کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەبەر ئەوەى بەرپرسی باڵایان لەپشتە سێ كارمەندەى مەرزى پەروێزخان كە تۆمەتبارن بە بردنى ملیارێك و پێنج سەد ملیۆن دینار دەستگیر ناكرین

Tuesday, 07/08/2012, 12:00






ئەو بابەتەى كە لە گۆڤارى (گەڕان) دا بڵاوكرایەوە ، دەزگاى ئاسایش لەگەڵ ئەو نووسینەى لەسەر مەحمود سەنگاوى نووسرابوو، كۆیكردەوە و نەیهێشت كەس بیكڕێت..


گەڕان : راپۆرتى سەرنووسەر
ماوەى دووساڵ زیاترە، سێ كارمەندى مەرزى پەروێزخان كە خەڵكى سلێمانین بە بردنى ملیارێك و پێنج سەد ملیۆن دینار تۆمەتبار كراون ، كە لە دواى پێكهێنانى لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە لە فەزیحەكەى مەرزى پەروێزخان دێت،" رێككەوتنێكى زیرەكانەو نهێنى" پارەیان "ئیختلاس" كردووە ، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراون .
سەرچاوەیەكى ئاگادار بە گەڕانى راگەیاند" لە دواى ئەوەى ئەو پارانە بۆ بانكى كەلار براوە زۆرێك لەوپارانە لادراوەو دواى ئەنجامى لێكۆڵینەوەیش سێ كارمەندى مەرزەكە تۆمەتباركراون كە خەڵكى سلێمانییە.
سەرچاوەكەى گەڕان ئەوەى ئاشكراكرد كەوا ئەو سێ كارمەندە بەپرسی گەورەى لەپشتیانەوەیە بۆیە دەستگیر ناكرێن ، وتى" هەرچەندە ئەو سێ كارمەندە فەرمانى دەستگیركرتیان هەیە ، بەڵام دەستگیر ناكرێن و بەرپرسى باڵایان لەپشتیانەوەیە".
هەروەها بەپێ ئەنجامى لێكۆڵینەوەكانیش لە فەزیحەكەى مەرزى پەروێزخان، كە سێ كارمەندى مەرزەكە بە " رێككەوتنێكى نهێنى" پارەیان "ئیختلاس" كردووە، شەش فەرمانبەرى تریش لەو دۆسیەیە، تەنیا كەمتەرخەم بوون و هیچ بەڵگەیەك لەسەر تۆمەتەكانیان نەبووە.
لە نووسراوێكى وەزارەتى داراییدا، بەژمارە 2783 لە بەروارى 17/2/2011 ئاڕاستەى دادگاى لێكۆڵینەوەى خانەقین كراوە ، تێیدا ئەنجامى لیژنەى لێكۆڵینەوەى وەزارەت لە كێشەى "ئیختلاس و تەزویر" لەمەرزى پەروێزخان، هاوپێچ كراوە.
لیژنەكە، لە 30/6/2010 دەستى بەكارەكانى كردووەو وتەى زیاتر لە 26 كارمەندى بەڕێوەبەرایەتى گومرگى گەرمیانى وەرگرتووە، لێكۆڵینەوەكانیش بەئامادەبوونى نوێنەرى داواكارى گشتى ئەنجامدراوە.
لە ئەنجامى لیژنەكەدا ، هاتووە " دەركەوت ئەو بڕە پارەیەى (ئیختلاس) كراوە لەلایەن سێ فەرمانبەر، بەرێككەوتنێكى زیرەكانەو نهێنى ئەنجامدراوە ، كە بەهۆی (موازەنەى شهرى) رێكخستنى كارى ژمێریارى ئاشكرانەكراوە، ئەوەندە بە وردیی رێوشوێنى ئەو كارەیان گرتوەتەبەر".
هەروەها لەبەشێكى دیكەى ئەنجامەكەدا رونكراوەتەوە كە هەریەكێك لەو فەرمانبەرانە ، لە شوێنێكى گرنگى تایبەت بەناردنى داهاتوو ئیداعكردنى لەبانگ و پارێزگاریكردن لەسەرەتاكاندا بوون.
مەرزى پەروێزخان لە سنورى خانەقین، یەكێكە لەو مەرزانەى كەوتووەتە سنورى هەرێمى كوردستان و وڵاتى ئێران بۆ هاوردەو ئاڵۆگۆڕكردنى كارە بازارگانییەكان و هاتوچۆى هاووڵاتیان بۆ ئێران و دابینكردنى پێداویستیەكانیان.
هەرچەندە لەماوەى رابردوویشدا دوو رێكخراوى سنوورى گەرمیان لە هەوڵدا بوون بۆ ئەوەى لە فەزیحەكەى مەرزى پەروێزخان لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكرێت و كەسانى تۆمەتباران راپێچی دادگا بكرێن، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بووە.
لەمبارەییەوە جەلال مەلك ئەندامى رێكخراوى دەستەى (هەنگاو) كە لە ساڵی 2005دا بۆ رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی لە گەرمیان دامەزراوە، كە لەماوەى رابردوودا لە فەزیحەكەى مەرزى پەروێزخان هەڵوێستیان هەبووە بە گەڕانى وت" ئەو گوشارانەى لەماوەى رابردوودا لەگەڵ رێكخراوێكى دیكە دەرمان بڕى ، هیچ دەر ئەنجامێكى نەبووە تا ئێستا ئەو كەسانە كە تۆمەتبار كراون بەبردنى ئەو پارانە رادەستى دادگا نەكراون".
لە ماوەى رابردوودیشدا بەتۆمەتى ساختەكردنى پسوڵەى شۆفێرانى مەرزى پەروێزخان، بەرپرسی پێشوى لقی گەرمیانى یەكێتى سەندیكاكانى كرێكاران و پێشەوەرانى كوردستان درایە دادگا، ئەو بەرپرسەش پێیواییە ئەو سێ كارمەندە خەڵكى گەوەریان لەپشتە بۆیە دەستگیر ناكرێن وتى " لەماوەى رابردوودا سێ كارمەندى حكومەت لەمەرزى پەروێزخان تێوگلاون بە بردنى چەندین ملیۆن دینارى داهاتى ئەو مەرزە، كە فەرمانى دەستگیركردنیانیش هەیە، لەبەر ئەوەى خەڵكى گەورەیان لەپشتە تەسلیم ناكرێن".
هەروەها وتیشی " دادگا دەكەوێتە ژێر پرسیارى هەم خەڵك و هەم راى گشتیەوە كە ناتوانن فەرمانكەیان جێبەجێبكەن "
گەڕان لەمەر دەستگیرنەكردنى ئەو سێ كارمەندەى مەرزى پەروێزخان، كە تۆمەتبار كراون بە بردنى ملیارێك و پێنج سەد ملیۆن دینار چەندین جار پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى گومرگى گەرمیان،(سامان وەهاب)ەوە كرد، بەڵام ناوبراو وەڵامى پەیوەندیەكانى نەدایەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە