رئۆف عوسمان: توركیا پێشنیاری رەوشێكی تایبەتە بۆ كەركوك و دەخوازێت كورد دەستبەرداری مافە رەواكانی خۆی بێت
Saturday, 07/11/2009, 12:00
نزیكەی مانگێكە پەرلەمانی ئێراق لە سەر ئاستی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كوتلە سیاسیەكان، لیژنەی یاسایی پەرلەمان گفتوگۆ لە سەر یاسای هەڵبژاردن دەكری.
لەو گفتوگۆیانە ناوبەناو توركیا، نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا ڕاستەخۆ و ناراستەخۆ بەشداریان كردووە و ، كاریگەریان بەسەر دانوسانەكانەوە هەبووە.
هەموو گوشارەكانیش لە سەر لایەنی كوردیە، كە دەستبەرداری مافەكانی بێ لە كەركوك.
دوای نیوڕۆی ئەمرۆ پەرلەمانی ئێراق جارێكی تر دەستی بە دانیشتنەكانی كردەوە بۆ تاوتوێ كردن، دانوسان و بڕیاردان لە سەر یاسای هەڵبژاردن.
پێشتر سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە گەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبونەوە بۆ تاوتوێ كردنی پرسی كەركوك لە هەندێ لایەنی عەرەب و توركمان بە ئاگایییەوە دەهێننە نێو یاسای هەڵبژاردنەوە دەیانەوێ ڕەوشێكی تایبەت بە كەركوك بدرێ.
دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمان ئەمرۆ لە دوای ئەو دانوسانە دێ كە لە دانیشتنی پێنج شەممەی ڕابردوو بەرێوەبرا كە لە سەر پێشنیارێك كە پێشنیارەكانی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەرەی تەوافق و نوێنەرانی كەركوك لە عەرەبو توركمانو ئیتیلافی یەكگرتوو لەخۆ دەگرێ، بە پێی ئەو پێشنیارە نوێیە هەڵبژاردنی كەركوك لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و بە پێی تۆماری دەنگدەرانی نوێی ساڵی 2009 ئەنجام دەدرێت، بە مەرجێك لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت بۆ وردبوونەوە لە تۆماری دەنگدەران و هاوكات هەڵبژاردنی كەركوك دووبارە بكرێتەوە ئەگەر ڕێژەی پێشێلكارییەكان لە 15% تێپەڕی، هەروەك دوو كورسی پەرلەمان بدرێتە عەرەب و توركمان.
بەڵام فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان ئەمرۆش هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە لە رەتكردنەوەی پێشنیاری بەخشینی دوو كورسی زیادە بە عەرەبو توركمان لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا و رایگەیاند كە پێشنیارەكە لادانە لە دەستور.
هاوپەیمانییەكە داوا لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان كرد شێوازێكی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ بەخشینی كورسی زیادە بە عەرەبو توركمان.
هاوكات ئەندامی پەرلەمانی ئێراق لە سەر لیستی هاوپەیمانی كوردسان ڕەوف عوسمان ڕایگەیاند كە باڵیۆزی توركیا لە ئێراق داوا دەكات پێشنیاری رەوشێكی تایبەت بۆ كەركوك لە هەڵبژاردنەكاندا پەسند بكەین.
ئەوەشی ووت كە فشارەكانی سەریان بۆ پەسند كردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و پێدانی دۆخێكی تایبەت بە شاری كەركوك جگە لە لایەنە ناوخۆییەكانی ئێراق لایەنی دەرەكیشی گرتۆتەوە و باڵیوزی توركیا لە ئێراق فشاری هێناوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر وشیار زێباری وەزیری دەرەوەی ئێراق داوای لە باڵیوزی توركیا كردوە دەست لە فشارەكانی هەڵگرێ.
ڕەئوف عوسمان ڕاشیگەیاند: بە پێی یاسا و كاری دیپلۆماسی باڵیۆزی هیچ وڵاتێك بۆی نییە دەست بخاتە ناو پڕۆژە و یاساكانی ئەو وڵاتەوە. لیستی هاوپەیمانی كوردستان تەنها دوو مەرجی لە سەر پێشنیازەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی پرسی یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی ئێراق هەیە، یەكەم نابێت ناوی كەركوك لە یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی ئێراق بهێندرێ، ئەگەر ناو هێنرا ئەوا كورد هۆڵی كۆبوونەوەكان بەجێدەهێڵێ.
دووەمیش كورسی كۆتا تەرخان نەكرێت بۆ عەرەب و تەنها بۆ توركمانەكان دابین بكرێ. ئەویش بە مەرجێك ئەو كورسییەی كۆتا دوای ئەوە بدرێت بە توركمان، كە پشكی كورسییەكانی كورد لە كەركوك و لە كورسییەكانی نیشتمانی جیا بكرێنەوە، ئینجا كورسییەك بدرێت بە توركمان و ئەو كاتە ئێمە هیچ كێشەیەكمان نابێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست