ئایا که‌رکووکه کێشه‌که؟ به‌شی دووه‌م
Thursday, 07/05/2009, 12:00
1787 بینراوە
له خه‌یاڵه‌وه بۆ ڕاستی جووه‌کان دوای تێکشکاندنێکی دووپاتکراوه‌ی وڵاته‌که‌یان له فه‌له‌ستین له لایه‌ن ئیمبرتۆریهتهکانی سه‌رده‌می پێش مه‌سیح، که‌وتبوونه نێو دۆخێکی دژوار‌دا و هه‌وڵیان ده‌دا که له چوارچێوه‌ی دین کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هه‌میشه له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بوون که پێغه‌مبه‌رێک بێ و ڕزگاریان بکات له ده‌ست داگیرکه‌ر و هاوکاتیش پاکیانکاتهوه له گوناهه‌کانیان- زۆر جار وای بۆ ده‌چوون که ته‌وژمی گوناههکانیانه که تووشی به‌ڵای ده‌ره‌کییان ده‌کا و ده‌بنه مایه‌ی تووڕه‌بوونی خواکه‌یان!- ئه‌وه بوو کاتێ که عیسا هات و ڕایگه‌یاند که ئه‌و خودی ئه‌و ڕزگارکه‌ره چاوه‌ڕوانکراوه‌یه. جووه‌کان باوه‌ڕیان پێ نه‌کرد به تایبه‌تی کاتێ که په‌یامێکی جیهانگیری بڵاودهکردووه و دژایه‌تیی ڕوومه داگیرکه‌ره‌کانی نه‌ده‌کرد. ده‌یوت ئه‌وه‌ی هی خوایه؛ هی خوایه، ئه‌وه‌شی هی قه‌یسه‌ره؛ هی قه‌یسه‌ره به‌م شێوه‌یه دبلۆماسیی به‌کارهێنا بۆ ڕازیکردنی ڕوومه‌کان. جگه له‌مه‌ش گوته‌کانی بهسهراسا لهقهڵهمدران، ئه‌وه بوو عیسا له خاچدرا وجووهکان به‌رده‌وام بوون له خه‌ون بینین بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سیحه ڕاسته‌قینه‌که بێت و ڕزگاریان بکات. سه‌ده‌ها ساڵ ڕۆیشت و جووه‌کان شپرزه‌بوون و پهرتوبڵاوبوونهوه له جیهاندا تاکوو به تاکوتووک له فه‌له‌ستین مانه‌وه!
سه‌ته‌یه‌ک و 12 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر جوویه‌ک به ناوی تیۆدۆر هیرتزل که له‌دایکبووی 1860 له بۆدابێست په‌رتووکێکی نووسی به ناوی ده‌وڵه‌تی جوو. واتا له ساڵی 1896. هه‌ر خودی ئه‌م کتێبه بوو که بووه بنه‌ما هزرییه‌که‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له 1948. بێگومان هاوکات ناوبراو خه‌باتێکی بێوچانی گێڕا له هه‌موو مه‌یدانێکدا و په‌یوه‌ندی ته‌نانه‌ت به سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی عوسمانیش کرد هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. من ئه‌م نموونه‌یه‌م نه‌هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم کێشه‌ی کوردستان هاوڕه‌نگه له‌گه‌ڵ کێشه‌ی جووه‌کان یان کێشه‌ی ئیسرائیل. چونکی ئێمه هه‌ر له‌سه‌ر خاکی خۆمان ماوین و به‌جێمان نه‌هێشتووه وه‌کوو ئه‌وان و پێویست ناکات گه‌لێکی تر دهربههدهرکهین بۆ مه‌به‌سته‌که‌مان که دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه بۆ گه‌لی کورد. به‌ڵام ئێمه وه‌کوو ئه‌وان ژماره‌یه‌کی زۆرمان له ناوچه‌کانی جیهان بڵاوبوونه‌وته‌وه؛ ئه‌مه‌ش ده‌شێ به‌کاربهێندرێ بۆ چالاککردنی سیاسی و خه‌باتمان. زۆر جوو هه‌بوون بڕوایان نه‌مابوو به خۆیان و ده‌یانوت ئه‌مه مه‌حاڵه و نابێ. ته‌نانه‌ت هیرتزل ئه‌رجه‌نتینی هه‌ڵبژاردبوو بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ته‌که، هه‌روه‌ها ڕۆژاوای ئه‌فریقاش له ئارایا بوو. هیرتزل مردوو و خه‌ونه‌که‌ی نههاتیدی به‌ڵام چه‌ند جووهکی دی به‌رده‌وامبوون بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌مان مه‌به‌ست و له کۆتییدا ئه‌وه بوو به هاوکاریی ئه‌ورووپا و بریتانیا به‌تایبه‌تی، توانییان پاش شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م %51 ی خاکی فه‌له‌ستین دابینکه‌ن بۆ دروسکردنی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان، ئه‌مه‌ش به بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له ساڵی 1948. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم لێره‌یا ئه‌وه بوو که بێژم چۆن نه‌ک هه‌ر خه‌ون به‌ڵکوو ئه‌ندێشه و خه‌یاڵیش ده‌بن به ڕاستی و ڕاستییه‌کی هه‌تاوه‌کی (واتا ئه‌وه‌ی که له‌ژێر هه‌تاوا ده‌بینرێ!). جا ئه‌وه‌ی له باشووری کوردستان هه‌یه ئه‌مڕۆ بارودۆخێکی زۆر گونجاوتر و له‌بارتره به به‌رورد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چونه‌ک وه‌کوو ئاماژه‌م پێ‌کرد ئێمه له‌سه‌ر خاکی خۆمانین و خاکی که‌س داگیرناکهین و که‌سیش دهربهدهرناکهین. دهها چۆن ده‌وڵه‌تی کوردی خهونهێکی مه‌حاڵه وه‌کوو چه‌ند تاکێکی دهرووندۆڕاو و ناختێشکاو باسی ده‌که‌ن!
نه‌وتی که‌رکووک و نه‌وتی ناوچه‌کانی تر ئاگری باوه‌گوڕگوڕ هێمایه‌کی سه‌نگینه بۆ گه‌لی کورد نه‌کوو هه‌ر له‌به‌ر نه‌وته‌که که یه‌که‌م جار له ساڵی 1927 له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌کانه‌وه ده‌رهێنراوه، به‌ڵکوو ئه‌مه بنه‌مایه‌کی دینیشی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی دێرینی کورد که له مێژه‌وه و ئاگری به دیارده‌یه‌کی پیرۆز و شتێکی پیرۆز داناوه. له‌وانه‌شه هه‌ر ئه‌م ئاگره سروشتییه وه‌های کردبێ که شاره‌که به‌ناوبانگتربێت و هه‌میشه سه‌رنجی هه‌مووانی ڕاکێشابێت و به‌شێوه‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو داستانه‌که نییه! عیراق له ڕاستیدا خاکه‌که‌ی هه‌مووی هه‌ر نه‌وت وگازه نه‌ک ته‌نها که‌رکووک و شاره‌کانی تری کوردستان وه‌کوو بۆ نموونه خانه‌قین. له ده‌ره‌وه‌ی خاکی کوردستان نه‌وتێکی زۆر هه‌یه جگه له گاز. کێڵگه‌ی ڕومهیهله (به‌شی باکووری) شاکێڵگهی بیره‌نه‌وته‌کانی عیراقه به کوردستانیشه‌وه. ته‌نها له‌م کێڵگه‌یه 65 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تیایه که بریتییه له نزیکه‌ی %59ی گشت نه‌وتی عیراق. ئه‌و نه‌وته‌ی له به‌سرا و عیماره و ناسرییه هه‌یه بریتییه له %71ی تێکڕای نه‌وتی عیراق. هه‌روها نه‌وت له خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا هه‌یه، له تکریت و به‌له‌د و عه‌جیل و خۆراوای عیراق له نزیکی سنووری سووریا و له‌گه‌ڵ خۆراوای شاری مووسڵ. هه‌رچی که‌رکووکه ته‌نها %12 نه‌وتی عیراقی تیایا. واتا زۆربه‌ی زۆری ئیحتیاتی نه‌وتی عیراق هه‌ر وه‌کوو باسمان کرد له خودی خاکی عیراقه نه‌ک له کوردستان! (بڕوانه نه‌خشه‌ی نه‌وتی عیراق). ده‌کرێ به‌م لیسته‌ی خواره‌وه کێڵگه گرنگه‌کان دابهشکهین له شاره‌کانی باشووره‌وه:
دهها ئه‌م هه‌موو پڕوپاگه‌نده و زانیارییه ناڕاسته چین بڵاوده‌کرێنه‌وه سه‌باره‌ت به که‌رکووک و نه‌وته‌که‌ی؟! بۆیه هه‌میشه گوتوومه و دیڵێمه‌وه و دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که کێشه‌ی کوردستان که‌رکووک نییه، به‌ڵکوو که‌رکووک ته‌نها که‌ره‌سته‌یه‌که یاخود کارتێکه به‌کارهێنراوه و به‌کارده‌هێنرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی عیراق و ده‌سه‌ڵاتی کوردستانه‌وه بۆ جێبه‌جێنه‌کردنی کێشه‌ی کورد و پاشگوێخستنی. ئه‌گه‌ر سامانی نه‌وت به‌شێکه له کێشه‌که ئه‌وسا گفتوگۆکردن له‌سه‌ری سانایه و ڕێگر نییه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی سنوور ئه‌گه‌ر ویستوخواستی ڕاسته‌قینه هه‌بێت چ له‌لای به‌غدا و چ له‌لای هه‌ولێر یان لایه‌نی کوردی به شێوه‌یه‌کی گشتی. وه‌کوو ئاماژه‌م پێ‌کرد که خاکه‌که گرنگه نه‌کوو سامانه‌که‌ی بانی یان ژێری! دواجا ده‌ستووری عیراقی ده‌بێژێ که سامانی نه‌وت و گاز به شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه دابه‌شده‌کرێ له‌سه‌ر هه‌موو عیراقییه‌کان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕووبدات ئه‌وسا کورد مافی که‌متر نابێ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێکردنه‌که ڕاستگۆیانه بێت. واتا ئه‌گه‌ر که‌رکووک بخرێته سه‌ر کوردستان، عیراقییه‌کان یاخود به‌غدا هیچ زیانێکی تووش نابێ چونکه به‌رهه‌می نه‌وت به‌دست حکوومه‌تی نێوهندییهوهیه. ئه‌گه‌ر هاتوو حکوومه‌تی کوردستانیش سه‌رپرشتیی هه‌موو نه‌وتی کوردستانی کرد به که‌رکووک و خانه‌قینه‌وه و هه‌موو ده‌سکه‌وته دارایییهکهش بۆ خه‌زینه‌ی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه، ئینجاش عیراق زیانێکی ئه‌وتۆ ناکات چونکه زۆربه‌ی نه‌وتی عیراق له خودی خاکه‌که‌یه‌تی نه‌ک له خاکی کوردستان. به‌ڵام بێگومان وه‌کوو له‌سه‌راتوه ئامه‌ژه‌م پێ‌کرد گفتۆگۆ و ساژست ده‌شێ بکرێت ده‌رباره‌ی سامانه سروشتییه‌کان و ئه‌مه‌ش له چواچێوه‌ی تاکتیک و دیبلۆماسی، هاوکات نابێ و ناشێ و په‌سه‌ند ناکرێت که کارێکی وه‌ها بکرێت سه‌باره‌ت به خودی خاکی نیشتمان.
بۆچی ئه‌نجامه‌کان دوورن له هه‌لومه‌رجه‌کان
شانس دووجا له ده‌رگا نادات، شه‌پۆلی ده‌رفه‌تیش که هه‌له له کاتی نیشتاوا بای شه‌ماڵ به‌ره‌و ڕۆخی زه‌ریای نابات! هیچ گه‌لێ ده‌به‌نگ نییه و هیچ گه‌لێکیش بلیمه‌ت نییه، به‌ڵکوو گه‌لان یه‌کسانن، به‌ڵام له‌نێو هه‌موو گه‌لێک ده‌به‌نگ و بلیمه‌ت هه‌ن. به‌داخه‌وه له‌نێو کورد نهخوینهوارێکی فره هه‌نه نه‌ک به مانای نه‌بوونی توانای نووسین و خوێندنه‌وه، به‌ڵکوو به واتای نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه، واتا خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه و نووسراوهها به گشتی. زۆربه‌ی زۆرمان ناخوێنینه‌وه و ئه‌مه‌ش مۆرکی زۆرینه‌ی سیاسهتوانهکانمانه! نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێستوه‌رگرتنی ڕێکوپێک و له‌بار پێویستییان به خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مک و بۆچوونانه تۆکمه و سه‌قامگیربن له‌نێو ده‌روون و ناخا، ئه‌گینا مرۆڤ هه‌میشه له زه‌ریاچه‌ی دوودڵی و ترس و نیگه‌رانی و بڕوابه‌خۆنه‌بوون و دڵه‌ڕاوکێ ده‌مێنێته‌وه و سه‌رئه‌نجامیش نوقمبوونی ده‌بێته دیارده‌یه‌کی سروشتی! هاوکات تێفکران ولێکۆڵینه‌وه و تۆژینه‌وه و گفتوگۆ و ڕه‌خنه‌گرتنی قووڵ و گومانکردن له دیارده‌کان و بیروڕاکان و سروشت و قانووگه‌لی ڕووداوه‌کان وشته‌کان به گشتی، ئه‌مانه هه‌موو پێگه و بنجن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیگای ڕاست و به‌رهه‌مدار و سه‌نگین. ده‌بێ تێگه‌یشتنێکی باشمان هه‌بێ بۆ جیهان، بۆ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ سیاسه‌ت وه‌کوو په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وام له‌نێوان هێزه ده‌وڵه‌تییه‌کان و هێزه ناوچه‌یییه‌کان. هه‌روه‌ها ده‌بێ زانستییانه و بابه‌تیانه و ژیرانه بڕاونینه ڕووداوه‌کان و دیارده‌کان نه‌ک به سۆز و هه‌ستی سه‌ره‌تایی لێکۆڵینه‌وه‌کانمان ئه‌نجامده‌ین. ساده‌یی و ساکاری و ساویلکه‌یی، ئه‌مانه و کاری سیاسه‌تیان نه‌گوتووه! بۆیه ده‌بینی سیاسه‌تی کورد ئهجامهکانی نه‌ک هه‌ر هه‌ژار و له‌نگن، به‌ڵکوو له ڕووی هاوکێشه سیاسییه‌کانه‌وه بوونیان ئه‌سته‌مه! ته‌ماشاکه چۆن له 1991ه‌وه تاکوو 2009 واتا 18 ساڵ، کێشه‌ی کورد له باشوور یاخود بارودۆخی باشووری کوردستان له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه ته‌نانه‌ت یه‌ک بست به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌چووه! ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر هه‌مان ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی خاکی کوردستانه که له ساڵی 1974 پێشنیازکرا له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئه‌وسای عیراقه‌وه و له‌گه‌ڵ کهمووکوڕیش! له‌بری ئه‌وه‌ی له ساڵی 2003 کێشه‌ی سنوور یه‌کلاییبکرێته‌وه-چونکه دۆخه‌که گونجاو بوو و عیراق نه‌مابوو مه‌گه‌ر وه‌ک ئێسکوپروسک!- ئه‌مه‌ش له‌لای که‌مه‌وه، که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه، بینیمان ئه‌و نیمچه سه‌ربه‌خۆیییه‌ی هه‌مان بوو لهدستماندا و هاتینه‌وه سه‌ر سفر. بێگومان ئه‌مه کاری گه‌ل نه‌بوو، ئه‌نجامی هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ر نه‌بوو، به‌ڵکوو سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بوو کاتێ که گه‌ڕایه‌وه نێو عیراق به‌ره‌و به‌غدا کۆچی کرد بۆ ئه‌وه‌ی تینوویه‌تیی بیابان بشکێنێ! لێره‌دا ئه‌و مۆرک و خه‌سڵه‌تانه‌ی باسم کردن له‌سه‌ره‌وه ئاکامه ڕووخێنه‌ر و ئیفلیجکهرهکانی ده‌ره‌که‌وێ. به‌ڵام ده‌بێ دیارده‌گه‌لێکی دیکه‌ش بخه‌ینه سه‌ریان، ئه‌وانیش دیارده‌ی ناپاکی و گه‌نده‌ڵی و خۆپه‌رستی وهه‌لپه‌رستی و که‌مته‌رخه‌می و گوێنه‌دان وخه‌مساردی و کۆڵدانه! ئه‌مانه به‌داخه‌وه تاکوو ئێستا وه‌ک ڤایرۆس و به‌کتریای زیانبه‌خش ده‌روون وڕهڤهنی (ڕۆح) تاکی کورد به گشتی و سیاسه‌توانی کورد به‌تایبه‌تی تێکده‌شکێنن و ده‌یکه‌ن به که‌لاوه و گێژاو و زه‌لکاو! ئه‌وی نه‌دبوو ببێ، بوو، ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرا و نه‌ده‌شیا ڕوو بدات، ڕووی دا. به وێژه‌یه‌کی تر، ئه‌و شته‌ی که ناکرێ و ناشێ پیاو نه‌یزانێ و ده‌رکی نه‌کات، بوو به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سوریالی که تاکوو ئێستا هیچ مرۆڤێ نافامێ چییه! هۆی ئه‌مه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ کزیی چاو چونکه چاومان تیژتره له تیشکی هه‌تاو بۆ بینینی خۆمان و به‌رژه‌وه‌ندییه چکۆڵه و سه‌ره‌تاییه‌کان، ئه‌وی کز و سست و نه‌بینایه، ئاوهزمانه، هزرمانه، ئهقڵمانه که ده‌توانم بێژم کڵۆڵترن له چاوی شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یه‌ک له ژێر هه‌تاوی ئاسمانێکی ساماڵی چله‌ی هاوینا!
ئه‌گینا چۆن ئه‌وه‌ی له ساڵ18 ده‌بوایه ڕوو نه‌دات، ڕووی دا، ئه‌وه‌شی که ده‌بوایه ڕوو بدات، ڕووی نه‌دا! له 91ه‌وه تاکوو 2003 چی کرا؟ شه‌ڕی ناوخۆ وشه‌ڕی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێنانی پاسدارانی ئێران بۆ باشوور تاکوو گه‌یشتنه کۆیه بۆ ڕاونانی پارتی دیمکراتی ئێران. هێنانی سوپای ئێران و سوپای عیراق بۆ کوردستان. بهرتۆپدانی په‌رله‌مانی کوردستان له هه‌ولێر! دانه‌نانی ده‌ستوور بۆ کوردستان. دروستنه‌کردنی سوپای کوردستان. دانانی ڕێکخسته‌یه‌کی (سستێم) سیاسی که بریتییه له به‌ڕه‌لایی وگه‌نده‌ڵی و به‌ستانه‌وه و به‌ندکردنی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به حیزبه‌وه و بازاڕی سه‌ره‌تایی بێقانوون و بێڕێکخستن و فه‌رامۆشکردنی ژێرخانه‌ی (ئینفراستروکتور) کوردستان.
له 2003 گه‌ڕانه‌وه بۆ پۆلی نیشتمانیی عیراقی و چوون به‌ره‌و به‌غدای عرووبه و ئیسلام! نه عرووبه بڕوای هه‌یه به کورد وکوردستان نه ئیسلامیش ڕۆژێ له ڕۆژان ئاوری داوه‌ته‌وه له کێشه‌ی گه‌لان. پاشان نووسین وپهسهنکردنی ده‌ستوورێکی سه‌یروسه‌مه‌ر که به ده شێوه ده‌کرێ ڕاڤه بکرێت و بخوێندرێته‌وه و هه‌رکه‌س به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و بۆچوونی تایبه‌تیی خۆی! فهرامۆپشکردنی خاڵه ستراتیجییه‌کان وجهختکردنهسهر بابه‌ته چڵهکییهکان و ته‌کتیکییه‌کان وئێستاکانییهکان واتا کاتییه‌کان وه‌کوو پاره و پله‌وپایه و ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و که‌سه‌کی. بێگومان کاره‌سات ئه‌وه بوو که هاوڵاتییانی کوردستان به په‌نجه‌ی خۆیان ده‌ستووره‌که‌یان مۆرکرد و خۆیان به عیراقی له‌قه‌ڵه‌مدا و کوردستانیشیان کرد به به‌شێ له خاکی عیراقی داگیرکه‌ر. ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان کرد زۆربه‌ی زۆریان ده‌ستووره‌که‌یان نه‌خوێندبووه‌وه! ئێمه هه‌ر به سۆز و هه‌ستی سه‌ره‌تایی ڕه‌فتار ده‌که‌ین وبڕیار ده‌ده‌ین نه به هزر وبیر وتۆژینهوه! هه‌روه‌ها ناوبراوان ده‌نگییان دا بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌وه‌ی که گوایا ئه‌م ده‌نگدانه چاره‌نووسسازه! ئه‌وه‌تا ساڵ ده‌ڕوا و ساڵ دێ نه باران دیاره نه کێڵگه و نه خه‌رمان هه‌یه و نه ده‌نگی ئاش دێ!
به‌ڵێ ئه‌مانه‌ن واتا ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن کێشه‌ی کورد و کوردستان نه‌ک که‌رکووکی داماو!
ده‌سه‌ڵات گهندهڵکهره و چاکسازیش کلیلی چاره‌سه‌ره
ده‌سه‌ڵات مایه‌ی گه‌نده‌ڵییه! ئه‌م گوته‌یه بووته په‌ندێکی مێژوویی له نێو سیاسهتناسان. ڕاسته ده‌سه‌ڵات ده‌بێته ڕه‌گوڕیشه‌ی به‌دکاریی سیاسی و تاکوو دێ گه‌نده‌ڵی ته‌شه‌نه ده‌کات تاکوو ده‌بێته شێرپه‌نجه و هه‌موو بوواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه. بۆیه ده‌بێ وپێویسته که ده‌سه‌ڵات ڕه‌شمه‌ی بۆ سازکرێت! واتا سنووری بۆ دابینکرێ، چوارچێوه‌ی ڕێکوپێک وسنووداری خۆی هه‌بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ستوور ده‌نووسرێ و په‌سه‌ند ده‌کرێ و ده‌بێته بازنه‌یه‌کی داخراو و که‌سیش بۆی نییه بیبه‌زێنێ. هه‌ر له چێوه‌ی ده‌ستووره‌وه قانوونگه‌ل داده‌نرێن بۆ ڕێکخستنی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت وحکوومه‌ت و ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵه‌کی و سیاسه‌ت به‌گشتی. بۆ ئه‌وه‌ی پێشێلکردن و به‌زاندنی سنووره دیاریکراوهکهن ڕوونه‌دات، ڕێکخسته‌ی چاودێری داده‌نرێ که پێکهاته‌که‌ی چه‌نده‌ها ده‌موده‌زگای چاودێرییه و ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت وکۆمه‌ڵگا. به‌م شێوه‌یه هه‌موو تاکێک ده‌بێ ملکه‌چی بڕیاره‌کان بێت به‌بێ ڕێزنێنان له پله‌وپایه‌یان. به‌داخه‌وه تاکوو ئێستاکانه ئه‌م جۆره فه‌رمانڕه‌وایییه له باشوور دیارده‌یه‌کی به‌رچاو نییه و ڕێگاخۆشکردنیشی بۆ دابین نه‌کراوه. کۆمه‌ڵێ نێوه‌ندیی هێز هه‌نه و هه‌ر یه‌کێکیان به‌ندن به تاکه که‌سێ یان چه‌ند تاکێک. هه‌ر تاکێ یان هه‌ر ده‌سته‌یێ له‌مانه خۆی قانوونه و هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه به چوارهمینیشیانهوه که ڕۆژنامه‌نووسییه!دهها چۆن گه‌نده‌ڵی دروست نابێ و چۆن نابێته دابونه‌ریت و شێوازهبیری (عه‌قلییه‌ت) سیاسه‌تباز. نامه‌وێ زیاتر له‌سه ئه‌م بابه‌ته بڕۆم چونکه خه‌ریکه له باسه سه‌ره‌کییه‌که ده‌ره‌چم! یه‌ک شتێکی تر هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌م دیارده کوشنده‌یه واتا گه‌نده‌ڵی به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه په‌یوه‌ست نییه به ئه‌م کۆمه‌ڵگا و ئه‌و کۆمه‌ڵگا به‌ڵکوو هه‌مان دیارده ده‌شێ هه‌بێ له هوموو گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌ستوور و قانوون و داموده‌زگا و بیردۆزه و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی تایبه‌ت نه‌بێ که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی به‌گشتی دابین نه‌کرابن. ڕۆپژبهڕۆژ ده‌بینین کێشه‌کان دووردهکهونه له ڕاستیی بابه‌ته‌کان و کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پشتگوێ ده‌خرێت و جه‌ختکردن ده‌چێته سه‌ر بابه‌ته ناسه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه ده‌بینین خه‌ڵکه‌که هه‌ر باسی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن و ڕه‌خنه له تاکه‌کان ده‌گرن و هێڕش ده‌که‌نه سه‌ر به‌رپرسان وده‌سه‌ڵات به‌گشتی. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که کێشه‌ی کورد و کوردستان له کڕۆک و ناوه‌ڕۆکه گرنگ و ڕاسته‌قینه‌که‌ی ده‌رده‌چێ که نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانییه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بابه‌تی چۆنێتیی به‌ڕیوه‌بردن و شێوازی حوکمکردن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌و سێ شاره‌ی بلهژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمه.
ده‌بێ چاک بزانین که گهندلێنههێشتن جگه له‌وه‌ی که کاتی ده‌وێ، ده‌بێ پێشه‌کی بنچینه‌ی بۆ دابنیبکرێت. ده‌بێ سه‌ره‌تا کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌رکرێت ئینجا دیارده خۆماڵییه‌کان که بهدترینیان گه‌نده‌ڵییه ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت. مه‌به‌ستم له دانانی سنووری نیشتمانه و هیچی تر. به‌بێ سنووردانان و په‌سه‌نکردنی که له زاخۆوه بۆ چیای حه‌مرینه، کێشه‌کانی تر چاره‌سه‌رکردنیان ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێ، ئه‌وسا زۆر زه‌حمه‌ته. ئێستا کوردستان ناوچه‌گه‌لێکی شپرزه و بێشیرازهن. چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌کن دوورن له‌یه‌ک و یهکایهتییان دیارنییه مه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ک خاکێکت بێ نه‌خشه نه‌بێ. به گوته‌یه‌کی تر سه‌ره‌تا نیشتمانێکی سنووردار و خاکدیاریکراو، کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کگرتووی خاوه‌ن ناسنامه‌ی خۆی، یه‌که‌یه‌کی سیاسی ته‌واو که پێێ ده‌گوترێ کوردستان نه‌ک هه‌ر به ناو یان به ڕوواڵه‌ت، ئینجا چاکسازی و ڕێکخستن وماڵدروستکردن و پێشکه‌وتن. بۆیه ده‌بێژم کێشه‌که که‌رکووک نییه به‌ڵکوو ئه‌و کێشانه‌ن که بدرێژی باسم کردن.
سه‌رچاوه‌کان
www.aljazeera.net
The Jewish state, Theodor Herzl, 1896, له‌م ماڵپه‌ڕه‌ی خواره‌وه ده‌خوێندرێته‌وه:
http://www.geocities.com/Vienna/6640/zion/judenstaadt.html