کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن میللەت هەڵدەبژێرن یان مۆنیكا.؟

Sunday, 30/05/2010, 12:00


ژیار عمر محمد كۆلێژى یاسا هێشتا زامەكانى نیشتمان تیمار نەكراوە , هێشتا ڕۆژانە چەندەها چیرۆكى پڕ لە تراژیدیاى برسێتى و مەرگ دەبیستین ,چیرۆكى مردن بەدەست برینى ساڕێژ نەبونى كیمیا بارانى كارەساتى هەڵەبجە و ناوچەكانى تر ,سەرگوزەشتە و بەسەرهاتەكانى كەسوكارى ئەنفالكراوەكان . هێشتا ڕێكخراوە جیهانیەكان لەڕێگەى ڕاپۆرتەكانیانەوە پێمان دەڵێن لە عیراقدا زیاتر لە هەشت ملوێن هەژار هەیە,لە كاتێكدا كوردستانى بەدەر نەكردووە وە بەشێكیشە لەو عیراقە .
هێشتا بەهادین بەڕابەرایەتى وەك نمونەى هەزارەها خێزانى ئەم مەملەكەتە بیر لە كۆتایى پێهێنانى ژیانى خۆى هاوسەر و سێ جگەرگۆشەكەى دەكاتەوە لەبەر برسێتى و نەبونى .!
هێشتا و هێشتا و هێشتا و ........... هێشتا .
لەناو ژیان لەم واقعە تاڵانەدا تازە بە تازە سەرۆكایەتى پەرلەمان لە هەوڵى دابینكردنى بوجەیەكى زەبەلاحدایە بە بڕى (5)ملیار و (328) دینارە بۆ كڕینى ئۆتۆمبێلى تایبەتى بۆ پەرلەمانتاران و پەرلەمانتارە بێ خەمەكانیشمان لە باس و شەڕكردن لەسەر ئۆتۆمبێلى تایبەت بەخۆیاندا سەرقاڵ و لە دڵەڕاوكێدان !
بڵەى ئەمە چ پەرلەمانێك بێت كە هیچ ئیش و كارێكى وەك ئەوەى بڵەى نەبێت و نەمابێت و وڵات شامى شەریف بێت تەنها ئەوە نەبێت ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانى بكڕێت !؟
چ پەرلەمانتارێكە بڵێت(نەك هەر كڕینى ئۆتۆمبێلى تایبەت پێویستە بۆ پەرلەمانتاران بەڵكو پێویستە دواى تەواوبونى خولى پەرلەمانیش ئۆتۆمبێلەكان بدرێتە پەرلەمانتاران خۆیان و بكرێت بە ناومانەوە !؟
كە پێدەچێت بیرى چوبێتەوە بە دەنگى هەژدە هەزار كەس لەم میللەتە چۆتە پەرلەمان دەگونجێت لە و هەژدە هەزارە چەند هەزار بەهادین و چەند هەزارێكى ترى پاشماوەى كارەساتى كیمیا بارانەكان و كەسوكارى ئەنفالكراوەكان و گەنجانى بێ كار و ژیان بن !
چ دەسەڵاتێكى چاودێرییە كە ئەندامەكەى بڵێت (ئەى بۆ بۆ وەزیرەكان ئۆتۆمبێلى تایبەتى دەكڕرێت و هەموو خەرجیەكیشى لەسەر حكومەت بێت بۆ بۆ ئێمە نەبێت!؟
دیارە ئەویش بیرى چۆتەوە كە پەرلەمان و پەرلەمانتار ئەركى سەرەكییان جگە لە یاسادانان چاودێرى كردنى دەسەڵاتەكانى جێ بەجێ كردنە بە هەرسێ هۆكارى سەرەكى چاودێرى كردنى پەرلەمان لەسەر حكومەت كە بریتیە لە (پرسیاركردن ڕونكردنەوە و استجواب)ە.
بەڵام ئێستا پەرلەمانتار دێت لە برى چاودێرى كردن وڕك بگرێت و بڵێت ئەى بۆ بۆ وەزیرەكان ئۆتۆمبێلى تایبەت دەكڕێت .!
بەڕاستى ئەمەش نەك هەر شورەییە بەڵكو نەگبەتیەكە و كە بەرۆكى ئەم میللەتەى گرتووە و پێناچێت بەم زووانە بەرى بات ,تا ئەمە حاڵى پەرلەمان و پەرلەمانتارەكانى بێت.
لە كاتێكدا بڕینەوەى 25 هەزار بە كابانى ماڵ ڕەوا نەبینن بەڵام پێدانى (48) ملوێن دینار بە هەر پەرلەمانتارێك بەمەبەستى كڕینى ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خۆیان بە مافى سەرەتایى و دروستى خۆیان دەزانن!
لە هەمانكاتدا زۆربەى پەرلەمانتاران كە واى بۆ دەچم ژمارەیەكى زۆر كەم ئەگەر هەبێت نەیانبێت بە پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆنیشەوە خاوەنى ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خۆیانن ئەى نابێت بپرسین ئەو (48) ملوێنە چۆن دەدرێت ؟ بۆچى خەرج دەكرێت ؟ ئەى بۆ ژیانى خێزان و مناڵى بەهادین ناوەكانى ئەم وڵاتەى پێ ڕزگار ناكرێت ,یا ساڕێژى زامى كۆنى هەڵەبجەییەكى پێ ناكات!؟
ئایا پەرلەمانتارێك ئەگەر بەڕاستى خۆى بە بەرپرسیار بەرامبەر بەو سوێندەى خواردویەتى وە بزانێت خۆى بە دەنگ و ڕەنگى خەڵك بزانێت ئەو پارەیە وەردەگرێت ؟یان ڕازى دەبێت؟
من لێرەوە بە پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن دەڵێم ئەگەر ئێوەش ڕازى بن بەهەرجۆرێك لە جۆرەكان جا چ ناڕەزایى دەرنەبڕین بێت لە كاتى گفتوگۆكردن یاخود هیچ نا ئەگەر هەرهیچیشتان پێ نەكرا وەك (اچعف الایمان) ئەو پارەیە وەرمەگرن .ئەگەر نا ئەوكات میلەت و گەل چیدى بڕوا بە قسەكانتان ناكات و قسەكانتان بە قسەى زل دەزانێت ,ئێمەش هیچمان پێ نەكرێت داواى پێكهێنانى لیژنەى نەزاهە دەكەین لەسەر خۆتان و داواش دەكەین دەسەڵاتێكى چاودێرى بەسەر ئێوەوە دروست بكەن.
چونكە دڵنیابن لەوەى میللەت بۆ ئەوە نەیناردنە ئەو شوێنە كەجارێ بسمیللا هیچتان نەكردووە لەماوەى 10 مانگى دەسبەكاربونتاندا سێ چوار پڕۆژەیاساتان پێ بەڕێكراوە !ئەوەندەش ماندوو نەبوون و بە پێ گەڕابێتن بەسەر ئەو كەسانەى كە دەنگیان پێداون لەسەرجەم ناوچەكانى ئەم نیشتمانە كڵۆڵەدا تا بڵێین قەینا با ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خۆتان لەسەرخوێنى ئەم میللەتە بۆ بكڕرێت!
ئاخر ئێوە سەرەڕاى ئەوەى لە ماوەى ئەو 10 مانگەدا تێبینى گەورەى ئێمە لەسەرتان ئەوە بووە كە ئێوە پێتان حەیف و عەیب بووە لە مۆنیكاكانتان بێنە خوارەوە ,ئەگەر دوسێ ناوچەشتان بەسەركردبێتەوە لە هۆڵە ڕاقیەكانى ئەو ناوچەیە بۆتە شوێنتان نەك كوچە و كۆڵان و بازاڕەكان .
ئێستاش ئەگەر بێت و ئەو 48 ملوێنە وەربگرن ئەوا خێرتان دەبەخشرێتەوە و هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت فاتیحەیەك و چوار ئەڵاهوئەكبەرەكە بۆ ئێوەش وەك ئەوانى تر بخوێنین .ئەو پەنجەیەش ببڕینەوە كە دەنگمان بۆ دان و ئێوەمان پێ ناردە پەرلەمان تا نەوەك جارێكى تر لەژێر كاریگەرى قسە و بەڵێنەكانتان عاتیفە زاڵ بێت بەسەر عەقڵماندا و دەنگتان پێ بدەینەوە .
هیچ باكیشم نیە و لەو قسانەى كردم بەڵكو زۆر زیاترى تر هەیە دڵم پڕە بەڵام نەمویست لەوە زیاتر درێژ بێتەوە بابەتەكە .كورد وتەنیش ئەو كەسە كەسە ئەلفێكى بەسە .وە بێ منەتم لەوەى بڵێن هێڵى پرتەقاڵى و سور و شین و شتى وام بەزاندووە خواى دەكرد لە برى داواكارێكى گشتى هەزار داواكارى گشتى سبەینێ ببێت بەدەمڕاستان و داوام لەسەر بەرزبكاتەوە لە هەردادگایەك خۆتان پێتان خۆشە خواى دەكرد دادگاى دەستورى یان لاهاى دەبوو!,لەوەش ناترسم كە دواى بڵاوبونەوەى ئەم بابەتە بۆ بەیانیەكەى یان هەركاتێكى تر لەبەردەم كۆلێژەكەم دوو سێ كەسێكم بە ئۆتۆمبێلێكى ژمارە كاتیەوە بۆ بنێرن و بمڕفێنن و دوو ڕۆژ دواى ئەوە تەرمەكەم لە شارێكى ترەوە پۆست بكەنەوە بۆ ماڵەوە و نیشتمانەكەم !چونكە دەزانم ئێوە ئەوەتان لێ ناوەشێتەوە ,ئەوە پیاوى خۆى دەوێت !
تێبینى (مەبەستم لە بەهادین)ئەو كەسە بوو كە لە ڕاپۆرتێكى ئاوێنەدا باس لە ناوبراو و خێزانەكەى دەكات كە بە نیازە خۆى و خێزان و مندا ڵەكانى بكوژێت لەبەر هەژارى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە