هه‌ولێر و هه‌ڵبژاردن

Friday, 02/04/2010, 12:00


گه‌ر وه‌ک ڕاستی قۆناغێکی مێژوویی بنۆڕینه‌ باشوری کوردستان پاش ئاشبه‌تاڵی تاقمه‌که‌ی بارزانی ئه‌وا ‌یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌هه‌ڵگیرسێنه‌ره‌وه‌ی شۆرشی نوێی ده‌ناسرێته‌وه‌، دیاره ‌ئه‌م بزاڤه ‌نوێه ‌به‌پشتیوانی خه‌ڵکی ڕه‌نجده‌ر و جووتیار و به‌پێشڕه‌وایه‌تی ژماره‌یه‌ک له‌مرۆڤه ‌خۆنه‌ویسته ‌خاوه‌ن بڕوا پۆڵاینه‌کان به‌گڕو تینێکی نوێوه‌‌هاتنه‌وه ‌نێوگۆڕه‌پانی خه‌بات و ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌یان پڕ کرده‌وه ‌که‌سه‌رکردایه‌تی ڕه‌ڤیوی بارزانی چۆڵیان کردبوو، هه‌ر زوو له‌ماوه‌یه‌کی هێجگار کورتدا توانیان مه‌شخه‌ڵی به‌رخۆدانێکی شێواز نوێ داگیرسێنن و ببنه‌‌‌ پێشره‌وی گشت ئه‌و چین و توێژانه‌ی بێ هیوابوون دوای ڕێکه‌وتنه ‌شوومه‌که‌ی جه‌زائیر، جێگرتنی تاکی کورد له‌م بزاڤه‌دا ڕوداوێکی هه‌ڕه‌مه‌کی‌ کوێرانه ‌نه‌بوو، به‌ڵکو ده‌رچوون بوو له‌و زه‌لکاوه‌ی ده‌یان ساڵ بوو سه‌رکردایه‌تی چه‌واشه‌ی به‌ناو شوڕش خوێنی ئه‌م گه‌له‌ی ده‌کرده‌قوربانی خواسته‌ خێڵه‌کیه‌کانی خۆی، هه‌ر بۆیه‌به‌شداریکردنی تاکه ‌ده‌سته‌مۆنه‌بوه‌کان له‌م شۆڕشه‌دا هانی بنکه‌ی فراوانی کۆمه‌ڵگای دا بۆجۆشدانه‌وه‌و ‌درێژه‌پێدانی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌لی کورد و کۆکردنه‌وه‌ی گشت هزره‌جیاوازه‌کان له‌ناو نیمچه‌به‌ره‌یه‌کدا که‌ناوی لێنرا یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
داستان دوای داستان سه‌رکه‌وتن دوای سه‌رکه‌وتن تۆمارکردنی ئه‌و وێنانه‌بوون له‌مێژووی جوڵانه‌وه‌ی نوێی کوردا خه‌ڵک گه‌واهی بۆ ده‌ده‌ن و موڵکی هیچ یه‌کێک له‌زیندوه‌لاداره‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌نین. ئازادکردنی به‌رینه‌یه‌کی فراوانی ڕووبه‌ری کوردستان و کۆنترۆڵکردنی به‌شی هه‌ره‌زۆری سنوری پارێزگاکان ته‌نها به‌مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌خه‌بات وکۆکردنه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره‌زۆری ڕۆحه‌یاخیه‌کانی دژ به‌ڕژێمی به‌عس بوون له‌م ناوچانه‌و ده‌یان نه‌به‌ردو وانه‌ی قاره‌مانیه‌تیان به‌خوێن نوسیه‌وه‌بۆ نه‌وه‌ی نوێی کورد، مێژوو وخوێنی شه‌هیده‌کانیش شاهیدی نه‌به‌ردین ‌له‌سه‌ر تاشه‌به‌رد و چیاو دۆڵه‌کان و ژووره ‌تاریکه‌کانی زیندان و ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌ی داگیرکه‌ری به‌عس ‌نه‌یاتوانی وره‌ی به‌رزی له‌بن نه‌هاتوی شه‌هیدانی قه‌ڵاو مناره‌به‌ئاسته‌میش نه‌وی بکه‌ن، ڕاونان و ده‌ربه‌ده‌ری و بێبه‌شبوون له‌خۆشه‌ویستی هاوسه‌رو منداڵه‌جگه‌رگۆشه‌کان نه‌یاتوانی بۆ چرکه‌ساتێکیش قاره‌مانانی وه‌کو {عبدالخالق مه‌عروف، یوسف ده‌رگه‌ڵه‌یی، جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر،حه‌سه‌ن کوێستانی، مامۆستا سه‌رسپی، ڕێباز و هاشم شه‌مامکی و ووریا سوره‌ی قاره‌مانانی داستانه‌کانی دوای ئه‌نفال ئیختیفا } و ده‌یان و هه‌زارانی تریش له‌ڕێبازی گه‌ل دووربخه‌نه‌وه‌و توانیان هه‌ولێری پایته‌ختی ووڵات به‌سه‌رفرازی و ئازادی شاد بکه‌ن.
له‌چرکه‌ساته‌کانی دوای ئاشکراکردنی ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 7-3 پرسیارێک و کۆمه‌ڵێک هێمای سه‌رسووڕهێنه‌ر سه‌رهه‌ڵ ئه‌دات، ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکه‌وتووه یاخود ئه‌و به‌رپرسانه‌ی به‌نێوی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ووته‌‌بێژبوون هه‌ره‌سیان هێنا و سه‌رنه‌که‌وتن و نه‌یان توانی ڕاستی مێژوویی ئه‌م شاره ‌چه‌ندین جار بریندارو داگیر کراو و ئازاد کراوه‌ڕوون بکه‌نه‌وه ‌هه‌ر له‌هۆلاکۆوه‌تاوه‌ده‌رنانی ڕژێمی به‌عس و هاوکاره‌کانیان له‌داگیرکردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان له‌ئابدا؟ هه‌رچه‌نده‌ئه‌م شاره ‌له‌نێو شاره‌کانی کوردستان به‌وه‌ناسراوه ‌که‌زۆر به‌هێمنی و له‌سه‌ر خۆ بڕیاری مێژووی و چاره‌نووس ساز ئه‌دات له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانکاریه‌کانی کۆمه‌ڵگاداو هه‌نگاوه‌کانی وه‌کو هه‌نگاوی کیسه‌ڵ وایه ‌که‌ڕێده‌کات به‌ڵام شاری هه‌ولێر وه‌ک چه‌قی قورسایی پێگه‌ی جوگرافیا مێژووی بڕیاری چاره‌نووس سازی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌ولێریان دڵنیان که‌پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکه‌وتنی دیموکراسی تۆمار نه‌کردوه‌و یه‌کێتی‌نیشتمانی کوردستانیش شه‌ڕی دیموکراسی نه‌دۆراندوه ‌به‌ڵکو شکستێکی مێژووی هێناوه‌هۆکاره‌کانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌بۆ ناشیرنی و هه‌لپه‌رستانی به‌شێک له‌و خۆ به‌یه‌کێتی زانانه‌ی که‌کاندیدی یه‌کیه‌تی بوون و بڕیار ده‌ربوون له‌م شاره‌و هه‌ندێ له‌و ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسیانه ‌هاتوونه‌ته ‌سه‌ر مێزی ئاماده‌کراو و به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌نها بۆ چرکه‌یه‌کیش خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م شاره‌چه‌ندین جار برینداره‌یان کردبێت دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت خودی خۆیان و باڵه‌که‌یان، زۆرن ئه‌و به‌رپرسه‌خۆ لێساوانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م شاره‌و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شاره‌له‌هه‌وڵی به‌رده‌وام دان بۆ بێهێز کردنی یه‌کێتی و ئه‌ندامه ‌به‌ئه‌مه‌ک و دڵسۆزه‌کان که‌له‌ڕۆژگاره ‌سه‌خت و دژواره‌کانی هه‌ولێردا سه‌ری به‌رزیان به‌عس و هاوڕه‌فتاره‌کانی به‌عس شۆڕنه‌کردووه‌.
باڵی سکرتێری گشتی یه‌کێتی له‌هه‌وڵی به‌رده‌وام بوون بۆ بێ هێزکردنی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ که ‌به‌سه‌رکرده‌و ڕزگار که‌ری ئه‌م شاره ‌هه‌ژمار ده‌کرێت، پارتی دیموکراتی به‌رزانیش هه‌میشه ‌له‌شه‌ڕی ژێربه‌ژێری به‌رده‌وامدا بوون به‌یارمه‌تی باڵی سکرتێری یه‌کێتی بۆ نه‌مان یاخود پوکانه‌وه‌ی یه‌کێتی و کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ژێر سێبه‌ری درۆزنانه‌ی ئیتفاقی ناستراتیجی بۆ به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی کورسی سه‌رۆک کۆمار بۆ تاڵه‌بانی و ته‌سلیم کردنی هه‌ولێرو یه‌کێتی به‌و تاقمه‌ی بارزانی، گۆڕان وبه‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌کو ئاراسته‌یه‌کی سیاسی هاتنه ‌نێو ئه‌م ئه‌م هاوکێشه‌یه‌وه‌‌بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری له‌ئه‌قڵی سیسته‌می کوردستان بکه‌ن و چه‌مکی ‌دیموکراسی بکه‌نه‌مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن و بوودجه‌و گه‌نده‌ڵی وداهاتی خه‌ڵکی کوردستان شه‌فاف بکه‌ن،ئه‌رکی گۆڕانخوازان بوو یه‌خه‌ی بنه‌ماڵه‌ی با‌رزانی بگرن و پێیان بڵین ئێوه‌ی حازر خۆری دوای ئاشبه‌تاڵ ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه‌تان له‌کوێه‌وه‌هانی؟ باشتر ده‌بوو ستراتیژیه‌تی گۆڕان کاری له‌سه‌ر لاوازکردنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بکردایه‌له‌هه‌ولێرو ئه‌رکی بێهێزکردنی باڵی تاڵه‌بانیشی بسپاردایه‌به‌نه‌وه‌ی شه‌هیدان له‌ناو (ی. ن. ک) دا، گۆڕان باش ده‌یزانی له‌ئێستادا ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی پارتی (قه‌زم) کاته‌وه‌له‌هه‌ولێر،که‌واته‌چڕکرنه‌وی کاره‌کانیان ‌بۆ سه‌ر یه‌کێتی وخودی کۆسره‌ت ڕه‌سول له‌م شاره‌دا ‌به‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموکرات که‌وته‌وه.
ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌. ‌کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی ئه‌م شاره‌جێگه‌ی ڕه‌خنه‌و توانجی ئێجگار زۆره‌و هیچ مرۆڤیک ناتوانێت هه‌ڵه‌یه‌ک به‌دوای یه‌که‌کانی په‌رده‌پۆش بکات، کۆمه‌ڵه‌مرۆڤێکی نابینای سیاسه‌ت له‌ده‌وروبه‌ری بوونه ‌هۆی ناشیرنکردنی که‌سایه‌تی کۆسره‌ت ڕه‌سول له‌هه‌ولێر به‌هۆی که‌م توانایان و ئاستی زانستیان بۆ شیکردنه‌وه‌ی باری سیاسی و تاکتیکی و له‌زۆر کاتیشدا نه‌گه‌یاندنی هه‌واڵی ڕاست یا گه‌یاندنی هه‌واڵی نادروست و نه‌بوونی تیمێکی شیته‌ڵکاری ڕۆژانه ‌یا هه‌فتانه ‌بۆ ڕوون کردنه‌وه‌و دانانی به‌رنامه‌ی داهاتوو وێڕای بوونی هێرشی چڕی به‌به‌رنامه‌له‌لایه‌ن پارتی و باڵی سکرتێری یه‌کێتی،کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ناچار کرا ‌توشی کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی مێژوویی بێت و خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌‌بۆ بارو دۆخه‌که‌بکات، به‌شێکی زۆریش له‌ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تیه‌ (مه‌سته‌کان) کاریگه‌ری ته‌واویان هه‌بوو له‌دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مرۆڤه ‌به‌هه‌ڵوێست و ڕابردوو پاکه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن به‌به‌شێک له‌م هێرشه ‌ناڕه‌وایه‌ی ده‌ستی پێ‌کردبوو ده‌مێ تاوانی به‌به‌رزانی بوون و ده‌مێ به‌تابوری پێنج و له‌کۆتایشدا که‌هیچیان بۆ نه‌مایه‌وه‌به‌ (پ. ک. ک) تۆمه‌تباریان ده‌کردن، هه‌ر بۆ مێژوو به‌کاک کۆسره‌ت ده‌ڵێین: هه‌ڵه‌ی ئه‌م مرۆڤانه ‌ته‌نها ئه‌وه‌بوو نه‌یان ئه‌توانی به‌ماست بڵێن ڕه‌شه‌و به‌رده‌وام بوون له‌ڕه‌خنه‌ی پڕ ئامێز بۆ به‌هێز بوونی یه‌کێتی تا له‌کۆتایدا ناچاربوون گۆڕه‌پانیان چۆڵکرد بۆ هه‌ل په‌رسته‌کانی ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر، که‌به‌داخه‌وه‌ئه‌مانیش نه‌یان توانی وه‌کو پێویست به‌ره‌نگاری فایلداره‌هه‌لپه‌رسته‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ببنه‌وه ‌تاکو نه‌توانن به‌مۆرالی خۆیان یاری به‌ده‌سکه‌وت و خوێنی شه‌هیدان بکه‌ن.
له‌کۆتاییدا کۆمه‌ڵێک پرسیار و هێمای سه‌ر سوڕهێنه‌ر سه‌رهه‌ڵ ده‌دات و وه‌ڵامیش ته‌نها لای ئه‌م کۆمه‌ڵه ‌مرۆڤه‌یه‌:
1 _ ئایا کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ده‌یسه‌لمێنێت که‌هه‌ڵه‌ی کردوه و‌گۆران کاری له‌خودی خۆی و ده‌وروو به‌ری ئه‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه ‌به‌خۆشه‌ویشتی خه‌ڵک یا؟!
2- ئایا گۆڕان ده‌یسه‌لمێنێت که‌هه‌ڵه‌ی تاکتیکی کردوه ‌به‌رامبه‌ر به‌به‌رنامه‌و ستراتیجی خۆیان ئه‌خه‌نه ‌ژێر پرسیار و به‌خۆداچونه‌وه‌ئه‌که‌ن یا ئه‌مانیش ئایا؟!
3- ئایا باڵی سکرتێری گشتی به‌رده‌وام ئه‌بن بۆ پوکانه‌وه‌ی یه‌کێتی و خوێنی شه‌هیدان و به‌رهه‌می خه‌باتیان ته‌نها بۆ به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی کورسی سه‌رۆک سه‌رۆک کۆمار به‌هه‌موو نرخێک یا ئه‌مانیش ئایا؟!
4- ئایا پارتی خۆی به‌براوه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌زانێت له‌هه‌ولێر و کوردستان یاخوود باڵێکی به‌جه‌ساره‌تی نه‌ته‌وه‌یی ناو پارتی ناوی میلله‌تی لێ ده‌هێنێت و به‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌ڵێت مۆدێلی ته‌زویر کردن تاسه‌ر ناتوانێت ته‌مه‌نتان درێژ بکات و به‌هه‌ل په‌رستان و شان خواره‌کان بڵێت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزتره‌له‌بنه‌ماڵه‌و هه‌ولێریش ده‌بێته‌بڕیارده‌ری گۆڕانکاری.

ئارین هه‌ولێری
2-4-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە