کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسیح لە سلێمانی لەخاچ درایەوە

Saturday, 03/03/2012, 12:00



 
ڕووداوی تیرۆرکردنی مامۆستایەکی ئەمریکی بەدەست گەنجێکی ١٧-١٨ ساڵی مانای چی ئەگەیەنێ؟

پێشەکی؛ مەبەستی ئەم ووتارە بەشێوەیەکی گشتی دەرخستنی هۆکاری تاوان نیە، بەڵکە دەرخستنی تاوانلێکراوەکانە. کەلێرەدا بێ شك، مامۆستاکە و شاری سلێمانییە.
ڕەنگە هەبێ پێی وابێ، کەئەم گەنجە لەخۆوە کارێکی وای کردوە و بێ ئەوەی پیلان دادەرێکی هەبێ کە بەم کارە قێزەوەنە هەڵساوە، لێ لەڕاستیدا ئەم کارە چەپەڵە ئەگەر چی گەنجێکی لووت بەرز، ڕەوشت نزم،مەست بەپارەو پۆست،بەخەیاڵی پۆز لێدان و خۆدەرخستن لەنێو هاوپۆلەکانی بەگشتی و کێژان بەتایبەتی، مێشك پوچ و سەرلێشێواو، کرا. بەڵام لە بنچینەدا ئەمە کارو ڕەفتاری ئەو توێژە بەناو سیاسیەی کوردستانە کە ئەوڕۆ باڵادەستن، ئەوەی بیانەوێ ئەیکەن و کردویانە، دیارە نەك لەکاری چاکەو پیاوەتی و شتی لەم جۆرە. بەڵکە پێچەوانەکانی، وەك کوشتن، بڕین، دزین، ئەتکردن، تاڵانی کردن و بێڕێزی کردن بەهەموو بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی.

لەراستیدا زەرەمەندی یەکەم و دووەم ئەو مامۆستایەو شاری شێخی نەمرە(مامۆستاکە بەجەستەکەی و سلێمانیش بە ڕۆمەتی (سومەعە) ، ئەویش لەبەرئەوەی ئەمڕۆ پێمان خۆشبێ و ناخۆشبێ ، بەشیوەیەك لەشێوەکان ئەم کارە ترسنۆك و نەشازە لانی کەم پڕیشکێکی بەر شاری سلێمانی ئەکەوێ، کەئەم بنەمەڵە تیرۆریستە بەزۆر خۆیان سەپاندوە بەسەریوە. لەوەتەی سلێمانی هەیە دوای شێخی نەمر کەسێکی دڵسۆزی خەڵکی ئەم شارە باڵا دەست نەبوە تیادا.. هەرچی گەجەرو گوجەری شوێنەکانی ترە لێرە گونی گوندارایان دەرهێناوەو خۆیان کردوە بەدەم ڕاست و ڕێش سپی خەڵکەکەی، کەبەهیچ کلۆجێ نەمافی ئەوەیان هەیە باڵادەست بن، وە نە ئەشبێ تا سەر بۆیان بچێتە سەر.
٢ ساڵ بەر لەئێستا، هاوڕێیەکی ئەمریکی خۆشەویستم پێشنیاری کرد کە چاومان بەم مامۆستایە بکەوێ ، چونکە ئەو خەریکی وانە ووتنەوەیە لەسلێمانی و گەلێ حەز بەبیننی خەڵکی ئەو شارە ئەکا لێرە، واتە(سیاتل/واشنتۆن ستەیت)، منیش گەلێ پێم خۆش بوو لەنزیکەوە ئەو مامۆستایە ببینم و نەختێ گفتوگۆی لەتەکدا بکەم ، ئێدی من هەر چاوەڕوان بووم ، لێ دواتر دیار بوو ئەو بەهۆی کەمی کاتەوە نەیتوانی بوو بمان بینینێ و ئەو چاوپێکەوتنە هەرگیز ڕووی نەدا.. ئەوەی ئەو کات لەسەر ئەم مامۆستایە باسکرا لەلایەن هاوڕێ ئەمریکیەکەمەوە ئەوەبوو.. کەئەم مامۆستایە گەڵی دڵی خۆشە بەکارەکەی ، زۆر زۆر خەڵکی سلێمانی خۆشویستوەو گەلێ بەباشی هەڵسەنگاندبوو. هاوڕێکەم ووتی..بۆ من شتێکی نوێ نەبوو لەوەی کەچۆن باسی سلێمانی کردوە و چۆن چۆنی خەڵکەکەی بەڕۆشنبیر و ئاست بەرز وەسف کردوە، لەبەرئەوەی لەمێژە من ئەو ڕاستیەم لە نێوەوە بەرچاو کەوتوە.. بۆیە تەئکید کردنەوە لەو وەسفانە بەتەواوی شتێکی گەلێ ئاسایی بوو، ئەوەی ئاسایی نەبوە ، ئەوەبوو کەئەم مامۆستایە بەنیاز بوو هەموو ژیانی لەسلێمانی بەسەر بەرێت و هاوڕێکەم وای باسکرد، کە مامۆستا جێرمایە بەتەواوی ئەمریکا جێدێڵێ و شاری سلێمانی ئەکاتە شاری کۆتایی خۆی و بۆ هەتا هەتایە لەوێ ئەبێ و خزمەتی کورد ئەکا.

هەڵەی ئەمریکا لەم کارەدا چیە؟
بەبڕوای بەندە ئەوەی ئەمریکای کردۆتە زلهێزی جیهانی، سیاسەت ئەزموون نیە، بەڵکە ئابووریەکی زەبەلاحە. ئەمریکا بەحوکمی ئەوەی ووڵاتێکی نوێیە ، ئەتوانم بڵێم هیچ ئەزمونێکی لەسیاسەتدا نیە، کێ هەیە وانە لەهەڵە وەرنەگرێ ، جگە لەئەمریکا!! دوای ڕوداوەکانی ١١/٩ ساڵی ٢٠٠١ کە ئەلقاعیدە هەستا بەکاری تیرۆریستی لە ئەمریکا، هەموان پێمان وابوو کە ئەمریکا وانە لەم ئەزموونە وەرئەگرێ و چی دی هەڵەکان دووبارە ناکاتەوە. لێ کەم ئەزموونی سیاسی ئەم ووڵاتە وای لێ ئەکا کەلێرەو لەوێ هەمان هەڵە دووبارە و چەند بارە بکاتەوە. ئەبوو ئەمریکا کەخۆی دروست کەرو پاڵپشتی مادی و سەربازی ئەلقاعدەو بن لادن بوون لەکاتی شەڕی سوڤیەتدا .. فێر ببونایە کەئەوەی ئەوان دەستیان گرت و راهێنان و مەشقی سەربازیان پێکرد ، دواتر بوو بەو تیررۆرستانەو شاری نیێۆرك و واشنتۆنیان تەقاندەوە،چی تر نەبونایەتە پاڵپشت و ڕاهێنەرو چی دی بەپارەی باجدەرانی پشتیوانی لەو کەس و تاقم و ڕێکخراو دەزگایانە نەکات کە لەسەرەتاوە خۆیان پێیان ئەگەیەنن و پارەی خەیاڵیان تیا سەرف ئەکەن.. کەچی نازانن هەمان ئەوانە وەك سەگ قەپیان لێ ئەگرن قولە پێان ئەگرن. کێ هەیە نەزانێ دەزگای دژە تیرۆر دژە مرۆڤی کورد بەگشتی و شاری سلێمانی نیە. لەکێ شاراوەیە کەئەم دەزگا بەدناوە تا هەنووکە نەی توانیوە تیرۆریستێك دەستگیر بکا، بەڵکە خۆی دروست کەرو کارگەی تیرۆرە. کێ هەیە نەزانێ کەئەم دەزگایە کاریان جگە لەڕاوو ڕووت و ئەتکردنی شەرەفی کیژانی شارو گرتن و کوشتنی گەنجان و ڕاپێچکردنیان بۆ زیندانەکانی قەڵاچوالان و هەندێ ماڵی نهێنێ و کاری تلیاك و حەشیشەو مامەڵە کردن بەمادەی هۆشبەری وەك کۆکائین و بڵاوکردنەوەی باندی لەشفرۆشی و چەندین کاری تر کە جگە لەتێکڕا هەڵوەشاندنەوەی سەراپای کۆمەڵگای کوردی و تێکشاندنی شکۆمەندی تاکی کورد..هێچی تریان نەکردووە.
کەواتە بەداخەوە، ئەم مامۆستایە بەپارەی باجدەرانی ئەمریکی ئەو پارچە چەك و فیشەکانەی دڵی ئەویان لەلێدان خست ،دراوە و ئەمەش هەڵەی ئەمریکایە لەوەی لەهەموو کاتێکدا پاڵپشتی ئەم تیرۆرو کارگانەی تیرۆرە.

گەنج و دەمانچەو خوێندنگا
ڕەنگە هەر لە ئەمریکا چەندین جار ڕووداوی کوشتن لەلایەن خوێندکارێکەوە دژ بەمامۆستا، هاوپۆلەکانی ڕووی دابێ و چەندین قوربانی لێکەوتبێتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە وەك بەرپرسی پەروەردەی سلێمانی (مامۆستا کەمال) و پارێزگاری سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی ئەم کارە بەشتێکی ئاسایی ناوزەند ئەکەن و ئەڵێن ئەوە نیە لەئەمریکاش ڕووئەدا؟ نازانن ئەوەی لە ئەمریکا ڕووئەدا تەواو جیاوازی هەیە و هەر کەیسەو پێوستە بەپێوەرو هۆکارەکانی خودی خۆی باسی لێوە بکرێ،، ئەوەی ئەم جۆرە لێدوانانە ئەدا، جگە لەوەی لەترسی یەکێتی و دژە تیرۆرەکەی ، ئەگینا ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەی لەداهاتووشدا کار ئاسانی بکەن بۆ شتی لەم جۆرە،،چۆن ئەبێ ئەم جۆرە ڕووداوانە بەسانایی و ئاسایی وەسف بکرێن؟ ئەم بەرپەرسانە ، هەروەك ئەوەی بڵێسەی جەبار فرمان نوقڵانەی داوە و پاساو دێنێتەوە بۆ بکوژی ئەم کارە تیرۆرستانە،، لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەکی تر بدوێن و بەشێوەیەکی تر بووچوونەکانیان بووروژێنن، کەچی گەلێ بەنامەسئولانە مامەڵە ئەکەن و ڕەوایەتی بەو کارە ترسناکۆکانە ئەدەن.
ئەگەر چی ئەم ڕووداوانە لەهەر شوێنێك ڕووبدات لەیەك جیاوازن. لێ کارەکتەرەکانیان لەیەك شتدا لەیەك ئەچن، ئەویش بکەرەکان بەردەوام لەتوێژە، دەوڵەمەند، مافیا،دزەکاننن. لەهەمان کاتیشدا قوربانیەکان هەمیشە ئەوانەن کەخەڵکانی بێوەیی و باش و بەکەڵکن بۆ کۆمەڵگاکانیان.. کەچی هەر ئەمان بەهەوانتە تیا ئەچن ولەخاچ ئەدرێن،،، لەوەش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە کەگوایە ئیسلام ئاینەکانی تری پێ قبوڵەو کەس لەسەر ئایین و بیروباوەڕی جیاواز لەخاچ نادرێن!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە