کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن له‌وانیش حیزبییه‌کان

Saturday, 04/08/2012, 12:00





له‌و چوار پێنج ساڵه‌ی دواییدا به‌هۆی نه‌بوونی به‌رنامه‌ی باش و سه‌رنجڕاکێش که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن له‌وانیش حیزبییه‌کان بۆ ڕاکێشانی بینه‌ر خه‌ریکی چه‌ند مۆدێله‌ به‌رنامه‌یه‌کی له‌ هه‌موو ڕووێکه‌وه‌ سه‌قه‌تن. چونکه‌ له‌ دواجاردا دروستکردنی ئه‌و به‌رنامانه‌ ئیشکردنه‌ له‌سه‌ر شکاندی که‌رامه‌تی ئینسان.

یه‌که‌مینی ئه‌و به‌رنامانه‌، ئه‌و به‌رنامه‌ خێرخوازییانه‌ن بۆ کۆمه‌کی هه‌ژاران. به‌وه‌ی ستافی به‌رنامه‌که‌ هه‌رجاره‌ و سه‌ردانی ماڵه‌ هه‌ژارێک ده‌که‌ن و حاڵ و گوزه‌رانی هه‌ژاره‌که‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رچاوی بینه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان زگیان پێ بسووتێ و کۆمه‌کێکی پێ بکه‌ن. بۆیه‌ ده‌ڵێم زگپێسووتان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رنامه‌که‌ که‌ش و هه‌وایه‌ک بۆ هه‌ژاره‌که‌ دروست ده‌که‌ن هه‌تا به‌ فرمێسک بکه‌وێته‌ کڕوزانه‌وه‌ له‌ ده‌ست ناله‌باری ژیانی و داوای یارمه‌تی له‌ خه‌ڵک بکات.
هه‌رچه‌نده‌ بیانووی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ هاندانی خه‌ڵکه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ژاران به‌ڵام ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ لێی ڕاکێشانی سه‌رنجی بینه‌ره‌ له‌ ڕێی عاتیفه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا مرۆڤێک به‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکی له‌ شه‌رم و که‌رامه‌ت ڕووتی بکه‌یه‌وه‌ و سووکی بکه‌ی ئه‌وه‌ چاکه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵی ده‌که‌یت.

دووه‌مین به‌رنامه‌، به‌رنامه‌ی چاودێرییه‌. ئه‌وه‌شیان دوو جۆری هه‌یه‌، یه‌که‌میان چاودێریکردنه‌ به‌سه‌ر پاک و خاوێنی و ماوه‌ی به‌سه‌رچووی خواردن، که‌ چێشتخانه‌ و سوپه‌رمارکێت و..هتد ده‌گرێته‌وه‌. ستافی ئه‌و به‌رنامه جگه‌ له‌ کامێرامان و پێشکه‌شکار کارمه‌ندی ته‌ندروستی و یاساییشی تێدا. زۆرجاریش پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌که‌ دوور له‌ پیشه‌ی خۆی رێنمایی ته‌ندروستی یان به‌شێوه‌یه‌ک ته‌حقیق له‌گه‌ڵ سه‌رپێچیکار(فرۆشیار)ه‌‌که‌ ده‌کا وه‌ک بڵێی له‌ داخی ئه‌وه‌ بێت ڕێکلامی به‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی ئه‌و نه‌دابێت.
گوایه‌ بیانووی به‌رنامه‌که‌‌ له‌ پێناوێ ته‌ندروستی هاوڵاتیانه‌ و دیاره‌ قسه‌ی ئێمه‌ش‌ له‌سه‌ر هه‌بوون یان نه‌بوونی چاودێری ته‌ندروستی‌ به‌سه‌ر خۆراک و مادده‌ی به‌سه‌رچووه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ به‌ هه‌ر سه‌رپێچییه‌ک و هه‌ر تۆمه‌تێکی هه‌بێ ئیشی ته‌له‌ڤزیۆن نییه‌ ئیبرازی ده‌موچاوی بکا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی بێ جارێکی تر بێته‌وه‌ ناو کۆمه‌ڵگا.

جۆری دووه‌مینی به‌رنامه‌که‌، چاودێریکردنه‌ به‌سه‌ر دار، به‌رد، ئه‌رز و ئاسمان. پێکدادانێکی ئۆتۆمبێل یان ماڵێک بسووتێ ئه‌و چاودێره‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ له‌وێیه‌ ئه‌و زوو فریاکه‌وتنه‌ش به‌هۆی سه‌مه‌ره‌یی به‌رنامه‌که‌یه‌ که‌ جۆره‌ ناهۆشیارییه‌کی بڵاوکردیته‌وه‌، ماڵێک ئاگر بگرێ خه‌ڵک به‌رله‌وه‌ی تێل بۆ ئاگرکوژێنه‌وه‌ بکه‌ن بۆ ستافی به‌رنامه‌که‌ی‌‌ ده‌که‌ن.

هه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه،‌ له‌و شوێنانه‌ی ئاستی هۆشیاری تێدا به‌رزه‌ مرۆڤ کێشه‌ و گرفت یان هه‌ر شتیكی تری له‌و بابه‌ته‌ی هه‌بێ بۆ به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی وه‌کو که‌یسێک ده‌یفرۆشێته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ هیچ جێیه‌کی دنیا جودا له‌وه‌ی حیزب بۆی نییه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ له‌ هه‌مان کات هیچ ته‌له‌ڤزیۆنێکیش له‌خۆیه‌وه‌ ناتوانێ سه‌ر بکا به‌ ماڵان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە