" کورسی لە وەرزی زستاندا بە تڕان گەرم دانایە"

Friday, 03/10/2014, 12:00


لە مەتەڵەکانی ،هەنگوین زمانی کوردیدا ،، جوابە جەنگی،، جێگای نابێتەوە بەگوتەی شنۆییان کەس وێی نەکەوێی و زوێر نەبێ. ئەو بابەتە لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو رووداوانەی کە لە رۆژهەڵاتی وڵات بەسەریاندا تێپەڕیون.هەرچەند کەموکورت بێ بەڵام بۆ وەبیر هێنانەوەی رۆژگار زەرەری بۆ / پەز / نییە.شارە خنجیلانەکەی مهاباد(ساوجبڵاغی موکری) تەنیا٥٥ کیلۆمتر لە شارە ئازەری نشینی ،، میاندواو،، دوورە کە لە باشووری مهاباد هەڵکەوتووە. بە سەیارەی خۆش بەز تەنیا نیو کاتژمێر دەخایینێ لە لای میاندواو خۆ بگەیەنێ بڵیندی ،، گڵکۆی بەگزادان،،. سەردەمی دوای دەسەڵاتی بنە ماڵەی پەهلەوی وسەرهەڵدانی گەلانی ئێران ، مهابادیش تەوژمی شۆڕش هەڵیگرت و هەر شەقامێک لەدەست حیزبێک یا گرووپێکدا زرمەی دەهات. شار روخساری کوردانەی پۆشیبوو. بازاری سەرکردەکان گەرم ونەرم راخرابوو.گۆڤارودەستنوسی کوردی رۆژانە بڵاو دەبونەوە.قرمەی چەک وچەک بەشان هەوایەکی دی رەخساندبوو.دەتگوت ئاسۆی رزگاری قەت ئاوا دەرناکەوێ. تیرڕێژی دوای گزینگ وێنەی پێکەنینی کچە جوانەکانی موکریان مژدەی سەربەخۆیی دەدا بە هەموو تاکێکی کورد خۆشەویست.بەتەنیا لە چوارچرای قازی دانیشتبوم چاوم لەو شوێنە دەکرد کە کۆمارو پێشەوایان لێ لە دار دا. لە رووبەرووم دوکانێکی شریت فرۆشی هەبوو. دەنگی زولالی ماملێ وهۆنراوەی دڵبەزێنی هێمنی فەیلەسوف کە دەڵێ: من تەشی رێسێکی وەک شیرنی وەفایی بۆ چییە،،،،،،،،،، کیژی ئازای چاوکراوەو فێرە زانینم دەوێ،،،،،،.دەهاتە سەردڵو گوێچکەم. لەپڕ شار هورووژاو وەک خۆی نەما. پرسیم ئەوە چییە؟ گوتیان حەیران ئەڕتەش لە میاندواو وەڕێ کەوتووە دەخوازێ شار بگرێتەوە! یەکسەر هەلینگمدا بەرەو ماڵ. ماڵم لە خۆژئاوای شار (نزک بە فەرمانداری) بوو.
گەیشتمە هەورازی فەرمانداری،چم دیت؟ کاک حەسەنی شەڕەفی ئەندامی کومیتە ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران (ئەو کات یەک حیزب بوو). بۆ خۆی وچوار چەکبەدەست! پرسیم کاک حەسەن بۆ کوێ هەڵدێی؟ گوتی: نازانی قەرارە مهاباد بگرنەوە؟ رەنگی پەڕیبوو، شڵەژابوو، گوتم، ئەگەر تۆ شار چۆڵ کەی، ئەگەرئێوە دەرکەون ئەدی خەڵکی هەژار قوڕی کوێ وەسەریکا؟ بۆ چی پێشبینی ئەو رۆژەتان نەدەکرد؟ بەرەو تاقە دارو رێگای سەردەشت وێڕای چەکدارەکانی ئاوا بون! (من بۆیە وشەی چەکدار بەکار دێنم، چون پێشمەرگە رۆڵەی نەتەوەکەیەتی ولەرۆژی تەنگانەدانەتەوەکەی بە جێ ناهێڵێ).کاک حەسەنەکان رۆیشتن وژنومنداڵی بێنەواش کەوتە بەر دەستی داشە هارەی زەمان. خودای راستان چت لێ ناشارێتەوە ئەوە دوو دەیە زیاترە ئەو حیزبانەی کە قەرار بوو رزگارمان کەن لەسەر خاکی پیرۆزی کورد لە باشور سەوزەڵەمان بۆ دەچڕن.
هاوینی ساڵی ١٩٩٦ (پێش ئەوەی بە ملی شکاوم بێمە هەندەران) بوو، چووبومە شاری / بانە/ لە پڕ لەسەر شەقامەکاندا چەند سەگە بەرەڵایەکم لە ناو شاردا دیت وێڵ کرابون ! لە ملیاندا ناوی جەلال تاڵەبانی هەڵاوەسرابوو.(گوتیان پیلانی دەسەڵاتە هەم لە ناڵ دەداو هەمیش لە بزمار!) .زۆرم پێ ناخۆش بوو.پرسیم ئەوە چیە؟ گوتیان پاسدار هێرشیان کردۆتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات و یەکێتی نیشتمانێش وەک کەوا سوری بەر لەشکر وەپێشیان کەوتووە!بە پێی شاهیدانی زیندووی ئەوکاتی ئەو رووداوە بەتەما بون ئەندامانی سەرکردایەتی دەستگیر کەن بیانهێنەوە ناوشارەکانی رۆژهەڵات نیشانی خەڵکیان بدەن. تاڵەبانی بەو کارە رازی نابێقسەیان لە گەڵ دەکا، کە ئەو حیزبانە دژی کۆماری ئیسلامی شەڕی چەکداری ناکەن. ئەو بەڵگانەو بەڵگەی دیش لەلای پیاوەکانی تاڵەبانی پارێزراوە.
ئێستێ رۆژگار سوڕاوە و دونیا بەرەوئاقرێکی دی هەڵچووە. عێڕاق بۆتە فدڕاڵی (پشتاوپشت) و کورد لە بەغدا بەشداری سیاسەتە. سەرۆکمان (خودا بیپارێزێ) بۆتە خاوەنی نەفت و دۆستی تورکیە. بەڵام نۆ مانگە بە هۆی ئەو سیاسەتە جوانەی کا مەسعود بەڕیوەی بردووە مووچەی فەرمانبەرانی باشور بڕاوە! بێ پارەییش رووی لە کەمپەکان کردووە ودەڵێن چیدی: ئەزمونی باشوری کوردستان ناپارێزین! شەڕی چەکداری دەست پێدەکەینەوە. کاربەدەستی کوردی بەغداش وێردی سەرزاریان . دەوڵەتی کوردیان، کشتو کاڵیان، زانکۆکانیان، سیستمی پەروەردەیان، نەخۆش خانەکانیان،........ هەموو بۆتە وەرگرتنی،مووچەی ئەو نۆ مانگە!؟ لەو شەیتانە بازاڕەدا پارەی مانگانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش ناگا.ئاوێ بێنەو دەستان پشۆ. چۆن شەڕ دەکەن؟ بەکام هێز؟ کام ئابوری، کام پشتیوانی،........ بۆخۆیان دەزانن.
چاو لە پێنوس بەدەستی هەندەران بکە چۆن چەپ وراست چەپڵەیان بۆ لێدەدەن،هەر دەڵێی یەکەم کۆنفڕاسی کوردە کە قەرارە بگیرێ و١٢ میلیون کوردی پێ رزگار بێ. هێشتا نە بەدارە ونە بەبارە بەرپرسی قسە زل دەڵێ: ئێمە شەڕی چەکداری دەست پێدەکەینەوە. هیچکام لە سیستمەکانی تری ئەو سێ بەشەی کوردستانمان قەبوڵ نییە! بۆ خۆمان رێکاری تازەمان هەیە بۆ کوردستانی ئێران!و بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی! دەڵێن ئەزمونی باشوور دۆستی وەک ئامریکاو ئورووپی وتورکو فارس وعەڕەبی هەیە دەتوانێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ.
لەزانستی دەرونناسیدا بابەتێک هەیە بە ناوی،، رەفتار گەرایی،، کە ئەو بابەتە پڕە لە ناوەرۆکی زانستیی جۆراوجۆر. یەکێک لەوبابەتانە لە بارەی،، درۆیە،، هەروەک دەزانین درۆ هەڵویستێکی بێ ناوەرۆکەو بەتاڵە کە دەگوترێ. زۆر جاریش وەک / راستی / نیشان دەدرێ. لەو زانستەدا درۆکردن بە مەبەستی کڵاو لەسەرنان یا فریو دان یا پێشگرتن لە رووداوێک کە بۆ درۆزن نالەبارە، پێک دێ. هەروەها درۆ دەبێتە هۆی بێ متمانەیی بە خۆو بە دەوروبەری کۆمەڵگا.
ئادۆڵف هیتلێر، کە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی،، شەڕی من یا نەبەردی من،، دەڵێ: ئاڵمان لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بۆیە شکستی خوارد وئەو شکستەی قەبوڵ کرد چون ،، یەهودیەکان،، خاوەنی کاریگەریەکی بە هێزبون لە چاپەمەنی وراگەیاندندا کە بەو شێوازە کەڵکیان لێ وەرگرت.بۆیە پێویستە / درۆ / ئەوەندە مەزن بێ کە کەس باوەڕ نەکا کەسێک ئەوەندە بێ شەرم بێ کە ئاوا بێ شەرمانە راستیەکان پێچەوانە بکا! یەکەمین جارکە کەڵک لە درۆی وەرگیرا ئەو رستەیەی هیتلێر بۆتە بەڵگە:کە دەڵێ لە درۆی گەورەدا داییم هێزی جێگای باوەڕ شوێنی خۆی تێدا دەکاتەوە.!
من کەس بە هیتلێر ناشووبهێنم وئەوانەش ناگەنە هیتلێر.بەڵام باش لەبیرمە بەرپرسانی نیزامی ناچەی شنۆو پیرانشار دەیانگوت: بە بارتەقای ١٢٠٠٠ پێشمەرگە دینار مان لە سەدام حوسێن وەردەگرت وەکو یارمەتی بۆ شەڕ دژی تاران. ئەو کات خەڵک لە کەشو هەوایەکی دیکەدا دەژیان. خودموختاری خوازی لەسەر دڵان بوو. ئێستێ جیاوازیەکی تەواو هەیە لە گەڵ سی ساڵ لەوەی پێش.ئەو کاتیش کۆماری ئیسلامی بە هێز نەبوو. ئێستەش بە هۆی گەمارۆی ئابوری گرانی داروبەردی تەنیوە بە هێزە. نە ئەوکات ستڕاتیژی شەڕتان هەبوو نە ئەوڕۆکەش بە دەستی بەتاڵ شتڕاتیژیتان بۆ دادەڕێژرێ.
نزیک سی ساڵە نشینگەتان کەمپەکانە. بۆ رێچاری دەرباز بون لەو قەیرانە خۆتان بە ئاووئاگەردا رۆدەکەن. بارزانی ئەوەندە بوێر نییە کە هەم شوێتان بداتێ هەمیش بڵێ ها ئەوە چەک تاران بڕوخێنن. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەسەڵاتی باشوور لێتان وەدەگ دێ و هەمیسان توشی رووداوی ناخواستە دەبنەوە.لەوەش بترازێ بنە ماڵەی شەهیدان پرسیارتان لێ دەکا؟ ئەو چەند ساڵە لە کوێ بون؟ بۆ بێدەنگیتان هەڵبژاردووە؟ جگە لەوەش زۆربەی هەرە زۆری بەڕیوەبەرانی حیزبەکانی ناو کەمپەکان خاوەنی ژنو منداڵن .ئەوان چییان بەسەردێ؟ ئەگەر لەوێ بتانترازێنن روو لە کاێ دەکەن؟ دەتوانن بچنە قەندیل؟ لەوێ خۆتان رێک بخەنەوە؟من دەڵێم نا ئەو کارەتان پێ ناکرێ.
دەرسی یەکەمی شەهید قازی موحەممەد بۆ میراتگرەکانی ئەوە بوو: پێشەوا گیانی خۆی فیدای نەتەوەکەی کرد وناوی ناودارانی بۆ خۆی هەڵبژارد ئێوە مەیدانتان لە مێژە چۆل کردووە. چیدی درۆ دەرخواردی خەڵک مەدەن. هەر ئەوڕۆ(٣/١٠/٢٠١٤ ، رۆژنامەی رادیکاڵی تورک) کچە شۆڕشگێڕی گریلای قارەمان کە تەمەنی١٩ ساڵ بە ناوی،، جەیلان ئۆزلەب،،. لەشەڕ دەگەڵ دڕندەکانی داعشدا بە دوایین فیشەک خۆی شەهید کرد تا نەکەوێتە دەستی داعش.ئێوە ئەو قارەمانیەتان لەدەست دێ یا هاتووە.؟ هەرجارێک بە داتاشینی دەستەواژەیەک خەڵک فریو دەدەن. ئەو جار بە بیانووی ،، رۆژهەڵات میحوەری وپارێزەرانی رۆژهەڵات، دەخوازن جوابی قەیرانەکانتان بدەنەوە.؟ جوغڕافیای کوردستان یەک خاکە، یەک زمانە، یەک مێژوویە، یەک ئاڵایە، لێواو لێوە لە خاڵی هاوبەش.بەتەنیا ئەو خاکە بە ئێوە رزگار نابێ. هەرکات توانیتان کۆبونەوەیەکی هاوبەشی هاو ستڕاتیژی دروست بکەن ئەو جار دەتوانن قسە لەسەر چۆنیەتی خەبات بکەنەوە. ئەوەی من لە هەندەران دەیبینم دەڵێن هەموومان پێشمەرگە بوین! باشە بۆ ناگەڕێنەوە ناو خۆتان تا سازمان بدرێن. مێژوو هەموو جارێک رەحمی پێ نەکردون ،ئەو جارەش وەک جاران هەڵەکانتان دووپات دەکەنەوە.
جەعفەر کەریمی
٣/١٠/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە