نەوشیروان مستەفا تەقە لە مێژووی خۆی ئەکات!
Tuesday, 02/07/2013, 12:00
2931 بینراوە
زمانی سیاسی دروست کراوە تا درۆ وەک راستی ببینن ، کوشتنی خەڵک بەهەر ناوێک بکاتە شانازی و سەروەری .
جۆرج ئۆروێل
ئەوەی دەست بەسەر رابردوو دابگرێت، بەسەر ئاییندەش زاڵ دەبێت. جۆرج ئۆروێل
نەوشیروان مستەفا هەرگیز ناتوانیت مێژوو بە ڕاستی و دروستی بنوسێتەوە ، چونکە خۆی بەشیک بووە لەو مێژووە ناشرینە هەمیشە ئەوانەی بەشدار بوون لە تاوان و خیانەتەکان و زۆرداریدا پاساو ئەهێننەوە بۆ هەموو کارێکی نامرۆڤانەیان . ئاوهاش ناشتوانێت مێژوو بشیوێنێت .
هەرکەس پەرتووکی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) بخوێنێتەوە لەوێ نەوشیروان مستەفا زۆر بە ئاشکرا کارەساتی ساڵی (1975) بە ئاشبەتاڵ ناودەبات ، ساڵانێکی زۆریش ئەم پەرتووکە لەڕێکەوتنێکی نێوان کۆمپانیاکانی (پارتی و یەکێتی) لە بازارەکانی باشوری کوردستان کۆکرایەوە و فرۆشتنی یاساغ کرا ! لەگەڵ دروست بوونی کۆمپانیایی (گۆڕان) سەر لە نوێ ئەم پەرتوکانەیان چاپ کردەوە و خستیانەوە بازاڕەکانی کوردستان بۆ فریودانی خەڵک و بازاڕ گەرم کردن . ئاخر ئەمانە خاوەنی هیچ کەرەستەیەکی نوێ نین جگەلە ئەو مێژووە بۆگەنەی ڕابردوویان کە هەر یەکەیان بە ئارەزووی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی نوسیویانەتەوە ، ئەمانە هەموویان لە یەک ئەچن . پێکەوە لە یەک مەزرا گەورەبوون کە ناویان ناوە قوتابخانەی (کوردایەتی) ئەوەش بەرهەمی شاخ و شاریان کە ئێستا ئەیبینن لە باشوری کوردستان .
تاکی کورد گەورەترین کێشەی ئەوەیە پرسیاری نیە لە مەڕ کارەساتە گەورەکان ، کاتێک پرسیاریش ئەکات ؟ وەڵام وەرناگرێت ، کاتێک وەڵام بە دەست دەخات هەڵویستی نیە ! کاتێک نەوشیروان مستەفا وەڵامی قسەکانی تاڵەبانی دایەوە کە کردبووی لە پلینێۆمی(29-05-2009) لە بەرامبەر تاوانبار کردنی بە کارەساتی هەڵبجە . نەوشیروان ئەڵیت: ئەو کاتی کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا ئێمە زۆر غەمبار بووین کەچی تاڵەبانی هیوای ئەخواست 2-3 هەڵەبجەی تر ڕوو بدات ! تاکی کورد لە مەڕ ووتنی ئەم ڕاستیە (تاڵەبانی) وەک خائینێک سەیر ئەکات و (نەوشیروان)یش وەک پاڵەوان ! لە کاتێک ئەوە راستیە تاڵەبانی دوژمنی سەرسەختی میللەتەکەیەتی و ئەو قسەیەش ڕاستە کە بۆ کارەساتی هەڵەبجە وتویەتی . بەڵام (نەوشیروان)یش خائینە چۆن دەکرێت زیاتر لە (20) ئەمە راستیە لە خەڵکی کوردستان بشارێتەوە ؟ ئەگەر ئەم ڕاستیەی ئەزانی بۆ هەڵوێستی وەرنەگرت ؟ چما زیاتر لە 15 ساڵی تریش لە ناو ئەو حیزبە مایەوە ؟ تا ئێستاش ئەڵیت من کێشەی شەخسیم لەگەڵ (تاڵەبانی) نیە ؟ لە کاتێک تاڵەبانی ئاوا خائین بووە بەرامبەر گەل و نیشتیمانەکەی . ئەی چما تاکی کورد بێ هەڵوێستە لە مەڕ هەردووکیان یەکێکیان وەک خائین سەیر ئەکات و یەکیک وەک پاڵەوان ؟!
(لە نێوان من و مام جەلال 1999-2001) یەکێکی تر لە بیرەوەریەکانی نەوشیروان مستەفایە ئەڵیت: بە مام جەلالم ووت بڕوام بە تۆ نەماوە و دەست ئەکشێنمەوە لە سکرتێری (ی ن ک) ئەتوانیت لە ئێستا بمکوژیت ، بمگریت ، لە کوردستان دەرم بکەیت . کەچی دوای 2 سال دەبێتەوە بەجێگری سکرتێری یەکێتی و هاوشانی (تالەبانی و بارزانی) باشوری کوردستان بە عێراقەوە ئەلکێنن ! کەچی کەس پرسیاری نیە ئەوەت لە چی و ئەمەت لە چی ؟ چۆن دەکریت جاریکی تر متمانە بە کەسێکی ئاوا بکرێت ؟!
لە دوا چاوپێکەوتنی (نەوشیروان مستەفا) لە کەناڵی (ک ن ن) بەرنامەی ڕوو بەڕوو ، ئاشبەتاڵ و خیانەتی (31 ئاب) بە هەڵە هەژمار ئەکات ! خۆی بەرپەرچی پەرتووکەکەی خۆی ئەداتەوە ! دەکرێت ئێمە بپرسین ئەگەر ئەوە ئاشبەتاڵ نەبووە چما لە رابردوو ووتت ئاشبەتاڵە ؟ کەواتە تۆ چەندین ساڵ درۆت لەگەڵ خەڵکی کوردستان کردووە ؟ ڕاستی کارەساتی (1975) ئاشبەتاڵە و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی ئەو بنەماڵەیەوە تۆ ناتوانێت ئەو مێژووە بشیوێنیت هەرگیز .
خوێنەری بەڕیز لە مەڕ (31) ئاب بابزانین نەوشیروان مستەفا ئەڵیت چی لە گۆڤاری نڤار ژمارە (7) پایزی ساڵی 1999 .
نڤار (باشە ئەگەر ڕێزی سەد کەس نەگیرێ ڕێزی خەڵکی تریش ناگیرێت ، یاخود لەوانەیە ئیتر خەڵکی تریش جورئەت نەکا شتێکی لەو جۆرە بکا ؟
نەوشیروان مستەفا (کەواتە خەڵک ئەوە بەهەڵە نازانێت بۆیە نایکات ، تۆ 31 ئابت پێ هەلە بوو ، بەڵام دەیان هەزار پێیان ڕاست بوو ، هاتن شەڕیشیان بۆ کرد).
لێرە ئەم برادەرەی نڤار ئەڵێت ئێمە چەند سەد کەسێک لە 31 ئاب مانمان گرت و پێمان وابوو هەڵە بوو . ناوشیروان مستەفاش پێی ئەڵیت چەند سەد کەس گرنگ نیە مان ئەگریت تۆ 31 ئابت پێ هەڵەیە خەڵکی تر پێی هەڵە نیە و بە 10 هەزاری لەگەڵی بوون و شەڕیان بۆ کرد . لێرە کاکی ڕۆژنامەنوس ڕووی قسەکانی لە دەمی ئەوە بەلام ئەم نەک 31 ئاب لەو کاتە بە هەلە نازانێت بەڵکو پاساو بۆ 31 ئاب ئەهێنێتەوە کە زۆر لە خەڵکی لەگەڵ بوون ! برادەرێک لە وتارێکیدا لە کوردستانپۆست (بەختیار شارەزوری) دەڵیت: ئەوە خەڵکە بڕیار ئەدەن 31 ئاب هەڵەیە یان خیانەت با دەنگ بە مەسعود بارزانی نەدەن ئەگەر پێیان وایە خیانەتە ! ئەم قسەیەی بەڕێزی و قسەکاسنی نەوشیروان مستەفا وەک ئەوە وایە لە کۆتای هەشتاکان لەگەل سەدام بچیتە هەڵبژاردنەوە تا گرەوی ئەوە بکەین کیمیاباران کردنی هەڵەبجەو کارەساتی ئەنفال جینۆسایدە یان جینۆساید نیە ؟! مادام سەدام کاتێک ئەنفالی کوردی کردو کیمیا بارانی هەڵەبجەی کرد بە سەدان هەزار جاشی کورد و بە ملێۆنان عەرەبی لەگەڵ بوو کەواتە سەدام جینۆسایدی گەلی کوردی نەکردووە !!! لە ڕاستی هەر چونە هەڵبژاردن لەگەڵ (مەسعود) و شەرعیەتدان پێی خۆی هەڵبژێرێت مانای وایە (مەسعود) نە خیانەتی کردووە نە هەڵە . ئیدی چ پیویستی بە گرەو کردنێکە کە لە سەرەتادا تیا دۆڕاویت . مێژوو ئاوا نانوسرێتەوەو ئاواش ناشێوینرێت کردنی خیانەت یان تاوان لە سەر زۆری و کەمی هەژمار ناکرێت . بەڵکو مێژوو ئەو تاکانە ئەینوسنەوە کە خۆیان بەشێک نەبوون لەو مێژووە و بێ هیچ مەبەستێک نە میژوو ئەشەوێنن نە بۆ بەرژەوەندی هیچ کەسێک مێژوو بە دڵی ئەوان ئەنوسنەوە . بەڵکو ئەو تاوانە وەک ئەوەی کە روویداوە بە زانستی و بەپێی بەڵگەکان ئەینوسنەوە . بۆیە نەوشیروان ناتوانێت نە مێژووی 31 ئاب بشێوێنێت نە بە ئارەزووی بەرژەوەندیەکانی ئەمڕۆی خۆی پێمان بفرۆشێتەوە . 31 ئاب خیانەتێکی ڕەشی مێژووی بنەماڵەی بارزانیە ئەگەر نەک 10 یان هەزار خەڵکی لەگەڵ بووبێت بەڵکو هەموو میللەتی کوردیشی لەگەڵ بووبێت ئەو ڕۆژە هەر خیانەتە .
ئەو کاتی بە بڕیاری (تاڵەبانی و بارزانی) خوێنی چەندین لاوی کوردیان ڕشت . کەچی نەوشیروان زیاتر لە (4) سەعات لە شینی دایکی مەسعود ئامادەی هەبوو !
29-01-20011 کۆمپانیای (گۆڕان) بەیانێکی حەوت خاڵی دەرکرد داوای کرد لە ماوەی (3) مانگدا حوکومەت و پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و ئامادەی بکڕێت بۆ هەڵبژاردنی نوێ . چەند چاوپێکەوتنێکی (نەوشیروان مستەفا)ی بە دوادا هات . کوردستانی هاوشیوەی (تونس و میسر) ئەشوبهان و هانی خەڵکی ئەدا بۆ خۆپیشاندان .لە (تونس و میسر) خەڵکی ڕژانە سەر شەقامەکان داوای چاکسازیان ئەکرد ،کاتێک خوێنی خەڵک ڕژا داوای کەللەی سەری (بن عەلی و موبارەک)یان کرد دەرەنجام یەکێکیان هەڵفڕاندو یەکێکیشیان لە قەفەز کرد . لە کوردستان خەڵک هەمان داوای هەبوو ، کاتێک خوێنی خەڵکیان ڕشت داوا کاری خەڵک بووبە کەللەی سری (تالەبانی و بارزانی) . هەرزوو بە پیلانی کۆمپانیای (گۆران) چەند نوسەرێکی خانەنشین کراویان خزاندە ناو خۆپیشاندەران و بە ناوی بە ئاشتی بە ئاشت و ئەڵلاهو ئەکبەر و کردنی سەرای ئازادی بە کەعبەو قن کردنە ئاسمان ، توڕەبوونی جەماوەریان خاڵی کردەوە . پاشان چەند شاعیر و هەندێک نوسەری گەندەڵیان لە ئەوروپا بردەوە و سەرای ئازادیان کرد بە شوێنی شعر و شانامە خوێندنەوە و فەلسەفە لێدان . یەک ئەندام پەرلەمانیش (خەسێنراوەکان) هەڵویستیان وەرنەگرت و لە(مەزرای حەیوانەکان) بێنە دەرێ و هەڵوێست بەرامبەر کۆمپانیاکەیان وەرگرن ! لە کاتێک هەموو ئەوانە بە دەنگی ئەو خەڵکانەی خۆپیشاندانیان کرد بوون بە ئەندام پەرلەمان . ئاخر ئەوان چۆن هەڵوێست وەربگرن ئەوان فەرمانبەرێکی کۆمپانیان سەرۆکی کۆمپانیا چیان پێبڵێت ئەبێت ئەوە بکەن . زۆر جار ئەبینم و ئەبیهستم بە هەندێکیان ئەڵێن (شێر) ! ئاخر لە چاوی کۆمەڵگای ئێمەوە مێرولە شێرە ئەگینا ئەم هەموو خائینە سەرۆک و سەرکردە نە ئەبوون . شێرێک خەسێنرابێت و کەڵبەی دەرهاتبێت و لە قەفەز کرابێت بەس نەڕەی مابێت دەبێت سودی چی بێت ؟! لە دوایش کۆمپانیایی (گۆڕان) و ئیسلامیە سیاسیەکان بە ناوی کۆبونەوەی (5) قۆڵی و هەبوونی پاکج خوێنی ئەو خەڵکەیان کردە بازرگانی و هەڵیان قوڕاند . خوێنی ئەو گەنجانەی هێشتا ڕژا بوو لە سەر شەقامەکان وشک نە ببۆوە (مەسعود)یان هێنا بۆ گەردەکە و بە بەر چاوی کەس و کاری شەهیدانەوە گەورەو بچوکیان بۆی چەمانەوە . ئەو ڕۆژانە ساڵی (1991) بیر خستمەوە کە (مەسعود و جەلال) چوون بۆ لای سەدام و ماچیان کرد و دەستخۆشیان لێکرد کوردی ئەنفال و کیمیا باران کردووە .
وانەیەک کە لەم وولاتە فێر بووم و تێگەیشتم بۆ ئەم میللەتە هەمیشە لە لوتکەدایە ، لێرە کەسێک هەڵەیەکی سیاسی بکات بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێت . کەسێکیش خیانەت بکات بۆ هەتا هەتایە ئەیخەنە زبڵدانەوە . بەڵام هێشتا تاکی کورد لەو ئاستە نیە بۆیە لە ئێستا چاوەڕیی هیچ ئومێدێکی لێناکرێت چونکە ئامادە نیە ئەم مەیتانەی داویەتی بە کۆڵیاو بۆگەنیان کردووە بنێژێت . ئەمانەی باسم کرد مشتێکە لە خەروارێک بەلام هەر یەکێک لەم هەڵەو خیانەتانە دەبوو کۆتایی بە ژیانی سیاسی ئەم پیاوە بهێنایە .لێ ڕێک پێچەوانەکەیەتی ! ئەم مرۆڤە بە تاقی تەنها هەر چوارپارچەی کوردستان ڕزگار بکات لای من کۆتایی هاتووەکە هەرگیز ئەوە ڕوو نادات . ئاخر ئەو تا ئیستاش ناتوانێت بلێت هەرێمی کوردستان ! هەمیشە ئەڵیت هەرێمی کوردستانی عێراق . تا ئێستا جورئەتی ئەوە ناکات لە کۆمپانیاکەی ئاڵای عێڕاقی دابگرێت ! ئاخر چۆن ئەو ئەتوانێت ئەوە بکات ئەو بڕوای بە عێڕاق هەیە و (8) پەپولەی لە پەرلەمانی عێڕاقی هەیە .
با بزانین بۆ (نەوشیروان مستەفا) بە خۆپیشاندەرانی ووت (تێکدەر وگێرە شێوێن)؟!
نڤار :کەواتە پیویستە ڕۆڵی خەڵک چۆن بێت ، کە خەڵک هەڵەیەکی سیاسی و ڕاستێکیش دەبینێ ، ئەویش لەگەڵ هەلەکە و ڕاستیەکەشدایە ؟
نەوشیروان مستەفا : پێویستە خەڵک بەرامبەر هەموو هەڵەیەک بە چالاکی رابوەستێت ، من لایەنگری ئەوە نیم خەڵک شۆڕش بکات دژی ئەم حوکومەتە یان هەر حوکومەتی هەولیر یان هەر حوکومەتێکی کوردی کە هەیە ، بەڵام پێم خۆشە خەڵک ئەو شیوە شارستانییە بە کاربهێنێ بۆ زەخت کردن و هێنانی گوشار بۆ ئەوەی ئەگەر هەڵەیەکیان بینی لە سەرکردایەتی یەکێک لەم حیزبانە یان سارکردایەتی یەکێک لەم حوکمەتانە ناچاریان بکەن بۆ ئەوەی ڕاستی بکەنەوە ، بەلام نەک پشێوی و ڕوخان و پەلاماردان ، بەڵکو دەتوانن ڕێگەی تر بگرن ، گروپی زەخت کۆبکەنەوە).
تا ئەو کاتی خۆی لە ناو یەکێتی سکرتێری گشتی بوو بەو هەموو ناشرینییەی یەکیتی ئەو ساڵانەی ، ئەوە مافی خۆیەتی بەرگری لە حوکومەتەکەی یەکێتی لە سلێمانی و حوکومەتەکەی پارتی لە هەولێر بکات . لێرە پێمان دەڵیت مادام ئەو لەگەڵ شۆڕش نیە کەواتە ئەو دژی هەموو ئەوانەیە شۆڕش ئەکەن . لە هەمان کات پێمان ئەڵیت نەک ئەو دژی شۆڕشە کە دژی ئەو دوو حوکمەتەی کە باشوری کوردستانیان کردووە بە دوو کەرتەوە تاوان و دزی وفەسادیەکنیش هەژمار ناکرێت هی ئەو ڕۆژانە ، بەڵکو ئەو دژی شۆڕشە دژی هەر حوکمەتێکی کوردی ئیدی چەند خراپ بێت چەند فەساد بێت چەند خیانەت کاربێت ، وەک ئەوەی کە لە ئێستادا لە باشوری کوردستان هەیە . لێرە خوێنەر دەتوانێت ئەوەی بۆ ڕوون بێتەوە کە ئەم گۆرانەی ئەم دروستی کردووە بۆ موکیاج کردنی ئەو دەسەڵاتەیە واتە خزمەت کردنی ئەوانە نەک خەلکی . لە هەمان کات لەگەڵ پشیوی دروشمی ڕووخان پەلاماردان نیە ! ئیدی ئەوە ڕوونە بۆ بەو خۆپیشاندەرانەی ووت تێکدەرو و گێڕە شێوێن .
بۆچی هەموو کۆیللەکان هەمیشە هەمووشت لە مانە قبووڵ ئەکەن و پاساویشیان بۆ ئەهێننەوە ؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە پێویستمان بە ڕۆمانی (1984) جۆرج ئۆروێڵ هەیە کە لە سالی (1948) بڵاوی کردەوە ساڵیک بەر لە مردنی بە نەخۆشی سیل ، ئەو کات پێشبینی ئەم ڕۆژانەی ئەمڕۆی کردبوو کە کۆمەڵگا دیسیۆتۆپیایە، هەموو شتێك لەپێناوی حزبێكەوە، كە براگەورە سەرپەرشتی دەكات، حكومەتەكەی یان حیزبەکەی براگەورە لەچوار وەزارەت پێك هاتووە:1- وەزارەتی (عەشقە) كاری ئەو وەزارەتە دروستكردنی خوشەویستیە بۆ براگەورە ئەگەر بە ئەشكەنجەش بێت. 2- وەزارەتی (هەقیقەتە) ئەو وەزارەتە كاری ئەوەیە هەقیقەت تەزویر بكات. 3- وەزارەتی (فەراهەمبوونە) كە كاری ئابووری دەكات. 4-وەزارەتی ئاشتی كاری جەنگ بەڕێوەدەبات. پاڵەوانەكانی ئەو رۆمانە لەو كۆمەڵگایەدا ناتوانن بیر لەداهاتوو بكەنەوە، چونكە پۆلیسی خەیاڵ پێیان دەزانێ و دواتر ئەشكەنجەیان دەدات.
دیارە لە باتی ئاشکەنجە، پیویستە درۆ و پاساو بۆ برا گەورە بهێنرێتەوە تا برا گەورە خۆشەویست بکەن ، یان هەوڵی شکاندن و توهمەی ئەخلاقی و هێرشی شەخسی بکەنە سەر ئەوانەی برا گەورەیان قبوول نیە .
وەزارەتی جەنگیش کۆمەڵیک بە ناو ڕووناکبیری خانەنشین کراوون کە کراوون بە (پالەوانی پەشمەک) لە ڕێگای کەنالەکانی حیزبەوە و وێنەگرتن لە گەڵ براگەورەکان لە ناو خەڵک گەورەکراوون و وێنەی خەیاڵیان بۆ دروستکراوە ، ئەوان جەنگ ئەمڕۆ بە قەلەمە کولەکانیان و زمانە سواوەکانیان بەڕێوە دەبەن .
سەرچاوە ...
خوێنەر دەتوانێت بۆ بەدەست خستنی چاوپیکەوتنەکەی نەوشیروان مستەفاو گۆڤای نڤار ، لە پەرتووکی ژیان و نهێنیەکانی نەوشیروان مستەفا دەستی بکەوێت ل 291-308 .