بۆ یەکێتی و گۆڕان
Thursday, 26/09/2013, 12:00
1442 بینراوە
تکایە چی تر ئازاری سلێمانی مەدەن، چونکە هەڵبژاردنی داهاتو نایەکی گەورەتر لەوەی ئێستا وەردەگرن
یاریە ناشرین و بێزراوەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی خەریکە سلێمانی دەکاتە شارێکی پڕ لە بێ یاسایی و دوور لە لێ پرسینەوە.
لەوەتەی گۆڕان لە یەکێتی جیا بۆتەوە سلێمانی بۆتە گۆڕەپانی ئاژاوە و ململانێی ناشارستانی و هەر جارەی بە سیناریۆیەک جۆرێک لە ئاژاوە و فیتنە لە سلێمانی دەنێنەوە و هەمو جارێکییش چەندین کەسی بێ لایەن و لایەندار لە خەڵکی ئەم شارە داماوە دەبنە قوربانی، هەر لە بریندار و کوژراوەکانی دەستی تەقەی خۆشی لایەنگرانی ئەم دوو لایەنە بۆ هەمو ئەو پیلان و کارە تیرۆریستانەی کە لەسەر دەستی ڕێکخستنە نهێنیەکانی ئەم دوو لایەنە لە ناو جەرگەی شاری سلێمانیدا ڕوودەدات.
لە گەرمەی ڕووداوەکانی ١٧ ی شوباتدا لە کاتێکدا پارتی لە هەولێر و دهۆک بە زەبری شەق و چەک و تێهەڵدان نەیدەهێشت کەس لە ناوچەکانی ئەودا فزە بکات گۆڕان و یەکێتی ژیانیان لە سلێمانی لە خەڵک تاڵ کردبو بەوەی کە تەنها لە سلێمانی و لە دژی لایەنگرانی یەکتری ئەوپەڕی سوکایەتیان بە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسان و خوێندکاران و میدیاکارانی شارەکە دەکرد و تەنانەت هەندێک لە ڕۆشنبیرانیش سوکایەتیان پێ کرا کە هەمو کەس باش دەزانێت سەر بە هیچ لایەک نەبون و تەنها لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا هەڵوێستیان هەبو.
ئێستا پاش ئەوەی کە خەڵکی سلێمانی بۆی ڕوون بۆوە تەنها هەڵوێستێکی ڕاست لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەڵوێستی کوردستان پۆست بو کە بە ئاشکرا بانگی خەڵكی کرد بۆ بایکۆت کردنی ئەم مەهزەلەیەی کە ناویان لێنا هەڵبژاردن بۆیە دڵنیام جاری داهاتو ئەگەر هەر هەڵبژاردنێک بکرێت لە هەرێمی کوردستان و لە ژێر سایەی ئەم حیزبانەدا بێت بە تایبەتیش هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی و ئەوە بە دڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵکی کوردستان بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن چونکە ئیتر بە تەواوەتی ڕوونە لای خەڵک کە پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە بە هیچ هێزێک لە کورسی دەسەڵات نەیەنە خوارێ.
بەڵام ناشرینترین لایەنی ئەم هەڵبژاردنە ئەو هەمو سوکایەتی و ئیهانە کردنە بوو کە لەسەر دەستی لایەنگرانی یەکێتی و گۆڕان دژ بە شاری سلێمانی کرا هەر لە شەهید کردنی چەندین کەسی بێ تاوان بە بیانوی بانگەشە کردن بۆ هەڵبژاردن تاوەکو پیلان دانان لە دژی لایەنگرانی یەکتر کە ئەمیش تەنها لە شاری سلێمانیدا کرا، وەکو بڵێی یەکێتی و گۆڕان دەستیان لە هەولێر و دهۆک لە لایەن پارتیەوە بەسترابێتەوە بۆیە نەیانتوانی هیچ ئاژاوە و فیتنەیەک لەو دوو شارە بگێڕن.
(ئەگەرچی لە ناخی دڵمەوە پێم خۆشە کە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک کەمترین خەڵک زیانی بەرکەوت و هێندەی سلێمانی توشی ئاژاوە و کاری تێکدەرانە نەبون، بەڵام بە داخەوە نازانم بۆچی پارتی دەتوانێت لەوێ ئەو هەمو تەزویرە بکات)
من وەک هاوڵاتیەکی شاری سلێمانی پڕ بە دڵ حەز دەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتودا شاری سلێمانی بە تێکڕای دەنگ دەرانی پشت بکەنە هەمو ئەم حیزبانە چونکە یەک لە یەکی خراپترن و بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی و گۆڕان چونکە هەرچی پلان و ئاژاوە و کاری تێکدەری هەیە لە ناو جەرگەی شاری سلێمانیدا ئەنجامی دەدەن و پێ دەچێت کەسیان خەم خۆری ئەم شارە نەبن.
لە ڕاستیدا ڕەوشی شاری سلێمانی لەو کاتەوە خراپ تێکچو کە گۆڕان لە یەکێتی جیا بۆوە نازانم ئەم دوو حیزبە بۆ یەک ناگرنەوە و بۆ دەست لە ئازاردانی ئەم شارە هەڵناگرن؟! باشە سلێمانی کەمی شەهید داوە؟ بۆ هەر جارەی بە ناوی سیناریۆیەکەوە چەنین دایکی ئەم شارە جەرگبڕاو دەکەن؟ ئەرێ بەس نییە؟!
نەفرەت لەو سیاسەت مەدار و کادێر و پێشمەرگانەی کە بەرژەوەندی شاری سلێمانی و خەڵکەکەی دەکەنە قوربانی حیزب و سەرکردەکانیان.
سەربەرزی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لە هەر سێ شاری هەرێمی کوردستاندا لە فێڵ و تەڵەکەی ئەم حیزبە نابوتانەی کوردستان تێگەيشتون و بە ئاسانی دەنگی خۆیان نافرۆشن بە چنگێ پارە وە یان تەنەکەیەک نەوت.