پۆلیسی هەولێر و فلیمی هیندی
Wednesday, 28/09/2011, 12:00
عەمید عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی شاری هەولێر، ڕووداوی کوشتنی ٨ هاوڵاتی ئەخاتە ئەستۆی زنجیرە درامایەکی دۆبلاژکراوی بیانی،ئەمەش هەواڵێکی سایتی (سبەی)ه.
بەڕاستی گەیشتن بەو دەرئەنجامە و لێکدانەوە بۆ ڕووداو و تاوانەکان ئەوپەڕی بلیمەتی و زیرەکی و لێهاتوویی پۆلیسی هەولێرمان بۆ دەرئەخا ، کەوا چۆن توانیان بەو کاتە کەمە هۆکاری تاوانەکان و بکەرەکانیان بگرن و ڕادەستی دادگایان بکەن. هەقی خۆیەتی دەست خۆشی لەو عەمیدە و سەرجەم ڕاوێژکار و لێکۆڵەوەرانی هەموو کەیسە دۆزراو نەدۆزراوەکان بکەین و میدالیای سەرکەوتنیان پێ ببەخشرێ و وێنەکانیان لەدەروازەکانی شاری هەولێر هەڵبواسرێن.
ئێستا ئەزانم بۆ ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تاوانەکان لەشاری سلێمانی زۆربوون، هەر لەشکاندنی دەڕابەی دوکانەکان و تاڵانکردنیان و کوشتنی چەندین هاوڵاتی و بزرکردنیان لەلایەن کەسانی نەناسراو و چەندین تاوانی تر وەك گوللە باران کردنی گەنجان و ڕوخاندنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان ،،، ئەمە و چەندینی کارەسات و تاوانی لەوانەش گەورەتر ، کەجاران پێمان وابوو کە حزبی بەعس و هۆکاری سیاسی لەپاڵ ئەو تاوانانەوەن، کەچی نەمان زانیبوو ئەو تاوانانە هەمووی خەتای ئەوەبوون کەئەو سەردەمە خەڵکی بەگشتی خولیای سەیرکردنی فلیمی کاوبۆی ئەمریکی و فلیمی هندی بوون.
سەد خۆزگە شاری سلێمانیش ئەو کاتە بلیمەتێکی وەك ئەم (ع.ع.تع)ی هەبوایە بۆ ئەوەی هەرچی سینەماکان و دراماکانی دۆبلاژکراوی بیانی هەبوایە نەی هێشتایە پەخشبکرێن و لەو تاوانانەی کەم بکرانایەوە..جا کوا، کەی ئەوە بەختی شاری سلێمانیە!! لەوەتی کورد هەیەو فێری هەڵگرتنی ئەستێرەو نەجمەی فەلی سەرچان بوە ، تا ئێستا کەسێکی وا شیاوی تیا هەڵنەکەوتوە وەك ئەمەی پایتەختی کوردستان. بەڕاستی هەقە ئەم جۆرە کەسانە ڕەوانەی (لاهای) بکرێن و مەشق بە (سکۆتلاندیارد) و (ئێف بی ئای) بکرێت تا ئەوانیش وەك شاری هەولێر خەڵکەکانی بێ خەم شەوو ڕۆژ بگوزەرێن و بەکەماڵی ئیسراحەت پاڵی لێ بەنەوە.
جا وەڵا گەر بەپێی ئەو هەموو فلیمە هیندیە بوایە کە نمایش ئەکرا، ئەبوو ئێستا لە سلێمانی لەبەر (زۆر ڕاوداوی شەمەندەفەر و پەلاماری پڵنگ و تەقەو ڕەقەی پنجابیەکان) ئەبوو خەڵکی تیا نەمایەو هەمویان قەڵاچوو بکرانایە. وەیان دوای ئەو هەموو فلیمی کاوبۆیانە، ئەبوو سلێمانی هەریەکە بەدیار قووتەیەك فاسۆلیاو چارەکێ وویسکیەوە ئەم سووچ و ئەو سووچیان لەخەڵکی بگرتایەو سەرانەیان لێوەرگرتنایە.
ئەم (ئەنشتاینە)ی هەولێر، هەروەك چۆن لەکاتی تیرۆرکردنی کاکە سەردەشت ووتبووی(ئەو هەڕەشانەی لێتکراون ڕەنگە لە دەرەوی ووڵاتەوە بێن و سەرچاوەکەی ڕەنگە سارکۆزی بێ)، دواتر توانی بکەرەکانی دەست نیشان بکاو دەری خست کە کاکە سەردەشت سەر بەباندێکی ئیسلامی توند ڕەو بوە.
ئەم کابرایە نایەوێ و ناوێرێ بڵێ ئەو تاوانانەی شاری هەولێر خەتای بنەماڵەی بارزانی و چەتەکانیانە ، چونکە خۆی کابرایەکی کۆیلەو دەستەمۆکراوی بنەمەڵەیە و ئەیەوێ پاساو بۆ ئەو هەموو نایەکسانی و نادادپەروەریەی سیستمی بنەماڵە بهێنێتەوە. دێت و ئەیەوێ خەڵکی وەك خۆی گێل بن و باوەڕ بەو جۆرە لێکدانەوە پڕ مەخسەریانە بکەن. جورئەتی ئەوەی نیە خاڵ بخاتە سەر ووشەو دێڕەکان و بەدەنگی دلێرەوە بڵێ، ئەم تاوانانە هەمووی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی بەدەست ئەم بنەماڵەیەوە گیری خواردوەو یاساش بوونی نیە،کەچی وەك ووشترمرخ سەری خۆی لەلمدا حەشار ئەدا و خۆی لەڕاستیەکان لائەدا.
دەی سا ئێوەش ئەی خەڵکی هەولێر هیچ خەمتان نەبێ و کەسیش چی تر لەبێ ئیشی و بێکاری خۆی نەسووتێنێ و سەری ئێمەش مەیەشێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست