کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیاحەت خۆشە یان پێشێلكردنی یاسا؟

Wednesday, 28/01/2009, 12:00


قسەمان لەسەر رەوایەتی و نارەوایی یان دیدو بۆچونەكانی "ناسیح عەبدولرەحیمی" رۆژنامەنوس نییە كە لەسەر ووتارێك و بە داوای كادرانی لقی 12 ی پارتی لە شاری هەڵەبجە رۆژی 18/1/2009 دەستگیركرا، بەم گرتنە جارێكی تر پێشێلی یاسای چاپ و رۆژنامەنوسی كرا كە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان بریاریان لەسەر دابوو كا نابێ رۆژنامەنوس زیندانی بكرێت بەڵام لەهەڵەبجەو بەداوای حیزب و حكومەت كرا، من نایشارمەوە تێبینیم لەسەر هەندێ نوسین هەیە دژی یەكێتی و پارتی ئەمەش لەبەر هەرەشەو تیرۆرو ترسی خۆم نا، تەنها بۆ ئەوەی بەهانە نەدەین بەدەستیانەوە چونكە لە كوردستان هیچ چەمك و پرەنسیپ و حەقیقەتێك لەبەردەم جەبەروتی دەسەڵاتدا ناسەلمێنرێت و رەنگە جنێودان و تەشهیركردنیش بە یەكێتی و پارتی كۆتایی مەسەلەكە نەبێت و دواجار ئەوان گۆزەكە لەسەری ئێمەی رۆژنامەنوسدا بشكێنن و خۆشیان شەرابە سوورەی ناو گۆزەكە بخۆنەوە، ئەوە چەندەمین جارە رۆژنامەنوس ئەگیرێت، وەلێ سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ بێدەنگە، ئەم كش و ماتی و بێدەنگیەش زیانێكی رۆحی و كوشندە لە كاراكتەری رۆژنامەنوس ئەدات و بەم ترساندن و قەمعەش دەسەڵات خوازیاری گەشتنە بەهەندێ ئامانجی تۆتالیتاری و فاشیزم كە زۆر مەترسیدارە بۆ سەر رەوشی رۆژنامەنوسان و ئازادی سیاسی و چالاكی مەدەنی كە سەرجەمیان دژە دیموكراسین و ناكرێت سەندیكاش ئەمە نەزانێ و بە شتی لاوەكیەوە خۆی سەرگەرم بكات، بۆیە رەنگە ئەوەی كە دەسەڵات بیەوێت ئەم خاڵانەبێت:
1- ترساندنی ئەو تەرزو پۆلە رۆژنامەنوسە بەجورئەتەی هەڵەبجەو سلێمانی كە بوونەتە رەقیبێكی سەرسەخت و بزوێنەری هەموو خۆپیشاندان و چالاكیەكان دژ بە دەسەڵات و ئەترسن ئەمە تەشەنە بكات بۆ شارەكانی دیكە وەك كاریگەری سوتانی مینۆمێنتەكە.
2- راكێشانی سەرنجی خەڵكە توڕەو داخلەدڵەكەی هەڵەبجە تا بیر لە خۆپیشاندان و نارەزایی نەكەنەوەو بیر لەوەش نەكەنەوە سومبولێكی تر بسوتێنن، ئەوەتا گەر بیانەوێت رۆژنامەنوسێكی وەكو ناسیح ئەگرن و لە خاچی ئەدەن كە ناوبانگی هەیە، ئیترخەڵكی رەشۆك چییە.
3- ئەم گرتنە پەیامێكی شەرمنۆكانەی حكومەتە بۆ دەسەڵاتی حیزب، كە حكومەت دەست لە گوێرایەڵیان بەرنادات و ئەوان چی بڵێن بەجێی دێنن، دادوەریی و قایمقام و شارەوانی و ناحیەو نفوس و جنسیەو نەخۆشخانەو تابۆو بانك و كشتوكاڵ هەموو لە خزمەتی حیزبدان "ئیتر با تاڵەبانیش هەر بانگەشەی جیاكردنەوەی حیزب و حكومەت بكات"
4- خۆ دەسەڵات لەوە ئاگادارە كە ئەم گرتنە دژی یاسای رۆژنامەگەریە كە پەرلەمان بریاری لەسەرداو نابێت رۆژنامەنوس بگیرێت، بەڵام دەسەڵات هەر بە هەوەس رۆژنامەنوسان لە هەڵەبجەو 12 رۆژنامەنوس و چالاكوان لە سلێمانی ئەگرێت تا پێمان بڵێ من خۆم حاكم و یاسام!؟ گرنگ فاشیزمی نوێی كوردییە كە خەریكە لە دایك ئەبێت و ئەوكات پیاوم دەوێت بكۆكێت.
5- پاشان بەم ترساندنە گەرەكیانە سەرنجی میدیاو كەناڵ و رای گشتی لە هەڵهاتنی فرۆكەوانەكەوە وەرچەرخێنن بەلای گرتنی رۆژنامەنوساندا كە بەراستیش ئەوە رۆژنامەنوسان بوون كە دەسەڵاتیان شەرمەزاركرد لەمەڕ چارەنوسی ئەو فرۆكەوانە.

بەڵام هەریەك لە ناسیح و گشت ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانەی دیكە ئەگەر نەگیرانایە ئەوكاتە مایەی سەرسوڕمان بوو بۆ ئێمە، دڵنیام ئەم جۆرە گرتنانە گۆرانكارییەك لەگەڵ خۆی دێنێ، بەڵام دەبوو سەندیكا وەك ئەوەی كە مەرجەع و خاوەنی یاسا رۆژنامەنوسیەكەیە رازی نەبوایە بەو پێشێلكاریانەی چەند مانگی رابردوو، ئاخۆ پێشێلكردنی یاسای رۆژنامەوانی و چاپەمەنی لە چەندمانگی رابردوودا مانای چییەو چ ئاماژەیەكی لێ ئەخوێنرێتەوە كە سەندیكاش وەڵامێكی نییە؟ ئاخۆ ئەم پێشێلەی هەڵەبجەو بانگكردنی چەند رۆژنامەنوسێكی تر، بایی ئەوە گرنگ نەبوو كە ئەمجارەیان سەندیكا هەڵوێستی بنواندایەو وازیان لە گەشت و سیاحەتەكەی تاران و ئەسفەهان بهێنایە بۆ یاساكە؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە