ئایا نەوت دەتوانێت داعشی مەرگ دۆست سارد بکاتەوە؟
Monday, 23/06/2014, 12:00
1920 بینراوە
جەنگی مەزهەبیانەی بەرەی ئیسلامی سیاسی داعش لەگەڵ بەرەی بەرانبەری واتە شیعە مەزهەب لە عێراقدا، وا پێدەنێتە دوو هەفتەوە لە هێرش و داگیر کردنی شارە سونی نشینەکان. جەنگێک کە تەواوی پێوەرە دڵڕەقیەکانی تێپەڕاندوە. جەنگێک کە مێژووی خودی ئیسلام و سەردەمی خەلافەتەکان دووبارەدەکاتەوە ڕێک وەک ڕابردو خۆی.
بەرەی داعش، هێند شۆفێنیزمە بەهیچ شێوازێک نزیکایەتی نیە لەگەڵ مرۆڤ دۆستیدا، هێندەی تا سەرئێسقان مەرگ دۆستەو دژی کۆی بەها مرۆییەکانە. ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوکەوە، نیشان دەری ماهیەتی دڕندانەی ئەو هێزە تاریک و ترسناکە نیشان دەدات، کە بە چ ئەندازەیەک، دڵ ڕەقە بەرانبەر کۆی ئەوانەی لەو ناچن و لەسەر ڕێگای مەزهەبی ئەو نین. ئەم بەرە دڕندەیە، هەروا بەبێ هیمەتی ئەو دەوڵەت و زلهێزانەی کە نزیکایەتیان هەیە لە پێوەری ئەو هێزەوە، نە دەکرا وا گەشە بکەن. دیارە بەرەی بەرانبەریش کە دەسەڵاتی مەزهەبی بەرەی سەرەوەی شیعەکانە، هۆکارێکن بۆ گەشە سەندنی ئەو جەنگە مەرگەسات ئاسایە. خۆ گەر بەرەی شیعە، بیان توانیایە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی دڕندەی ناسیۆنالیزم فاشی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، وێنایەکی تەندروست و پێکەوە ژیانیان بدایەتە کۆمەڵگای عێراقی و کۆی کەلتوری تائیفی و مەزهەبیان لە نێو بدایەو عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوەیان بەکار نەهێنایە، ئەوا بەم ئاسانیە، ئەم بەرە دڕندەیەی سونی شۆڤێنیش، وا نەدەچوە پێشەوە و نەیدەتوانی بە ئاسانی پێگەی خۆی ببینێتەوە لە نێو ئەو شارانەی کە زۆرینەیان سونی بوونیان دراوە بەسەردا.
ئێستا دەکرێت بزانین ئاخۆ، ئەم بەرە نامرۆڤانەیەی داعش(کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسی سونی مەزهەب دەکەن) ئامانجە دوور ماوەکانیان چین؟ ئاخۆ گەر کۆی شارە سونی نشینەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ئەو کات چۆن هەڵسوکەوت دەکەن لەگەڵ سامانە سروشتیەکەی کە نەوتە؟ ئاخۆ تەنها بە بونی دەست گرتنیان بەسەر بیرە نەوتیەکاندا، دادەنیشن و وەک ئەوانی ئەمدیو دیویان، نەوت دەفرۆشن و گیرفانەکانیان پێ پڕ دەکەن، یان قازانجی نەوت بەکار دەهێنن بۆ بەرفراوان کردنی دەسەڵاتەکانیان و گواستنەوەی شۆڕشە خوێناویە مەزهەبیەکەیان بۆ ئەودیوو سنورەکان؟
پێناچێت ئەو هێزە تاریکە گەر دەوران بواری زیاتری بۆڕەخساندن، هەروا وەک ئەوانی ئێستا لە دەسەڵاتدان، پاڵی لێ بدەنەوە و خەریکی قازانج خواردن بن، ئەم هێزە تاریکە بە ئەندازەیەکی زۆر دوورە لە تروسکایی ڕوناکی، هێندەی چێژ لە خوێن ڕشتن دەبینێت وا دەرناکەوێت کە ئامادە بێت ڕوناکی ببینێت. بۆیە بەدەست بەسەرا گرتنی چاڵە نەوتیەکان، هێندەی تر دەتوانێت هێز بۆخۆی زیاد بکات و ئەو کۆ بەناو مرۆڤەی لەگەڵیاندان، جۆش و خرۆش پێبدەن و بە هەڵخەڵەتاندنیان بۆ ئەوەی زووتر بگەنە حۆریەکانیان و گەر بۆشیان ڕەخسا خواردنێک لەگەڵ پەیامبەریاندا بخۆن لەو دنیا، بەکارێکی باش دەزانرێت لایان و، دواتر بەرەو ئەو جێگایە بیان نێرن بۆ شەڕ کردن تا بەرەی شیعە مەزهەب لە نێو ببەن و تۆو بڕیان بکەن، دیارە کارێکی واش ئەستەم دەبێت و لە کاتێکی وادا جەنگ ماوە درێژ دەبێت و کوشتارگاکە بەردەوامی پێ دەدرێت، یانی درێژەدان بە فەلسەفەی بێهودەیی لە نێو دیدی کۆمەڵگادا. ئەوان هێندە بەتوانا نین کە جەنگیان بگوازنەوە بۆ ئیسرائیل، وەک ئەوەی خۆیان دەڵێن دوژمنی ڕاستەقینەی دینەکەیانە، بە پێچەوانەوە، دوور نیە لە ژێرەوەش هیمەت و کۆمەک لەوان وەر نەگرن، کێ دەزانێت. ئەحمەدی نەژاد،(سەرۆکی پێشوی کۆماری لە سێدارەی ئاخوندەکانی ئێران) هەمیشە لە ڕێگای میدیاکانەوە هەڕەشەی سوتاندنی ئیسرائیلی دەکرد، بەڵام لەم ڕۆژانەدا، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاو کرایەوە کەلەگەڵ کۆمەڵێک هاخامدایە و زۆر بەڕێزەوە بەهەردوو دەستی سڵاویان لێدەکات و خۆش کەیف دەردەکەوت لەگەڵیاندا. کەواتە بەرەی سونەش هەمان دیدیان هەیە. ئەوە نیە هەر لە سعودیەوە تا دەگات بە تورکیا، پیاووی بچوکی بەردەم دەسەڵاتی ئیسرائیلین!
کۆمەکی دەوڵەتانی سونە نشین، بەتایبەتیش سعودیەی بیابان نشین و قەتەر و تورکیا، ئەو ناوە ئاشکرایانەن کە لە پشت هێز بەخشینن بە بەرەی داعش، دیارە خودی ئەو دەوڵەتانە بۆخۆیان کۆنتراکتی لە مێژینەیان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی زلهێزی بێڕەوشتی سەرمایەداری یانی ئەمریکا. خودی دەوڵەتی قەیران گرتووی ئەمریکا، باش ئاگای لە یاریە قێزەونەکە هەیە و باشیش دەزانێت لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، بە چ ئەندازەیەک دەوڵەتی ئاخوندەکان کاریگەری خۆی دانەوە لە عێراقدا. بەڵام خۆ دەبێت بپرسین؛ ئاخۆ گەر ڕێگا بە هاتنە ناوەوەی دەوری ئێران نەبێت بۆ ناو عێراق، چۆن دەتوانرێت ئەمریکا بۆ دوو بارە و سێ بارە دەست بخاتەوە نێو عێراق و جارێکی تر خۆی وەک حەکەمی یەکەم بێتەوە نێو گەمەکە؟ ئاخۆ ئەو جەنگە مەزهەبیە، بۆ بەرەی سەرمایەداری مایەی قازانج نیە؟ ئاخۆ لەم ماوەیەدا نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا بە ئەندازەیەک نەچوەتە سەرەوەە؟ کێ قازانج دەکات و کێش زەرەر مەند دەبێت؟ ئاخۆ ئەو ڕەگە شۆڤێنیستیە مەزهەبی و تائیفی و قەومیەی لە عێراقدا هەیە، تەنها بە قازانجی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا تەواو نابێت؟ ئاخۆ ئەوانەی لە بەرەی جەنگەکەدان هەمووی پێک نەهاتوە لە کۆیلەکانی خوارەوە؟ ئاخۆ سیاسەت مەدارێک و ئاخوندێک و ئیتمامێک و سەرمایەدارێک ئامادەن بچنە بەرەی جەنگەوە و خۆیان واتەنی بەرگری بکەن لە نیشتمان و کەرامەتی هاوڵاتیەکانیان؟ یان ئەوانی سەرەوە، ئەو پێکهاتە دڕندەیەن کە هیچیان کەمتر نیە لەو سیاسەتە دژە مرۆییەی کە دەوڵەتی ئەمریکا بەتایبەتی و زلهێزانی جیهان پەرەیان پێدا لە عێراق و سوریا و لیبیادا؟
خولقاندنی ئەو کەشە تاریک ئامێزە لە عێراق و سوریادا، ئاگری جەنگی مەزهەبی و تائیفی بۆ دەورانێکی نادیار درێژە پێ دەدات و دەستی مەرگ دۆستەکان درێژ تر دەکاتەوە. نەبوونی هێز و بزوتنەوەی جەماوەری کە لە خزمەتی بەرەو پێشچونی ئاستی هۆشیاری چینایەتی کۆمەڵگادا بێت، هێندەی تر دەستی بەرەی خوێن خۆری کۆمەڵگای زاڵ کردوە. ئێستا کۆمەڵگا خۆبەخۆ خزێنراوەتە نێو هەلومەرجێکەوە، کە بتەوێت یان نەتەوێت، دابەش کراوی بەسەر بەرەی مەزهەبی و تائیفی و قەومیدا. لە کاتێکی وادا، بۆ دەسەڵاتداران لە کۆی ئەو ناوڵاتەی ناوی عێراقە، زۆر بەئاسانی هەریەکەیان دەتوانن، فەتوا دەرکەن و ئەوی بەرانبەر بکەن بە دوژمن و ئامادەیی خوارەوە بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بەئاسانی ڕەوانەی نێو جەنگیان، بکرێن. جەنگێک کە داڕێژەرەکەی زلهێزی فاشیزمی سیستەمی سەرمایەداریە و وەکیلەکانیش، خودی ئیسلامی ئاین و قەومیە قازانج پەرستەکانن. ئاخۆ کاتێک وترا، ناسیۆنالیزم شەرمەزاریە بۆ مرۆڤایەتی لە جێی خۆیدا نەبو؟ ئاخۆ ئێستا باشتر نیە، بڵێین؛ ئیسلام بونیش شەرمەزاریە بۆ مرۆڤایەتی؟ ئاخۆ گەر ئەم دوو لایەنە نەبوایە، تەنها دەکرا وڵاتێک لە ڕێگای هۆز و عەشیرەتەکانیەوە وا بە ئاسانی بخرایەتە نێو چاڵی مەرگەوە؟ ئاخۆ ئەو دوو لایەنە بۆخۆیان تەواوکەری سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری نین؟ ئاخۆ ئاین، پێش هاتنی ناسیۆنالیزم، ئەو چەکە نەبوە لە جەنگی بەرەی مەسیحی و ئیسلامیدا؟ کەواتە، ئەو دوو لایە، بەتەواوەتی دژی کۆی ئازادیەکانی مرۆڤن و تەنها دەتوانن مرۆڤ قەتیس بکەن لە نێو ئەو دید و هزرەی کە هەیانە، لە کاتێکی وادا، ئیتر مرۆڤ لە مرۆڤ بوونی دادەتەکێت و توانای بیر کردنەوە و هەڵوێستی مرۆڤ دۆستیانەی نامێنێت. لە کاتێکی وادا قسەکردن لە سەر بنیات نانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و خۆبەڕێوەبەر مانایەکی نابێت و چینی زۆرینەی هەژارکراوی نێو کۆمەڵگا نەک وەک مرۆڤ نابینرێت، بەڵکو تەنها وەک ئامرازێک دەبینرێت لە خزمەت قازانجەکانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگادا.
لە عێراقدا، هەڵکەوتەی سەرزەمینە بێ شانسەکەی وا هاتوەتەوە، کە ئیسلامی تاریکستان کە لە مەکەوە سەریهەڵدا و قازانجەکەی بۆ دەوڵەتی فاشیستی سوعودیەیە، کۆی کەسایەتیەکانی دوای پەیامبەرەکەیان، لە عێراقدا تیاچون و گۆڕەکانیان لەو سەرزەمینەدایە، (دیارە بە بەرەی شیعی و سونیەوە). دوای ئیسلام لە عێراقدا، ژێر زەمینە پڕ لە نەوتەکەیەتی، کە بۆ چینی هەژاری عێراق بوە بە مایەی بەدبەختی و برسێتی و لە ئاگرا برژاندن، وە بۆ سیستەمی دڕندەی سەرمایەداریش کە چینی خاوەن دەسەڵاتی عێراق لەگەڵیاندا بە شدارە، بوە بەمایەی ڕیفاهی بەهەشتی ئەو دنیا(کە لە دینەکاندا باسی لێوە دەکرێت)، ئەو دنیایەی کە بونی نیەو، تەنها وەهمێکە بۆ سەرمەست کردنی خەڵکی هەژار و بیرنەکەرەوە. لە کاتێکی وادا، بەرەی داعش و بەرەی سەدامیەکان و ئال سعود و ئەردۆگانیەکان و بەرەی سیستانی و خومەینیەکان و ئەوانەی لەوان دەچن، بۆخۆیان ملیاردەکانیان سەر یەک دەخەن لەسەر حیسابی ئەو مەرگەساتەی بۆ خەڵکی هەژارکراوی عێراق دایان گیرساندوە. ناسیۆنالیزمی کوردیش لەم نێوەدا، ئەویش بە هەڵخراندنی ئیحساسی قەومی، هێزی پێشمەرگە کە پێک دێت لە کوڕانی سەر بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا، دەنێرێتە بەرەی جەنگ و بۆخۆیشی لە دواوە خەریکی سات و سەودا قازانج هێنەرەکانێتی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و شەریکاتە داگیرکاریە جیهانیەکان، کە تینووی خوێن و نەوتن. قازانجی ئەو نەوتە، بەمانای خوێن ڕشتنی کۆمەڵگای سیڤیل دێت، چونکە، قازانجەکەی بۆ ئەوانی سەرەوەیە و وەک ئەو برادەرەی لای پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی،خەڵک وەک سەگ وایە برسی بکە دوات دەکەوێت! ئەو فەلسەفەیە، بەرئەنجامی ئاستی چەوسێنەری کۆی دەسەڵاتە چینایەتیەکان دەگەیەنێت.
کۆمەڵگای عێراق و باشوری کوردستان، تەنها بە فەلسەفەی شٶڕشگێڕانەی سۆسیالیزم دەتوانێت ڕزگاری ببێت لەو جەنگەڵستانەی تێی کەوتوە. ببینن، گەر لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، فەلسەفەیەکی شٶڕش گێڕانەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی نەبوایە، ئێستا ئەو کۆمەڵگایە وەک عێراقی لێ دەکرا، یان وەک شارەکانی سوریا، دەخرایە نێو جەنگی مەزهەبی و قەومیەوە. ئایندەی عێراق لە ژێر هەیمەنەتی تائیفی و مەزهەبی و قەومیدا، تەنها دەتوانێت کوێرەوەری زیاتر بە شوێن خۆیدا بهێنێت بۆ چینی زەحمەتکێش و چەوساوەی ئەو بەناو وڵاتە. گەر بخوازرێت عێراق ببێتە کۆمەڵگایەکی دیموکرات و خۆ بەڕێوەبەر، بابێن، ڕیفراندۆمێکی دوور لە هزر و دیدی مەزهەبی و تائیفی و قەومی بکەن، لە کاتێکی وادا، کۆمەڵگا بەئازادانە دەتوانێت خۆی چارەنوسی خۆی دیاری بکات، نەک لەلایەن داگیرکارەوە چارەسەری بۆ دابنرێت!!!
تاهیر حاجی حەسەن
٢٣/٦/٢٠١٤