خەمی كورد و كورسی و مورسی؟!
Friday, 19/07/2013, 12:00
1637 بینراوە
ئێستا كە نیوەی تەمەنی ساڵی دوو هەزار و سیانزە تێپەڕیوە و هێشتا تەم و مژی ناكۆكی و ئاڵۆزی و ئاریشەكان ئاسمانی دەڤەرەكەی بەرنەداوە، ئەوەی دەگوزەرێ و هیشتا ئەنجامەكەی روون نییە كۆمەڵێ شتی سەیر و سەمەرەی تێدا بەدی دەكرێت، هەڵبەتە مەبەستم ڕوداوەكانی كوردستان و ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاسەتە كە ئێستا ڕۆژەڤی سەرەكی میدیاكانە و خەڵكی بەگشتی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە. ئەوەی دەزگاكانی راگەیاندنی لە باشوری كوردستان بەزۆری داگیركردووە دوو مژاری سەرەكییە كە لە كۆتایی مانگی شەشدا روویانداوە لە دید و تێڕوانینی هەندی لایەنی سیاسیدا بە دوو شێوازی دژبەیەك پێناسە بۆ ڕووداوەكان دەكرێت. دیارە پێناسەكردنی رووداوەكان بە پێی بەرژەوەندی حزبی و ئایدیۆلۆژی ڕەنگڕێژ دەكرێت و بەتەنها بەرژەوەندی حزبی لەبەر چاو دەگیرێت. دوور و نزیك هیچ كەسێك لە چوارچێوەی لایەنە دەژبەرەكاندا بەلای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیدا ناڕوات، هاوتەریب لە گەڵ ئەو دوو ڕوداوەشدا كە رۆژەڤی حزبەكان و میدیاكانیانە رووداوی گرنگ و چارەنوسساز لە بەشەكانی تری كوردستاندا بونی هەیە، بەڵام نەك ناكرێت بە رۆژەڤی سەرەكی؛ بەڵكو بەهەند وەرناگیرێت و هیچ گرنگییەكی پێ نادرێت. بابەتی سەرقاڵكردنی خەڵك لەم ماوەیەدا درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بوو كە لە لایەن لیستی دەسەڵاتەوە دەنگی بۆ دراو تێیانپەڕاند، بە قسەی دەسەڵاتداران ئەوەی ئەنجامیانداوە لە پیناوی سازان و رێكەوتنە لە سەر پرۆژەی دەستور و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بەو كارە هەستاوەن، بەڵام ڕاو بۆچونی ئۆپوزسیون پێچەوانەیە و ئەو كارە بە كارێكی ناڕەوا و نادیموكراتی و لێكترازان و كودەتا ناو دەبەن، لە هەمانكاتدا بابەتێكی تری سەرقاڵكردنی خەڵك رووداوەكانی میسرە، بە پێچوانەی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، لە میسر كورتكردنەوە و كۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتدارێتی مورسی و ڕاگرتنی دەستوری ئەو وڵاتە ئەنجام درا و ئەوەش جۆرێكی تر لە بۆچونی دژ بەیەكی لە باشوری كوردستان بە دوای خۆیدا هێناوە.
لە مژاری دووەمدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لابردنی محەمەد مورسی بە كارێكی باش دەزانن و پێیان وایە ئەوەی سوپاكردی بەدەنگەوە چونی داخوازییەكانی خەڵكی سەرشەقام بوو كە بە شێوازی حكومی مورسی ڕازی نەبوون، ئۆپوزسیونی ئیسلامێش لە كوردستان پێیان وایە ئۆپوزسیونی میسر بەهاوكاری سوپای ئەو وڵاتە كودەتایان بەسەر شەرعیەتی مورسیدا كردووە بۆ ئەوەی لە كورسی دەسەڵات دوری بخەنەوە، ئێستا خەمی ئەو حزبانەی لای خۆمان لە لایەك بەشێكیان خەمەكەیان دریژكردنەوەی سەرۆكایەتی و پاراستنی كورسییە، لە لایەكیتر و بەشێكی تریان خەمی گەورەیان لە سەرۆكایەتی خستن و دورخستنەوەی مورسییە، خەمخۆرەكانی كورسی و مورسی جارێ لە خەمی وڵات و گەلەكەی خۆیان نەپرسی، دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەگەر پێیان وایە دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵك بگیردرێت و داخوازیەكانیان لە بەرچاو بگیردرێت ئەوە ڕاستە، بەڵام نەك تەنها بۆ میسریەكان و لابردنی مورسی لەسەركورسی، بەڵكو پێویستە ئەوە بۆ كوردستانیش بەڕاو ببینرێت كە خەڵك سەرۆكی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت نەوەكو سەرۆك خۆی بسەپێنی بەسەر خەڵكدا، خۆ ئەگە قسە لە سەر هەڵبژاردن و شەرعیەتە مورسی هەڵبژاردەی خەڵك بوو، ئامانجی چی بوو و چی كرد و چی نەكرد ئەوە بابەتێكی ترە، ئەم تێكەڵ و پێكەڵكردنە لە گوتار و بانێك و دوو هەوا لە كردار و دوو فاقی لە سیاسەتدا چەندە زیان بەگەل دەگەیەنێت لەوەش زیاتر ڕاستگۆیی سیاسیەكان ڕەش دەكات و حزبە دەسەڵاتدارەكانیش دەخاتە بەر نەشتەری توڕەیی گەل، ئەوەی لەم ماوەیەدا بەگفتار زۆرترین جار ناوی هێنرا لە دەمی سیاسیەكانەوە دەگوازرایەوە بۆ ڕاگەیاندنەكان دەستەواژەی سازانی نیشتمانی بوو، بەڵام لە كرداردا ئەوەی بەدی دەكرێت نەك سازان، بەڵكو لێكترازانی نیشتمانی و نەتەوەیش خەریكە روودەدات، ئەوەتا لە باشوری كوردستان حكومی یاسایی كۆتایی پێدێت، بەڵام كورسی دەسەڵات چۆڵ ناكرێت بە بیانوی پێویستی و زەرورەتی سەرۆك بۆ ئەم قۆناغە، لە كاتێدا لەم قۆناغەدا و پیشتریش سەرۆكایەتی هەرێم هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی نەتەوەیی نەبووە و لە سایەیدا سازانی نیشتمانی بەدی نەهاتووە، ئایا دەبێت لە هەشت ساڵی ڕابردوودا كارێك هەنگاوی یەكەمی بۆ نەنرابێت بەشەش مانگ و ساڵ و دوو ساڵ ئەنجام بدرێت؟ لەلایەكی تر ئایا ئەو شینەی بۆ دەسەڵاتەكەی مورسی دەكرێت لە پێناوی چیدایە و چی بۆ كورد دەستەبەر دەكات ئەگەر ئەوەیش هەشت ساڵ سەرۆك بێت؟
لە ڕاستیدا خەمی كورد نە خەمی كورسیە و نەخەمی مورسیە، خەمی گەورەمان نەبونی هەڵوێستی نەتەوەیی و تەبایی و سازانی گشتییە لە پێناوی گەل و نیشتمانەكەماندا، خەمی كورد ئەوەیە لە باشوری كوردستان دەسەڵاتدار خۆی نەسەپێنێت بەسەر گەلدا و لە كات و ساتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و نوێنەر و سەرۆكێك دەستنیشان بكرێت كە خزمەتكار و دڵسۆزی خەڵكەكەی بێت، خەمی كورد ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسەكان پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی توركیا و بزاڤی ئازادیخوازی باكوری كوردستان بكەن بە ئاشكرا و بەكردەوە نەك بە ساردوسڕی نزیكی ئەو مژارە هەستیار و چارەنوسسازە ببنەوە، خەمی كورد ئەوەیە بەهەموو لایەك پشتیوانی و پشتگیری لە دەستكەوتەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەین و هاوكار بین بۆ ئەوەی ئەو دەسكەوتانەی بەدەستخراون لە دەست نەچن، نەك هاوشێوەی رژێمی توركیا دژایەتی بكەن و شەڕ و ئاژاوەیان بۆ ساز بكرێت و سنوریان بە سەردا دابخرێت، خەمی كورد ئەوەیە خەبات و تێكۆشانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەنجام بگات و چیتر لە مافی ڕەوای خۆیان بێبەش نەكرێن و لاوەكان تەنها لەبەر بیروڕایەكی كوردانە ڕاپێچی بەردەم پەتی سێدارە نەكرێن، ئەوانە خەمی گەورەی نەتەوەی كوردە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت و رۆژەڤی سەرەكی هەموو لایەك بێت نەك دەسەڵات و كورسی و مورسی.