کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌لاغی‌ كۆتایی‌ دانیشتنی‌ هاوبه‌شی‌ باڵای‌ هه‌رسێ‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی‌ كوردستان

Saturday, 23/04/2011, 12:00


هاوڵاتیانی‌ خۆشه‌ویست
ئێمه‌ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن و له‌دانیشتنێكی‌ باڵای‌ نێوانماندا، به‌ گیانێكی‌ لێپرسراوانه‌وه‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێممان هه‌ڵسه‌نگاند و له‌سه‌ر دوایه‌مین ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییه‌كان وه‌ستاین هه‌ر له‌م میانه‌شدا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌ كرده‌وه‌:

1. سوربون و درێژه‌دان له‌سه‌ركاری‌ هاوبه‌شی‌ نێوانمان له‌ پێناو به‌دیهێنانی‌ چاكسازیی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ خواسته‌كانی‌ شه‌قام و راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ قۆناغه‌كه‌.
2. ئیدانه‌كردنی‌ به‌ زۆر شه‌قام پێ چۆڵكردنی‌ سه‌راو مه‌یدانه‌كانی‌ ئازادی‌ و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ یه‌ سیاسی‌ و مه‌ده‌نیه‌كانی‌ هاوڵاتیان و گرتن و ئازاردانی‌ مامۆستایانی‌ زانكۆو زانایانی‌ ئایینی‌ و رۆشنبیران و رۆژنامه‌وانان و قوتابیانی‌ زانكۆ و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی‌ بێ‌ دیفاع.
3. ئێمه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌سایه‌ی‌ بارودۆخی‌ نێوخۆی‌ و په‌ره‌سه‌ندنی‌ روداوه‌كان و كه‌ش و هه‌وای‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ردو حزبه‌ حوكمڕانه‌كه‌ی‌ كوردستان، دو رێگایان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و ئۆپۆزسیۆن و داخوازی‌ چاكسازیی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ واقیعه‌كه‌دا له‌به‌رده‌مدایه‌، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ په‌نابردنه‌ به‌رهێزو هه‌وڵدان بۆ سه‌ركوتكردنی‌ جه‌ماوه‌ر، یان تێگه‌ یشتنێكی‌ واقعی‌ و دروست بۆ گۆڕانكارییه‌كان و ده‌ستكردن به‌ چاكسازییه‌كی‌ بنچینه‌یی‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ راسته‌قینه‌ . به‌ش به‌حاڵی‌ خۆمان ئاواته‌ خوازین حزبه‌ حوكمڕانه‌كان و ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا بژارده‌ی‌ دوه‌م هه‌ڵبژێرین، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئێستاو ئایینده‌ی‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان له‌وه‌دایه‌ و لێپرسراویه‌تی‌ سیاسی‌ و نیشتمانی‌ و یاسایی‌ و ئه‌خلاقیش هه‌ر ئه‌وه‌یان لێ‌ ده‌خوازین.
4. سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ دیالۆگ و رێكاری‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئۆپۆزسیۆن و حزبه‌ حكومڕانه‌كان و بارودۆخی‌ به‌ سه‌ربازگه‌كراوی‌ ئێستای‌ زۆرێ‌ له‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان، گه‌له‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌مان و هاوڵاتیانی‌ خۆشه‌ویست له‌وه‌ ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ چوار چێوه‌ی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازیی‌ هاوبه‌ش ئاماده‌ی‌ دیالۆگێگی‌ جدی‌ و به‌رهه‌مدار بوین، وه‌ك هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌ساته‌وه‌ختی‌ بڕیاردان وده‌ستكردن به‌ چاكسازی‌ . به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ ئێستای‌ هێزه‌ حوكمڕانه‌كانی‌ وڵات جوڵانی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌یان هه‌زار چه‌كدارو به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ ململانێی‌ سیاسیدا، كه ‌ئه‌مه‌ش خۆی‌ له‌ خۆیدا پاشگه‌زبونه‌وه‌یه‌ له‌ دیالۆگ و گرتنه‌پێشی‌ رێكارێكی‌ تر بۆ چاره‌سه‌ر داده‌نرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان خوازیاری‌ دیالۆگی‌ جدی‌ پێنج قۆلین، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌ نه‌هێڵرێ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ داواكردنی‌ دیالۆگ مانای‌ هه‌بێت و ته‌نها بۆ ره‌وایه‌تی‌ دان به‌ هه‌ندێ رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ ناكۆك به‌گیانی‌ دیالۆگ نه‌بێت.
5. ئێمه‌ هاولاتیانی‌ خۆشه‌ویستی‌ كوردستان و جه‌ماوه‌ری‌ چاكسازی‌ خوازو عه‌داله‌تخوازی‌ كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌وه‌ك كۆمه‌لێك هێزی‌ به‌رپرسیار مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین له‌ كاتێكدا به‌توندی‌ ده‌ست به‌ ئامانجی‌ چاكسازی‌ بنچینه‌ی‌ و به‌رگری‌ كردن له‌ مافی‌ هاوڵاتیان و شه‌قامه‌وه‌ ده‌گرین، له‌هه‌مان كاتدا پێداده‌گرین له‌سه‌ر ئاشتیخوازی‌ بونی‌ چالاكیه‌كانمان و دژایه‌تی‌ كردنی‌ توندوتیژی‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان - كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ - یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان
23 / 4 / 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە