بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (7)
Friday, 05/04/2013, 12:00
چارەنووسی كۆمەڵەی رزگاری و ئەندامەكانی
كاك هەژارو كاك سەلاح لە دەرفەت دەگەڕان بە بارزانی رابگەیەنن كە شتێكی وا هەیە و داوای پشتیوانی لێ ئەكەین كە چۆن چاوی لە كاژیكە ئاوەهاش چاوی لە ئێمە بێت، بەڵام بە بۆنەی درێژەكێشانی شەڕەوەو گەڕانەوەی ئێمە بۆ گەڵاڵەو دووركەوتنەوەمان لە بارزانی، ماوەی ئەوە نەبوو ئاگاداریی بارزان بكەین. زیاتر خەتاكە دەكەوتە ئەستۆی كاك هەژار، چونكە ئێمە گەڕاینەوە بۆلای گەڵاڵەو چۆمان و كاك هەژار لەگەلأ بارزانی مایەوە، ئەو ئەیتوانی لەو ماوەیەدا مەلامستەفا لەو مەسەلەیە ئاگادار بكاتەوەو بەداخەوە نەیكرد،و لەدواییدا بوو بەبەڵگە بەدەست ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینیەوە هەتا لە ئەنجامدا بەسەرماندا شكایەوەو ئاكامەكەشی بووە هۆی گرتنی ئێمەو گەڕانەوەی كاك سەلاح و كاك محەمەدی موهتەدی بۆ كوردستانی ئێران و قۆڵبەستكردنیان لەلایەن ساواكەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەچەند تێبینیەك بدەم:
- ئێمەی ئەندامانی كۆمەڵەی رزگاری هەموومان پابەندبووین بەمانەوە لەڕیزی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بڕیارماندابوو لێرەبەدوا زیاتر بچینە نێو خەڵكەوەو هەوڵی زیاترمان بۆ ئەوە بێت ناوچەی دیارییكراوی چالاكییەكانمان جێنەهێڵین كار بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەندامانی نەتەوەیی ئامادە بكەین بۆ دوارۆژ ئەگەر حیزبی دیموكرات لە ماركسییەت پاشگەز نەبۆوە، خۆئەگەر حیزبی دیموكرات رێگای نەتەوەیی گرتەوەبەر ئیدی چ پێویست بەمانەوەی كۆمەڵە ناكات و خۆی حەل دەكات.
- لەساڵەكانی 1958-1963 و لەوەش بەدوا، هەر حیزبێك لەكوردستان پێكهاتبا پێویستی بەرەزامەندی بارزانی هەبوو، بۆنموونە خودی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ئەو هەموو خوێندەوارو لاگرەی هەیبوو نەیدەتوانی بێ بارزانی كۆنگرەیەك بگرێت. لە كۆنگرەی چوارو پێنجی پارتی، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدو زۆر لە هاوبیرانی دژی بارزانی بوون، وێڕای ئەوەش بێ بارزانی نەیانتوانی كۆنگرە بگرن و دوایش بەسەرۆكی خۆیان هەڵیانبژاردەوە!! هەروەها حیزبی دیموكراتی كوردستانیش بێ مەلامستەفا بارزانی لە كوردستانی ئێراندا قسەی رەوا نەبوو، رۆشنبیرانمان هەمیشە داوای پشتگیریی بارزانیان لێدەكردین، هەربۆیە ناچاربووین رەزامەندیی بارزانی بۆ كۆمەڵە وەربگرین. بە ئەزمون بۆمان دەركەوتبوو هەر حیزبێك بارزانی پشتگیریی نەكات ناژی، تەنانەت لەساڵەكانی 1964 تاكو حەفتاكان كادرە خوێندەوارەكانی سەر بە باڵی ئیبراهیم ئەحمەد بەناوی پارتی راستەقینەوە شەش سالأ كاریانكردو جگەلەوەی پەناشیان بردە بەر ئێران و دواتریش عێراق، بەڵام ناكام بوون و دواجار جاڕی هەڵوەشاندنەوەی خۆیاندا..
- بەبڕوای من، ئەوەش ئێمەی تووشی ئەو چارەنووسە تاڵە كرد و ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی لێ ئاگادار كردینەوە خوالێخۆشبوو مەلاسەید رەشید بوو كە ئاگاداری وردی سەبارەت بە چۆنێتی دامەزراندنی كۆمەڵەی رزگاری بوو. مەلا عەبدولڕەحمان ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەكانی دەكردو وای لەئێمە دەگەیاند كە رۆژێك دێتە پاڵمان و هاوكاریمان دەكات، بەڵام وادەرنەچوو، بەڵكو چی بینیبوو دوای مانگ و نیوێك ورد ورد ئیسحاقی و موعینی لە جەریانەكە ئاگادار كردبوو.
لێرەدا تۆماری كۆمەڵە دەپێچمەوەو ئەگەرێمەوە بۆ باسی شەڕی پێرس و پیرەكەپرە، لەم شەڕەدا رۆژانە فڕۆكەی عێراقیی و سوریی چەندین جار بەرەی شەڕیان بۆمباران دەكردو ژیان و گوزەران رۆژانە خراپتر دەبوو، بەڵام وێڕای ئەو هەموو فشارەش، هێشتا حكومەتی عێراق هیچ سەركەوتنێكی بەدەستنەهێناو پێشمەرگە سەنگەری خۆیان گرتبوو. رۆژانە پێشمەرگە نانێكی بەردەكەوت، چاوو شەكر هەر نەبوو، ئەوەندە گۆشتی رووتمان خواردبوو نەخۆش كەوتبووین، وەزعی ژیانی برادەرانی حیزب زۆر خراپ بوو، بارەگاو مەقەڕمان نەبوو هەتا بە نۆرە پشوو بدەین، ئێمەش وەك حەرەسەكانی بارزانی بێ شوێن و جێگا بووین، شەوێك سەرلەبەیانی بارزانی ئەكەوێت بەسەر رووداوێكدا كە لە برادەرێكی حیزبی ئێمەی بینیبوو كە مام عەلی عەجەم بوو، مام عەلی تەرسەقولی كۆكردببوەوەو گڕیدابوو هەم بە دوكەڵەكەی مێشولە هاروهاجەكانی چەمی پیرەكەپرەی لەخۆی دوورخستبووەوە كە ئیسراحەتیان لە پێشمەرگە هەڵگرتبوو، هەمیش قتوی جگەرەكەی خستبووەسەرو ئاوو تۆزیك چای تێكردبوو تا دەمبكێشێ و چایەك بنۆشێ. مەلامستەفا كە ئەمەی بینیبوو بەزەیی پێداهاتبووەوەو یەكسەری پێی وتبوو ئەحمەد تۆفیقم بۆ بنیرَە!!
ئەحمەد تۆفیق داوای مەلامستەفای پێ سەیر بوو، هەروەها ئێمەش دەمانپرسی دەبێ بارزانی ئەحمەدی بۆچی بێت؟!! ئەحمەد تۆفیق رۆیشت بۆلای مەلامستەفاو زۆر بەكەیف خۆشییەوە گەڕایەوە، وتی براینە ئەم دوو كەلە شەكرەیان بەدیاری هێنابوو بۆ بارزانی، ئەویش بۆ ئێوەی ناردووەو وتویەتی لەئێستاوە لێرە مەمێنن بڕۆن بۆ لای حاجی ئۆمەران و نزیكی سنوور لەكوێ پێتان خۆشبوو بارەگا بكەنەوە و ئەم برادەرانەش لەم تەنگانەیە رزگابكەن، چونكە ئەوانە فێری ئەم ژیانە نین و خۆئەگەر شتێكتان دەستكەوت و لێتان زیاد بوو بەشی ئێمەش بنێرن. ئەم هەواڵە بۆئێمە خۆشبوو، چونكە تا ئەو كاتە مافی ئەوەیان بە حیزبی ئێمە نەدەدا بنكەو بارەگای سەربەخۆمان هەبێت، تەنیا كەسانی وەك كاك مەلائەبوبەكری گەرماوی بوون هەقی ئەوەیان بوو بنكەیان هەبێت!! لەگەلأ ئەوەش بارزانی فەرمانیكرد پەیوەندیی زیاتر بكەین بە ئەندامانی حیزبەوە لەناو كوردستانی ئێراندا. ئەوەبوو كە هەر ئەو رۆژە چەند وڵاغێكی خۆمان هەبوو هێندێك شتومەكمان لێباركردن و پیرەكەپرەمان بەرەو چۆمان و حاجی ئۆمەران جێهێشت، لەهەمان رێگە لەئاوەكە كردمانە ئەوبەرەوە بەڕێگەی مێرگەسورو برادۆستدا هاتین، شەوێك لەچۆمان بووین یەك چایخانەی لێبوو شەو لەسەربانی ئەو چایخانەیە نووستین و بەیانی مەنزڵمان بردە "ئالانە" كە ئاواییەكی چۆلأ بوو، گشتی چووبووە كوێستان ماڵێكمان كرد بە بارەگای خۆمان نەختێك حەساینەوە. بارزانی پارەیەكی بە ئەحمەد تۆفیق دابوو، كاوڕێكمان لێ كڕی و تۆزێك شەكروچامان لەزینۆی بەدەستهانی و تۆزە تۆزە بەنانی گەنم ئاشتبووینەوە..
لەئالانەدا، دانیشتنێكی حیزبیمان گرت، ناومان نا كۆنفرانسی ئالانە، لەم كۆنفرانسە هێندێك بڕیارماندا، لەوانە گەڕانەوەی كادرەكان بۆ ناو كوردستانی ئێران بەمشێوەیە:
1- سلێمانی موعینی بۆ دەوروبەری مەهابادو سەردەشت.
2- سەید رەشید و مەلا عەبدولڕەحمان بۆ سەرشیوی سەقزو دەوروبەری .
3- من و كاك عومەر بۆ مەریوان و سنە.
بەمجۆرە كارەكانمان دابەشكردو بڕیاریشماندا بە سونێش مقەڕێكی دیكە بكەینەوە. هەر دوای تەواوبوونی كۆنفرانسەكە كاك حەسەن رستگاریش هات بۆئالانەو لەوێ پەیوەندی بە حیزبی دیموكرات و شۆڕشی ئەیلولەوە كردو هەر لەوێ كرابە بە مەسئولی مقەری حیزب، پاشتریش كاك مەلا رەسولی پێشنماز پەیوەندی بە كاك حەسەنەوە كرد. لەم كۆنفراسە بڕیارماندا قەبزی حیزبیی چاپبكەین، ئەوسا رۆنیۆكەمان لە سونێ بوو، لەگەلأ ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی و مەلاسەید رەشیدو مەلا عەبدولڕەحمان و عومەرو ژمارەیەك پێشمەرگە چووین بۆ سونێ. لەوێ لەسەر یەكێك لە خانۆكان مقەڕمان هەڵداو هێشتا هاوین بوو ساردی نەكردبوو پێویستمان بە خانوو نەبوو. هەر ئەوكات كاك رەئوف مەلا حەسەنیش بەیەكجاری سلێمانی جێهێشت و هەر بەگەیشتنی بۆ سونێ كرا بە بەرپرسی مەقەری حیزب.
دوای دانانی مەقەڕ و حەسانەوەمان، هەستیان بە چاپكردنی قەبزەكان، مەلاسەید رەشید مەسئولی چاپخانەو مۆری حیزب بوو، كەس نەیدەتوانی نزیكی چاپخانە ببێتەوە، عومەر كرێكاربوو لەبەردەستی مەلاسەید رەشەیدو فرسەتی هێنابوو بەدزییەوە پرۆگرام و پەیڕەوی لەچاپدابوو بێئەوەی سەید رەشید بزانێت. خەڵكی سەرسنوور بە بیستنی كردنەوەی بارەگای حیزب لە سونێ لەباش و خراپ رێگایان كرایەوە بۆ بارەگاو هەركەس داوای بەیان و رۆژنامەی حیزبیان دەكرد.
عومەر یەك دوو ژمارە لەو پەیڕەوپرۆگرامانە ئەدات بە برادەرێك لەگەلأ خۆی دەیبات بۆ لای سەردەشت، هێشتا ئێمە لە سونێ بووین ژمارەیەك لەو پرۆگرامانە بەهۆی سلێمانی موعینیەوە كە لەودیو دەبێت ئەگاتەوە بە مەقەڕ، دوای ئاشكرابوونی پرۆگرامی كۆمەڵەو پەیدا بوونی ورە ور لەنێو برادەران، مەلاسەید رەشید كە بڕیاربوو بچێت بۆلای سەرشیوی سەقز، لەسەفەرەكەی پەشیمان بووەوەو لەگەلأ ئێمە هات بۆ لای ماوەت و پێنجوێن. هێشتا هەر شەڕەو بەعسییەكان لەسەر حوكمن بەڵام لای ماوەتو پێنجوێن ئارامەو شەڕی تێدا نەبوو، جگەلەوەی كە فڕۆكەكان هێندێك جار ئەهاتنە ئەو ناوەو هێندێك بۆمبیان دەباراند كە زیانێكی ئەوتۆی نەبوو.
ئێمە بەرەو ماوەت هاتین، مستەفاو كاوە (سەلاح و محەمەدی موهتەدی) بەجێمان، ئێمە كە دەمانزانی مستەفاو كاوە ئەكەونە بەر غەزەبی ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی تەنیا دڵمان بەوە خۆشبوو كاك هەژار فریان بكەوێت. چۆمان بیرلێكردبۆوە ئاوا دەرچوو، مستەفاو كاوە لە قەڵادزە دەستبەسەركران و هەژاریش بۆماوەیەك بەناوی ئیجازەوە هاتە قەڵادزە لەلای مستەفاو كاوە مایەوە.
من و عومەر و مەلا عەبدولڕەحمانیش گەیشتینە ماوەت و رۆیشتین بۆ مەكتەبی سیاسیی، كاك عەلی عەبدوڵڵا بەرپرسی كارگیڕی مەكتەب بوو، زۆر بەخێرهاتنی كردین و داوای لێكردین لەگەلأ كاك مەلا ئەبوبەكر بین وئیتر نەگەڕێینەوە بۆلای پشدەرو حاجی ئۆمەران. ئێمە زۆرمان وت و كاك عەلی نەیبیست، وتی كاتێك ئێوە لێرەوە ئەتوانن بچنە ئەودیو كە لە مەنتەقەی ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بن.
ئێمە بڕیارماندابوو قەبزەیەكی حیزبی چاپبكەین بەبێ مۆرو بەبێ ئیمزا، بۆئەوەش لەرێگەی كاك عەلیەوە داوامان لەپارتی كرد كە وەسائلی چاپی هەبوو قەبزەی 5 تمەنی تا 100 تمەنیمان بۆ چاپبكەن لەژێر ناوی "لیژنەی لێقەوماوانی شۆڕشی كوردستانی عێراق"، ئەویش بەم مەرجانە بۆیكردین:
- كە لە كوردستانی ئێران هاتینەوە لە لیوای سلێمانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بمێنینەوە.
- ئەگەر لەگەڵ كاك مەلا ئەبوبەكر نەبین هەر بەناوی حیزبی دیموكراتەوە مقەڕێكمان بۆ بكەنەوە.
- دەستی برد كۆپییەكی پرۆگرامی چاپكراوی كۆمەڵەی دەرهانی و وتی لەمە بكۆڵنەوە بزانە ئەو كەسانە سەر بە چ كۆڕو كۆمەڵێكن..
ئێمە هەموو مەرجەكانمان پەسەند بوو (مەلا ئەبوبەكر) نەبێت، تازە ئەمانزانی دوای ئاشكرابوونی پرۆگرامی كۆمەڵە ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی وازمان لێناهێنن و بەپشتیوانی بارزانی چۆنیان بوێت بەسەرماندادێنن. ئەم رووداو و بەسەرهاتانە هەمووی بەر لەهاتنە سەر حوكمی عەبدولسەلام عارف و كودەتا بەسەر بەعسییەكاندا بوو، بۆیە شتەكە زۆر ترسێنەر نەبوو، چ مەكتەب سیاسیی و چ كاژیكەكان و تەنانەت كاك هەژاریشمان بە پاڵپشتی خۆمان دەزانی و ئومێدمان هەبوو كە بارزانی والێبكەن پشتمان بگرێت و بتوانین ئەحمەد و سلێمان وەتاق بخەین، بەڵام بۆ بێشانسی عەبدولسەلام عارف كودەتای كردو پارتی و مەكتەب سیاسیی دژی مفاوەزات وەستان و چاری بارزانیان نەكردو تۆماری ئێمەشیان پێچایە مەكتەبی سیاسیەوە، ئەحمەد تۆفیق و موعینی، كەڵكیان لە رەوشەكە وەرگرت و جامەدانەی سوریان لەسەر بەست و هەتا پای مەرگ هاتن بۆمان!! ئێمە تاكو چاپكردنی قەبزەكان لەعیساوێ و ئاوكورتی ماینەوە، بەهیوای ئەوەی كەلەسەفەری ئێران گەڕاینەوە لەمەنتەقەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بمێنینەوە، وەرەقەی عەدەم تەعەروزیان بۆكردین بۆئەوەی لەسەر سنوور رێگامان لێنەگرن. ئێمەش لەدەوروبەری مانگی تشرینی یەكەمی 1963 دا ماوەتمان جێهێشت و رومانكردە كوردستانی ئێران، من و كاك عومەر رۆیشتین بۆ سنەو مەریوان و مەلا عەبدولڕحمانیش بەرەو سەرشیوی سەقز، بڕیارماندا لەمێژووی دیارییكراودا لە دیوەخانی حەمەڕەشیدخان لەگوندی داروخانی ناوچەی شلێر یەكبگرینەوە. من لە مەریوان كاك عومەرك جێهێشت و بەتەنیا رۆیشتم بۆ سنە، نزیكەی شەش حەوت رۆژێك لە سنە مامەوە بەتایبەت بەهۆی شەهید سەید سەدیقەوە لە وێڵە پەیوەندییەكانی ئەمجارەمان زیاتر بوو، محەمەدی خریقی و مەلا ساڵح خوسرەوی و چەند برادەرێكی كوردپەروەری تر داوەتیان بۆكردم و ئەو كارانەی كە دەبوو ئەو رۆژانە بكرێت هەمووم جێبەجێكرد، لەكاتی گەڕانەوە شێخ موعتەسەم و شێخ عەبدوڵڵای كوڕی بە جێبەكەی خۆیان منیان تا سەرباخەكەی خۆمان هێناوەو منیش دوای چەند رۆژێكی دیكە لەسەرباخەوە بەرێگەی هەوراماندا گەڕامەوەو لەرێگادا چەند برادەرێكی دیكەی وەك مەلا ئەمین نوینیم بەسەركردەوەو گەڕامەوە شلێرو هەر سێكمان وەك دامان نابوو لەدیوەخانەكەی حەمەڕەشیدخان یەكمانگرتەوەو لەوێوە روومان لەماوەت كردەوە. ئێمە حەزمان ئەكرد ئەگەر مەكتەب سیاسیی مەجالمانبدات بەگەڕێنەوە سونێ بۆ مقەری حیزبی دیموكرات، ئێمە هەستمان بەو گرفتەكردبوو كە دەشێت ئاشكرابوونی كۆمەڵە بۆمان بێنێتەپێش بەڵام پێموابوو دەتوانین ئەو گرفتە چارەسەر بكەین بەتایبەت ئەحمەد تۆفیق قسەی منی وەرئەگرت، بەڵام مەكتەب سیاسی ئیزنی گەڕانەوەی نەداینێ. زانیمان ئەگەر زۆری لەسەر بڕۆین كێشەكە گەورەتر ئەبێت، وتمان باشە ناگەڕێنەوە بەڵام وەك بەڵێنتان داوە ئەبێت مەقەڕێكی جیاوازمان بۆ بكەنەوە كە پەیوەندیی بە مەلا ئەبوبەكرەوە نەبێت، وتیان باشە.
نووسراوێكیان نووسی بۆ ستەك كە ئازوخەمان بۆ سەرفبكەن لەگوندی "وڵیاوا" بەناوی مقەڕی تۆراوەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە نووسراوەكەمان برد بۆ سیتەك و لەوێش رۆیشتین بۆ وڵیاوا، ئەم گوندە مەكتەبێكی تێدابوو گەنجینەی گەنم و جۆی شۆڕش بوو، لەوێ هۆدەیەكی بەتاڵی تێدابوو كردمان بەشوێنی دانیشتن بەرە بەر گەنجینەكان چۆڵبوون و ئەوانیشمان داگیركرد. برادەرانی ئەودیو زانیان مەقەڕمان كردۆتەوە بەگەرمیی هاتوجۆیان ئەكردین، لەسنە سەید عەلی برای شەهید سەید سەدیق لە وڵیاوا چەند رۆژێك لەلامان بوو. عەلی قوتبی كە ئەندامی حیزبی هەڵوەشاوەی شۆڕش بوو دوای چەند ماوەیەك لە بەندیخانە، لە وڵیاوا پەیوەندی كرد بە حیزبەوە. كاك ئەحمەد ناسراو بە ئەحمە بچكۆل پەیوەندیی پێوەكردین. بەم جۆرە رۆژ بە رۆژ برادەرانمان لەزیادبووندا بوون و هەر بەناوی حیزبی دیموكراتەوە ئیشمان دەكردو هیچ پێویست نەبوو ناوی كۆمەڵە بهێنین. هەر لەم ماوەیەدا كاك مەلائەبوبەكر لەگەلأ چەند برادەرێك هاتن بۆ وڵیاوا دووبارەیان كردەوە كە پێكەوە كاربكەین، ئێمە ئامادە نەبووین كۆمیتەی ساخكەرەوە بەفەرمیی بناسین، بەڵام ئامادەی ئەوەبووین هاتوچۆمان هەبێت. هەربۆیە دوای گەڕانەوەی ئەوان ئێمە رۆیشتین بۆ "مڕانێ" لەناوچەی سیوەیل باردیدەكەمان دانەوە. هەتا ئەم ساتەش هەر بەعسییەكان لەسەر حوكم بوون، بەڵام كە عەبدولسەلام كودەتای كرد ئیتر دەوران گۆڕا و باردۆخێكی تازە هاتەكایەوە. ئێمە ئەوەمان بۆ ساخبۆوە كە ئەحمەد تۆفیق و موعینی بۆ لێدانی ئێمە كەڵوەردەگرن و بارزانی ئیجبار دەكەن سەلاحیەتیان بداتێ بۆ تۆڵەسەندنەوە لێمان. پاش گۆڕانی هەلومەرجەكە، من و مەلا عەبدولڕەحمان رۆیشتین بۆ مەكتەب سیاسی و تێمانگەیاندن كە چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی بێنەسەرمان و ئەزێتمان بدەن جا بەر لەوەی ئەوان بێن ئێمە دەچین بۆ سەنگەسەر بۆ بینینی ئەو دووانەو بەهەر زمانێك بووە بەڵكو بتوانین لەدەستیان رزگاربین، مەكتەب سیاسی وتیان باشە بڕۆن بەڵام لەگەڕانەوەدا سەرمان لێ بدەنەوە.
لەم سەفەرەدا نزیكەی 20 رۆژ لە سەنگەسەر ماینەوە، دانیشتنمان لەگەلأ ئەحمەد تۆفیق و موعینی كردو وەعدیاندا نەیەنە سەرمان، بۆخۆمان لە وڵیاوا دانیشین هەتا بارودۆخەكە ئەكەوێت بەلایەكدا، ئەوكات مقەڕەكەی وڵیاواش ئەكەینە بنكەیەكی ترو ئێمە بەڕیوەی دەبەین، داواشمانكرد مواجەهەی بارزانیمان بۆ وەرگرن هەتا ئەویش لەو بەڵێنە ئاگاداربێت، زۆر ماینەوە دیاربوو ئەوان حەزیان نەدەكرد بارزانی ببینین لەوە دەترسان گەر بارزانی ببینین رێگەی پیلانگێڕانیان بۆ نەمێنێتەوە، ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە گەڕاینەوە بۆ وڵیاوا.
هەر لەسەنگەسەر بۆمان دەركەوتبوو كە بارزانی زۆر لە مەكتەب سیاسی توڕەیە، ئەحمەد تۆفیق و موعینیش ئەمەیان زانیبوو زۆر دڵخۆش بوون، وایان بیركردبۆوە كە ئەگەر مەكتەب سیاسی لاواز بێت لێدانی ئێمە بۆ ئەوان ئاسان دەبێت، هەتا دەشهات نێوانی بارزانی و مەكتەب سیاسی دژوارتر دەبوو، لەكاتی گەڕانەوە لەمەكتەب لاماندا، ئەمجارە مەكتەب زۆر قەرەباڵغ بوو، شەو بوو لەژوورێك ئەم بەڕێزانە كۆببوونەوە: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا، سەید عەزیز شەمزینی. لەدەرەوەی ژوورەكەش جەلال تاڵەبانی بە كزییەكەوە لەسەر كورسییەك دانیشتبوو شتێكی ئەنووسی لەسەر مێزەكەی بەردەمی. مەلا عەبدولڕەحمان وتی: مامە تۆ تەشریف ناهێنیتە ژوورەوە، ئەویش وەڵامی دایەوە: ئێوە بچنە ژوورەوە منیش دێم. تا لەوێ بووین هەر نەهاتە ژوورەوەو لەپاشان ئێمە وتمان مام جەلال دەبێت لە جەماعەت تۆرا بێت!!
سەفەرەكەی خۆمان بۆ گێڕانەوەو زۆریش پاڕاینەوە كە هەرچۆن بووە ئەم عاجزییەی نێوان مەكتەب سیاسی و بارزانی نەگاتە شەڕو كوشتار. دیاربوو هەر كاك ئیراهیم قسەكەر بوو، لە وەڵامی قسەكانی ئێمەدا وتی : " جارێكی تر سەر بۆ مەلامستەفا دانانەوێنم وە لێرەش (واتە لەماوەت) رادەوەستم هەتا جامانەسوور ئەگەنە ئێرەو شەڕیان لێرە لەگەلأ ئەكەم، مەلامستەفا وەك قەڵایەك ئاغاو عەشیرەتی بەخۆیەوە هەڵواسیوە بۆئەوە نابێت بەهیچ جۆرێك لەگەڵی دانیشم ، لەگەلأ جەمال گۆرسێل و شای ئێران ئەبم لەگەلأ مەلامستەفا نابم، بەداخەوە من خەڵكی سلێمانیم هەیەو ئەو بارزانی هەیە "
زانیمان قسەكانی ئێمە جێگا ناگرێ، پێمانوتن كە لەقسەكانی ئەحمەد تۆفیق و موعینییەوە وادیاربوو كە ئەگەر ملكەچی بارزانی نەبن دێتە سەرتان ئەوە ئێوە دەتوانن بڕۆن بۆ ئێران ئەی ئێمە چیبكەین؟! وتیان ئەگەر هاتەسەرمان خەبەرتان ئەكەین!! زۆری پێنەچوو پۆل پۆل پێشمەرگە رویانكردە سەنگەسەرو مەكتەب سیاسیان بەجێئەهێشت، لەشەڕێكی یەك دوو رۆژەدا تاقە پێشمەرگەیەكی سەربە پارتی نەمایەوەو هەموو پەیوەندییانكرد بە بارزانییەوە، سەرانی پارتیش بەناچاری خۆیان تەسلیمی ئێران كردو ساحە چۆلأ بوو، ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینیش بۆ ئەو رۆژە دەگەڕان، چوونە لای بارزانی و پێیانوت چەند كەسێكی ئێمە تفەنگی ئێوەیان بردووەو هەتا ئێستا لەپەنای مەكتەب سیاسیدا بوون نەمانتوانی چەكیان بكەین ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە، ئەمری ئەویان وەرگرتبوو بۆ داگیركردنی مەقەڕی ئێمە و مەلا ئەبوبەكر. شەو بوو كۆمەڵێك جامانەسوور گەمارۆی مەقەڕەكەیان داین، لەپێشدا وامانزانی كە بارزانین، كە هاتنەپێشەوە بینیمان پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوون و بەرپرسیان سلێمانی موعینی بوو، هەرچەندە لەگەڵ سلێمانمان وت كەڵكی نەبوو، مەقەڕەكەیان داگیركردو ئێمەیان بە گیراویی برد بۆ چوارتا تاكو تەسلیم بە شۆڕشیان كردین. لەم لاشەوە دوو كەس بەناوی عەلی قوتبی و ئەحمەد بچكۆل تفەنگی ئێمەیان بردبوو بەرەو وێنەو دارۆخان رایانكردبوو، كاك عومەر رۆیشتبوو بەدوای تفەنگەكاندا لەبەرئەوەی كاك عومەریش هەوڵی گرتنی هەبوو، سلێمانی موعینی و جەماعەتێك كەوتبوونە شوێنیان لەدارۆخان هەریەكە لە عەلی قوتبی و ئەحمەدە بچكۆل و شیچخ بایزو عومەر نگڵیان دەستگیر كردبوو، تفەنگفڕێنەكان ئازاد دەكەن و عومەریان بەدەستی بەستراو بردبوو بۆ زیندانی سەنگەسەر. دوای هەشت رۆژ سلێمان هاتەوە بۆ چوارتاو ئێمەشیان برد بۆ سەنگەسەر، هەرشەو چاویان بەستینەوەو بەرەو شوێنێكی دیكە گواستیانینەوە، پاشان بۆم دەركەوت ئەم شوێنە سوڵتانەدێی ناوە، لەم بەندە نزیكەی دوو مانگ ماینەوە بێئەوەی كەس لێمان بپرسێتەوە.
رۆژێك ئاگاداریان كردینەوە كە قازیی حیزب دێت مەحكەمەتان دەكات، لەبەرخۆمانەوە بیرمان لە قازیی حیزب و مەحكەمەی حیزب دەكردەوە، ئەبێ قازیی كێ بێت و چۆن مەحكەمەیەكمان بكات؟! لەدوورەوە سلێمانی موعینی و چەند پێشمەرگەیەك پەیدابوون، هەموو جامانەی سووریان لەسەردابوو، بەكێكی خركەیان لەلای سەروی ئەوانەوە دانیشت، بە حەرەسەكانیان وت فڵانە كەسمان بۆ بێنە، زیندانەكە مەكتەب بوو، ئەوان لەبەردەم پەنجەرەكە دانیشتبوون. یەكەم كەس من بووم رۆیشتم لەبەردەم دادگا رایانگرتم، سلێمانی موعینی وتی: وەڵامی پرسیارەكانی قازیی حیزب كاك محەمەد ئەمینی سیراجی بدەرەوە، كەناوی سیراجی هێنا لەوەڵامدا وتم: ئەو قازیی حیزب نییەو كۆمۆنیستەو هەرگیز ئیعترافیشی پێناكەم، لەوە نەدەترسام بتوانن هیچمان لەگەلأ بكەن چونكە حەرەسەكانمان بارزانی بوون و ئەمان بە بێ ئەمری بارزانی هیچ ناكەن، لەجوابەكەی من كە وتم ئەو پیاوە كۆمۆنیستەو حیزبی نییە دیاربوو پێیان خۆشبوو، ئەوان زۆریان وت و من كەمم بیست ناچار منیان كردەوە بەندیخانەو مەلاعەبدولڕەحمانیان برد، ئەویش لەمن رەقترو خۆڕاگرتر بوو، كاتێك سلێمان و ئەوان ئێمەیان جێهێشت هەڕەشەی زۆریانكرد با ئێوە جوابی قازیی حیزبتان نەدابێتەوە، خۆتان ئەبیننەوە!! دوای ئەوەی ئەچنەوە سەنگەسەر لێژنەیەك پێكئەهێنن بۆئەوەی داوا لەبارزانی بكات ئێمە رەوانەی بادینان بكات بۆ لای ئەسعەد خۆشەوی، لەوێش بەهەر جۆرێك بووە بمانكوژن!! سلێمانی موعینی زۆر سوور ئەبێت كە لیژنەكە هەستێت بە جێبەجێكردنی ئەم كارە، ئەحمە تۆفیق لەگەلأ سلێماندا دەبێتە دەمەقاڵەیان و دەڵێت: رەفیق ئەمانە لەهەموو تاڵیی و ناخۆشییەكی ئێمەدا بەشداربوون و پێنج ساڵە پێكەوە لەسەر سەرینێك پێكەوە دەنوین من ویژدانم رێگەم پێنادات بەم كارە هەڵسم، خۆ كوفریان نەكردوو فەرەزەن با حیزبێكیش دروستكەن، ئەوان لەئیچمە كوردترنو ئێمە هیچمان نییە بتوانین بەر بەئازادی خەڵكی تر بگرین. ئەوەبوو پاش چەند رۆژێك ئێمەیان بردبوو بۆ رانیە، كاتێك خوالێخۆشبوو شێخ محەمەدی هەرسین ئاگادارئەبێت ئێمە گیراوین و برادەرانمان لای بارزانی تێچێنی زۆریان بۆ كردووین، ئەویش هەم لای پارتی و هەم لای بارزانی دەستڕۆیشتبوو، خێرا بەپەلە هاتە بەندیخانەی رانیەو لەگەلأ من و مەلا عەبدولڕەحمان قسەی كردو وتی هەر ئێتا دەرتاندەكەم و بەداخەوە درەنگ پێمزانی دەنا نەمدەهێشت رۆژێك لە بەندیخانە بمێننەوە، بۆبەیانی بارزانی تێئەگەیەنێت، ئەویش ئەحمەد تۆفیق بانگدەكات و ئەڵێت ئەو بۆچی ئەو كەسانەتان تا ئێستا ئازاد نەكردووە، ئەحمەد نازانێت چ وەڵامێك بە بارزانی بداتەوە، هەربۆیە هات و ئێمەی لەزیندان هێنایە دەرەوە، داوایكرد لەگەلأ ئەو بمێنینەوە، ئێمە لەبەرئەوەی زۆر ماندووبووین و بەهۆی زیندانەوە مێشكمان هیلاكبوو داوای ئیجازەو ئیسراحەتمان كرد، لەسەر داوای خۆیان بەماشینی تایبەت ئێمەی هێنایەوە بۆ شاری سلێمانی و دوای ماوەیەك خۆمان بە ئیش و كاری ژیانەوە خەریك كرد، چاوەڕوانی ئەنجامی موفاوەزاتی عبدالسلام عارف و بارزانیمان دەكرد، هەر لەهەمان كاتدا عومەریش لە زیندان ئازادبوو، لەگەلأ كاك سەلاح و كاك محەمەد یەكیانگرتەوەو گەڕانەوە كوردستانی ئێران خۆیان بەدەستەوەدا، بەمجۆرە كۆتایی بەتەمەنی كۆمەڵەی رزگاریش هات!!
بەڵێ دوای سێ مانگ و یەك رۆژ زیندانی، لەهاوینی ساڵی 1964 بەدەستی برادەران ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی، ئازاد كراین، ئیدی بۆ هەتا هەتایە نزیكی ئەو برادەرانە نەكەوتین، بەشێوەی سیاسیی ئامادە نەبوون بۆ رۆژێكیش وەختی خۆمانیان لەگەلأ بەرینەسەر، بەمجۆرە لەگەلأ كۆمەڵەدا كۆتایی بە ژیانی حیزبایەتی ئێمەش هات، هەرچەندە لەساڵی 1973دا، لە كۆمیتەی مۆقەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان نەوعە پەیوەندییەكم هەبوو.
سەرئەنجامی كاك مەلا ئەبوبەكریش بەشێوەیەك بوو كە لەگەلأ مەكتەب سیاسی گەڕایەوە بۆ ئێران و لە گەرماو مایەوەو مەقەڕو شتومەكەكانیان لەلایەن ئەحمەد تۆفیق و سلێمانەوە دەستی بەسەرداگیرا..
ساڵی 1964 لە سلێمانی هەتا مانگی ئابی 1965 لەشاری سلێمانییەوە بە ئیش وكاری شەخسیی و پەیداكردنی بژێوی ژیانەوە خەریكبووم و بەهیوا نەبووم جارێكی دیكە شار بەجێبێڵم و روو لە شاخ بكەمەوە، بەڵام شەڕی دوابڕاوی كوردستان هەر نەبڕایەوەو ناچاردەبووم روو لەسەنگەر بكەمەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەك لەنێًو حیزبی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو پەیوەندیم كرد بە لقی چواری پارتییەوە لەماوەت.
من هەر لەزووەوە بڕیارمدابوو لەهیچ ئۆرگانێكی حیزبیی كارنەكەم، بۆیە هەر شوێنێكی حیزبیان بۆ دانام قبوڵم نەكرد تەنیا داخوازی من ئەوە بوو ببمە پێشمەرگەیەكی سادە لە جەبهەكان خزمەت بكەم، لەدەوروبەری مانگی ئابی 1965دا بەنامەیەكی رەسمی لە لقی چوارەوە پەیوەندیم كرد بە هێزی قەرەداغەوە، لەهێز منیان ناردە لقی سێی شارەزوور، ماوەیەك لەگەلأ عەریف تاڵیب و دواتریش كاك محەمەد فەرەج هەڵەبجەیی سەرلقمان بوو، ئەو پەلەی من پێشمەرگەی بووم سەرپەلەكەمان ئەحمەد رۆستەم بوو، لەگەلأ هەموو ئەو ماندووبوونەی ژیانی پێشمەرگایەتیی تاكو ساڵی 1966هەم كاتبی پەل و هەم پێشمەرگەی جەبهەش بووم. هەر لەو ساڵەدا كە دووبەرەكیی تەواوی هێزی پێشمەرگەی داگرتبوو، لەهێزی قەرەداغ ئینقیلابێكی عەسكەریی روویدا، بەوەش ئیدی پێشمەرگایەتیی لە خەباتێكی نەتەوەیی چووەدەرو بووە جەنگێكی نێوخۆ، ئەوەی من شانازیم بە بەشداریكردن تێیدا نەكردو بڕیاری وازهێنانم دا.
لەكۆبوونەوەیەكی پێشمەرگەییدا لەگوندێكی بناری شارەزوور، رەئیس كەمال وتارێكی دوورودرێژی بۆ پێشمەرگەكان خوێندەوە، وتی : ئێمە لەم شەڕانەدا كە لەگەلأ دەوڵەتی عێراق كردوومانە زیانێكی زۆرمان دیتووە، بۆنموونە ئێستا ئەگەر من لەسوپای عێراقدا بمامایەتەوە پلەی عەقیدم دەبوو ئەمتوانی حەقی كورد وەربگرم بێئەوەی فیشەكێكیش بتەقێنین و كەسێكیش بكوژرێت، خۆئەگەر بەئاشتی ئەو مافەمان چنگ نەكەوتایە ئەوا وەك عەقیدێك توانی كودەتایەكی سەربازیم دەبوو بەسەر حوكمداو بەو كودەتا نەك بەشەڕی شاخ كوردمان رزگاردەكرد..پێشمەرگەكان زۆریان پێخۆشبوو كە كاك كەمال بەم ئاسانییە باسی رزگاریی یەكجارەكیی كوردی بۆ دەكردن و هەموو بەیەكجار دایانە چەپڵەلێدان!! من چەپڵەم لێنەدا، سەرپەلێكمان هەبوو ناوی فەتاحی حەمەڕەزا بوو، وتی ئەوە بۆ چەپڵەت لێنەدا؟! وتم چی بڵێم بەخوا قسەكانیم بۆ قووت نەدەچوو، فەتاح ئەم وەڵامەی زۆر پێناخۆش بوو!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست