ی ته‌زویرچی، مه‌سعوده‌ی لێ کردین به‌ سه‌رۆکێکی خه‌مخۆر و بیرتیژ و به‌رژه‌وه‌ندی پارێژی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و پیاوکوژه‌ تیرۆریسته‌ی کرد به‌ باوکی هه‌مووان  به‌ سه‌رده‌شتیشه‌وه‌.
من لێره‌دا له‌ خوێنه‌ری ناشارمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه‌ی فه‌همی کاکه‌یی،  راستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گر له‌ مێشکما چه‌سپیی، که‌ پارتیی و پاراستن، ده‌مێکه‌ له‌ هه‌وڵی کڕینی ویژدانی قه‌له‌مدان‌، دیاره‌ هه‌روه‌ک چۆن  به‌ چه‌ک جاشی زۆرمان هه‌بوو، ئه‌مڕۆش خائین و جاشقه‌ڵه‌مان زۆربوون، ئه‌مانه‌ هه‌ر یه‌که‌ به‌ شێوازێک پارتی و پاراستن له‌ ناو راگه‌یاندنه‌کاندا چاندوونی، که‌ له‌ کاتژمێری سفردا ده‌یان ته‌قێننه‌وه‌، که‌سێکی وه‌کو ئه‌م فه‌همی کاکه‌ییه‌، گومانه‌کانم له‌ ئاستییدا ره‌وینه‌وه‌، که‌ ببێت و نه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک تایبه‌تیی خۆی به‌ ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه‌ گرێی داوه‌، مه‌به‌ستیشم له‌ به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌وه‌یه‌، که‌ ره‌نگه‌ هه‌موو ئه‌م که‌سانه‌ وه‌ک فه‌رمانبه‌ر مووچه‌یان بۆ بڕابێته‌وه‌‌، خانوو و ماڵیان بۆ له‌ کوردستان بۆ کرابێت، یاخوود زه‌وی و خانه‌نشینییان هه‌بێت، به‌ کورتییه‌که‌ی ئه‌مانه‌ پاره‌وه‌رگریی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن، بۆیه‌ ناوبه‌ناو له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا، دێنه‌ پێشه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ چه‌ند وشه‌ی شه‌رمنانه‌ ئه‌و رووه‌ ناشرینه‌ی بنه‌ماڵه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ پۆخڵه‌که‌مان بۆ جوان بکه‌ن.
کاتێک پاراستن بڕیاری کوشتنه‌که‌ی سه‌رده‌شتیان داڕشت، سه‌ره‌تا وایان‌دانابوو،‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ تاوانبار بکه‌ن، کاتێک‌ ئه‌مه‌ سه‌ری نه‌گرت، ئیتر ویستیان بێده‌نگ بن و ئه‌م ره‌وه‌ مێروله‌ نووسه‌رانه‌ له‌ گیانی کوردستانپۆست به‌ربده‌ن، دوایی بینییان که‌یسه‌که‌ گه‌وره‌بووه‌، رۆژنامه‌ جیهانیی و عه‌ره‌بییه‌کان هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت و لێیان هاتنوونه‌ته‌ ده‌نگ، به‌مه‌ پارتی و بنه‌ماڵه‌ ئابڕووی ته‌واویان چوو، ئیتر شێتگیرانه‌ که‌وتنه‌ گیانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێیان وابوو به‌مه‌ ده‌توانن راوبۆچوونی جه‌ماوه‌ر و جیهانی چه‌واشه‌ بکه‌ن. ئه‌مه‌ش سه‌ری نه‌گرت، ئیتر که‌وتنه‌ پاشه‌کشه‌، فه‌همی کاکه‌ییش لێره‌وه‌  گوڕی دایه‌ خۆی و ده‌ستی دا له‌و چه‌ند دێڕه‌ ناشرینه‌ و ئابڕووی هه‌موو نووسینێکی برد، هه‌ر ده‌ستی لێنه‌دایه‌ باشتر بوو، جا پێی وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆکه‌که‌ ته‌زویرچییه‌که‌ نیشانه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکێکی خه‌مخۆر و بیرتیژ و به‌رژه‌وه‌ندی پارێژی نه‌ته‌وه‌یی.
هه‌زار سڵاو له‌ گیانی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م سه‌رده‌شت، هه‌زار نه‌فره‌تیش له‌و نووسه‌ر و ماڵپه‌ڕانه‌ی ده‌سه‌ڵات، که‌ قه‌ڵه‌مه‌کانیان بێ ئابڕوویی لێده‌تکێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە