کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بەرپرسێكى باڵاى حیزبى دەیەوێت گەرمیان لەسەر خۆى تاپۆبكات

Tuesday, 22/05/2012, 12:00




هاوارێك بۆ:
سەرۆكایەتى هەرێم
سەرۆكایەتى حكومەت
سەرۆكایەتى پەرلەمان

بەرێزان... ئێمە وەكو ژمارەیەكى زۆر رێكخراو وچالاكوانى كۆمەڵى مەدەنى و رۆژنامەنوس و گەنجى سەربەخۆ دەمانەوێت هاوارمان بگەیەنینە لاتان و تكاتان لێبكەین بۆئەوەى بێن بەهانامانەوە و فریامان بكەون، كە دەڤەرى گەرمیان بەدەست ژمارەیەك بەرپرس و بەتایبەت بەرپرسێكى باڵاى حیزبیەوە گیرۆدە بووە و ئەو بەرپرسە كون و كەلەبەر نەماوە دەستوەردانى بۆ مەبەستى تایبەتى و بەرژەوەندى شەخسى تێدانەكات.
لایەنە پەیوەندیدارەكان... تكاتان لێدەكەین لیژنەیەكى لێكۆڵینەوەى باڵا پێكبهێنن بۆ دوورخستنەوەى ئەو بەرپرسە باڵا حیزبیە لە دام و دەزگاكان ئەوكات ئێمەش یارمەتیدەرتان دەبیت بەپێدانى دەیان بەڵگەى گرنگ ، بەپێچەوانەوە گەرمیانیەكان جامى سەبریان لێى دەرژێت و چیتر قەبوڵى ئەوە ناكەن كەسێك یارى بە چارەنووسى دام و دەزگاكانیان بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و بەمیزاجى شەخسى بكات.
هەروەك رووى دەمیشمان لە مەكتەبى سیاسى یەكێتى و شەخسى عیماد ئەحمەد دەكەین كە بانگەشەى چاكسازى و بنەبردنى دەستوەردانى حیزبى دەكەن، كە ئێوەش پشكدارن لەو سەرپێچى و كارە نایاساییانەدا كە هەر رۆژە و لەسەر داواى بەرپرسێكى پاوەنخواز وەكو جوندى شەترەنج فەرمانبەر دێنن و دەیبەن.
بەرێزان... دو كارى ئەو بەرپرسە باڵایە هەوڵدانە بۆ لابردنى بەرێوەبەرى پۆلیسى گەرمیان كە دەیان كەسى خانەوادەكەى شەهیدە و زۆر لەو بەرپرسە زیاترى بۆ نەتەوەكەمان كردووە، كەچى تەنها لەبەرئەوەى رێگەى پێنەداوە دەستبخاتە ناو بەرێوەبەرایەتیەكەیەوە دەیەوێت لایببات و كەسێكى شارەزوورى بخاتە جێگەكەى كەئەمە سوكایەتیە بە گەرمیانیەكان و بنەماڵە شۆرشگێرەكان.
هەروەك لێرەشەوە جەخت دەكەینەوە لەسەر لابردنى چەندین فەرمانبەرى تر لەلایەن ئەو بەرپرسە باڵایەوە و هەوڵدانى بۆ لابردنى چەندین كەسیتر، وە لێرەشەوە بەتوندى رەخنە لە ئیدارەى گەرمیان دەگرین كە ئەو بەرپرسە بە خواستى خۆى بریار لەسەر ئیداراتى گەرمیان دەدات.
ئەو دەستوردانانە لەكاتێكدایە گەر ئێوە لیژنە پێكبهێنن زۆر نهێنى گەورە ترتان لەبارەى ئەو بەرپرسەوە بۆ ئاشكرا دەبێت ، ئەوەش لەكاتێكدایە گەر یەكێتى نیشتیمانى فەرمانرەوا رەخنەى كادیرە دلسۆزەكانى بەهەند وەربگرێت زۆر شتى لەبارەى ئەو بەرپرسە بۆئاشكرا دەبێت.
بۆیە لە كۆتاییدا داوا دەكەین بێن بەهاناى بانگەوازەكەمانەوە و ئەم زوڵم و دەستوەردانە نایاساییە لەسەر گەرمیانیەكان هەڵگرن.

ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس و گەنجى سەربەخۆ لەگەرمیان
22/5/2012



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە