مەلا بەختیار کێ چەواشە ئەکات؟
Thursday, 25/08/2011, 12:00
وەك ئاشکرایە، دەسەڵاتی باشوور دوای ئەوەی زانی کە خەڵکی گەلێ لێ پەستەو ئەمڕۆ نا بایەنی زرمەیان لێ هەڵئەسێنن و شار بەدەریان ئەکەن، ئێدی بەیارمەتی ئۆپۆزیسیۆن و دۆستەکانیان لە ووڵاتانی دراوسێ کەوتونەتە هۆنینەوەی تەونی خیانەتێکی تر، بەو هیوایەی بتوانن درێژە بەدەسەڵاتیان بدەن و زیاتر خزمەتی ووڵاتە سەردەستەکان بکەن بۆ نەمان و نەهێشتنی کورد.
ئەم بارودۆخەی هەنووکە ئەگوزەرێ جگە لەوەی دەستی یارمەتی و بەهانا چوونی دەسەڵاتی باشوور و ڕزگارکردنیانە لەو مردنەیان هیچی تر نیە . ئەو هێرشانەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران تەنها بۆ سەرکوتکردنی هەردوو پارتی (پژاك و پەکەکە)نیە، لەڕاستیدا ئەوە نەئامانجی نزیکیانەو نە ستراتیژی دوور خایەنیانە. ئەسلەن مانەوەی پژاك و پەکەکە زیاتر بەئامرازکردنی داواکانی ئەم دوو ووڵاتە شەڕانگێزانەیە بۆ ئەوەی بتوانن پارسەنگی هێزی خۆیان لە ناوچەکەدا بچەسپێنن.
گەر وەك لایەنی سەربازی سەیری ئەو هێرشانەی هەردوو لایەنی پژاك و پەکەکە بکەین ، ئەوا هەموو کوشتارەکان و شەڕگەکان لەنێو خاکی ئەو دوو ووڵاتەدا بوون. هیچ بەهانەیەك نیە بۆ ئەوەی ئەو دوولایەنە تۆمەتبار بکرێن بەوەی خاکی هەرێم بەکاردێنن. ئەمە لەکاتێکدا گەر بەکاریشی بێنن ، ئەوە مافی خۆیانەو کوردستان موڵکی هەموو کوردە. ئەی باشە پارتی و یەکێتی بۆ چەندین ساڵ بارگاو مۆڵگەکانیان مەگەر لەو شوێنانە نەبوو کە بەشێك بوە لە کوردستانی باکوور وەیان ڕۆژهەڵات؟؟؟!!
مەلای بێ عەمەل و چەواشەکار وەك بزنسمان و بارزگان و مافیایەك حەقی خۆیەتی ئاوا بەو شێوەیە بدوێ و شیکردنە بۆ بارودۆخەکە بکا، ئاخر چۆن ئەتوانێ وا نەڵێ ، لەکاتێکدا ئاغاکانی وەك سەردەمی هەشتاکان و ئاڵای شۆڕش کلك و زمانی ئەبڕن. مەلا چەند توانی پارێزگاری لە ئاڵای شۆڕش بکا، ئاوا ئێستاش هەر ئەوەندە ئەتوانێ پارێزگاری لە بزووتنەوەی کورد بکا. مەلا هەر بۆ چاو قوچاندن لەو ووتارەکەیدا چەند جارێ کوردستانی وەك باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور ناوئەبات، کەچی لەترسی شەقی زەمانە و لەترسی بڕینی عەلەفی سیاسیانەی ، دێت و کوردستانەکان دابەش ئەکا بەناوی ئەو ووڵاتانەی هەنووکە خەریکی زەلیل کردنی کوردن.
مەلا باس لە گۆرانکاریەکانی تورکیا ئەکاو بە دیموکراتی ناوزەندیان ئەکا، لێ ئەگەر ئەو ڕاست ئەکا با لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا لە پرسیاری ئەوەی بۆ کوێ ئەچی، لەوەڵامدا بڵێ ؛ سەفەرەکەم بۆ کوردستانی باشوورە وەیان هەر بڵێ بۆ کوردستانی عێراقە، جا بزانین چۆن برا تورکەکانی چۆن مامەڵەی لەتەکدا ئەکەن. مەلا لەیادی چووە پێمان بڵێ کە تورکیا تا ئێستاش ئامادە نیە سەرۆکی بەناو هەرێم بەجل و بەرگی کوردی ببینێ و لەبری ئەوە لەجیاتی ئاڵای کوردستان مەسینەیەکیان بۆ ئاغاکەی دانا و لەڕوویان نەهات بڵێن سەرۆکی هەرێم و تەنها وەك خێزانێکی ناوداری عێراق پێشوازیان لە مەسعود ی بەکرێگیراو گرت. کام گۆڕانکاری لە تورکیا ڕوویداوە گەر تا ئێستا کورد نەئەتوانێ خوێندنی بەزمانی دایك بێ و لەپەرلەماندا سوێند بە زمانی تورکی بێت و زمانی کوردی قەدەغە کرابێ؟؟؟
ئەوە باسی ئێران ناکەین لەبەرئەوەی ڕۆژ نیە گەنجی کورد لەزیندانەکان تووند نەکرێن و دواتر لەبەرچاوی هەموان هەڵیان نەواسن، ئێدی ئەمە دیموکراتیەتی کوشتن و بڕینی کورد نەبێ ، چ جۆرە دیموکراتیەکە گەنجی کوردی پێ بناسرێنرێ.
لەکاتێکدا تورکیا وەیان هەر ووڵاتێکی تر، هاوڵاتیەکی تووشی کێشەیەك وەیان هەر شتێکی تر ڕووبدا ، ئەوا بەزووترین کات دێنە گۆو هاوڵاتیانی خۆیان لا گرنگە و پارێزگاری لێ ئەکەن،، کە چی مەلای بێ ئیجازە لەوە تێ ناگات کە ئازاری کوردێ بدرێ، وەك ئەوە وایە هەموو کورد ئازاری درابێ ،، ئەوەتا ئەڵێ پێوستە پژاك و پەکەکە ئەو هەلەی کوردستانی باشوور بەهەند بگرن و نەیەڵن ئەزموونەکەمان بکەوێتە مەترسیەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست