کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ململانێى دێرینى خوێناوى نیوان نەوشێروان و مەسعود بەرەو كوێ دەڕوات؟؟.

Friday, 25/02/2011, 12:00




لەبەر ئەوەى سەركرەى پارتى لە خێزانێكەوە هەڵقوڵاوە هەم دەسەڵاتى ئاینى وهەم دەسەڵاتى دونیایى هەبووە، بەوەى دەسەڵات و ئاین تێكەڵ بووە، لە زەمینەیەكى وادا سەركردەى ئەو حزبە فێرى ئەوە بووە تەنها فەرمان بدات و خەڵك جێبەجێى بكات، كاتێك یەكێتى دروست دەبێت ئەوان ئەوەیان پێ هەزم ناكرێت و گرژى بەردەوام دەكەوێتە نێوان هەردوولاوە، كە قورسترین و خوێناویترین ئەو گرژییە كارەساتى هەكارى بوو كە یەكێتى وا لێكى دەدایەوە ئەوان چوونە بۆ چەك بۆ سوریاو پارتى لێیانى داوە، پارتیش پێى دەڵێت حەملەى هەزار جاشى كە بە تەفسیرى ئەوان ئەو كاتە هاتوون بۆ هەكارى بۆ ڕیشەكێش كردنى پارتى. نەوشێروان دەڵێت ئەو كاتەى هێزەكان جوڵاون بۆ هەكارى هەندێك كەس هەبووە ڕەوشەكەى ئارام دەكردەوەو باسى براى و تەبایى دەكرد ئەو پێى وابووە دەبوایە ئەو هێزانە بە باشترین شێوە تەیار بكرانایە بۆ ئەوەى دوو دڵ نەبونایە لە ئەنجامدانى ئەوەى بۆى دەچوون، بێ گومان حزبێكێش ئامادەكرابوو بە ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان كە ئەگەر پارتە ئەەسڵەكە كۆتایى پێ هات ببێتە یەكێك لە بەشەكانى یەكێتى، ئەو هێزە كە چووە بادینان ئەگەر لەوێ بمایەتەوە نەچوایەتە هەكارى ئێستا تەنها حزبێك دەبوو بە ناوى یەكێتى، بەڵام هێزەكە دەێتە ئەوێ لە شەوى دامەزراندنى یەكێتیدا رەبایەیەكى پارتى دەگیرێت و ئامر مەفرەزەكەش كە بەرزانییەك دەبێت دەكوژرێت، ئیتر ئەو دوایى ڕووداوەكە خەڵك دەیزانێت، ئەوەى ڕاستى بێت یەكێتیش و پارتیش هەردوولایان بڕوایان بە حزبى قائد هەبوو، واتە هەریەكەیان دەیانەویست خۆیان حزبى سەرەكى بن و هەندێك حزبى وردە لە ژێر باڵى ئەواندا بێت.كە ئەم دۆخە لە نەوەتەكانیشدا لە هەردوو ئیدارە هەر وابووە. نەوشێروان لە كاتى لاوێتیدا پارتى ئازارى دەدات ورقى لە پارتى بووە، لەوەیە هەر ئەو هۆیەش بێت تاڵەبانى ئەو ڕۆڵەى پێ دابێت لە ناو یەكێتیدا، بەڵام نەوشێروان پاش ڕاپەرین رەئى وا بوو حكومەت تەسلیمى پارتى بكرێت بەو دەنگە كەمەى كە لە پێشەوە بوون، بەڵام هاورێكانى بەوە ڕازى نەبوون و پێیان وابووە ئەگەر لە دەسەڵات نەبن خەڵكیان لە گەڵدا نامێنێت، بەڵام شایەتى ئەوە بۆ نەوشیروان دەدرێت كە لە شەڕى نەوەتەكاندا رۆلى لە شەرى ناوخۆدا نەبووە، تەنها هەڵوێستى جۆراوجۆرى هەبووە، هەرچەندە شەوێكیان بووە زرمەى ئاربیجى و وتیان لە ناوچەى پارتى دراوە، دوایى برادەرێكى یەكێتى وتى(كە ئەم قسە تاكید نییە) نەوشێروان بڕیارى داوە لەهەموو جێگاكان پێكەوە لە یەك كاتدا لێیان بدەن، بێ گومان دیارە ئەو كاتە ئاڵۆزى لە نێوان یەكێتى و پارتیدا هەبوو، ئەگەر سەهو نەبم دەیانوت نیچیرڤان بە هێزێكەوە شەقڵاوەى گرتووە، لە حەقیقەتیشدا لێدانى ناوچەكانى پارتى ئەو شەوە مەنتقى نەبوو لەبەر ئەوەى بارەگاكانیان لە ناوچەكانى یەكێتى ئەوەندە لاواز بوون پێویستى بە تەقەى تفەنگ نەبوو بۆ دەركردنیان لە بارەگا.
ئێستاش جەنگەكە دیسانەوە كەوتوەتە نێوان نەوشێروان ومەسعود كە ئەداى خراپى دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى هۆكارى سەرەكى بوون گۆران ببێتە هێزێكى جەماوەرى بەرچاو، بەڵام ئەوەى كە ئەمرۆ كارێكى ترسناكە هێرش كردنە بۆ سەر بارەگاكانى پارتى كە ئەوەى سلێمانى دەریدەخات دەستێك هەیە بۆ ئاراستەكردنى خۆپیشاندەران بۆ بارەگاكانى پارتى، چونكە كاتێك خۆپیشاندەران بەوێدا رۆیشتون لە بارەگاكە ڕەتبوون و لەوە دەچێت نیازى بەردبارانكردنى پارتیان نەبوبێت، پارتییەكان دەڵێن ئێمە دڵنیاین كە گۆڕان ئەو كارە دەكات، من بۆ خۆم داوام لە هەندێك كادرى سەر بە پارتى كرد باشتر وایە ئەوان ئەم ماوەیە هەموو بارەگاكانیان دابخەن، كارێكى ڕەوا نییە پارتى تەقە لە مندالى چواردە ساڵان دەكات، بە نوشێروانیش دەڵێم ئەگەرــ ئەگەر ـ ئەگەر ئەو قسەیەى پارتى ڕاست بێت ئێوە خەڵك دەنێرنە سەر بارەگاكانى پارتى ئەوە منداڵى خەڵك بە كوشت مەدەن خۆتان بچن ئاربیجى پێوە بنەن.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە