جەلال و مەسعود، كوا دوو كورسییەكەی مالیكی بۆ كورد؟
Saturday, 27/03/2010, 12:00
لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005ی ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقدا لەكۆی 275كورسی كورد 58كورسی هەبوو، كە لەوانە 5یان كورسی یەكگرتوو بوو، بەڵام لەخولی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا 2010 لەكۆی 325كورسی پەرلەمانی كورد بووە خاوەنی 57كورسی كە لەمانە 43یان كورسی هاوپەیمانی كوردستانییە، ئالێرەوە بۆت دەردەكەوێت لەسایەی ئەو سیاسەتە حەكیمانەی كە هەمیشە زورناژەنەكانی حزب باسی دەكەن، كورد چەند كورسی كەمیكردووە، ببینن 50كورسی پەلەمانی عیراق زیادی كردووە، بەڵام كورد یەك كورسی پەرلەمانی زیاددەكات.
ئەم زیانە بەپێگەی كورد لەعێراقدا بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەی جەلال شێخ حسامەدین و مەسعود مەلا مستەفا دەگەڕێتەوە كە نەیانتوانی لەكاتی تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەكانی عیراق لەمانگی كانوونی یەكەمی 2010دا ژمارەی كورسییەكانی كورد لەپەرلەمانی عیراقدا بۆ سێ پارێزگاكەی هەرێم بگەیەننە ژمارەیەك كە لەقازانجی كورددا بێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە سازشی جەلال و مەسعود لەسەر كورسی كورد لەیاسای هەڵبژاردنەكان وایكرد كە كورد ئێستا بەقورساییەكی كەمەوە بچێتە پەرلەمانی عیراق.
كاتێك ئۆباما لەرێگەی تەلەفۆنێكەوە كورد رازی دەكات سازش لەسەر ئەوە بكات تا رەزامەندبن بەیاسای هەڵبژاردنەكان و دەنگی پێبدەن ئالەوكاتەدا ئەندامانی پێشووی پەرلەمان و سەركردەكانی كورد لەبەغدا بانگەشەی سەركەوتنی كوردیان دەكرد لەیاسای هەڵبژاردنەكان و ئەوەیان بڵاوكردەوە كە جگە لەوەی مالیكی لەدژی تارق هاشمی بەڵێنی بەكورد و بەتایبەتی بەجەلال و مەسعود داوە كە لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دوو كورسی لەكورسییەكانی لیستی دەوڵەتی یاسا بدات بەكورد، ئەم بەڵێنە هێندە پێكەنیناوی بوو كە ئەوكات بەپێكەنینەوە لەناو خەڵكدا وا بوو دەیانووت پێدەچێت مالیكی باسی كورسی سەرتاشخانەی كردبێت نەك پەرلەمان، بەڵام كۆمەڵێك لەدارودەستەكەی رژێمی یەكێتی و پارتی بڕوایان بەوە دەكرد و ئەوەیان لەخەڵك دەگەیاند، بەڵام ئەوە ئەنجام و كوا ئەو دوو كورسییەی مالیكی بۆ كورد، ئەگەر وانییە ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردن كۆتایی هات و نە دوو كورسییە دیارییەكەی مالیكی دیارەو نە ئەو بەڵێنەش دیار دەبێت كە ئەمریكا بەتەلەفۆن بەكورد-یدا، چونكە ئەوكاتە بەلای كوردەوە ئەوەندە گرنگ بوو كە ئۆباما باسی ماددەی 140ی كردووە و بەڵێنی بەرژێمی جەلال و مەسعود داوە كە لەگەڵ حكومەتی ئایندەی عێراقدا ئەو ماددە دەستورییەیان بۆ جێبەجێدەكات.
خۆشبڕوایی مەسعود و جەلال كە هەموو چارەنووسی كوردیان درابووە دەست لەم خولەی پەرلەمانەوە كۆتایی دێت، چونكە لانی كەم 14كورسی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ لە پەرلەمانی عیراق ئاگایان لەو فرشتنە سیاسیانە دەكەن كە جەلال و مەسعود دەیكەن لە بەغداو ئیتر رێگەیانپێنادەن و هەموو كوردیان لێتێدەگەیەنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست