کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كفری.. لە91وە تائێستا بە 8 قایمقام نەیانتوانیوە پاركێك نۆژەنبكەنەوە .

Friday, 09/07/2010, 12:00


كفری شارێكی تەمەن 200 ساڵ لەدواى ئازادكردنییەوە لەراپەڕینی 1991 تاوەكوو ئێستا كە دەكاتە 20 ساڵ، هەشت قایمقامی گۆڕیوە، كەچی بەو هەشت قایمقامە نەتوانراوە تەنها پاركێكی تێدا دروستبكرێت، خەڵكی شارەكەش ئاماژە دەكەن كە حكومەتی هەرێم وادەزانێت لە2003 ئازادكراوە، بۆیە پشتگوێخراوە.
هاوڵاتی رێبوار رەحیم وەك گەنجێكی شارەكە بە پێكەنینەوە وتی "هەزار جار ئەم پاركە لەرۆژنامەكان بڵاوببێتەوە بەرپرسانی شارەكە گوێی پێ نادەن و خەوتوون، حكومەتیش هیچ حساب بۆ ئەم شارە ناكات وادەزانێت لە 91 وە تا 2003 بە دەست حكومەتی بەعسەوە بووە، ئیتر چ دڵێك بەو حكومەتە خۆش بكەین.
هاوڵاتییەكی دیكە كە پێشەى پۆلیسەو داواى كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت رای وابوو كە هەرچەندە شار خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامبدرێت ئەگەر چەند پاركێك و سەوزایی دروستنكەرێت سوودی نییە، ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەگەر بەرپرسانی شارەكە راست دەكەن و لەكورسی و بەرژەوەندی خۆیان ناترسن با بە هەموویان كۆ ببنەوەو بچن داوا لەحكومەت بكەن وبڵێن چیتر قبوڵناكەین ئەم شارە بشتگوێ بخرێت، بەس ئەو كارە مەحاڵە.
شێركۆ حسێن حامد قایمقامی قەزاى كفری كە چەند مانگێك لەدەربەندیخانەوە گواستراوەتەوە بۆ كفری لەو بارەیەوە بە ئاوێنەى راگەیاند "ئەو پاركەى كفری كێشەى هەیە، لەئەساسدا چوار بەشە، سێ بەشی موڵكی شارەوانییەو بەشەكەى دیكە موڵكی وەزارەتی داراییە، بۆیە كاتێك كە گرێبەست لەگەڵ هەركەسێكدا بكرێت دەبێت موڵكەكە هی خۆت بێت، پاش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو كەسەدا كراوە كە پاركەكەى وەرگرتووەو بردوویەتی بۆ بەشی یاسایی شارەوانی، بەش یاسایی وتویانە ناتوانین ئەو گرێبەستە ئەنجامبدەین، چونكە هەموو زەوییەكە موڵكی ئێمە نییەو كێشەى لەسەرە".
هەرچەندە ئەو پاركە كێشەى لەسەرە، قایمقامەكەى كفری پێی وایە "دەبێت لەقۆناغی یەكەمدا زەوییەكە بكرێت بە ناوی شارەوانییەوەو لەموڵكی لایەنێكی تر نەمێنێت، ئنجا دەتوانرێت كارى لەسەر بكرێت، ئەمەش كێشەیەكی یاساییەو پەیوەستە بە دادگاوە، ئێمەش بە وەزارەتی شارەوانیمان وتووە ئەو كێشانەمان بۆ چارەسەر بكەن".
ئەم بگرەو بەردەیەی نێوان شارەوانی و دارایی تەنها خەڵكی شارەكە باجەكەى دەدات، بەڵام قایمقام دەڵێت "ئیتر خەڵك باجەكەى بدات یان نا ئەوە كۆمەڵێ كێشەی یاساییە، بۆیە ئەو پارچە زەوییە مامەڵەى بۆ كراوە كە لەبری وەرگرتنی قەرەبووى لایەنی بەرامبەر بكرێت، ئەمەش كاتی زۆری دەوێت".
هەرچەندە ئەو پاركە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە دروستكراوە، بەڵام هیچ سیماى پاركی پێوە دیارنییەو پێویستی بە نۆژەنكردنەوەو دووبارە دروستكردنەوە هەیە نەوزاد رەشید دەرویش سەرۆكی شارەوانی كفری ئاماژە دەكات و دەڵێت "پاش ئەوەی دكتۆر بەرهەم سەرۆكی حكومەت سەردانی كەلارى كردووە، وەزیری شارەوانیش ئامادەبوو، داوام لەوەزیری شارەوانی كرد سەردانی كفری بكات، پاش هاتنی بۆ كفری سەردانی پاركەكەى كرد بەڵێنیدا شتێكمان بۆ ئەنجامبدات، بە هەمانشێوە رۆژی دواتر سەرۆكی حكومەت سەردانی كفری كردو بەویشم راگەیاندو وتی بەڵێن بێت دەربارەى ئەم بابەتە لەگەڵ وەزیری شارەوانی قسە بكەم كە كارەكانتان بۆ جێبەجێ بكات و ئێوەش نوسراوو مامەڵەكانی بۆ ببەن تاوەكوو بۆتان جێبەجێ بكات".
سەركی شارەوانی رایدەگەیەنێت كە پاش هەفتەیەك سەردانی وەزارەتی شارەوانی كردووەو تاوەكوو ئێستا وەڵامی نییە، "پاش هەفتەیەك لەسەردانی سەرۆكی حكومەت سەردانی وەزارەتی شارەوانیم كردو وەزیر بە قەڵەمی سور لەسەر مامەڵەكانى نوسی و پێیان وتم ئیتر خۆمان تەواوى دەكەین، دوو هەفتە دواتر من و قایمقام سەردانی وەزیرمان كردو وەزیریش وتی خۆم كارەكان تەواو دەكەم، یەكشەمەى پێشووش دیسان سەردانی وەزارەتم كردو وتیان بە نوسراوى ژمارە 9614 9/5/2010 رەوانەى ئەنجومەنی وەزیرانمان كردووە، منیش تائێستا هەر چاوەڕوانم كە وەڵامی ئەو نوسراوانە بدرێتەوە".
جێی ئاماژەیە ئەو هەشت قایمقامە پێكدێن لە جەبار یاوەر، مەلا سەعید ئەحمەد، عەبولرەحیم رەشید ناسراو بە (مەلا رەحیم)، لەتیف حەسەن حامد، سدیق سەعید ناسراو بە (ابو عەلی)، عەبدوڵڵا ئەنوەر ناسراو بە (شێخ عەبدوڵڵا)، سەردار فەقێ محەمەد، شێركۆ حسێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە