کوردستانپۆست ... کابوسەکەی سەر سنگی مەلا بەختیار
Saturday, 19/10/2013, 12:00
نووسەری نەرویجی بەناوبانگ هێنریک ئەبسن لە شانۆگەری (کەمینەکان لەسەر حەقن)، کە یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئەو شانۆگەرییە، ناوی (دکتۆر ستۆکمان)ە، لە کۆتایی دەقی شانۆگەریەکەدا، دەڵێت: (بەهێزترین پیاو لە دنیادا ئەو پیاوەیە، کە خۆی بەتەنهایە). شڕۆڤەی ئەم ووتەیە بەمانای ڕەشبینی کەسێک نایەت خۆی خستبێتە لۆچی سوچێکەوە نەکەس گوێی لە دروشمە ڕاچەنینەکانی بێت بەرەو ڕاپەڕین نەکۆمەڵگاش جەستەکەی نەبینن، بەڵکو ئەوە بەهێزی ئەو پیاوە وێنا دەکات، کە لە پشتەوە بەسەدان هەزار کەس خەریکی بیناکردنی شۆڕشێکن دوور لەچاوی خۆ بەزۆرینە زانەکان، ئەو خۆ بەزۆرین زانانەی چەپڵەلێدەرەکانی خۆیان وەها ڕاهێناوە زمانە گچکەی مەڵاشوشیان بە یەک نۆتەی قاز ئاسا یەک لەدوای یەک بقیڕێنن و پاشانیش پاشماوەی سفرەی سەرکردەکان بەدەنووک بلێسنەوە.
مەلا بەختیار بە پێچەوانەی (ستۆکمان)ی پاڵەوانی شانۆگەریەکەی ئەبسن هەمیشە خۆی بە بەهێزترین پیاوی حیزبەکەی زانیوە بەسوود وەرگرتن لە درز و بۆشایی گرفت و قەیرانەکانی یەکێتی.
وەک فێڵبازێکی سیاسیی وەک تاکە پاڵەوانێکی خۆ بەهێززان سیمنیار و کۆڕو کۆبوونەوە نەبووە ئەو دەمی لێ نەدابێت.
باس باسی مۆدێرنە بوایە ئەو دەبووە مونەزیری مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە.
بابەت لەسەر ئیسلامی سیاسیی بوایە ئەو دەبووە ئەنتی ئیسلامی.
کۆڕ کۆڕی مێژووی کۆمۆنیستەکان بوایە هەموو ڕستەکانی کتێبی مانفێستی حیزبی کۆمەنیستی بێ فاریزە و نوقتە باس دەکرد.
باس باسی مافی ژن بوایە لە سیستەمی دیموکراسیدا ئەو دەبووە ئاڵاهەڵگری هەڵگرتنی ژنان و بەزۆر سەندنی ژن لە پیاوەکەی.
باس باسی ژنکوشتن بوایە خۆی لە قەرەی تەلار و ئاسۆی برای خەبات مێشوولە نەدەدا، تاکە سەنگەرێک، کە مەلا بەختیار بەو هەموو لۆجیستیکەوە شکستی هێنا لە هەمبەریدا تەنها کوردستانپۆست بوو.
کۆتایی هەموو مرۆڤێک مردنە بەس ئەوەی گرنگە جەستەکەت بمرێت و بڕزێت، نەک مێژووت، نەک ڕۆحی بەرەنگاربونەوەت.
زۆر لەوانەی خۆیان بە پێشمەرگەی قارەمان و بە جەربەزە دەزانی لە کوردستانپۆست بابەتی مێژووی شاخیان بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە.
* لەسەر مەلا بەختیاریان نووسی، دوایش چوونە لای و پاکانەیان بۆی کرد.
* لەسەر مام جەلالیان نووسی، گەڕانەوە بوونەوە بە جەلالی.
* لەسەر سەعدی پیرەیان نووسی، کە ڕۆیشتنەوە لە لای دەعوەت بوون.
* لەسەر مستەفا چاوڕەشیان نووسی، کە چوونەوە داوای لێبووردنیان لێی کرد.
پاش دۆڕاندنەکەی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا برادەرێکم چووبوو بۆ لای جەمیل هەورامی و هۆکاری دۆڕاندنەکەی بۆ باس کردبوو، زۆر بە ڕاشکاوانە ووتبووی: من نەمتوانیوە لابدەم لە فەرمانەکانی مەلا بەختیار و ئەو پێی ووتووم مووچەی ئەوانە ببڕم بەناوی خۆیانەوە لە کوردستانپۆست دەنووسن.
ئەوەی لە ئایندەدا بەتەنها دەمێنێتەوە مەلا بەختیارە، کە وەک تاکە کەسێکی بێهێزی بێمۆراڵ هەر خۆیەتی و بەس وەک چۆن ساڵی ١٩٨٦ لە زیندانەکەی یاخسەمەردا تەنها بوو، گرنگ ئەوەیە کابووسەکە، نەک تەنها بەشەو، بەڵکو بە ڕۆژیش لەسەر سنگی مەلابەختیار کە بمێنێت، لە کوردستانپۆستدا بەردەوام دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست