کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا دەربەندیخان دەزانێت چی دەوێت؟

Friday, 01/11/2013, 12:00



بە بڕوای من خەڵکی شارە خۆڕاگرەکەمان دەبێت بزانن چییان دەوێت و بە چارەسەری کاتی و پینە بە پەڕۆی دەسڵات ڕازی نەبن و داواکارییەکانیان و شێوازی چارەسەری کێشەکانیان و ماوەی چارەسەری کێشەکانی شار و کار هەڵسوڕاندن و کار ڕاپەڕاندنی دوای مۆڵەتی چارەسەری دەبێت لە یەك پاکێجدا بخەنە بەر دەمی بڕیاردەرانی ئەم زۆنە ، کە دەمێ ساڵە خەڵکەکەی گیرۆدەو جاڕسی دەستی بێدادی و نابەرابەری و فرە کوێخایی و بێسەروبەرەییە .
بەڕای من دەبێت بەمجۆرە داواکانمان بخەینەڕوو :-
١/ بەهیچ جۆرێك ئاوی ڕوباری سیروانمان ناوێت ! چونکە بە هیچ کلۆجێك کەڵکی بەکارهێنانی مرۆیی پێوە نەماوەو ئەگەری پاکژ کردنەوەی لە توانای دەسڵاتی حکومەتی عێراقدا ئاستەمە.
١.١/ دەبێت وەك چارەسەرێکی کاتی حەوزەکانی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان پاکژ بکرێنەوەو تەنها بۆ مەبەستی بەکارهێنانی خانەگی ئاوەکەیان هەتا چارەسەری بنچیەیی بۆ ئاوی شار دەدۆزرێتەوە بەکار بهێنرێت.
٢،١/ وەك چارەسەرێکی کاتی بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خەڵکی شار، دەبێت هەفتەی دوو جار ئاوی پاکژ بە تانکەر بە سەر سەرجەم دانیشتواندا دابەش بکرێت.
٣،١/ پاشتر لە خەڵکی شارەزاو دڵسۆزی شارۆچکەکەو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆردێکی هاوبەش پێکبهێنرێت و ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە چاودێری و پەیجوری بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی پێدانی پڕۆژەکە بە کۆمپانیایەکی ئەوروپییەوە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆرییەکی ئاو لە ئەحمەد ئاواوە یان لە زێی بچوکەوە بگەیەنرێتە دەربەندیخان .
١،٤/ پەلە بکرێت لە دروستکردنی بەنداوی دێوانەدا و بە زوترین کات تەواو بکرێت و ئاوی بۆ خواردنەوە لێ وەربگیردرێت.
١،٥/ بەهیچ جۆرێك بەرنامەی وشکە ساڵی نەهێڵرێت بۆ دابینکردنی ئاو بۆ هیچ گەڕەکێکی دەربەندیخان ، کە بەهۆی ئەم جۆرە دابینکردنەی ئاوەوە ساڵانە بڕێکی باشی بودجە تەخشان و پەخشان دەکرێت ، کە خەرجی یەك ساڵی بەرنامەی وشکە ساڵی بەس بوو بۆ لولە کێشی ئاوی ئەو گەڕەکانەی بە تانکەر ئاویان بە کاڵ و کرچی بۆ دەبەن ، کە ئەمە نمونەیەکی زەقی بێسەروبەرەیی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتییە.

٢/ لێپرسراوی ئاوی دەربەندیخان و ستافەکەیی و ئەندازیارەکانی ئەو فەرمانگەیە لە کارەکانیان دوربخرێنەوەو لە جێگەیان خەڵکی شایستەترو چالاکتر دابنرێت.
٣/ تۆڕی دابەشکردنی ئاو بەسەردەمی بکرێت و نۆژەن بکرێتەوە.
٤/ ماوەی ساڵێك بدرێتە حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری یەکجارەیی گرفتی ئاو، وە بە پێچەوانەوە خەڵکی دەربەندیخان هەڵوێستی شێرگیرانە بنوێنێت .
٥/ شاندێکی خەڵکی شار بۆ ئەم بابەتە پێکبهێنرێت و سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی حکومەتی ناوەندی بکات لە ژێر چاودێری فراکسیۆنە کانی بەرهەڵستیکاری کوردستاندا.
٥/ مەلاکانی سەر مینبەر لە مەترسی بەکارهێنانی ئەم ئاوە پیسە خەڵکی وشیار بکەنەوەو بە واجبی ئاینی و مۆراڵی خۆیان هەستن ، وە هەروەها
پزیشك و پسپۆڕەکانی کیمیاو فیزیاو بایۆلۆژی سیمینیارو ۆرك شۆپی بەردەوام بۆ مەلاکان بکەنەوەو شارەزایان بکەن لە مەترسی ئەم ئاوە بۆ ئەوەی ڕۆژانی هەینی بکرێت بە بابەتی وتار.
٦/ هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی چڕو پڕ لە لایەن خەڵکی شارو ڕۆژنامەوانەکانی وخەڵکی ڕوناکبیری و شارەوە بە بەردەوامی هەبێت بۆ جوڵاندن و اپارە کردنی ئە م گرفتە.
٧/ هەموو بازاڕو شەقام و تەنانەت پاسی هێڵەکانیش ڕوپۆش بکرێت بە تابلۆکانی داواکاری دابینکردنی ئاوی پاکژ بۆ خەڵکی شار.
٧/ ئاماری ئەوانە بخرێتە ڕوو کە بەهۆی ئەم ئاوە پیسەوە توشی کانسە(شێرپەنجە) بوونە.
٨/ مامۆستای قوتابخانەکان و خوێندنگەکان مناڵەکان لە مەترسی بەکارهێنانی ئەم ئاوە پیسە بە ئاگا بهێنن.
٩/ هەموو چاخانەو چێشتخانەو فڕن و شوێنەکانی خۆراك فرۆشتن ئاگادار بکەنەوە لە بەکار هێنانی ئە م بە ناو ئاوە.
١٠/ دەسڵات دەبێت ئاوی پاکژیش بۆ ئەوان بە تانکەر دابین بکات هەتا ، پرۆژەی ئاوەکە تەواو دەبێت؟ ! چونکە مەترسی ئەو خۆراکانەی بەو ئاوە دروست دەکرێن گەورەترە لە مەترسی خۆراکی بەسەرچوو.
١١/ دەبێت نوێنەری دەربەندیخان لە پەڕلەمان و پارێزگا هەوڵی چارەسەری ئەم پرسە بدەن .هتد.........................................

بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە