پارتى پارتە پیرەكە
Wednesday, 25/05/2011, 12:00
هەڵەیە،گەر پیرێتى تەنها وەك قۆناغێكى تەمەن تەماشا بكەین وبیبەستینەوە بە بایلۆژیاى مرۆڤەكانەوە،چونكە لە ڕاستیدا وەك چۆن سوڕى ژیانى تاكەكان بریتییە لە مندالى و گەنجێتى وپیرێتى ،ئاواش دەكرێ حیزبەكان بۆ حیزبى (مندال وگەنج و پیر)پۆلێن بكەین..بەلام جیاوازییەكە تەنها لەوە دایە كە پیرێتى بۆ مرۆڤەكان مەسەلەیەكى ناچارییە كە دەبێ هەرسێ قۆناغەكە بە شێوەى یەك بە دوواى یەك لە مندالییەوە بۆ پیرى ئەزموون بكەن.بەلام هەرچى بۆ حیزبەكانە ئەوا مەرج نییە. حیزب هەیە بە گەنجێتى و هەشیانە بە پیرى لە دایك دەبێت .چونكە،كە دەلێین پیرێتى مەبەستمان پیرێتى وەك بەهاو كلتورو ئەخلاقیاتە نەك ئەوەى حیزبەكە چەند ساڵ تەمەنیەتى..وەك چۆن دەكرێ كەسێكى تەمەن 25سالە كە بە بایلۆجا گەنجە،بەلام هەلگرى بەهاو ئاكارى پیرانە بێت .ئاوهاش مەرج نییە حیزبێك، كە(تازە یان شەست ساڵ بەر لە ئێستا)خۆى مانیفێست كردبێ گەنج بێت .جا ئێستا پارتى لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە حیزبێكى پیرە .ئەمەش هەرگیز بەو مانایە نایەت، كەپارتى ڕۆژگارێك گەنج بوبێت وە مەبەستیشمان ئەوە نییە بلێین لەبەر ئەوە پیرە ،چونكە تەمەنى لە حیزبەكانى دیكە زیاترە . پارتى لە جۆرى ئەم حیزبانەیە كە بە پیرى لە دایك بووە .بەشێكى زۆرى پارتیش ئەم ڕاستییە دەزانن ,زۆرجاریش لە میدیاكانیانەوە ئەوە دەبیستین ،كە پارتی هەولدەدات بەشدارى زیاتر بە گەنجان بكات وبیانباتە ناو سەركردایەتى حیزبەكەیان .بە تایبەتى لە دوواهەمین كۆنگرەیاندا زۆر جەختیان لە سەر ئەمە دەكردەوە ..ماناى وایە دەركییان بەوە كردووە ، كە پیرن ودەیانەوێ گوایا گەنج ببنەوە ..ئەمەش دان پیانانێكى باشە !!بەلام بێئاگان لەوەى كە گەنجێتى حیزبێك هیچ پەیوەندییەكى بەوەوە نییە كە ژمارەیەكى زۆر گەنج لە سەركردایەتى دابن،چونكە لە لایەك مەرج نییە ئەو گەنجانە ،گەنجانە بیر بكەنەوە، لەلایەكیتریش ،ئەگەر گەنجانەش بیر بكەنەوە ،ئەوا ناتوانن بڕیار بدەن ،چونكە ڕون وئاشكرایە كە لەناو پارتیدا بڕیار لە شوێنێكیتر دەدرێ ،بۆیە بەبۆچونى من بونى ئەو ژمارە كەمەى گەنج لە سەركردایەتى پارتیدا (كەتەنها بە بایلۆژیا گەنجن)هیچ نییە جگە لە ماكیاژێك كە ئەو حیزبە لە ڕێگەیەوە دەیەوێ واى دەرخات یان وا لە گەنجەكان بگەیەنێ كە حیزبى ئەوانە (واتا حیزبى گەنجەكانە) ،بەلام لاى ئێمەى گەنجان (مەبەستم ئەوانەیە كە شوكر هوشیارن)دەستەكە كەشفە و دەزانین كە پارتى گەنج نییەو پیرە ،وەك چۆن دەشزانین كە پێناسەى پارتى بۆ گەنجێتى پێناسەیەكى هەڵەیە .پارتى پیرە ،چونكە نەیتوانیوە لەگەل گۆڕانكارییەكانى دوونیاو دەوروبەر خۆى بگونجێنێ ،بەڵكو بە پێچەوانەى شەپۆلى گۆڕانكارییەكان كەوتۆتە مەلە .پارتى پیرە ،چونكە هێشتا ئەوانەى بڕیار دەدەن نەوەى سەردەمى شاخن .واتا ئەوانەى هەژمونیان بەسەر سیاسەتى پارتیدا زالەو ئاڕاستەى دەكەن پیرەكانن ،هەژموونى پیرەكانیش لە هەر كایەو ئاستێكدابێت هیچ مانایەكیتر ناگەیەنێ جگە لە زالبونى پێودانگەكانى ڕابردوو بەسەر ئێستادا .لە ئێستاشدا پارتى ئەوەندەى ڕوو لە ڕابردووە ئەوەندە ڕوو لە ئێستا وئایندە نییە، ئەمەش ڕەجعیەتە .پارتى پیرە،چونكە هێشتا نەهاتۆتە شارو بە میكانیزمەكانى سەردەمى شاخ كاردەكات .پارتى پیرە ،چونكە ناتوانێ گەنجانێك لەخۆبگرێت كە بەڕاستى گەنج بن،پارتى پیرە ،چونكە هێشتا ئەو ئەفسانەیەى تێك نەشكاندووە ،كە پیرێتى بە داناییەوە گرێ دەدات ,پارتى پیرە ،چونكە پێى وایە هەلگرى هەقیقەتى ڕەهایەو هەموو هەقیقەتەكانیش لاى خۆى كۆبوونەتەوە ،پاساویشى بۆ ئەمە ڕەوایەتى مێژووییە(كە لە دوونیادا باوى ئەم جۆرە لە شەرعیەتە نەماوە)پارتى پیرە چونكە خاوەنى سیستمێكى پاتریاركییە لە بوارى سیاسیدا، كە هاوشێوەى پاتریاركییەتە لە ئاستى خێزان و كایەى كۆمەلایەتیدا ..لە كۆتایدا ئەوەندە ماوە بلێم كە پارتى هاوشێوەى خێزانێكى تەقلیدى پاتریاركى لادێ نشینى كوردییە ..سیاسیەكانى ناو پارتیش هاوشێوەى باوكى ناو خێزانى كوردى پەنجا سال بەر لە ئێستان ،یان لە میرەكانى سەدەى هەژدە دەكەن كە، هەمیشە لەلاى سەرەوەى ژوور دادەنیشن وقەفەى سمێلیان دێ ،تەنها بڕیار دەردەكەن وئامۆژگارى دەكەن و جارووباریش هەڕەشە !!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست