په‌یامی کوردستانپۆست بۆ خه‌ڵکه‌ توڕه ‌و ئازاکانی شار‌ی سلێمانی

Thursday, 24/02/2011, 12:00


ئه‌مڕۆ بڕیار بوو نوێنه‌ری کوردستانپۆست له‌ نێو جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو ی به‌رده‌رکی سه‌را وته‌ی کوردستانپۆست بخوێنێته‌وه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی که‌ زمانه‌که‌ی توند و تیژه‌ و سه‌ره‌نجامی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ رێگایان نه‌دا، له‌ کاتێکدا‌ ده‌بوو سنوردانان و سانسۆرکردن بۆ ده‌ربڕینی را و بۆچوونه‌کان نه‌بێت، ئه‌وه‌ی کوردستانپۆست لێره‌دا قسه‌ی لێوه‌کردووه‌، قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ تووڕه‌یه‌شه‌، که‌  رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان. ئێمه‌ ره‌خنه‌ له‌وانه‌ ناگرین لیژنه‌که‌یان پێکهێناوه‌، به‌ڵکو له‌و عه‌قله‌ی ده‌گرین، که‌ واشی له‌وان کردووه‌ له‌ نائاگایی خۆیاندا له‌ بری ده‌سه‌ڵات بوونه‌ته‌ نوێنه‌ریان و وه‌ک عه‌قڵی ده‌سه‌ڵات ره‌فتار ده‌که‌ن،  که‌چی له‌ کاتێکدا که‌سانی نووسه‌ر و شاعیری (جۆکه‌ر هه‌ڵوێست) رێگایان پێده‌درێت له‌وێ شیعر بخوێننه‌وه‌، بۆ خه‌ڵکه‌ راپه‌ڕیوه‌که‌ش ده‌ماری شیعریان گرژ ده‌که‌نه‌وه‌.
لێره‌دا به‌ پێویستمان زانی ئه‌م په‌یامه‌مان‌ بخه‌ینه‌ به‌ر ده‌م ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، که‌ له‌ گۆڕه‌پانی مه‌یدانی ئازادیی له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌را کۆبوونه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش پێیان ده‌ڵێین:له‌گه‌ڵتانداین و لێتان دوور نه‌که‌وتووینه‌ته‌وه‌.


**************************

په‌یامی ستافی کوردستانپۆست !
ئاماده‌ بووانی خۆشه‌ویست!
خه‌ڵکه‌ توڕه ‌و ئازاکه‌ی شاری شار سلێمانی.
گه‌نج و لاوه‌ جه‌ربه‌زه‌ و نه‌ترسه‌کان.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی پاشه‌ڕۆژتانی نادیار و خه‌ماویی کردووه‌، به‌دوای ناسنامه‌ی خۆتاندا وێڵن، لێتان ناگه‌ڕێن له‌ سبه‌ینێی ته‌م و مژاویدا خۆتان و براو خوشک و منداڵه‌کانتان بدۆزنه‌وه‌!
لاوه‌ ئازا و چاو نه‌ترسه‌کانی نه‌وه‌ی 19 ساڵ له‌ حوکمرانی شه‌رمه‌زاریی، له‌ ناشرینی کڵاشدڕه‌کانی شاخ، له‌ شه‌رواڵ پیسه‌کانی مێژووی شه‌رمه‌زاریی.
ئێوه‌ن ئه‌و لاوه‌ نه‌به‌ردانه‌ی که‌ چیدی رێگا ناده‌ن له‌وه‌ زیاتر چاره‌نووستان هێنده‌ی دیکه‌، ره‌ش بێت به‌ قه‌د مێژووی ره‌شی ئه‌وان، له‌وه‌ زیاتر پاشه‌ڕۆژتان به‌ ده‌ستی سه‌رکرده‌ دز و تاڵانچییه‌کان بسپێرن!
ئێمه‌ وه‌ک ستافی کوردستانپۆست، خۆمان به‌شه‌رمه‌زار ده‌زانین، که‌ نه‌مانتوانی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵتاندا بین! ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نا، که‌ ئێمه‌ لێتانه‌وه‌ دوورین.
نا سوێند ده‌خوێن، به‌ پیرۆزێکانی ڕاپه‌ڕین، به‌ جوانی لاپه‌ره‌ی ته‌مه‌ن و بیریی بێگه‌ردیی ئێوه‌، به‌ خوێنی له‌به‌ررۆیشتووتان و به‌ شه‌هید و بریناره‌کانمان، سوێنتان بۆ ده‌خۆین، که‌ ئێمه‌ ده‌یان په‌یامنێری خۆتان ئاسا، جه‌ربه‌زانانه‌ له‌گه‌ڵتاندان. ئێمه‌ش هه‌شت ڕۆژ و شه‌وه‌ خه‌و ئارامی لێهه‌ڵگرتوین و له‌گه‌ڵتانداین.
به‌دڵ و به‌ گیان‌ هه‌واڵه‌کانتان ڕوماڵ ده‌که‌ین و ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ پلانه‌کانی ده‌سه‌ڵات، که‌وا به‌رخورد ده‌کات له‌ ته‌ک داخوازییه‌کانتاندا.

کوردستانیانی ئازیز....
گه‌نجانی شاری سلێمانی و شارو شارۆچکه‌کانی تری ڕاپه‌ڕیو له‌سته‌م و ناعه‌داله‌تی!
هێژایان...
ده‌مانه‌وێ پێتان بڵێین، که‌ ستافی کوردستانپۆست ماوه‌ی ده ‌ساڵه‌ مه‌ترسییه‌کانی گه‌وره‌بوونی بنه‌ماڵه‌ و به‌ دیکتاتۆریی بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی زانیوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌یان به‌ دووژمنی سه‌ره‌کی خۆیان داناوه‌، ئێمه‌ش به‌خوێن، ماندوو بوون، شه‌ونخونی، ترس و هه‌ره‌شه‌، جوێن و گرتن و شه‌هیدبوونمان به‌ره‌نگار بووینه‌ته‌وه‌، قوربانیی ئێمه‌ش وه‌ک نمونه‌کانی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان، که ‌په‌یامنێری نهێنیمان بوون، ده‌سه‌ڵات ترسنۆکانه‌ شه‌هیدی کردن.
ئێمه‌ درێژه‌مان داوه‌ به‌کاره‌کانمان و گوێمان نه‌داوه‌ به‌م ‌ده‌سه‌ڵاته‌، که‌وا له‌ ئاستی ئێوه‌دا ده‌نه‌ڕێنن و له‌ به‌رامبه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستانیشدا رێوییه‌کی ده‌سته‌مۆن‌،
ئه‌وان تا ئیستاش به‌رده‌وام ده‌یان جار به‌ ئێمه‌یان ووتوه‌ خه‌نیتان ده‌که‌ین به‌دۆلار، ماڵپه‌ره‌که‌تان دامه‌خه‌ن، به‌ڵام با ئاسایی بابه‌ت داگرن، چی ده‌ڵێن زه‌وی و موچه‌تان بۆ ده‌بڕینه‌وه‌ ، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان تۆڕی جاسوسیان له‌ ناوماندا چاندبوو، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ڕیسواییان بۆمایه‌وه‌ ، کوردستانپۆستیان هاک کرد، به‌ڵام ده‌یان سه‌دان تێکۆشه‌ری وه‌ک ئێوه‌ به‌ هانامانه‌وه‌ هاتن و ده‌روازه‌ی کارکردنیان بۆ فراوانتر و تۆکمه‌ترکردین.
ستافی کوردستانپۆست له‌ لای ده‌سه‌ڵات وه‌ک دینامێت وایه‌ و قاچاخه‌، بۆیه‌ ناوه‌کانمان وێنه‌کانمان، له‌هه‌موو بازگه ‌و فڕۆکه‌خانه‌کان دانراوه‌ و له‌خه‌ونی ئه‌وه‌دان بکه‌وینه‌ به‌رده‌ستیان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات خه‌یاڵی خاوه‌ ده‌بێ ڕۆژێک بێت ئه‌وان بکه‌ونه ‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک، ئه‌و ڕۆژه‌ش هێنده‌‌ لێمانه‌وه‌ نزیکه‌ هه‌موو ده‌یبینین.
دڵنیابن ئێمه‌ لێره‌ین و ده‌یان ڕیپۆرتاژی مه‌یدانیمان کردوه‌ و ده‌ستمان له ‌شتگه‌لێک داوه‌، که ‌لای ده‌سه‌ڵاتداران سنور به‌زاندنه‌، له‌ناو خۆیاندا ده‌یان سه‌دان هه‌واڵمان بۆ ده‌نێرن، له‌ ناو خودی کۆبونه‌وه‌کانیاندا، له ‌ژووره‌ داخراوه‌کانیان، به‌ مۆبایل ده‌نگی گفتو گۆکانمان بۆ ده‌گوێزنه‌وه‌. ده‌ڵێن به‌س ناومان مه‌ڵێن، باسمان مه‌که‌ن، هێنده‌ی ئیوه‌ زیاتر ڕقمان له‌ کرداره‌کانیانه‌، که‌ ده‌شگه‌نه‌ ئه‌وروپا به‌ده‌ستی دوو یان ده‌ستی یه‌ک داوای په‌یوه‌ندیی ده‌که‌ن، گفتوگۆمان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. هێنده‌ ساده‌ن وا ده‌زانن ئێمه‌ دوایی به‌ زه‌نگی ته‌له‌فۆنێک خاتریان ده‌گرین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆشمان نابوورین و سه‌رکونه‌یان ده‌که‌ین.

ڕاپه‌ڕیوانانی ئازیز ...
کوردستان نیشتمانی هه‌مووانه‌، ئێمه‌ش له‌ خزمه‌تی خاک و نیشتمانداین و به‌خوێن به‌رگری له‌ داواکانتان ده‌که‌ین، ده‌مێکه‌ به‌ چه‌کوشه‌که‌ی کوردستانپۆست سه‌ری به‌تاڵی ده‌سه‌ڵات ده‌کوتینه‌وه‌، کاتێک له ‌سه‌ریان ده‌نووسرێت سه‌ره‌تا به‌هه‌ڕه‌شه‌، دوایی به ‌پاڕانه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێن ئابڕوومان چوو ئه‌و بابه‌ته‌ لابه‌رن. ئێمه‌ هه‌موو جارێک تابلۆ مێژوویییه‌‌که‌ی بیکاسۆیان به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌، کاتێک جه‌نه‌راڵه‌ فاشییه‌که‌ له ‌بیکاسۆ ده‌پرسێ: (ئه‌م تابلۆ جوانه‌ ده‌ستکردی خۆته‌‌؟) بیکاسۆ ده‌ڵێ: نا ده‌ستکردی من نییه‌، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ده‌ستکردی ئه‌و تابلۆ هونه‌رییه‌. مه‌به‌ستی ئه‌‌و تابلۆیه‌ ئه‌و ڕه‌شه‌کوژییه‌ بووه‌، که‌ ‌ له‌ گوندێکی ئیسپانیا فاشسته‌کان پێی هه‌ستاون. ئێمه‌ش به‌ ده‌سه‌لاتی کوردیش ده‌ڵێین: ئه‌وه‌ ئێوه‌ خۆتانن ئه‌و تابلۆ ره‌شه‌ ناشرینه‌تان بۆ خۆتان نه‌خشاندووه‌، بوار ده‌ده‌ن، که‌ نووسه‌ره‌کان به‌و شێوازه‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌ک ڕووتتان بکه‌نه‌وه‌، هونه‌رمه‌ندان بۆ پاشه‌ڕۆژ تابلۆتان له‌سه‌ر دروست بکه‌ن، سرود و گۆرانی به‌سه‌ردا هه‌ڵبده‌ن. نوکته‌تان له‌سه‌ر دروست بکه‌ن، ئێوه‌ خۆتان ده‌ستکردی هه‌موو ئه‌وانه‌ن، نه‌ک ئێمه‌.
ئێمه‌ وه‌ک کوردستانپۆست باوه‌ڕمان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ نییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، دیالۆگ و گفتوگۆ ته‌نها کات به‌سه‌ر بردنه‌ ‌و هیچی تر. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت وله‌گه‌ڵییدا رێکبکه‌ویت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها هی ئه‌وه‌یه‌ نه‌مێنێت و لاببرێت.
ئێمه‌ به‌ پشتیوانی ئێوه‌ تا سیسته‌میی بنه‌ماڵه‌یی و چه‌ته‌گه‌ریی له‌ کوردستاندا ره‌وای هه‌بێت، ناوه‌ستین له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌بین.
یه‌کێک له‌ په‌یامنێره‌که‌مان له‌ناو بازاڕ قسه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند دوکاندارێکدا کردبوو لێی پرسیبوون، که‌ بازاڕ چۆنه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا وتبویان: که‌س له‌ برساندا نامرێ با چه‌ند مانگ بازاڕ نه‌بێت و کاسپی نه‌بێت ‎(گرنگ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌ته‌ بۆ تاکی کورد) ئه‌مه‌ قسه‌ی که‌سانێکه‌ له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی.
ده‌سخۆشیتان لێده‌که‌ین و پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین، که‌ مێژوویه‌کی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆخۆیان له ‌پێناو ئازادیی هه‌موواندا فه‌راهه‌م ده‌که‌ن.
ئێوه‌ شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی کوردن، که‌ ده‌سه‌ڵات لێی سه‌ندوۆته‌وه‌.
ئێوه‌ هیوای کوردن که‌ ئه‌وان لێیان سه‌ندوونه‌ته‌وه‌ و نائومیدیان کردوون.
دڵنیاتان ده‌که‌ینه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ ئێمه‌یه ‌و ڕیسوایی بۆ ئه‌وانه‌‌، چونکه‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو و ناشارستانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌که‌ن.

کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە