حه‌مایل خان.. شاژنه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌ و بارزانی‌

Thursday, 23/06/2011, 12:00


ژنێكی‌ زێباری‌‌ و هه‌زار پیاوی‌ بارزانی‌
ساڵی‌ پار، بارزانی‌ له‌دوا كۆنگره‌ی‌ پارته‌كه‌یدا هه‌ستاو به‌شانازییه‌وه‌ وتی‌ "بنه‌ماڵه‌ی‌ ئێمه‌ زیاتر له‌هه‌زار پیاو ده‌بن"، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ هه‌رگیز راستییه‌كی‌ دیكه‌ی‌ پێناشاردرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ ژیانیدا قه‌رزاری‌ "شاژنێك"ی‌ به‌بنه‌چه‌ زێبارییه‌: حه‌مایل خان.

حه‌مایل خان، دایكی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و هاوسه‌ری‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ ناوداری‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌می‌ كوردستان‌و كچی‌ سه‌رۆك عه‌شره‌تێكی‌ ده‌ستڕۆشتووی‌ زێبارییه‌كان‌و خوشكه‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و پووری‌ ئه‌رشه‌د زێباری، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌پایته‌خته‌ دڵڕفێنه‌كه‌ی‌ نه‌مسا له‌ژێر چاودێری‌ پزیشكیدایه‌. ئه‌م ژنه‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌یاداشته‌كانیدا به‌ژنێكی‌ "تا بڵێی‌ سه‌نگین‌و سه‌لار" وه‌سفی‌ ده‌كات، ژیانی لێوان لێوه‌ له‌یادگاری‌ خۆش‌و ناخۆش‌و پڕاوپڕه‌ له‌ڕووداوی‌ گه‌وره‌و گران.
ناوه‌ڕاستی‌ چله‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌مه‌به‌ستی‌ كۆتایهێنان به‌دوژمنایه‌تی‌‌و خوێنڕشتنی‌ به‌رده‌وامی‌ نێوان زێباری‌‌و بارزانییه‌كان، مه‌حمود ئاغای‌ باوكی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین خێڵی‌ ناوچه‌ی‌ ئاكرێ‌‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌ عێراق ده‌بێت، ئه‌م ده‌دات به‌مسته‌فا بارزانی‌، كه‌ ژیانی‌ ئه‌میان پڕاوپڕه‌ له‌شه‌ڕه‌ تفه‌نگ‌و راكه‌ راك. هێشتا حه‌مائیل خان تازه‌ بووك ده‌بێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕ‌و ئاگری‌ شۆڕشه‌وه‌و تێكه‌ڵ‌ به‌یاخیبوونی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌بێ‌‌و زۆریش ناخایه‌نێت پێكه‌وه‌ به‌ره‌و "كۆماری‌ مه‌هاباد" ئاودیوی‌ سنوور ده‌بن. ئاله‌وسه‌رده‌مانه‌دا كه‌ دنیا خه‌ریكه‌ پێده‌نێته‌ گێژه‌نی‌ جه‌نگی‌ سارده‌وه‌، "حه‌مایل" كوڕێكی‌ ده‌بێت ناوی‌ ده‌نێن "مه‌سعود"، قه‌ده‌ری‌ ئه‌م كوڕه‌ واده‌بێت كه‌ دواتر رۆڵێكی‌ گرنگ له‌ڕووداوه‌كانی‌ كوردستاندا بگێڕێت، كاتێك ته‌مه‌نی‌ ده‌گاته‌ 33 ساڵی ده‌بێته‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و له‌ته‌مه‌نی‌ 63 ساڵیشدا به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
ئێستا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌ له‌جوانترین هاوینه‌هه‌واری‌ ئه‌م كوردستانه‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌و رۆژو ساڵانه‌ی‌ رابردووی‌ ده‌كات، باش ده‌زانێت له‌ژیانیدا، دوای‌ "كه‌سایه‌تی‌ باوكی‌"، حه‌مایل خانی‌ دایكی‌ تاكه‌ مرۆڤێكه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ بێسنووری‌ له‌سه‌ر ره‌وتی‌ ژیانی‌ ئه‌و هه‌بووبێت. حیكایه‌تی‌ ئه‌م كاریگه‌رییه‌ له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ بۆ له‌نێو هه‌موو كوڕه‌كانی‌ مسته‌فا بارزانیدا، مه‌سعود بوو به‌سه‌رۆكی‌ پارتی‌‌و به‌گه‌وره‌ی‌ بارزانییه‌كان؟
مسته‌فا بارزانی‌ سێ‌ ژنی‌ هێناوه‌، كه‌ دوو ژنی‌ یه‌كه‌میان بارزانین‌و ژنی‌ سێهه‌میشیان زێبارییه‌، كه‌ حه‌مایل خانی‌ دایكی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌. "بۆ زانیاری‌: زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ مسته‌فا بارزانیدا په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بارزانی‌ له‌وێش ژنێكی‌ رووسی‌ هێناوه‌".
بارزانی‌ له‌"مه‌حبوبه‌"ی‌ ژنی‌ یه‌كه‌می‌ سێ‌ كوڕی‌ ده‌بێ‌: عوبه‌یدوڵڵاو لوقمان‌و سابیر، له‌"حه‌پسه‌"ی‌ ژنی‌ دووه‌می‌ كوڕێك‌و دوو كچی‌ ده‌بێت: ئیدریس‌و جه‌میله‌‌و زه‌كیه‌، له‌"حه‌مایل"ی‌ ژنی‌ سێهه‌میشی‌ پێنج كوڕی‌ ده‌بێت: مه‌سعودو دڵشاد‌و نیهاد‌و سیدادو وه‌جیه‌. به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌بارزانی‌ باوك‌و ماڵی‌ بارزانییه‌وه‌ نزیك بوون، حه‌مایل له‌لای‌ مسته‌فا بارزانی‌ له‌هه‌موو ژنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ له‌پێشتر بووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ تا له‌ژیانیدا مابوو مه‌سعود پێشبخاو ئه‌وانی‌ دیكه‌ پشتگوێ‌.
ئه‌گه‌رچی‌ مسته‌فا بارزانی‌ له‌و جۆره‌ سیاسه‌تمه‌دارنه‌ نه‌بوو كه‌ زۆر سه‌ری‌ له‌شیكاریی‌‌و راڤه‌كردن ده‌رچێ‌‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌شی‌ كه‌ وه‌ختی‌ خۆی‌ سه‌ردانیان كردووه‌ ئه‌سڵه‌ن سه‌ریان له‌وه‌ سوڕماوه‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ مێژووییه‌ی‌ كورد شتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بووه‌ بیڵێت، به‌ڵام وێڕای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و تا بڵێی‌ پیاوێكی‌ كرده‌و "ئه‌هلی‌ ئیشكردن" بوو، ئه‌و له‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ بوو كه‌ قسه‌ی‌ كه‌م‌و ئیشی‌ زۆر ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌زمون‌و راكه‌ راكی‌ ژیان ماكی‌ ئه‌وه‌یان له‌مسته‌فا بارزانیدا رسكاندبوو كه‌ دوو شت بۆ مانه‌وه‌ له‌ڕیزی‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌دان: هێزو پاره‌. ئه‌و هات به‌ده‌ر له‌هه‌موو كوڕه‌كانی‌ دیكه‌ی‌، ئه‌م دوو چه‌كه‌ ئه‌فسوناوییه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ده‌ستی‌ مه‌سعودی‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ "حه‌مایل خان" سپارد، هێشتا مه‌سعود بارزانی‌ بیست ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ تێنه‌په‌ڕاندبوو كردییه‌ به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ پاراستن‌و له‌ته‌مه‌نی‌ 24 ساڵیشدا بووه‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ گه‌وره‌ترین‌و به‌هێزترین حیزبی‌ ئه‌و رۆژگاره‌ی‌ كوردستان.
تاڵه‌بانی‌ له‌یاداشته‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سۆڤیه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق، كه‌سانێك ده‌وری‌ "شێخ ئه‌حمه‌د"ی‌ برا گه‌وره‌ی‌ مسته‌فا بارزانییان دابوو، كه‌ چاره‌ی‌ ئه‌ویان نه‌ده‌ویست، ئه‌مانه‌ شێخ ئه‌حمه‌دیان له‌دژی‌ مه‌لا مسته‌فا پڕ ده‌كرد كه‌ به‌هۆی‌ ژنخوازییه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌گه‌ڵ‌ عه‌شیره‌تی‌ زێباری‌ دوژمنه‌ گه‌وره‌یان ئاشتبێته‌وه‌و ده‌ستبخاته‌ ناو ده‌ستیانه‌وه‌، له‌نێو ئه‌و نه‌یاره‌ سه‌رسه‌ختانه‌شدا ناوی‌ شێخ سلێمانی‌ كوڕی‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامی‌ بارزانی‌ ده‌هێنێت. هه‌ربۆیه‌ هه‌ر له‌كۆتایی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ كه‌ مه‌سعود‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش ئیدریس له‌ناو پارتی‌‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانیدت پێشخران، به‌شێك له‌كه‌سوكارو كوڕه‌كان له‌مسته‌فا بارزانی‌ زیزبوون‌و به‌جێیانهێشت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان كه‌وتنه‌ سه‌نگه‌رو هه‌ڵوێستی‌ دژ به‌باوكیشیانه‌وه‌.
زۆربه‌ی‌ ئه‌م بارزانیانه‌ له‌وه‌ نیگه‌ران بوون كه‌ نه‌وه‌و كوڕه‌كانی‌ "مه‌حمود ئاغای‌ زێباری‌" ده‌ستبگرن به‌سه‌ر پارتی‌‌و ماڵی‌ بارزانی‌‌و به‌سه‌ر جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا، له‌دیدی‌ ئه‌م به‌شه‌ له‌بارزانییه‌كانه‌وه‌، "مه‌سعود" نه‌وه‌ی‌ مه‌حمود ئاغای‌ زێبارییه‌‌و یانزه‌ ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵی‌ "له‌ساڵی‌ 1947ه‌وه‌ تا 1958" له‌ماڵی‌ ئه‌م خه‌زوره‌ی‌ "مسته‌فا بارزانی‌"دا به‌سه‌ر بردووه‌و له‌ناو ئه‌واندا گه‌وره‌ بووه‌‌و زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ زێبارییه‌كانه‌وه‌، كه‌ به‌دوژمنی‌ دێرینی‌ بارزانییه‌كان داده‌نرێن‌و هه‌ر له‌هه‌ڵگیرسانی‌ یه‌كه‌م شۆڕشی‌ بارزانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌كۆتایی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول‌و دواتریش، چه‌ندین كوشت‌و كوشتاریان ده‌رهه‌ق به‌یه‌كتر كردووه‌.
به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌یوب بارزانی‌، ده‌ستگرتنی‌ مه‌سعود‌و زێبارییه‌كان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و پاره‌ی‌ پارتیدا، له‌هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا جێی‌ نیگه‌رانی‌‌و خه‌می‌ گه‌وره‌ی‌ ئیدریس بارزانی‌ باوكی‌ نێچیریڤانیش بووه‌، به‌ڵام ساڵی‌ 1987 له‌ناكاو لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌مێژووی‌ ماڵی‌ بارزانی‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌خه‌یاڵی‌ كه‌سدا نایه‌ت، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م ساڵه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو ئیدریس بارزانی‌ له‌ته‌مه‌نی‌ 43 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ ده‌كات. به‌مردنی‌ ئیدریس، ئیتر هیچ كوڕێكی‌ مسته‌فا بارزانی‌ له‌ژنه‌ بارزانییه‌كانی‌ نامێنێت، چونكه‌ پێشتر حیزبی‌ به‌عس "عوبه‌یدوڵا‌و لوقمان‌و سابیر"ی‌ له‌1983دا كوشتبوو. ئیتر ئه‌مه‌ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌یوب بارزانی‌ ده‌ڵێت "ململانێكانی‌ ناو ماڵی‌ بارزانی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كوڕ‌و نه‌وه‌كانی‌ مه‌حمود ئاغای‌ زێباری‌ ده‌شكێته‌وه‌".
هه‌ربۆیه‌ ره‌نگه‌ به‌شێك له‌و له‌خۆڕازیبوون‌و به‌خۆدا راپه‌ڕموونه‌ی‌ زۆرجار "مه‌سعود بارزانی‌" پێ جیا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ته‌نها نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كوڕی‌ مه‌لا مسته‌فایه‌، به‌ڵكو به‌شێكی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌سایه‌تی‌ ئه‌و ژنه‌ له‌سه‌رخۆو لێهاتووه‌ی‌ كه‌ رۆژگارێك ره‌گه‌زی‌ سه‌ره‌كی‌ ململانێی ناو ماڵی‌ بارزانی‌‌و پارتی‌ بوو، مسته‌فا بارزانی‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ گوێی‌ لێده‌گرت‌و هه‌ر له‌به‌ر دڵی‌ ئه‌ویش بوو كه‌ تا خۆی‌ له‌ژیاندا مابوو به‌جیا له‌هه‌موو كوڕه‌كانی‌ دیكه‌ی‌، ده‌ستی‌ مه‌سعودی‌ گرت‌و به‌ره‌و لوتكه‌ی‌ هه‌ڕه‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ برد.

سه‌ردار موحه‌مه‌د
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی ئاوێنه‌ش بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە