هەرێمى مەسعودستان بە سپۆنسەرى توركیا
Thursday, 03/07/2014, 12:00
ماوەیەكە پرسى بەدەوڵەت بوون، پێكهێنانى كیانیكى سەربەخۆ بۆتە قسەو باس و بابەتى گەرمو گوڕى گۆڕەپانى سیاسى گوردستان. بڕواناكەم هیچ كەسێك كە خۆى بەكورد بزانێت و، لەسەر ئەم خاكە نیشتەجێ بێت و، بەزمانى كوردى قسە بكات، بەو شتە دڵخۆش و ئاسوودە نەبێت ، پێى خۆش نەبێت كە ببینە خاوەن ناسنامە و وڵات و كیانى سەربەخۆ و. شانازى بەئاو و خاك و ئاڵاى خۆیەوە نەكات.
كورد لەمێژە وتویەتى هەموو جل خاكییەك پێشمەرگە نى یە و، هەموو سەرهەڵدانێكیش شۆڕش نى یە. بۆ ئەو پرسەش راست و دروستە،چونكە ئەوەى كەئێستا دەكرێت و، بۆتە قسەو باس، شتێكى نوێ و بیرۆكەیەكى مۆدێرن نى یە ـ لەمێژ ساڵە كورد هەوڵَ َو قوربانى و خوێنى بۆدەبەخشێت. ئەوەش كەئێستا بۆتە پرسى رۆژ و وروژاندنى باسەكە، رێك ورەوان بۆ خاترى بەرژەوەندى دوژمنانە، هەوڵ وپیلانێكى دەرەكى یە، بۆ باشتر قایمكردنى پێگەو جێگەى خۆیانە، نەك لەبەر چاوى كاڵى كورد و ئەزمونەكەى.
گەر بڕوانین، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى بۆ گۆڕانكارى و دەستكاریكردنى نەخشەى سیاسى ئامادە كردوە، بەتایبەت پاش روداوەكانى سوریا و ئێراق و هاتنە پێشەوەى داعش . بۆ ئەوەش هەریەكە لە ئێران و توركیا و وڵاتانى عەرەبى و، تەنانەت ئەمریكا و روسیا و بەریتانیاش ئەیانەوێت لەو پێشهات و گۆڕانكاریانەدا جێگا دەستیان دیار بێت ، بەرژەوەندیان پارێزراوبێت.بەتایبەت دواى ئەوەى كەمەسەلەى نەوت و بەرهەمەكانى بوونە بابەتى گەرموگوڕ و، سەرهەڵدانى ململانێكان.
هەریەكە لەو وڵاتانەش بەمافى رەواى خۆیانى دەزانن كە پشكى شێریان لەو وەرچەرخانە هەبێت، بەڵام ئەوەى كە مایەى تێڕامان و هەڵوەستەیە، هیچ كام لەو وڵاتانە ناتوانن راستەوخۆ بێنە ناو كایەكەوە ، بەئاشكرا بوونى خۆیان بسەلمێنن، بۆ ئەوەش كرێگرتە(وەكیل) یان هەیەو سیاسەت و فەرمایشتەكانیان بۆ جێبەجێ دەكات. ئەمەش كرۆكى ئەو باسەیە كە ئەمەوێت هەڵوەستەى لەسەربكەم، بەتایبەت بۆ پرسى سەربەخۆى و دروستكردنى كیانێكى كوردى،لەسەرێك سیاسەتى ئێران لەبەرچاوە، كە بەهیچ شێوەیەك ناخوازێت و پێى قبوڵ نى یە، عێراق كە لەزیهنى ئایەتوڵاكاندا قیبلەى شیعەو و مەزارگەى ئیمامى عەمامەكانە، پارچە بێت ولەو نێوەدا كورد ببێتە خاوەن ناسنامە، بەشێك لەو ویلایەتە لێى داببڕێت ،بەتایبەت هەرێمى كوردستان كە پێگەى ستراتیژى و ئابوورى و جوگرافى بۆئێران هەیە. توركیاش كە تا دوا رادە نكوڵى لەبونى كورد دەكات و تا ئێستاش كوردانى خۆى لەهەموو مافێك بێبەرى كردووە. كەچى زۆر دەست و دڵ كراوانە هاتۆتە پێشەوە و، فرمێسك بۆكورد هەڵدەڕێژێت و لەخەمى ئەوە دایە كوردى باشوورسەربەخۆ بێت، بۆئەوەش مەسعود بارزانى كردوە بەكارەكتەرى سەرەكى ئەو نمایشەو رۆڵى پاڵەوانى سیناریۆكەى پێداوە.بۆچى ولەبەرچى؟!! لەبەر ئەوەى توركیا و وڵاتانى دوژمنیش زۆر چاك مەسعودیان هەڵسەنگاندوە ، ئەزانن چ ماڵێكە وچ عەبدێكى گوێڕایەڵە و، بەبێ رەزامەندى ئەوان قامك ناكات بەئاودا،، ئەمەش بەئاشكرا لە لایەن ئاشتى هەورامى خرایە روو كە وتى(بۆ پێكهێنانى حكومەت و كیانێكى لەو جۆرە، ئەبێت رەزامەندى توركیاش وەربگرین) ئەمەشە ئەمانخاتە بەردەم ئەوراستیەى كە ئەو سیناریۆیە دەمێكە ساز و نەخشە بۆكێشراوە، بەڵام وا ئەمڕۆ وادەى هاتوە و پیادە دەكرێت، لەبەر چەند هۆكارێك، كە سەرەكیتیرینیان توركیا ،ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى كە جگە لەمەسعود بارزانى كەسێكى دیكە نى یە، لەپێناو سیاسەت و بەرژەوەندى ئەواندا دڵسۆزانە كاربكات، تەنانەت جەنراڵ و سەرانى میت یش بەنیوەى مەسعود خزمەتى كۆمارەكەى ئەتاتورك ناكەن ، بەدەر لەوەش توركیا بەم كارەى ئەتوانێت مەسعود بكاتە دەسكەلایەك و شەڕى كورد بەكوردى پێبكات و، لەهەمبەر شۆڕش و بزافى رۆژائاوا بۆ هەمیشە بیكاتە قەڵغان و بەربەستێك و پارێزگارى سنورەكانى خۆى پیًبكات ، ئەو دەنگو بزاوە خۆ بەخۆ كپ بكات . هەرچى تایبەتیشە بە باكور و شۆڕشەكەى توركیا هەوڵ بۆئەوەدەدات و رێگە خۆش دەكات كەپارتێكى هاوشێوەى پارتى دیموكرات و بەسپۆنسەرى مەسعود لە باكور دروست بكات، بۆ ئەوەش كەسایەتیە راكردوەكانى ناو پەكەكە، كەساڵاینێكە لەژێر سایە و دەسەڵاتى پارتیدا دانیشتوون، راهێنانیان پێدەكرێت، بۆ ئەو پرسە بەكاردێنن و دەبنە بەرپرس و دامەزرێنەرى پارتە كۆپیەكەى مەسعود .كەئەمەش بۆخۆى فشارەكانى پەكەكە لەسەر دەوڵەت كەم دەكاتەوە، پارتێكى دەستەمۆ و كارتۆنى موتوربەكراو بەبیرى (ئەتاتورك- مەسعود) دێتە مەیدان،لەرێگەیەوە بیرى كوردایەتى و هەستى نەتەوایەتى كوردانى ئەوێندەرێ سڕ و بێ كاریگەر دەكات،. جوداى ئەوانەش توركیا بەئەندازەى لەشكر و هێزێكى تایبەتى خۆى و زیاتریش ، باوەڕ ومتمانەى بە پارتى ومەسعود هەیە، تا سنورەكانى لە هێرش و پەلامارى پەكەكە پارێزراوبێت، بەكردەوەش ئەوە پیادە كراوە و تائیستاش بەسەدان پێگە و بارەگاى سەربازى توركیا و جەندرمە لە كوردستان وجودیان هەیە.
خالێكى دیكە كە ناكرێت فەرامۆشى بكەین، كوردستان خاكێكى دەوڵەمەند و پرلە بەربوومى نەوتى یە ئایندەشى گەش و روونە، ئەمەش بۆ توركیا مایەى دڵخۆشی و دەستكەوتێكى گەورەیە ،بەتایبەت سەرجەم بیرە نەوتە كان لەژێر دەسەڵاتى پارتیدان، بەئاشكرا وبەنهێنى پارتى بەنرخێكى هەرزان بەتوركیاى دەدات و ، توركیاش سوود و قازانجێكى باش لەو بەرهەمانە دەبینێت. رەنگبێت بۆ داهاتووش ئەو بەرهەمە ببێتە جێگرەوەى گازى روسیا و ئۆكراینا هەناردەى وڵاتانى ئەوروپاى بكرێت.
دەنا وەكو تر هەرگیز مەسعود هێندە بوێر نى یە ، بەبێ رەزامەندى دوژمنان و زلهێزەكان، دەم لەباسێكى وەها وەربدات، ئەگەر دەستێك نەبێت بیبزوێنێت، چونكە چەندین جار لە ساڵانى پێشوودا مەسعود ئەوەى دركاندوە كە جگە لەئۆتۆنۆمى ناتوانین هیچ شتێك وەدەست بخەین. ئەمەش شتێكى لەو چەشنەیە بەرەنگ و روخسار و سەردەمێكى جیاواز. دەنا نەك ئێٍستا بۆ ملیۆنان ساڵى دیكەش توركیا هەر خاوەنى بیرۆكەكەى كەمالیزمە كەدەڵێت (كوردى باش ئەوەیە كە لەژێرخاكدایە)
وەك دەزانرێت مەسعودیش بۆخۆى زۆر كەیفى بەپلەو پۆست و ناوبانگ دێت و ،هەمیشە خەون بەوەوە دەبینێت كە نازناوى سەرۆكى هەبێت، ئەمەش بۆ ئەو زۆر بەجێ یە، لەسەرێك زامنى مانەوەى دەسەڵات و سەرۆكایەتى بۆهەتا هەتایە بۆ بنەماڵە مسۆگەر دەكات، لەسەرێكیشەوە لەرێگەى ئەو كارەوە ئەخوازێت رووى خیانەتكارى خۆى و رابردوى رەش و تاڵى خۆى پاك بكاتەوە و،بیكاتە دەستكەوتێكى میّّژوویى و منەت بكەن بەسەر ماندا.
بۆیە هەركیان و مافێك ئەگەرخۆمان بەدەستى نەخەین، خواست و ئیرادەى خۆمانى لەسەرنەبێت ، بەپیلان و نەخشە و بەڕابەرایەتى دوژمنان بێت و ،حازرێتى وئامادەگى بۆنەكەین ، شتێكى عەقڵ گیر نى یە، بەئابووریەكى داتەپیو و، هێزێكى پێشمەرگەى برسى و گیرفان بەتاڵ، رابەرایەتیەكى نەفام و عەشایەرى وپەرت پەرت، بێ هیچ ئایدیۆلۆجیا و، پاش خانێكى رۆشن جاڕى سەربەخۆى بدەیت. بۆیە دروست بوونى هەر شتێك لەو چەشنە، جگە لەوەى دەمانكاتە دیل و ژێر دەستەى دوژمن هیچ مانایەكى دیكەى نابێت . لەمەسعود و دارو دەستەكەشى زیاتر هیچ كەس بەو كارە خەنى نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست