سوریا و هەژموونی ناوچەکە!! - بەشی سێیەم
Sunday, 08/09/2013, 12:00
2638 بینراوە
سەرەتایی هەموو تەنگژیەک، ناکۆکیەک یان جەنگێک بە گارەگاری سیاسی و گرمەگرمی سەربازی دەستپێداکات، هەردوو لایەن یان هەردوو ووڵات بە هاوپەیمانەکانیشیانەوە کەم تا زۆر درێخی ناکەن لە کراس دادڕاندنی یەکتری و هەڵدانەوەی لاپەرەیی نێگەتیڤی یەکتری، لە مێژووی شارستانی مرۆڤایەتیەوە ئەم سیاسەتە بەم ئاوەڕۆیەدا پەیڕەوکراوە و ماری گەورە ماری بچوکی قوتداوە. بۆ ئەم سیناریۆیەش کە بەرنامەڕێژی پیشوەختی بۆ کراوە بۆتە شایی و لۆخانی میدیا و تیڤیەکان، هەرچی سیاسی و ئەفسەری خانەنیشکراو هەیە دەیانهێنن بیرو بۆچونەکانیان بەهەدەر وەردەگرن و مێزگەری دیداریان پێگەرم دەکەن، یەکێکیان دەڵێت دوو کەڕەت دوو، دەکاتە چوار و ئەوەیی بەرامبەریشی دەڵێت، نا قوربان نیوەی هەشت چوارە، بۆیە هوشیاری کۆمەڵایەتی و هوشیاری سیاسی بۆ هەموو تاکێکی کورد گرنگ و پێویستە.
ڕوسیا و سوریا لەم تەنگژیەدا؟؟؟
ڕوسیا تەنها ووڵاتێکە لەبەردەستیا مابێ لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نیویندا سوریایە، ساڵانە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی لەسەروی ملیار دۆلارەوەیە و پسپۆریکی کەم تا زۆریشی لە ناو سوریادا تەراتێن دەکەن، ئەمە بێجگە لە دوو کەشتی ژێرئاویشی لە نزیک کەنداوەکانی سوریادا هەیە بۆ چاودێری ناوچەکە و بۆ بەرژەوەندیە سەربازیەکانی خۆیی*، کەواتە بۆ ڕوسیا ئاسان نیە بەو ئاسانیە دەستبەرداریبێت، چونکە لە ووتارەکانی پێشوترمدا باسمکرد، ڕوسیای ئیمڕۆ شۆڤیەتی جاران نیە و دەیەوێ حساب بۆ خۆیبکات، ئەمە لە لایەک، جار بەجارێکیش ئێرانیش سەر لەکون دەردێنێت و دەڵێت منیش ئەگەر ئیمڕۆ حسابم بۆ نەکەن رۆژێک دەبێت هەڕەشەکانم بەهەدەر وەربگیرێت.
ئەسەد باشدەزانێ بچوکترین سەرهاڵدانی ئەم جەنگە گڵۆڵەی سیستەمەکەی بەرەوهەڵدێر دەبات و پاشەڕۆژیشی لە مامە سەدامی باشترنابێ، تازە بەتازە گۆمەکە شڵەقاوە نەئەتوانێ بەشانی ئارداویەوە لێدەرچێ و نە ئاشتیش بۆیی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ووڵاتانی هاوپەیمان گورزی سەربازیان تێسرەوان؟ ئەوە ئەسەد تا بۆیی دەکرێ دەیەوێ ڕوسیایی تێوەبگلێنی و ئەگەر ئێرانیشبێ باشتر و یەکەم دەستکردنەوەشی دەیەوێ ڕۆکێت بارانی ئیسرائیل بکات، لەلایەک دەیەوێ شەڕەکەی بکات بە شەڕیی عەرەب و ئیسلام دژ بە خاج پەرستان.
بۆ ڕوسیا ئەم پاروە هەزمکردنی قورسە، لە بەر ئەوەیی کە تۆزێک باری ئابوری ڕوسەکان باشتربووە، بە هۆیی جولەکە ڕوسەکانەوەیە کە ژێرخانی ئابوری ڕوسیاشیان بوژاندۆتەوە نەک کێشەی خاج پەرەستی بۆ ڕوسیا، ئەوەیی بە ئیستاشاوە ڕوسەکان گرنگی پێنەدەن ئینتمای ئاینە.
ئەمریکا و ڕوسیا لەسەر تەنگژی سوریا
ڕاستە جەنگی سارد بەسەرکەوتنی ئەمریکا کۆتایی هات، ئەمە مانای وانیە ئەمریکا و ڕوسیا هەتا هەبن لە ناکۆکی و دوژمنایەتیدابن، ئەمان ووڵاتی دبلۆماس و زانستن، هەردوولا لە کەم خاڵدا ناکۆکن، بەڵام لە زۆر ڕێژەیی خاڵدا بۆ بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانیان و کاپیتالیزمیەکانیان کۆکن، تەبان. وەک کێشەی ئیسلامی توندڕەو، هەردوولا بەدەست تێرۆریستی ئیسلامیەوە دەناڵێنێ، روسیا لە دوو شەڕدا لەگەڵ تێرۆریستی ئیسلامیەدا بووە، شەڕ لەگەڵ تاڵەبان، شەڕ لەگەڵ چەچنیە ئیسلامە توندڕەوەکان، ئەمریکاش هەروەها و بە ئێستاشیەوە. (ئەمان وەک ئێمەنین شەڕ بەکۆنە قین بکەن)
لێرەدا تەنها دەمەوێت نمونەیەکی بچوک بهێنمەوە، بۆمبی مەرەتانی بۆستن لە ئەمریکا، ١٥/٤/٢٠١٣ لەلایەن دوو برایی چەچنی بە ناوی تەیمور و دەژەهار کرا کە کارێکی تابڵێت نا مرۆڤانە بووە دژ بە هەموو بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی، ئەوەیی بوە قوربانی خەڵکی سیڤڵ بوو، کە ئەو خەڵکە سیڤیڵەش دەیانەویست پارە کۆکەنەوە بۆ ئەو ئافرەتانەیی ژێربەنجەی مەمکیان هەیە، کە ئەو ئافرەتانەش دایکی من و تۆیە، یان خوشکی من و تۆیە، یان هاوسەری من و تۆیە یاخود کچی من و تۆیە.
تەیموری برا گەورە پێش ئەم کارە نامرۆڤانەیەیی بۆ سێ مانگ گەڕابوەوە بۆ چەچنیا، بۆ بەدەست هێنانی زانیاریی کاری تێرۆریسیتی و پاشان گەڕابوەوە بۆ ئەمریکا، ئاژانسیی ئاسایشی ڕوسی تەواوی زانیارەکانی دەبوو بە دەستگای ناوخۆیی ئەمریکا لەسەر تەیمور (ف ب ئای)، بەڵام بە داخەوە (ف ب ئای) زانیاریەکانیان بەهەدەر وەرنەگرتبوو، دووایی ئەم کارە نامرۆڤانەیان، ئەمریکا و ڕوسیا پەیوەندیە هەنووکەیەکانیان زیاتر شەتەکدا و ژوری نەشتەرگەری ئاسایش و سەربازیان دروست کرد.
کەواتە ڕوسیا و ئەمریکا لە پاپۆڕێکدان، ئەگەر ئەو پاپۆڕە کونی تێبوو هەر دوولا زەرەر دەکەن، ئەگەر پاپۆڕەکەش بە سەلامەتی لەنگەریگرد ئەوە هەردوولا سەردەکەون، هەر لەسەرەتاشدا باسم کرد، لە سیاسەتدا نە دوژمنی هەمیشە هەیە نە دۆستی هەمیشە، کەواتە سیاسەت بە بۆینباخی پان لە ملکردن نیە و کاری دبلۆماسزانە، ئەم دبلۆمسزانیەش، کاری هەموو کەسێک نیە، هەموو کەسێک دەتوانێ بێتە خوێندەوار، بەڵام هەموو خوێندەوارێک نابێتە ڕۆشنبیر یان سیاسی، کورد دەڵێت؛ نان بۆ نانەواو گۆشتیش بۆ قەساب.
ئەو تۆزە ئاڵۆزییەی کە ئێستا لەنێوان ڕوسیا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا لەسەر سوریا هەیە، هیچ نیە نازی تازە بووکە، پێداگریە لەسەر کامیان تۆزێک زیاتر سەرتوێژی ماستەکەی بەرکەوێ یان کامیان کەمتر زەرەربکات لە قۆچی مێگەلەکەدا.
ئێستا کاتی کۆبوونەوەکانی ٢٠ ووڵاتە گەورە ئابوریەکانی جیهانە لە سان پیتەرسبۆرگ، هەموو کۆکن و یەک هەڵوێستن بەرامبەر کێشەی سوریا و بەرنامە ڕێژیشی پێش ئەم کۆبونەوەیە بۆکراوە، کە بەچ جۆرێک ناوکی ببڕن، بە چەقۆیی تیژ یان کول، ئەمە بێجگە لە دانیشتنە تایبەتیەکان کە زۆربەیی دووقۆڵین و لە ژوری تاریک دەکرێ و بە دڵی خۆیان شەن و کەوی دەکەن و کێ بەهێزتربێ کولێرە بەڕۆنی زیاتر بەردەکەوێ.
ئەمریکا و جەنگی سەنەتۆرەکان
لەنوسینەکانی پێشودا باسمکرد ئەمریکا بە ڕاوێژ و پرس کاردەکات، ئۆباما پێویستی بەپرسی کۆنگرسە، چوونکە کۆنگرسمانەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکن، خەڵک ئەوانی هەڵبژاردوە، بۆ هەر نزیک ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی کۆنگرسمانێک نوێنەرایەتی دەکات، خەڵکی ئەمریکاش زۆربەی بەئاگان، بچوکترین هەڵە دەبێت واز لەکاریی نوێنەرایەتی بێهنێت و هتد، بۆیە کۆنگرسمانەکان لە هەڵوێستی خەڵکی خۆیان تێداگەن کە ئەمریکا بە هۆیی شەڕی ئەفگانستان و ئێراقەوە چەندین خەڵک بێئیش بووە، لەم بێ ئیشەیەدا خەڵک خانووی لەدەست دەرچوو، زۆر خێزان لەیەک ترازاون، خەڵکی ئەمریکی ئێستا وەک جاران بژویان باشنیە و کەسایەتی ئەمریکی لەدەرەوەیی ئەمریکاشدا هەڕەشەیی ژیانی لەسەرە، بۆیە کۆنگرسمانەکانی ئەمریکا بۆ ئەم شەڕە زۆر قوڵ بیردەکەنەوە وزۆربەی دەڵێن نەخێر.
سەنەتۆرەکان بەرامبەر ئۆباما بۆ جەنگ، ئەمریکا ٥٠ وولایەتە، بۆ هەر وولایەتێک ٢ نوێنەری هەیە و وواتە ١٠٠ سەنەتۆرە، ٥٢ یان دیموکراتیەکان و ٤٦ کۆماریەکانە لەگەڵ ٢ سەنەتۆری بێلایەن، لێرەدا پرسیارێک قوتدەبێتەوە، باشە ئەمانە کە سەد سەنەتۆرن ئەی لەکاتی دانگداندا، ئەگەر دەنگەکان جوتبون، چۆن ئەوکێشەیە چارەسەر دەکەن؟ بۆ ئەم کێشانە لە هەر کاتێکدا جێگری هەرسەرۆکێکی ووڵاتی ئەمریکا، دەسەڵاتی یەک لاکەرەوەی هەیە، واتە جێگری سەرۆک کۆمار لە هەمووکاتێکدا سەرۆکی گشت سەنەتۆرەکانیشە بەتایبەت بۆ ئەم جۆرە تەنگژیانە، واتە دەنگەکان بوون بە ١٠١ دەنگ.
لە نووسینی پێشوترمدا باسم کرد، ئەگەر ئۆباما لە کۆنگرس دۆڕانی، فایلی کێشەکە دەبات بۆ سەنەت، ئەوانیش بەپێی ئەم دۆزەیی ئەمریکایی تێکەوتوە، بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە، بەمەرجێک سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا ڕوو لە هەڵدێرو شکستی نەکات و ئەم تەنگژیەش زیان بە کێشەی ناوخۆیی ئەمریکا نەگەیەنێ. هەتا ئێستا سەنەتۆرەکان تەنها گڵۆپی سەوزیان بۆ ئۆباما داگیرساندوە، کە ئۆباما تەنها دەتوانێ مووشەکبارانی سوریا بکات و ماوەی سێ مانگیشیان بۆ داناوە کە بزانن کێشەی سوریا بەچ لایەکدا دەکەوێ، بە تایبەت ئایە ڕێکخراوە توندڕەوەکانی سوریا بەرەیی دیموکراسی هەڵدەبژێرن یان ئەلقایدە، چوونکە ئەمریکا لە ڕابوردوودا ماران گازبووە، وەک جەنڕاڵ نۆرێگا لە ووڵاتی پەنەما ١٩٨٩، کەیارمەتیان داو هاتە سەرحوکم و دووایی لە ئەمریکا هەڵگەڕایەوە، خومێنی لە کەربەلا هێنایانە فەرەنساو دووایی دژی ڕۆژئاوا هەڵگەڕایەوە و ئوسامە بلادینیش بەهەمان شێوە.
ئۆباما چۆن هاوکێشەکە بە لایی شەڕدا ڕادەکێشێ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ بچینە ناو قوڵاوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، ئەمریکا دەوڵەتێکیتری لە ناو دەوڵەتی خۆیدا دروستکردوە، واتە دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتێکیتردا، کە دەوڵەتە ڕاستەقینەکە، دەوڵەتە دەمامک بەسەرەکەیە، کە نەخشەی تەواوی دونیا بەڕێوە دەبات، ئەم دەوڵەتە دەمامک بەسەرەش، بەسەرپەرشتی جولەکە دەوڵەمەنەکان و کەسانی پسپۆڕی شارەزا لە کاری سیاسی و سەربازیدا پێکهاتوە، هەتا ئۆباماش کاری دەستگێری یان کاڵەفرۆشی دەکات لەناو دەوڵەتی دەمامک بەسەرەکەدا، نمونەشمان وەک جۆرج بوشی کوڕ کە ناوی لە ناواندا نەماوە و ئێستاکەش کەسیش حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ ناکات، چونکە کاری کاڵەفرۆشیەکەی تەمام شود.
ماوێتی
تیشکۆ زەند
کالیفۆڕنیا، ئەمریکا
*یەکێ لەو کەشتیە ژێرئاویانەی ڕوسیا، چەکی ڕاکێتی ئەتۆمی تیایە