کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كەركوك گۆمەڵكوژی پاریس ریسوا دەكات

Friday, 18/01/2013, 12:00




چوار شەممە (16/1/2013) لیژنەی هاوبەشی رێكخراوە دیموكراتی وپیشەیی و جەماوەرییەكانی كەركوك، بۆ خاوەنداریەتی لە سێ ژنە سیاسەتمەداری كورد كە بە پیلانگێریەتی نێو دەولەتییەوە تیرۆركران، خۆپیشاندانێكی هێمانەی دوور لە توندوتیژی ئەنجامدا لە دووریانی ئیخوانی گەڕەكی رەحیماوا تا بەردەم نووسینگەی مافی مرۆڤی عێراقی لە شاری كەركوك بەردەوام بوو، لەو بوارە بەیاننامەیەك رادەستی نووسینگەی مافی مرۆڤی كەركوكی كرا بۆ ئەوەی رادەستی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی بكرێت، ئەو بەیاننامەیە وەك راگەیاندكارێك كە كۆپییەكی دەستم كەوتووە، لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:
بە ناوی لیژنەی باڵاَی كاری هاوبەشی رێكخراوە دیموكراتی وپیشەیی وجەماوەریەكان و كۆمەلگای مەدەنی كەركوك زۆر بە توندی ئیدانەی شەهید كردنی هەر سێ ژنە چالاكوانی كورد دەكەین، بە ناوەكانی (سەكینە چانسیز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان)، بەداخەوە لە دیموكراتیرین وڵاتێكی ئەوروپا لە پاریس كەپایتەختی فەرەنسایە ئەو تاوانە ئەنجامدرا، لە كاتێكدا هەوڵَی زۆر لە ئارادایە لەلایەن سەركردەكانی گەلی كورد بۆ بەرپاكردنی ئاشتی وپیكەوە ژیان بەتایبەتی ئەو هەوڵانەی كە لە نێوان دەسەڵاتی توركیا و خودی بەرێز ئۆجەلانەدایە، تیرۆركردنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە مەدەنییە هەوڵێكە بۆ شكست هێنان و لەباربردنی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە باكوری كوردستان، لێرە وێرای دووبارە شەرمەزاركردنی كرداری تیرۆركردنی ئەو سی ژنە سیاسەتمەدارە، لە رێگای بەریزتانەوە داوا دەكەین فشار بخرێتە سەر حكومەت و دەسەڵاتی فەرەنسا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و بە زووترین كات تاوانباران رادەستی دادگا بكرێن.

لەلایەكیتر سەبارەت ئەو ریپیوانە (مامە یارا) ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پاریزگای كەركوكی حزبی زەحمەتكیشان كوردستان، كە بەشداری خۆپیشاندانەكە بوو وتی:
ئێمە وەك ریكخراوە پیشەیی و جەماوەریەكانی حزب لایەنە كوردستانیەكانی شاری كەركوك، كاتژمیر 10ی سەر لە بەیانی 16//1 خۆپیشاندانێكی جەماوەرییمان ئەنجامدا بۆ بەردەم نووسینگەی مافی مرۆڤی عێراقی لە كەركوك، یاداشتێكمان ئاراستەی نووسینگەی ناوبراو كرد كە تێیدا زۆر بە توندی ئیدانەی تیرۆركردنی ئەو سی ژنە سیاسەتمەدارە كوردەی كە لە پاریس تیرۆكران داوامان كرد حكومەتی فەرەنسا بكوژانی ئەو سێ چالاكوانە ئاشكرا بكات.
(شامیل قادر) بەشداربوویەكی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بوو وتی:
ئەم هێرشە تیرۆرستییە لە ئەنجامی خەبات و تێكۆشان و بەرخودانی گەلی كورد و بزووتنەوەی ئازادی خوازی كوردستان روودەدات، لەم قۆناغەدا دوژمنانی گەلی كورد و ناحەزانی ئاشتی و دیموكراسی بۆ سەرنەكەوتنی ئەو قۆناغە و تێكشكاندنی ئیرادەی گەلەكەمان پیلانی نەگریسس خۆیان دەگێرن، لەم هێرشەدا تێكۆشانی گەلی كورد و هەم كەسایەتی ژن كراوە بە ئامانجی ئەو هێرشە،(سەكینە چانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان) بەهایەكە گەلی كورد و ژنی كورد بۆ ئازادی داویەتی، ئەو بەهایە تێكۆشان و ئیرادەمان بۆ داوای ماف و ئازادییەكان بەرزتر دەكات.


شایانی باسە بەهۆی تاقینەوە و كارە تیرۆرستیەكانی شاری كەركوك كە لە لە /سەرە بەیانی 16 /1 كە روویاندا، ئەنجامی ئەو كارە تیرۆرستییە كاری كردە سەر ئامادەبووانی خۆپیشاندانەكە، بۆیە ژمارەیەكی كەمتر لە هاوڵاتیان بەشداری خۆپیشاندانەكە بوون,

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە