دەردە کورد
Thursday, 31/10/2013, 12:00
بەرایی :
لە شەڕی یەکەمی جیهانی لەلایان " ڕەشێد خان " پادشای عوسمانی فەرمانی جیهاد دژی روسەکافرەکان (بەوتەی وان) درا . کوردیش خۆی تێکەڵی ئەو شەڕە نابەجێیە کرد ! ولەژێر کاریگەری هەستی توندی ئایینیدا کەسەری هەڵدابوو ،بەستوری رێبەرانی ئایینی ئەو کات وەکی : شێخ جەلالی زینوێ ، شێخی بیارە ، مەلا مەحەممەد سادق ، وسەرۆک هۆزەکانی دی چونە بەرەی شەڕ دژی روسەکان !بەرەهەمی ئەو جیهادە ئەوە بوو کە تەنیا لە شاری / مهاباد / وناوچەی مهاباد حەوت هەزار (٧٠٠٠ کورد) کەس کوژران شار وێران بوو ئاوری تێبەردرا ! وهەزاران کەسیش لە برسان مردن .پاشان سەرۆک هۆزەکانی وەکی ، سەردار موکری ،میر سەیفەدین سەقزی ، حەمەخانی بانە ، شێخ بابا سەعید بەرزەنجی (سەدرولسادات) بەدەستی تورکانی عوسمانی لە سێدارە دران ! لەدواییدا خەلیل پاشا (کە ئەو کاتیش کوردەکان دەچونە دەست بۆسی !) گوتی : من گەورەترین خزمەتێکی کە بە نەتەوەی تورکم کردووە ئەوەیە ، کە نزیک بە دوو میلیون (٢٠٠٠٠٠٠ !) کوردم لەتەواوی خاکی کوردوستان بەدەست روسەکان بە کوشت دا! چونکە کوردەکان بۆ ئێمە لە / ئەرمەنیەکان / خراپترو دوژمنترن ! (سەرچاوە : پەڕاوی مێژووی مهاباد لە نوسینی ، جەنابی موحەممەد سەمەدی) .
مەڕحومی شێرکۆ بێکەسی نەمر ،لە جڵدی دووی ژیاننامەیکەی خۆیدا لە لاپەڕەی ٢٨٥ دا دەڵێ ، سەدام حوسێن پاش شەڕی ٨ ساڵەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەس فکری لەوە نەدەکردەوە کە پەلاماری کووەیت بدا (کوێت) بەڵام لەساڵی ٢/ ٨/ ١٩٩٠ ز/ ئەوکارەی کرد وتەنیا مامجەلال نەبێ هیچ سیاسەتمەدارێک لەو دونیایەدا ئەو پێشبینیە نەکردبوو!! کەهەرواش دەرچوو .
بابمان سوتا ، بۆخۆمان بوینە قوربانی ودەستەچیلەی ئاوری حیزب وسیاسەتی بێواتاو قۆڕی سەرکردەکان، گەورە شاعیران وخامە کەجی کۆماڵگا . منداڵە کانی ئێمەش وێنەی گڵۆڵە نەنێکی پڕ لە گرێ وگۆڵ لە هەورازی ناکوجا ئابادی ژیان ئەوە خلۆر دەبنەوە ونازانن لە کوێی ئەو ژیانە خۆیان دەبیننەوە ؟ بابمان بەترس ژیا ، بۆخۆمان منداڵی ترسین ، منداڵەکانیشمان لە ترسی داهاتوو لەرزان وحەیرانن . لەهەر کەسیش دەپرسی کەبۆچی مێژوومان ئاوای بەسەر دێ لەبەر نەزانیو بێ دەرەتانی تەنیا درۆت لەسەر بەری دەستی دادەنێ ! ودەڵێی هەرئەوەندەم لێ زانیوە؟ چاو لێ بکەن چەند دەیە ی رابوردوو تورکانی عوسمانی چییان بەسەر هێناوین و لەوسەردەمەشدا هەمان سیاسەتمان بۆ دووپات دەکەنەوە .
من لەوە بچوکترم کە پێگەو ئەدەب وشێعری مەڕحومی شێرکۆ بێکەس بنرخێنم یاقسەی لەسەربکەم ، ئاخر چبکەم مرۆوێکی ئاوا مەزن بەرۆژی رۆناک ولەبەر چاوی هەموو شەهیدو بنەماڵەی شەهیدی کوردوستان بە منداڵی من ونەوەکانی داهاتوو دەڵێ : تەنیا مام جەلال بووە کە عیلمی غەیبی لەجانتای مێشکی هەبووە وزانیویە کە سەدام هێرش دەکاتە سەر وڵاتی کۆوەیت !ئەوە لەحاڵێکدابووە کە سەدام هاواری دەکرد کە ئامریکام ئاگادار کردووە کەمن هێرش دەکەمە سەر ئەو وڵاتە .
باشە ئەدی کۆمەڵگای دواکەوتوو ، نەتەوەی کۆیلە لە چەنگ دەسەڵات چۆن دەبێ ؟ کەسێک کە ماوەی چەندا مانگە نەخۆشە لە خۆی نەخۆشتر حیزبەکەیەتی ، بۆ چی ئەو بارودۆخە دەشارنەوە ؟و خەڵک بە گەمژە دەزانن ؟ سەردەمانێک بوو دەیانگوت مەلامستەفای بارزانی باوکی ناسیونالیزمی کوردە کێشەی کوردی بەهەموو دونیا ناساندووە.هەتائەوساتەش نەمزانیوە لە هەمبانەی پەیرەووپڕۆگرامی تەواوی حیزبەکان تاریفێک لە ناسیونالیزم دەرێنم .تاوێک دەڵێن باشە ، سەردەمێک دەڵێن بەکار نایە !
خەلیل پاشای رەگەزپەرستی تورک لە کاتی خۆیدا بۆ پاراستنی نەتەوەی تورک هەزاران کوردی کردە قوربانی لە هەمان کاتدا نەتەوەی ئەرمەنیشی پێ چاوترسێن کرد .(دیارە ئەو سیاسەتە هەڵەیەو کەس پێی باش نییە) .ناسیونالیزمی مەڕحومی بارزانی بەرگەی ئامێزێکی چەن چرکەیی شای ئێران و سەددامی لە ئەلجەزاییر نەگرت ! ناردیانە تاران تا لە چەقە خانەکانی کۆشکی بنە ماڵەی پەهلەوی ئاشبەتاڵی رەسمی پێ رابگەیەنن !
روانگەی ئایینو میراتی ئایینی بنەماڵەی بارزانی بۆ کورد ئەو سیاسەتەیە کە سناریوکەی لە تەپۆڵکەیەک بەدوور لەخەڵک بەناوی کێوە ڕەش رۆژانە دەنوسرێتەوە و وێنەی فێرعەونێکی سەردەم عەرزی باشوری وڵاتیان کردۆتە قەباڵە ورێگای سنور لو تێکۆشەری کورد دادەخەن !
کومونیزمی چینی بە ئیدەی مائۆئیزم منداڵێکی لەسکی خۆیدا پەروەردەکرد وهاویشتیە ناو کۆشی کوردی بێتاوان کە ناویان نا مام جەلال ! پاشکۆی ئەو بەرهەمە بێستانێکە کە سەراسەری فرێزو لێیداوە .هەر بۆیە ئەورٶ هێرۆی خێزانی هەڕەشە لە خەڵک دەکاو پێی دەڵێ : نابێ پێگەی مام جەلال کەس لاوازی کا ؟ وهەتا دوایین هەناسە قسە قسەی ئەوە ئەوانی دیکەش دەبێ وەک مەڕی حەزرەتی موسا سەر بەردەنەوە متەقیان لەبەر نەیە .
خوێنەری هێژا بۆ خۆت سەر پشک بە ، خەلیل پاشای ڕەگەزپەرستی تورک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەی ئاوا بیردەکاتەوە . (گوتم ئەو کارە نادروستە) لەوڵاتی ئێمەش رێک پێچەوانەیە بۆ قازانجی حیزب وبنەمالە حازرن نەتەوەکەیان بکەنە قوربانی .باسی هەژارەکانی لای رۆژهەڵاتی وڵات ناکەم کە چۆن لە کەمپەکانی کۆیەو زڕەگوێز حیکایەتی سەر دەمی ئەسحابی کەفمان بۆ دەڵینەوە . وێنەی ...........ی رەجەبە شێتی بەخۆیانەوە هەموو کەس دەسوتێنن .
جەعفەر کەریمی / ٣٠/ ١٠/ ٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست