جا كاك دانای سەعید سۆفی با ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییە لای تۆ بێ!
Monday, 11/04/2011, 12:00
هیچ ئومێدێكم نەماوە بەروناكبیری كوردستان، كار گەیشتۆتە ئەوەی هیچ جیاوازیەك ناكرێ لەنێوان بەرپرسی كۆمیتەیەكی یەكێتی و ناوچەیەكی پارتی لەگەڵ رۆشنبیرێكدا زۆركات هەمان هەڵسوكەوت دەكەن، ئەم نائومێدیە لەخۆوە سەرچاوە ناگرێ ، سەردەمێ دانای سەعید سۆفی و برزان فەرەج شانبەشانی رێبین هەردی و مەریوانی وریا قانیع و بەختیار علی و ئاراس فتاح و خەڵات عمر گفتۆگۆیان لەسەر ئازادی رادەربڕین و ژیانی سیاسی كۆمەڵایەتی دەكرد ، ئومێدەكان هێندە گەورە بوون دەمانگوت تۆ بڵێی رۆژێك بێت قسان لەسەر سیستەمی سیاسی بكەن و نوخبەیەكی وا بن كە بتوانن ئەو نوخبە تەقلیدیەی كە تا ئێستا پاوانی دەسەڵاتی كردووە تێكشكێنن و فڕیان بدەنە دەرەوەی ئەو مێژوەی كە هەمیشە ئەیدەنەوە بەچاوماندا.... رۆژان رۆی ، زەمەنێك هاتۆتە پێش كە لەوە دەچێ حزب وەك چۆن هەشت پەلی لەجەستەی ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە ئاڵاندوە ، وردە وردە توانی زۆر لەو رۆشنبیرانەش بە پەلەكانی پەلكێشی لیخنی خۆی بكا ، دوای تۆزی پێ ی ئەو سەركردە تەقلیدیانە بكەون، دانای سەعید سۆفی، ئەندامی فراكسیۆنی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە سبەی راگەیاندووە و دەلێ: هەستدەكەم متمانە وەرگرتنەوە یان بەخشینەوە لە كوردستان بایەخی ئەوتۆی نیە ، لەبەرئەوەی زۆربەی پۆستەكان جێی پرسیارن.....
كورد گوتەنی هەرچەندە پێویست ناكا كای كۆن بەبا بكەین ، بەڵام هەقی خۆشمانە بپرسین ئەی ئەو كاتەی كە متمانە درا بەو وەزیرە وەك ئەوەی هاوڕێكانت دەنگتان دایە ئێوە بۆ دەنگتان دایە ، ئەگەر ئەمەش مەقبول بێت لەڕوی رەفتارییەوە بۆ ئەو قۆناغە خۆ ئەم قۆناغە جێگەی پرسیارە كە ئێوە دەنگ بدەنەوە بە كەسێكی شەڕ فرۆش و تەنانەت درۆ بەخوێنی برای تۆ و تەواوی شەهیدانەوە بكا.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی بۆچی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و تاكەكەسی نەبوە هۆی ئەوەی وەزیری پێشمەرگە دەست لەكار بكێشێتەوە لە بەرامبەر ئەو پێشێلكاریانەی لە خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئەنجامدراون، دانا سەعید سۆفی دەڵێ: ئەگەر بارودۆخێكی وا لە وڵاتێكی پێشكەوتو بێتە پێشەوە، بێگومان وەزیرە بەرپرسیارەكان خۆیان دەستیان لە كاردەكێشایەوەو بە دەست لەكار كێشانەوەیان متمانەیان بە كەسایەتی خۆیان دەبەخشیەوە....ئەمەش مەقبول نیە ئەزیزی خۆم كاك دانا چونكە لەهیچ وڵاتێكی دنیا كەس ئاوا بەئاسانی پۆست و پلە و پایە جێناهێڵێ، برلسكۆنی سەرۆكی ئیتالیا 5مەلەفی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ زیندوكراوەتەوە بەڵام هەر پارێزگاری لەخۆی دەكا... لەهەر وڵاتێ بێ ئەوە كەسەكانن دەتوانن ئەخلاقی چواردەورەكانیان بنیات بنێنەوە بۆ ئینسانەكان نەك خودی ئینسانەكان خۆیان بن ، بۆیە ئەوە ئەركی تۆیە كە بیر لەو كارە ئەخلاقیە بكەیتەوە كە متمانە نەدەیتەوە بەو كەسەی كە هەموتانی كردە گاڵتەجاڕ.... لەهیچ تیورێكی سیۆسیۆلۆجی و سایكۆلۆجی دا نیە كەسی نائەخلاق و شەڕانگێز كەسایەتی بۆ خۆی بگێڕێتەوە ئەگەر ئەوانەی دەوروبەر ئەخلاقی كۆمەڵایەتی بۆ نەگێڕنەوە ، هەر لەرێگەی ئەو نەبونی متمانەیەشە بەكەسایەتی خۆیدا دەچێتەوە.
هەروەها دانا دەڵێ: تا ئێستا لە كوردستان هەستی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی لەسەر ئاستی تاك و لەسەر ئاستی پۆستیشدا بونی نیە، بۆیە زەحمەتە لە كاتێكدا لە كوردستان پێشێلكاری ئەمنی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ هەیە، چاوەڕوانی ئەوە بین بەرپرسەكان دەست لە كاربكێشنەوەو پێویستیش ناكات وەها چاوەڕوانیەكمان هەبێ.
پێم وایە ئەمە بەسەر ئەندامی كۆمیتە یان مەڵبەند و ناوچەو لقەكانی یەكێتی و پارتی دا تەتبیق دەبێ ، بەڵام بۆ ئەندام پەرلەمانێك كە نوخبەیەكی رۆشنبیر بێ و ئومێدی لێبكرێ قورسە ، چونكە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بۆ كەسێكی وەك شێخ جەعفەر یان هەر ئەندام پەرلەمانێكی لیستی كوردستانی چ لەسەر ئاستی تاكێتی خۆیان و چ لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی بوونی نابێ، بەڵام بۆ تۆ پێچەوانەیە، وەك وەزیری پێشمەرگە ئەو پەرپرسیارێتیە ئەخلاقیەی نەبو ئەوا تۆ ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیەت هەبوایە و دەنگت نەدابایەوە هەرچەندە بەو دەنگ نەدانەی تۆ هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ ، بەڵام ئەوە مەسەلەیەكی ئەخلاقی و ویژدانیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست