کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


بۆ داوای لابردنی یاسای زینا دەکەین؟

Saturday, 30/11/2013, 12:00

2695 بینراوە






لە دیمەنی زیندانی ئەو ژنانەی هەندێکیان مناڵەکانیشیان لەگەڵدا بوو مێشکم توشی شۆک و سەدمەیەک بوو کە هێشتا یاسای کۆیلایەتی سزادانی سێکس لە کوردستاندا لەژێر ناوی مادەی ٣٧٧ ی یاسای ژمارە ١١ ی قانونی سزادانی عێراقیدا کاردەکات. ئەم یاسایە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لەلایەن خەلافەتی ئیسلامی و کەنیسەی ڕۆمانیەوە دانراوە و پیادەکراوە. بەڵام لەمەش ڕاچڵەکێنەرتر بۆ من ئەو پاساوە بوو کە کاتێک ژنان یان پیاوانێکی ئازادیخواز باسی نامەیەکی کراوەمان لەگەڵ کردن بۆ لابردنی ئەم یاسا شەرمهێنەرە بۆ ئازادی و کەرامەتی ئینسان، پاساویان بۆ پێویستی ئەم یاسایە دەهێنایەوە کە بەسەر سێکسی ئینسانەکاندا چاودێر بێت. لێرەدا بۆم دەرکەوت کە چ کۆنەپارێزیەکی فکری و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردستانی داگرتوە و چ ترسێک لە شۆڕش و داوای گۆڕینی ئەم فەرهەنگ و یاسا دژی ئینسانیانەی چاخەکانی ناوەڕاست هێشتا لەلای نوخبە و ئیلیت و ڕۆشنبیر و ئازادیخوازانی کوردستان هەیە!

پێوەری ئەخلاقی

ئەم یاسای زینایە مەسەلەی پەیوەندی سێکسی ژن و پیاوێک کە هاوسەرگیریان کردوە دەکاتە ڕێکەوتنێک کە لە دەرەوەی ئەم دوو ئینسانە بڕیاری لەسەر دەدرێ. واتە لێپرسینەوە لە حەز و ئارەزوی سێکسی ژن یا پیاو دەبێتە کاری هەموو ڕۆژەی کەسانێکی تر کە لەدەرەوەی ژیانی پێکەوەیی ئەم دووکەسەن کە ناویان پۆلیس و حاکم و زیندانەوان و وەزیر و سەرۆکی حکومەت و دەوڵەتە. ئیتر کاری سێکس ماف و مەسەلەیەکی تایبەت و شەخسی نیە ، بەڵکو گشتی و ڕەسمی و دەوڵەتی و دینی و عەشیرەتی و باوک و برا و خزم و هەموو کەسێکە جگە لەو دوو کەسەی پەیوەندی سێکسیان هەیە و هاوسەری یەکترن. بێگومان هەردوو ئینسانیک کە ژیانی پیکەوەییان هەبێ و کار و پەیوەندی سێکسی ئەوان هەموو ڕۆژە بخرێتە بەردەم ئەم دادگا گشتی و حکومیەوە ئەوا نەک چیتر ناتوانن پەیوەندیەکی ئینسانی و خۆشەویستی و حەزی سێکسیان بۆیەک هەبێ بەڵکو داڕمانی شەخسیەت و کەرامەت و ماف و ئازادیەکانیانی بەشوێنەوە دەبێ. ئەمە ئەخلاقێکە کە کۆمەڵگەی پیاوسالاری لەسەر شکاندنی شەخسیەتی ژنان و نامۆکردنی پیاوان لە ڕفتاری ئینسانی لەسەری ڕاوەستاوە و توندوتیژی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و کوشتاری هەزاران ژن لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردودا لە کوردستان بەرهەمی زاڵ بون و پتەوی ئەم فەرهەنگ و یاسا پیاوسالارانەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

لەوتاری دوالیزمی خۆشەویستی و توندوتیژی باسی ئەزمەی ئەم ناکۆکیەی نێوان دابونەریت و شەریعەت و یاساکانی کوردساتنم کردوە لەگەڵ چونەسەری ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکی ئازادیخواز و ژنان لە ژیانێکی مەدەنی و خۆشگوزەران و فاکتەرە ئابوریەکان و دەوری ژنان لەمەیدانی کار و خوێندن و گڵوبالیزمی فەرهەنگی و کۆمینیکەیشن و سۆشیال میدیا. ئەم گۆڕانکاریانە ئاڵوگۆڕی لەژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی سێکسی نێوان ئینسانەکان و شێوازی ژیانی پێکەوەیی و خێزان و مانا و ناوەرۆکی ئەخلاقی کۆمەڵگەی کوردستان دروستکردوە . هەربۆیە یاساو شەریعەتی زەواجی مناڵی سەروو نۆ ساڵ و کوشتنی شەرەف دەسەڵات ناتوانێ ڕێگەی پێ بدا وەک ئەوەی لە عێراق و حکومەتە ئیسلامیەکانی ناوچەکەدا دەیبینین. بەڵام فرەژنی و یاسای زینای هێشتۆتەوە تاکو بنەماکانی کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەسەلاتەبنەماڵەییه‌که‌ی ڕاگرێ. کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بەگۆڕێنی ئەم یاسا وفەرهەنگەی چاخەکانی ناوەڕاستە بە یاسای دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆ . لابردنی یاسای سزای سێکس کردن یەکێک لەو یاسانەی چاخەکانی ناوەڕاستە کە ده‌بێت لاببرێ . ئەم یاسایە دژی پرەنسیبی مافی سەرەتایی مرۆڤە کە لەسەروو١٦ ساڵەوە پێویستە سێکس کردن بە تاوانی یاسایی هەژمار نەکرێ و کەس لەسەر سێکس کردن زیندانی نەکرێ، بە مەرجێک زۆری تێدا نەبوبێ و لەسەر خواستی هەردوو لا بێت. ڕێگای مامەڵە کردن لەگەڵ کاری سێکسی دەرەوەی زەواج کاری شەخسی نێوان دوو هاوسەرە کە خۆیان بڕیاری چارەسەری ئەو کێشەیە دەدەن بە جیابونەوە یاخود بەلێبوردن یا هەر ڕێگەیەکی تر کە لەسەری ڕێک دەکەون. بەپێچەوانەوە دانانی یاسا و دەستێوەردانی دەسەڵات و دادگا لەکاری شەخسی نێوان دووکەس بەشێک لەو پاکێجەیە کە بەناوی یاساوە ڕێگا بۆ توندوتیژی دژ بەژنانی ئاواڵاکردوە و وەک پێشتر لەپاڵ مادەی ٤٠٩دا دێت کە کوشتنی ژنانی لەسەر شەرەف بە تاوانێکی سوک دادەنا کە تەنیا زیندانی کردن بوو بۆ چەند ساڵێک کەم و لەکوردستان لە ئەنجامی ناڕەزایەتی ژنان و خەڵکی ئازادیخوازەوە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرفدا گۆڕدا بەتاوانی گەورە .

پێوسیتە پیاو یان ژن ژیانی پێکەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای خۆشەویست و حەزی سێکسی بەرامبەر بەیەکتر دامەزرێنن و هەرکاتێک ئەم بنەمایە نەما ئەوا ئەو پێکەوە بونە هەڵوەشێتەوە و پێکەوە بونێکی تر لەسەر بنەمای دڵداری سێکس جێگای بگرێتەوە. ئیتر ناچاریەک بۆ درۆ و خیانەت لەیەکتر نەمێنێ لە نێوان دوو ئینساندا کە ڕاستگۆیی و وەڵامدانەوە بە خۆشەویستی یەکتر پێوەری ئەخلاقی ژیانێکی بەختیاری پێکەوەییان بێت.

یاسای زینا و دەسەلاتی پیاوسالاری

ئەم یاسایە باسی پشکنینی ژوری نوستنی پیاو و ژن دەکات و ئەگەر یەکێکیان لەگەڵ کەسی تردا نوستبێتن ئەبێت پۆلیس و دادگا و حکومەت بچن بیانگرن و بیانخەنە زیندانەوە. دانانی یاسا بۆ لێرسینەوە لە پەیوەندی نێوان دوو ئینسان کە ژیانی پێکەوەییان هەیە دەستیوەردانی ڕۆژانەیە لەلایەن دەسەڵات و پۆلیس و دادگاوە لە ژیانی شەخسی و ڕۆژانەی ئەو ئینسانانەدا . هەموو ڕۆژێک بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لە هاوسەرەکەت دەبێت ترسی هاتنی پۆلیس و دادگا و دەسەڵاتی بیر بخەیتەوە. ئاشکرایە کە زیندانەکان ئێستا تەنیا ژنانی تێدان کە لەسەر زینا تاوانبارکراون . بەڵام بازاڕی لەشفرۆشی بۆ پیاوان کراوەیە. یاسای فرەژنی مەگەر زینای ڕەسمی و شەرعی پیاوان نیە و چ جیاوازیەک لە نێوان سێکسی پیاوێکدا هەیە لە گەڵ چوار ژندا بەئاشکرا لەگەڵ سێکسی کردنی پیاو یا ژنێکدا بەنهێنی . ئایا هەست و کەرامەت و مافی ئەو چوار ژنەی سێکسیان لەگەڵدا دەکرێ لەلایەن یەک پیاوەوە چ شتێک لە ناکۆکی دەرونی لە نێوان ئەو ئینسانانەدا دروست دەکا سەبارەت بە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو پیاوەدا و پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا. ئایا سێکسی یەکێک لەو ژنانە لەگەڵ پیاوێکی تردا بۆ بەتاوان دادەنرێ و ئەم لێپرسینەوە و یاسای زینایە بۆ شمولی ئەم پیاوەی خاوەنی چوارژنە ناکا؟ وەڵامەکەی ئاشکرایە ئەم پاکێج و کۆکتێلەی یاسای زینا و فرەژنی و کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف یەک شت کۆیدەکاتەوە ئەویش چۆنیەتی پاراستنی دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژندایە لە خێزانی پیاوسالاریدا. یاسای زینا ڕیکخستنی پەیوەندی ژن و پیاوە لەسەر بنەمای مانەوەی ژن لە چوارچێوەی خێزانێکدا کە پیاو تیایدا باڵادەستە و لەپاڵ ئەم خێزانەدا پیاو بۆی هەیە سێ خێزانی تری بەهەمان مەرجەکانی یاسای زیناوە هەبێ و کڕینی سێکسیش لە بازاڕدا جا ڕەش بێت وەک ئێستا یاخود ڕەسمی بێ، یاسای زینا نایگرێتەوە چونکە لەدەرەوەی ژوری نوستنی ژن و مێردایەتیە. کەواتە یاسا و پۆلیس و دادگا و حکومەت لە ناوخێزاندا دەسەلاتەکانی خۆیان داوە بە پیاو تا نوێنەرایەتیان بکا و دەستی پیاو ئاواڵایە بۆ تەسلیمکردنی ژنان بە دەسەلات ئەگەر خۆی نەیویست سزای شەخسی ژنەکە بدات. هەربۆیە ئەم یاسایە پشتیوانی دەسەڵاتی پیاو لەخێزاندا دەکا تاکو کۆنترۆڵی ژن زیاتر بکا و ڕێگای توندوتیژی خێزانی بۆ پیاوان یاسایی کردۆتەوە . کوشتنی ژنان یەکێک لە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتی سزادانەیە کە پیاو لەلایەن ئەم یاسا و فەرهەنگەوە پیی بەخشراوە .

یاسای زینا و ژن کوژی

مەسەلەیەکی تر کە لەکاتی بەرزکردنەوەی ئەم داوایە بۆ ئازادکردنی ژنانی تاوانبارکراو بەزینادا هاتەگۆڕێ ، مەسەلەی کوشتنی ژنان بوو. دەگوترا مانەوەی ئەو ژنانە لە زیندان بۆیان سەلامەترە چونکە ئازادبکرێن لەلایەن مێرد و کەسوکاریانەوە دەکوژرێن. بەڵام بەلامەوە سەیرە کە چارەسەری زیندانی بۆ کەسانێک کە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە پێشنیار دەکرێ! ئەمە تەسلیم بون و بێدەنگی کردنە لەبەرامبەر ئەو یاسایە و دەسەڵاتێ کە ئەو یاسایە و پیاوسالاری دەپارێزێ. ڕێگای پاراستنی ئەو ژنانە زیندان نیە بەڵکو دانانی یاسای زیندانی کردن بۆ ئەو ژنانەی سێکسیان لەدەرەوەی خێزان کردوە ئەوە ئەو هەڕەشەیەیە کە دەستی پیاوسالاری ئاوه‌ڵا کردوە لەدەرەوەی زیندانیش هەڕەشە بێت لەسەر گیانی ژنان. دەبێت چۆن قوربنیانی ناموسپەرستی لە کوشتن دەپارێزین و داوای شێڵتەر و دابینکردنی شوێنی سەلامەت و کۆمەڵایەتی ژیانیان دەکەین ئاواش بۆ ئەو ژنانەی کێشەی سێکس کردنیان لەدەرەوەی خیزان کراوەتە هەڕەشە بپارێزین و دەسەڵات ناچارکەین بیانپارێزێ. ئەگەر ئەم پێشنیارە بۆ باشتربونی زیندان تەعمیم بکەین بەسەر کەیسەکانی ناموسپەرستیدا ئەوا ئەو ژنانە دەبێ ژیان لەزینداندا بەرنە سەر. ئەمە توشی پاسیڤیزمان دەکا لەبەرامبەر دەسەڵاتێکدا کە ئێستا ژنانی خستۆتە زیندان و بە تاوانباری زانیون و ئێمەش دەبێ دەستخۆشانە لەدەسەڵات بکەین کە زیندانی کردون و گیانی پاراستون! پەیامی سوپاسگوزاری بۆ خاوەن زیندانەکان کە حکومەتی هەرێمە بنێرین. چیمان بۆ قوربانیانی یاسای کوشتنی شەرەف کرد لە نامە و کەمپین و خۆپیشاندان و بانگەوازی ڕێکخراوە نیودەولەتیەکان و فشاربۆسەر یەکێتی و پارتی ئەبێت بۆ قوربانیانی زینا کە ئێستا لە زینداندان هەمان کار بکەین . هەربۆیە یاسای سزادانی زینا نەک ژن کوژی کەم ناکاتەوە بەڵکو زیادی دەکا و پیاو هان دەدا تاکو ئەو سزای زیندانی کردنەی لە یاسادا هاتوە بگۆڕێت بۆ سزای کوشتنی دەرەوەی یاسا کە تا ساڵی ٢٠٠٠ لە کوردستانیش وەک ئێستای عێراق کوشتن بەناوی شەرەفەوە یاسایەک بو بەعس هێنابوی و تا ئێستاش لە کوردستان بکوژانی ژنان بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێن و زۆربەشیان بە سوڵحی عەشایری مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکانی یەکێتی و پارتی ئازاد دەکرێن. کوشتنی ژنان و یاسای سزادانی زینا یەک پاکێجی پاراستنی خێزانی پیاوسالارین و هیچ پیاوێک لەسەر ئەم یاسایە لەزیندان نیە و دەیان ژن ئێستا لە زینداندا ژیان دەکەن.

کەمکردنەوە وکۆتایی هێنان بە ژن کوژی بە یاسایەک ناکرێ کە بۆ شەرعیەتدان بە سزای ژنان دانراوە و ژیان و ماف و حەزی سێکسی ژن بە تاوان دادەنێ ئەگەر لە دەرەوەی زەواج ڕویدا . ئەگەر سێکسی پیاو یان ژن زەواج و پێکەوە بونی ئەو دوو کەسە تێک دەدا بۆ خۆیان وەک دوو کەسی بڕیاردەر لەسەر ژیانیان بڕیاری جیابونەوە نادەن یان بڕیاری لێبوردن و دوبارەنەکردنەوەی یا هەر بڕیارێکی تر ، نابێت شوێنێکی تر بڕیاریان بۆ بدا لەسەر چۆنیەتی پەیوەندیان . ئەم یاسا بۆ پێشێلکردنی کەرامەت و شەخسیەت و مافی تاکەکەس و بەتایبەت ژنان دانراوە و پشتی بە شەریعەتی کۆنەپارێزی و پیاوسالارانە بەستوە.


[email protected]

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)