بۆچی تەنها پرسیاری سیكسی لەئافرەتی چەپ دەكرێت ؟
Wednesday, 14/01/2015, 12:00
2513 بینراوە
وەك تێبینیەك، زۆرجار لە سەرجەم ئامرازەكانی راگەیاندن و بەتایبەتی رۆژنامە وگۆڤارەكان، ئەو دیاردەیە دەبینم، كە پرسیاری تایبەت بە سێكس و قوڵبونەوە بەو بابەتە لە ژنی چەپرەو دەكرێت و،ئەوانیش نازانم لە راستگۆیی و مامەڵەكردنی ئاساییانە لەگەڵ ئەو جۆرە بابەتانەدا وەك هەر بابەتێكی تر بەئاسایی وەریدەگرن و وەڵامی دەدەنەوە (كە زۆرباش دەكەن) هەرچەند لە كۆمەڵگەی ئێمە بە شێوەیەكی تر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و تاپۆی پیاوە، یان لەنەزانینەوە رۆدەچنە كونوكەلەبەری وەڵامی پرسیارەكە و جەخت لەسەر وردەكاریەكانی دەكەنەوە، كەچی لە وەڵامی پرسیاری تردا ئەم جۆرە فراوانیە بەكارناهێنن، یان ئامرازەكانی راگەیاندنە ئەو جۆرە مانشێت و بابەتانە بۆ مەبەستی مادی زەق دەكەنەوە، یان بەخۆیان ئەو ژنانە مەبەستی هەندێك رۆژنامە و رۆژنامەوان نازانن كە تەنها ئەو پرسیارانە بۆ پرفرۆشی رۆژنامەكەیانە یان بۆ ناوبانگدەركردن یان باسكردنی شتی نامۆ بۆ دەركەوتن(خالف تعرف) دەكەن .
زۆر ئاساییە ئەگەر بابەتی سیكسی وەك هەر بابەتێكی تر بخرێتە بەر باس و لێكۆڵینەوە و، تەنانەت ئافرەت كە هەڵگری هەر فكر و بیر وبۆچونێك بێت زۆر ئاساییە باسی بكات و بە زانستیانە شییبكاتەوە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە كە تەنها ئەو پرسیارانە لە ژنی چەپ بكرێت و مەبەستی شتی تری لەپشتەوە بێت و بۆ مەرامی تر بەكار بهێنرێت و وا درەبكەوێت كە ژنیتر و لەهەڵگرانی بیروبۆچونی تر ئەمەی لا مەبەست نیە، بەڵكو ئەم بوارە زیاتر دەبێت بە وریاییەوە باس بكرێت و تەنانەت بۆ ژنی موحافزكاری موسلمان و خەفەكراو پێویستترە باس بكرێت و دەبێت ئەوان لەوبارەوە خۆیان لەم بابەتانە نزیك بكەنەوە و تەنانەت بە پێی شەرعیش توێژینەوە و رۆچونە نێو هەر زانستێك عەیبە نیە، پێویستە ئامرازەكانی راگەیاندن لەوبارەوە زیاتر گرنگی بەوان بدات و پرسیاریش لەوان بكات، بۆ ئەوەی لەروی ئەخلاقی باوی كۆمەڵگەوە نەقۆزرێتەوە و روانینێكی تایبەت بە ژنی چەپ لەو بوارەداە دروست نەبێت .
ئەگەر مێژووش بخوێنینەوە ئەوەی زیاتر لەم بارەوە قسەی فرەتر و فراونتری كردبێت و گرنگی پێدابێت رەوتی ئیسلامیە و، ئەوەی زۆرجار مێشكی پێوە مەشغول كردبێت وكاریگەری لەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیانی جێهێشتبێت هەر ئەو رەوتەیە، كە بە ئاشكرا لەو بارەوە قسە ناكەن و بە بڤەی لەقەڵەم دەدەن و بەنهێنیش هەموو روانینێكیان بۆ هەر بابەتێكی ژیان لەو راونگەوەیە سەرچاوە دەگرێت .
بۆیە، ئامرازەكانی راگەیاندن و خەڵكی چەپرەو دەكرێت لەم رووەوە، وریایانەتر مامەڵە بكات، ئەوەی پەیوەندی بەسەرجەم مرۆڤایەتیەوە هەیە نەكرێتە تایبەتمەندی رەوتێك و بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەكارنەهێنرێت و وا لەخەڵك نەگەیەنن، ئەو رەوتانەن تەنها گرنگی بەو بابەتانە دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە كاری نابەجێ دەكەن، كەچی ئەو پرس و بابەتانە وەك هەر پرسێكی تر پەیوەند بە مرَڤەوە هەبێت قابیلی باس و توێژینەوەیە، بەڵام لە روانگەی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و بابەتە هەستیارەكانەوە وا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت موحافزكاران سو ْ ئیستفادەیان لێنەكەن و لەروی كۆمەڵایەتی سیاسیشەوە نەیقۆزنەوە .