ئەبێت یەكێتی و پارتی لەتێك نان بخۆن و هەزار نان بكەن بەخێر بۆ لیستی گۆڕان !!
Wednesday, 30/09/2009, 12:00
لە دنیادا هەموو بەرەوپێش چونێك لە هەموو بوارەكاندا كۆمەڵایەتی , ئابوری , سیاسی , رۆشنبیری , زانستی ... هتد , بە گۆڕنكاری ئەبێت , ئەوگۆرانكارییە ئەگەر تەنها كەسێك خاوەنی بێت یان زیاتر لە یەك كەس بێت , پشتگیرییەكی زۆری خەڵكی نەبێت سەركەوتنێكی هەمیشەیی نابێت و بەردەوام نابێت واتە ئەبێت كۆمەڵگا ئەو گۆڕانكارییەی بوێت و تامەزرۆی بێت .
خەڵكی كوردستان لەماوەی هەژدەساڵدا ئەوەندە ناهەقی و كەمتەرخەمی حوكمەت بۆ خزمەتگوزارییە ئەساسییەكانی خەڵك و گەندەڵییەكی زۆر لەهەموو بوارەكاندا و جیاوازی كردن لەبەینی خزمی مەسول و خەڵكی گشتیدا و دۆڕاندنی مەسەلە چارەنوسەكانی كورد لەپێناو بەرژەوەندی و كورسی سەركردەكان و بەدڕەوشتی كاربەدەستان و هەندێ شتی تریش وای لەخەڵكی گشتی كوردستان كردبوو تامەزرۆ بن بۆ گۆڕانكارییەك وە هەوڵی جدی بۆ بدەن بەهەرچ نرخێك بێت بۆ دەرباز بوون لەو قەیران و زوڵم و زۆرەی بە هۆی سستمی بەڕێوەبردنی حوكمەتەوە تێیكەوتون . ئەو گۆڕنكارییەی بەگشتی لە عێراقدا باوە و چەندجارێك رویداوە و كودەتا (انقلاب) بووە كە بۆتە گۆڕینی رژێمی حكومەت وەكو كودەتای عەبدول كەریم قاسم و گۆڕینی حوكمی مەلەكی بۆ كۆماری و كودەتا یەك لەدوا یەكەكانی بەعسێكان وەرگرتنی حوكمی عێراق بۆ ماوەی 35 ساڵ . لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 ی چەند شارێكی خواروی عێراق و سەرتانسەری كوردستان لە دژی حكومەتی بەعس , كورد راپەڕینی كردە چەكی دەستی بۆ ناڕزایی دەربڕین و بەدەستهێنانی داواكاریی و مافەكانی , كاتێك خۆ پیشاندان دژی كاربەدەستان هیچی لێ سەوز نەئەبوو هەموو جارێك بەقسەی سەوزو سورو وەعدی درۆ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران ئەكرد .
جەند جارێك كوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی و دوروبەری كاسەكەی پڕبووەو لێیڕژاوە و مقۆ مقۆی راپەڕین دروست بووە و یەكێتی و پارتیش بەمەیان زانیوەو كەوتونەتە خۆ ئامادەكردن بۆ بەگژاچونەوەی هەر راپەڕینێك كەرووبدات بێگومان بەگرتن و كوشتن . هۆكاری رووونەدانی راپەڕینێكی گەورە ئەگەڕێتەوە بۆ نە بوونی سەركردەیەك بۆ رێكخستنی راپەڕین و فەرمان دەركردن بۆ كاتو شوێنو چۆۆنییەتی و بە ئاڕستەبردنی راپەڕین . بوونی كاك نوشیروان وەك سەركردەیەكی بەئەزموونی باوەڕپێكراو لای خەڵك كە شتێك بكات و ئەم باروو دۆخەی كوردستان بگۆڕێت هەرگیز لەگەڵ راپەڕیندا نەبووە و زۆركات كەسەكانی نزیكی خۆی گلەیی ئەوەیان لێ ئەكرد كە هیچ شتێك ناكات و لەگردەكە نایەتە خوارەوە . هیچ شتێك ناكات مەبەستیان هاندانی خەڵك بۆ راپەڕین .
بەڵێ پڕۆسەی گۆڕان لە گردەكە چەكەرەی كرد هەر لەماوەیەكی كەمدا لە زۆربەی زۆری ماڵەكانی سلێمانی سەوزبوو , ئەو خەڵكە زۆرەی چاوەڕێی راپەڕین و بەشداریكردن لە راپەڕیندا بوون بەجۆشو خرۆشەوە كەوتنە سەرشەقامەكان بۆ خۆشی دەربڕین و لایەنگرتنی لیستی گۆڕان تا لە 25 /7 بەرەو سندوقەكانی دەنگدان 25 كورسییان بۆ خۆیان ولیستی گۆڕنیان تۆماركرد .
ئەگەر گۆڕان دروست نەبوایە ئەوا راپەڕینی خەڵكی كوردستان بەبێ شك رووی ئەداو كارەساتێكی خوێناوی دروست ئەبوو سەركردەو كاربەدەستان ئەكەوتنە بەر رق و قینی خوێن گەرمی خەڵكی كوردستان و ئەو راپەڕینەی ساڵی 91 بەسەر حوكمی بەعسدا رووی دا ئەمجارە بەسەر سەركردەو لێپرسراوەكنی كوردا رووی ئەدایەوە , بۆیە ئەڵێم ئەبێت یەكێتی و پارتی لەتێك نان بخۆن و (چونكە زۆریان خواردووە) هەزار نان بكەن بەخێر (چونكە خەڵك برسیە) بۆ لیستی گۆڕان , نەك نانی خەڵك ببڕن , ئێوە ئمجارە لیستی گۆڕان رۆحی كردنەوە بەبەردا جارێكی تر كەس فریاتان ناكەوێت لەژێر پێلەقەی رق و قینی نان بڕواندا .
سلێمانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست