گۆڕانی ناو گۆڕان پێویستییەکی حەتمییە!
Sunday, 03/11/2013, 12:00
1853 بینراوە
بزوتنەوەی گۆڕان ، ئومێدی بێ ئومێدان و نەوای بێنەوایان ، پەسێوی زەرنەقوتەکانی گەل و سوپەری گەل بۆ دژایەتیکردنی نوخبەی هەژمونگەرای خۆسەپێن و خەلک تۆقێن ، خەریکە بە هۆی لە ڕێ لادان و ماددە ویستی زۆرێك لە پەڕلەمانتارەکانی پەڕلەمانی کوردستانیەوە دەکەوێتە بەر خەشم و قینی جەماوەری گۆڕانخواز و گەلی باشوری کوردستان ، ئەم بەڕێزانە هەندێكیان کۆنە کادرەکانی جارانی یەکێتین و هەندێکیشیان کەسانێکن کە بە تەزکێی ئەم و ئەوو لە بەر خاتری خاتران لە سەرو بەندی پێکهێنانی لیستی گۆڕاندا ناویان لە لیستەکەی گۆڕاندا تۆمار کراو دواتر بە دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان بوو ن بە ئەندامی پەڕلەمان ، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمانە چونکە گەل ڕاستەوخۆ هەڵی نەبژاردوون نوێنەری ڕاستەقینەو ڕاستەوخۆی گەل و گۆڕانخوازان نین ، بەڵام نوێنەری ڕاستەوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانن!
بۆیە لە بەرامبەر هەر هەڵەیەکی ئەمانەدا بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت بێتە دەنگ و بە توندی پڕۆتستۆو سەرکۆنەیان بکات و بیانخاتە بەردەم لێپرسینەوەی خۆیی و ویژدانیان ، زۆرێك لە ئەمانە لە سای بزوتنەوەی گۆڕاندا ناسران و دەناسرێن ، ئەمانە بە بێ گۆڕان و تەنانەت گۆڕانیش بەبێ ئەو مەشروعە ڕیفۆرمەی کە هاو تەریبە لە گەڵ خەمەکانی زۆرینەی خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا هیچ نین ، بۆیە دەبێت گۆڕان باش لەو ڕاستییە بگات دەسبردن بۆ هەر جۆرە کارێکی ناداد پەروەرانە با لە ژێر پاساوی یاسا لاستیکییەکانی پەڕلەمانیشدا بێت سەرەنجامێکی خراپ و پڕ لە نشوستی بۆ بزوتنەوەکە دەهێنێت و هۆ کارێکیش دەبێت بۆ زیاتر دڵ کرمێ بوونی گەل و بێ متمانەیی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردە پاکەکانیشی ، بۆیە دەبێت لە پای ئەم دەسبردنە بێ پاساوەی پەڕلەمانتارەکانیدا بێدەنگی هەڵنەبژێرێت و بە توندی غەزەبیان لێبگرێت ، خۆ ئەگەر ئەمانە وتیان ئێمە ئەو چەکانەمان وەرگرتووەو پارەکەی دەکەین بە پڕۆژە ، ئەوە نیشانەی بێسەرو بەرەییە ، چونکە کاری پەڕلەمانتار نییە پڕۆژە جێبەجێ بکات ، ئەم بەڕێزانە چوار ساڵی ڕابردوو سەر زمان و بن زمانیان باسی پڕۆفیشنالی و بە داوو دەزگا بوون و جیایی دەسڵاتەکان و ڕێچکە گرتنی کاروبارەکانی داوو دەزگا نیشتیمانییەکان بووە، بۆیە ئەم پاساوەیان لە ژێر کاریگەریی فشاری خەڵکدایەو ترسانە لە سزای سیاسی خەڵك و سەرکردەکانی گۆڕان ! چونکە کەتونەتە داوی دراوو ئیمتیازەوە ، کە ئەوەش گەڕانەوەیە بەرەو دواوە لە ئەدەبیاتی سیاسی گۆڕانخوازی و نیشتیمانپەروەریدا ، چۆن دەکرێت فراکسیۆنێك ئیدیعای هەموارکردنی قانونی دەسکەوت و مووچەو ئیمتیازی پەڕلەمانتاری بکات و هەوڵی نەهێشتنی خانە نشینی پەڕلەمان بدات ، لەو لاشەوە بەهرەوەر بێت لە و دەسکەوت و نیعمەتانەی کە ئەو قانونە پێی دەدات ؟ ئەمە پارادۆگ و دوڕوویی سیاسی و گەوجاندنی گەل نەبێت چییە.
زۆرێکم لەمانە دەبینی لە دانیشتنە کراوەکانی پەڕلەماندا وەك دڵسۆزی هەژاران و داکۆکیکاری دادپەروەری خۆیان دەناساند ! بە من بڵێن چی دادپەروەرییەك ڕێگە بەوە دەدات کۆلکە خوێندەوارێك بەس لە بەر ئەوەی پەڕلەمانتار بووە ماوەی چوار ساڵ جگە لە دەسکەوتی شوقەو پاسەوان و ئۆتۆمبێل و گەشت و ئیفادو گەڕان و سەیران و هتد... مانگی هەشت ملیۆنی هەبێت و پاشتر بەشەش ملیۆن خانە نشین بکرێت و سەرەڕای ئەوەش لە کۆتایدا وەك ئەوەی هاوڵاتییەکی سادە بێت و دوای گەشتنی بە تەمەنی پیری چونکە سەرچاوەی داهاتی سنوردارەو بە سەدا هەشتای موچە بنەڕەتییە کەمەکەی خانە نشین دەکرێت وەك دەسگرۆییەك و دواجاریش سەرەنجامی کۆ کردنەوەی ئەو دراوانەی لە موچەکەی بڕاوە بە ناوی خانە نشینانەوە ئەژمار بکرێت و بڕی ٤٩٢٠٠٠٠٠ وەر بگرێت ، خۆ ئەمانە هەیانە هێشتا سمێڵی ڕەش نەکردۆتەوە خانە نشین دەکرێن ، لە تەمەنی کاردان ، داهاتێکی باشیشیان پاشەکەوت کردووە ، ئیتر خێرە ئەم هەموو ئیمتیازو داهاتەیان بۆ بەسەردا دەبارێنن، ئێوەش پەڕلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکانی خولی سێیەم بە چی ڕوویەکەوە ئەو پارە وەر دەگرن ، لە ڕووتان یەت سەیرێکی دروشمی بەر کامێراکانی ناو هۆڵی پەڕلەمان و هات و هوریاو هاتنە دەرەوەکانتان بکەن بە حساب لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا واتان دەکرد ، ئەی بۆ کە گوێچکەی چەکی ٤٩٢٠٠٠٠٠ چلو نۆ ملیۆن و دوو سەد هەزارەکاتان دی نەهاتنە دەرێ؟ بۆ نەتان کرد بە هات و هاوار ؟ بۆ لە حەماسەتدا نەتان دەقیژاند ؟ دەبەتان لە سەرۆکایەتی نە دەگرت؟ بۆ ئەمە بتانگرتایە، دەرخەری ڕاستگۆیی و بۆ خۆ نەژیان و بۆ خەڵك ژیان بوو.
حەیف وا دەر نەچوون ، بۆیە دەبێت ئەو دراوانە لە لایەن گۆڕانەوە وەربگیرێتەوەو بدرێتەوە بە خەزێنەی گشتی و لە ئەژمارێکی دیاریکراودا تۆمار بکرێت و دواجار بخرێتە خزمەتی توێژێکی هەژاری وەك نەخۆشە مەترسیدارو کەم ئەندامە دەست کورتەکانەوە لە ژێر پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕاندا، هەر پەڕلەمانتارێکیش بەمە ڕازی نەبوو نابێت جێگەیەکی لە گۆڕاندا بۆ بمێنێتەوە ، خۆ ئەگەر گۆڕانیش ئەمەی نەکرد ئە وە واتای ئەوەیە گۆڕانی ناو گۆڕانیش بووە بە پێویستییەکی ناچاری و حەتمی . بابان بریزی