گەندەڵیەكانى وەزارەتى ناوخۆ... بۆ بەردەست (بەرهەم ساڵح) ...گەر دەتەوێت بەرهەمت هەبێت
Monday, 16/11/2009, 12:00
بەشى یەكەم
وەزارەتى ناوخۆ یەكێكە لە وەزارەتە پڕ بایەخ و سیادیەكانى پێكهاتەى هەموو حكومەتێك، هەربۆیە تاكەكانى كۆمەلأ لە ڕێگاى ئەم وەزارەتەوە دڵنیا دەبن لە ژیانى خۆیان و كەسوكارو ماڵ و موڵكیان و ئازادیەكان لەم روانگەیەوە بەرجەستە دەكەن.
وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى هەرێم لەڕووى شكڵەوە یەكیگرتۆتەوە لەگەلأ وەزارەتى ناوخۆى پارتى، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم وەزارەتە هێشتا هەر دوو وەزارەتەو تا بەروارى ئەم نوسینەش بەشێوەیەكى بەرچاو هەستى پێدەكرێت كە وەزارەتى ناوخۆ یەكی نەگرتۆتەوە، بریكارى وەزارەتەكەى ناوخۆى سلێمانى (جلال كریم عیسى)یەو ئەوەى هەولێرو دهۆك (كریم سنجارییە).
لەم راپۆرتە دیكۆمێنتارى و شیكاریەدا هەوڵدەدەین تیشك بخەینە سەر گەندەڵیەكانى وەزارەتى ناوخۆى سلێمانى و بریكارە نەخوێندەوارەكەى و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانى و هەموو ئەو پارەو خەرجیانەى كە بێ هیچ پێوەرو بنەماى زانستى خەرج دەكرێت و بەفیڕۆ دەڕوات لە داهات و سەروەت و سامانى ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوە.
بێگومان ئەم گەندەڵیانە لە داهات و سامانى میللەت خراوەتە چوارچێوەى كۆمەڵێك بەڕێوەبەرایەتى و تەسكیلەى بێبنەماى بێ بەرهەمى ناتەندروست و نابەجێوە كە مانگانە بە هەزارەها ملیۆن دۆلار لە پێناوى هیچدا خەرج دەكرێت و جگە لە ژمارەیەك كەسى گەندەڵ كەس تیایدا سوودمەند نییە.
لێرەدا ناچارین ناوى چەند كەسێك بهێنین بێئەوەى تەشهیریان پێبكەین تەنها كارو كردەوەو كەڵكیان بخەینە ڕوو چونكە لەم وڵاتەى خۆماندا شتێك نییە ناوى (سیستەم) بێت بەڵكو ئەوەى كە هەیە دەزگایەكە لەبەخاترى چەند كەسێك دادەمەزرێت یاخود دروست دەكرێت بۆئەوەى مەرامى تایبەتى مەسئولەكان خۆیان و دارودەستەكانیان پێ مسۆگەر بكەن. لە پاشاندا تیشك دەخەینە سەر رەفتارو هەڵسوكەوتى كەسە یەكەمەكان و داهات و سامانیان بەتایبەتى بریكارى وەزارەتى ناوخۆ (جلال كریم عیسى).
بفەرموون بۆ پێكهاتەى بەڕێوەبەرایەتیەكان و ئیشوكارەكانیان.
1)بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى بەرگرى و فریاكەوتن
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە یەكێكە لە هەرە بەڕێوەبەرایەتیە بە ژمارە زۆرەكانى وەزارەتى ناوخۆو بە بێبەرهەمترین بەڕێوەبەرایەتى دادەنرێت. ئیشوكاری تەنها پاسەوانیكردنى چەند شوێنێكى حیزبییەو تەنانەت زۆرجار بۆ گیانى هاوڵاتیانى دژ بە دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكان بەكاردەهێنرێت بۆ بەرژەوەندى چەند كەسێك یان گروپێكى سیاسیدا. ژمارەى كارمەندانى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە نزیكەى (1500 بۆ 1800) هەزار كەس دەبێت كە مانگانە بودجەو خەرجییەكى زۆرى مووچەو پێداویستى و كەرەستەكانى لە وەزارەتى ناوخۆوە بۆ دابین دەكرێت بەبێ ئەوەى چارەكێكى ئەو خەرجیانە كەڵك و سودى گشتیان هەبێت. بەڕێوەبەرى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە (كاكەمەند) ناوێكە و ماوەى حەوت ساڵە بەڕێوەبەرە، كەسێكى هێندە نەخوێندەوارە تواناى ئیمزاكردنى ناوەكەى خۆشى نییە.. ئەم بەڕێوەبەرە لە پیاوە دەستكردەكانى (كۆسرەت رەسوڵ)ە و هیچ پێگەیەكى سیاسى و كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى نییە جگە لە (وەلا) نەبێت سەرەتا بۆ (كۆسرەت و پاشان بۆ عوسمانى حاجى مەحمود و پاشانیش بۆ مەحمود سەنگاوى) ئێستا نیوە خەتى گشتییەو نیوە عوسمانى و چارەكە كۆسرەتییە. ئیتر ئەم برادەرە لە كوێوە با بێت لەوێوە شەن دەكات.
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە زیاد لە (1000) هەزار ئەفسەرى تیایە كە بە ناوى پێشمەرگایەتى و چەندین بنەماى نادروستەوە پلەى جۆراوجۆریان بۆ خویان داتاشیوەو جگە لە پارە خواردن و خۆلێسانەوەو خەتخەتێنە هیچى تر نازانن و زۆربەى هەرەزۆریان بڕوانامەى سەرەتاییشیان نییە.
بە بڕیارى (كاكەمەند و ئاگادارى رەمەزان دێكۆنى) هەر ئەفسەرێك مانگانە دوو مووچەى تەركى هەیە بەناوى حمایەوە، واتە مانگانە زیاد لە (2000) دوو هەزار مووچەى تەرك ئەدرێت بە ئەفسەرەكان. بۆئەوەى (كاكەمەند)و دارودەستەكەى بە كەیفى خۆیان مانگانە سەدان مووچەى تەرك و سەدان ملیۆن دینار لە خەرجیەكانى ئۆتۆمۆبیل و كەرەستەو كرێ بیناكان بدزن بۆخۆیان و دەم كوتى ئەفسەرەكانى خوار خۆشیان بكەن.
لەوەتەى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە دامەزراوە هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەكى تیا نەكراوە، مەگەر خوا بۆخۆى بزانێت چى گوزەر دەكات. ئایا بوونى بەڕێوەبەرایەتیەكى لەم جۆە لە قازانجى كێدایە؟ ئەگەر لە قازانجى دزو گەندەڵەكاندا نەبێت!!!
بەكورتى و كرمانجى بوونى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە هەزار جار زەرەرو زیانى زۆرترە وەك لە قازانجى.
2)بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى كارەبا
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە زیاد لە (3000) سێ هەزار كارمەندى هەیە بۆ پاسەوانى دائیرەكانى كارەبا... ئیشوكارى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەى كە مانگانە سەدەها ملیۆن دینارى تیا سەرف دەكرێت بەچەند پاسەوانێكى مەدەنى و بە مووچەیەكى زۆر كەمتر و باشتر ئەنجام دەدرێت.
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە ماوەى شەش ساڵە دەمەزراوەو لەلایەن دوو كەسەوە بەڕێوە دەبرێت كە بێگومان لەلایەن دە كەسیشەوە ئاراستە دەكرێت بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن و بەرژەوەندى تاكەكەسى بەرتەسك.
كەسى یەكەم لەم بەڕێوەبەرایەتیە (عمید هەڵۆ قەرەناوییە) كە بەڕێوەبەرى گشتیەو ماوەى حەوت ساڵە بە كورسیەكەى لكاوە، (3) سێ خانوى هەیە، دووانیان لە سلێمانى و یەكێكیان لە كەركوك و چەندین ئۆتۆمبیل و ئیمتیازاتى تر كە خودى خۆى (40) حمایەى هەیە بە دڵنیاییەوە (20) تەركى خۆیەتى و مووچەكانیان مانگانە لوشدەدات.
كەسى دووەم (عمید ئاسۆى شێخ تەها) و بەڕێوەبەرى پۆلیسى كارەباى سلێمانییە. ئەم ئاسۆى شێخ تەها یە بە قودرەتى قادر لە ماوەى ئەم حەوت ساڵەى بەڕێوەبەریدا حەوت جار تەرفیعى كردووەو لەماوەى سێ ساڵدا هیچ شەهادەیەكى نەبووە كەچى بوو بە خاوەنى شەهادەى (سەرەتایى، ناوەندى، ئامادەیى) ئەوەش بەهۆى ئەوەى ناوبراو ئامۆزاى ژنەكەى (شێخ جەعفەر) ى وەزیرى پێشمەرگەیەو بەهۆى (شێخ حسین)ى براى شێخ جەعفەر كە بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانیە ئەم هەموو شەهادەیەى بۆ دروستكراوەو لەسەر دەستى (مامۆستا جلال كەریم) ى خزمى كە بریكارى وەزیرى ناوخۆیە، ئەم هەموو تەرفیعەى بە نایاسایى بۆ كراوە. تا ئێستایش نازانێت ناوى خۆى و باوكى وەك پێویست بنوسێت.
ناوبرام (30)سى حمایەى هەیە كە بەدڵنیاییەوە (15) حمایە تەركەو وەك بەڕێوەبەرەكەى سەرو خۆى (15)پانزە مووچەى مانگانە حەپەلوش دەكات. خاوەنى (2) خانوو و دوو ئۆتۆمبیلى مۆنیكا و یەك مەزرعەیە تا ئێستاش كەس نەوێراوە لە ترسى (شێخ جەعفەرو مامۆستا جەلال)ى خزمى لێپرسینەوە لەگەلأ خۆى و بەڕێوەبەرایەتیەكەیدا بكات. تەنها یەكجار (لیوا مەریوان)ى دەستەى پشكنین ویستى گەندەڵیەكانى (ئاسۆ) و بەڕێوەبەرایەتیەكەى بخاتە روو، بەدەردێكیان برد تا ئێستاش خۆى نەگرتۆتەوە.
لەم بەڕێوەبەرایەتیەدا مانگانە بە سەدان ملیۆن دینار لەپێناوى ئەركێكى زۆر كەمدا بەفیڕۆ دەچێت . بەدەڵنیاییەوە ئەو ئەركە بە چارەكى چارەكێكى ئەو خەرجیانە بەرێوەدەبرێت.
نەبوونى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە باشترە وەك لە بوونیان . بوونیان تەنها مووچەپێدانێكى زیادە بە كۆمەڵە كەسێكى سوودمەند لەم بارو و دۆخە تەنگەژاویەى ناو حیزب و حكومەتى یەكێتى.
3) بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە زیاد لە (2500) دوو هەزارو پێنج سەد كەسى هەیە، هەرچى ئەرك هەبێت نایبینن، كەس نازانێت پارێزگارى چى دەكەن؟ كەڵكیان چییە؟ ئەم بەڕێوەبەرایەتیە جگە لە پارێزگارى بەرژەوەندى چەند كەسێكى دزو گەندەلأ و پارێزگاریكردن لە باخ و باخاتى مەسئولین و ڕاوكردن و رێخۆشكردن بۆ ڕاو و كەیف و سەفاى مەسئولەكان هیچ ئەركێكى تریان نییە.
هاوڵاتى رەش و رووت لە پوش و پاوەن و دارستانى خۆیان راودەنێن لەبەرخاترى وەزارەتى شێخ و مەسئولین.
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بەڕێوەبەرەكەى (عمید حسین) ناوێكە و بەهەمان شێوەى بەڕێوەبەرەكانى تر (7)حەوت ساڵە بە پشت و پەناى (عوسمانى حاجى مەحمود و مەحمود سەنگاوی و عەدنانى حەمەى مینا) بە كورسى و مێزەكەیەوە نووساوەو لانابرێت. مانگانە دەیان ملیۆن دینار داهاتى دزیەكانیەتى و خاوەنى چەندین خانوو موڵكە و سەدان كارمەندى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە پاسەوانى شەخسى ئەم رەیس عەشرەت و ئەو رەیس عەشرەت و فڵان و فیسارە.
بەڕێوەبەرایەتیەكى زۆ بێكەڵكە و هەرچى سوودى گشتى هەبێت نیەتى جگە لە بەرژەوەندى چەند كەسێك نەبێت.
ئەو كارەى بەم بەڕێوەبەرایەتیە سپێردراوە بە دڵنیاییەوە ئەنجومەن و خەڵكە بێكارە رەش و ڕوتەكانى گوندنشینەكان زۆر بە ئاسانى دەتوانن بیكەن هەرچەند چەندەها جار ئاگر لە دارستانەكان بەربووە هەر خەڵكى گوندەكان خۆیان كوژاندویانەتەوە. بۆیە ئەگەر چارەكى خەرجى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بدرێت بە گەنجە بێكارەكانى گوندەكان زۆر بە باشى ئەركى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بەڕێوەئەبەن.
4- بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى نەوت و گاز:
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە زیاد لە (1500) هەزارو پێنج سەد كارمەندى هەیە تەنها كاریان پاراستنى بەنزینخانەكانى نۆكان و مەسئولەكانە. هەرچى كەڵكى هەبێت بۆ بەرژەوەندى گشتى نیانە.
ئەو پرۆژەو شوێن و بەنزینخانانەى ئەوان پارێزگارى لێدەكەن هەمووى موڵكى شەخسیە یاخود حیزبیە.. بودجەیەكى زۆرى داهاتى میللەتیان بۆ خەرج دەكرێت لەپێناوى پاراستنى بەرژەوەندى مەسئول و پرۆژەكانى كۆمپانیاى نۆكانى یەكێتیدا.
بەڕێوەبەرى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە (جەلال) ناوێكە و پێشتر بەهۆى گەندەڵیەوە لە بەڕێوەبەرایەتیەكى تر بەندكراوە. ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بە بەڕێوەبەرایەتى ئیلینجاخ ناسراوە چونكە بەوەرەسە بەڕێوەبەرەكەى لە گوندى ئیلینجاخ دادەنرێت.
ئەگەر بە وردى بڕوانینە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە دەبینین بۆ ئەوە دروستكراوە لە ڕێگاى بەرژەوەندییە گشتییەكانەوە خزمەت بە بەرژەوەندییە شەخسیەكان بكات، ئەگینا بەنزینخانە حكومیەكان پێویستیان بە پۆلیس چییە؟ تەنانەت سەدان بەنزینخانەى ئەهلى هەیە پۆلیسى نییە بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم ئەركەى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە دەیبینن هیچ سوودێكى تیا نییەو تەنها بەهەدەردانى سامانى گشتییە.
ئەگەر بەراوردێكى زانستیى لەنێوان خەرجى داهاتى هەرچوار بەڕێوەبەرایەتیەكەى باسمان كرد بكەین، دەبینین چۆن سەروەت و سامانى ئەم میللەتە لە بودجەى گشتى بەبێ هیچ بنەمایەكى ڕاست بەفیڕۆ دەڕوات و زەرەرمەندى سەرەكى تەنها میللەتە.
بۆ نموونە ئەگەر هەر كارمەندێكى ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بهێنین بە تێكڕا (معدل) حسابى مانگێك مەسرەفى (موچە، ئوتێل، سووتەمەنى، جلوبەرگ، قرتاسیە، كرێى بینا...هتد) بكەین بە لانى كەم بۆ هەر مانگێك تەنها یەك كارمەند (1000000) یەك ملیۆن دینارى لە بودجەى وەزارەتى ناوخۆ دەوێت كەواتە بەلایەنى كەمەوە كۆى گشتى 25 هەزار كارمەندى ئەو بەڕێوەبەرایەتیە كەڕەتى 1000000 یەك ملیۆن دینار بكەین مانگانە خەرجیان دەگاتە 25000000000 بیست و پێنج ملیار دینار.
پرسیارەكە لێرەدایە ئایا بەو بڕە پارە زۆرە ناتوانرێت هەموو مانگێك گوندێكى كوردستانى پێ ئاوەدان بكرێتەوە بە باشترین شێوازى مۆدێرن.
ئیدى ئەمە ئەوپەڕى بەهەدەردانى سامانى ئەم میللەتە نییە كە چەندین ساڵە بەشێوەى منەزەم لە دەزگایەكى سیادى حەساسى وەك وەزارەتى ناوخۆدا ئەنجام دراوە؟ هەرچەندە ئەمە بەشێكى زۆر كەمى سیستەمى گەندەڵییە لە حكومەتدا و بەتایبەت لەناو وەزارەتى ناوخۆدا.
6- لێرەدا بەپێویستى دەزانم كە لێپرسراوى یەكەم لە بەتاڵانكردن و بەفیڕۆدانى ئەم سامانە گشتییە دەستنیشان بكەین چونكە ناتوانین بەبێ لێپرسراوى یەكەم ناوى هیچ دامودەزگایەك بهێنرێت لەبەرئەوەى دامودەزگاكان بەشێوەى سیستەماتیك ناڕوات بەڕێوەو تاكەكان بەتایبەت لێپرسراوى یەكەم لەپێشى هەموو دەزگاكەوەیەو لەگەلأ دەزگاكەدا جیاناكرێتەوە .
لە وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى هەرێم بەتایبەت ئیدارەى سلێمانى كۆن و نوێدا تا ئەم چركە ساتەش لێپرسراوى یەكەم (جلال كریم عیسى)یە كە ماوەى 15 ساڵە دەستێكى باڵاى هەبووە لە ئیفلیج كردنى دەزگاكانى وەزارەتى ناوخۆى سلێمانیدا. پانزە ساڵە ئەم كابرایە بوو بە سیكۆتین و بەرۆكى وەزارەتى ناوخۆ بەرنادات و بە هەموو هەوڵ و توانایەكیەوە بەردەوام بووە لە ئاراستەكردنى وەزارەتى ناوخۆ بۆ مەرامە تایبەتیەكانى و بەرژەوەندییە گەندەڵكاریەكانى تاوەكو گەیاندیانە ئەو ڕادەیەى ئێستا وەزارەتى ناوخۆى سلێمانى ئامێرێكى سادەیە بەدەست (جەلالى كریم عیسى)ەوە. پانزە ساڵە لە دژایەتى و ئیهانەكردنى خەڵكانى ئەكادیمى و زانستى دڵسۆز بەولاوە هیچى ترى نەكردوە ئەمەش بۆئەوەى بەتەواوى كۆنترۆڵى وەزارەت بكات و بیخاتە پێناوى بەرژەوەندى خۆى و خێڵەكەى. ئەم كرمە مشەخۆرە رۆچووەتە ناو وەزارەتێكى پڕ بایەخى وەك وەزارەتى ناوخۆو بە ئامان و زەمان لێنابێتەوە. بە پارەو داهاتى دزراوى ئەم میللەتە وەزارەتى ناوخۆ ئێستا خاوەنى چەندین كۆشك و تەلار و باخ و ئۆتۆمبیلەو بەسەدان كەس حمایەو خزمەتكارى هەیە كە لەڕاستیدا ئەم كابرایە جگە لە (مامۆستایەكى فیرار) هەرچى مێژووى سیاسى و كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى هەیە نیەتى. كوڕى خەڵكى لەبەرەكانى شەڕى نەگریسى ناوخۆدا خۆیان بە كوشت دا ئەم (جلالى كریم عیسایەش) ش بەناوى ئاسایش و مدیر عام و وەكیل وەزیرەوە سوكایەتى بە كەسوكارو شەهیدەكانیان دەكرد.
نوێترین گەندەڵى ئەم پیاوە كە لەسەر ئاستى وەزارەتى ناوخۆ لە ماوەى بەناو یەكگرتنەوەدا ئەنجامى داوە ئەمانەن:
1- كڕینى خانویەك بۆ ڕادیۆى وەزارەتى ناوخۆ لە گردەكەى سەرچنار كە بڕى 48 چل و هەشت دەفتەر دۆلار لە بودجەى وەزارەتى ناوخۆى بۆ سەرف كرد. تەنها دوو خانوو دوورترو لە تەنیشت هەمان بیناوە و لە هەمان كاتدا هەیكەلى بینایەكى 300 م سێ سەد مەترى كڕی بۆ خۆى بە بڕى 18 هەژدە دەفتەر، ئەزانن چۆن؟
خانوەكەى كە بە فەرمى بۆ رادیۆكە كڕرا تەنها 30 دەفتەر دۆلارى پێدرابوو، 18 دەفتەرى ئەو هەیكەلى بینایەى خۆى خستەسەرى بوو بە 48 چل و هەشت دەفتەر دۆلار.
بە هاوكارى (كۆمپانیاى ئارام) كە كۆمپانیاى وەزارەتى ناوخۆیە و بە پارەى دزراو هەیكەلى بیناكەى تەواوكراو حاڵى حازر تەنها بۆ ئەو بینایەى خۆى 150 سەدوو پەنجا دەفتەر دۆلاریان داوەتێ نەیداوە.
ئیدى كاكى برا چۆن وەزارەت جێدەهێڵێت ئەمە كارو پیشەى بێت.
7- ئێمە گروپى ناوخۆ كە لە چەند كەسێكى ئەكادیمى و مەسلەكى وەزارەتى ناوخۆوە پێك هاتووین، ئەم ڕاپۆرتە دەخەینە بەردەست سەرۆكى حكومەتى نوێ (دكتۆر بەرهەم) ئەگەر بیەوێت بەرهەمى هەبێت !! هاوكاریت دەكەین زیاتر وردەكاریەكان لە ڕێگاى كوردستانپۆستى مینبەرى راستیە شاراوەكانەوە دەخەینە بەردەست بەڕێزتان نەك لەبەرخاترى خۆت بەڵكو لەبەرخاترى ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوە كە دەیانى وەك تۆو بریكارەكەى وەزارەتى ناوخۆ بوونە كەڵەگا بەسەریەوە.
بەزووترین كات لیژنە دروست بكەو لە سەروەت و سامانى (جلال كریم)و دارودەستەكەى بپرسەوە، ئەگەرنا كابینەكەى تۆش هەر بێ بەرهەم دەمێنیتەوە.
*لە بەشى دووەمى راپۆرتەكەماندا باسى گەندەڵى بەڕێوەبەرایەتیەكانى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى (رەگەزنامە، هاتووچۆ، توندو تیژى، ـj.c.c و بەتایبەت كۆلیژى پۆلیس و عەمیدە هاربەكەى دۆسیەى ئاسایش دەكەین، هەروەها رۆڵى سلى و بریكار لەو شوێنانەدا ئاشكرا دەكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست