باكور لەناو شەڕ و باشوریش لەژێر هەڕەشەدایە
Monday, 21/06/2010, 12:00
پێش ئێستا گومانمان دەكرد و دەمانگوت لەوانەیە كوردستان رووبەڕووی مەترسیەكی گەورە ببێتەوە، بۆیەش دەمانگووت دەسكەوتەكانمان لەژێر هەڕەشەدان. ئێستا مەترسیەكان دەركەوتن و هەڕەشەكانیش كرداریانە بەڕێوەدەچن.
لەباكوری وڵات جارێكی تر شەڕ بۆتەوە بابەتی یەكلاكردنەوەی كێشەكان، لەبەرئەوەی دەوڵەت دانی بەچارەسەری پرسی كورد نەنا، ئەوەی ئەردۆغان و دارودەستەكەی دەیانویست مافێك بەكورد بدرێت لەكارتۆن كارتۆنی تریش بێت. باوەڕدەكەم هەرلایەنێكی سیاسی لەباكور ئەو پرۆژانەی ئەكەپە قەبولأ بكات دەبێتە پەندی زەمانەو دەكەوێتە زبڵدانی مێژوو. بۆیە وەك چۆن لەرابردوو گەلی كورد بەناچاری شەڕی كردبوو لەپێناو پاراستنی شەرەف و كەرامەتی خۆی، ئەمڕۆكەش دیسان ناچارە ئەو پاراستنە بەردەوام بكات، ئەگەرنا وەك بەرخی قوربان دەبێ چاوەڕێی چەقۆبێت.
لەماوەی بیست رۆژی قۆناخی شەڕی پاراستنی نوێدا ئیدی مرۆڤ دەبینێ بەڕاستی رۆڵی ئۆجەلان لەوەستاندنی شەڕ و زەمینەسازكردن بۆ ئاشتی چەند گرنگە، لەبەرەوەش لەو هەلومەرجە سەختەی كە ئەمڕۆش تیادا بەسەری دەبات كەخۆی بەچاڵی مەرگ بەناوی دەكات بەڵام سەلماندویەتی ئەو خۆی گرەنتی شەڕ و ئاشتیە.
ئەگەر دەوڵەتی تورك دەیانەوێت توركیا لەشەڕێكی وێرانكەر بگەڕێنەوە ئەوا رێگای هەرە نزیك دانوستاندنە لە گەلأ ئۆجەلان، ئەگەرنا ئەوانەی تر هەموویان چیرۆكن. توركیا دە جاری تریش بارزانی بانگ كات بۆ ئەنقەرە، شتێك لەپرسی كورد لەتوركیا ناگۆڕێت، بەو مانایەی كەوا نیشانبدەن و بڵێن سەیركەن ئێمە ئۆجەلانمان پەسەندنییە بەڵام ئەوە بارزانییە لەگەلأ ئێمە بەكوردی قسەدەكات. هەرچەند نەیانهێشت ئاڵاكەشی دابنێت و بێ رێزیشیان لەبەرامبەر كرد بەڵام دیسان بارزانی نوێنەری هەرێمی كوردستانە و بەباش و بەخراپ ئەو دەتوانێت لەسەر چارەنوسی ئەم هەرێمە بڕیاربدات.
توركیا بەبێ ئۆجەلان و پەكەكە و بەدەپە ناتوانێت هیچ هەنگاوێك لەپرسی كورد بنێت، ئەوانیش ئەوەندەی خوا حەزكات ئەوەندە پرۆژەو كارنامەو نەخشەڕێیان پێشكەش كردون، بەڕای من لەئێستادا بەرپرسانی توركیا لەمانە باشتر نادۆزێتەوە بۆ موخاتەبەگرتنی كوردانی باكوری كوردستان. ئەگەرنا ئەوەی تر هەمووی كات بەسەر بردنە و هیچی تر. ئەوەی ئەمەوێت سەرنجی بدەمەسەر ئەویش شەڕێك هەڵگیرساوە مرۆڤ نازانێت ئەنجامەكانی بەرەو كوێ دەچێت...
بۆیە لەمڕۆكەدا مەترسێكی زۆرگەورە لەسەر گەلەكەمان هەیە لەباكوری كوردستان.
مەترسی دووەم لەباشوری وڵات بەزەقی دیارە، ئەگەر تۆپباران و تەراتێنی هێزەكانی ئێران و توركیا لەسەرسنور بەوشێوەیە بێت و پێكهێنان و پێكنهێنانی حكومەتیش دیار نییە بەچی دەگات، لەهەردوو روو ئەگەر سونیەكان بگەڕێنەوە دواوە لەپرۆسەكە كورد زەرەر دەكات هەمانكات ئەگەر شیعەش لەپرۆسەكە بگەڕێنەوە دواوە. ئەوەندەی هێزە ناوخۆیەكان لەسەر دەسەڵات لەگەلأ یەكتر ناكۆكن دوو هێندە هێزەكانی دەرەوە مامەڵەی سیاسی خۆیان لەسەر هێزەكانی عێراق تاقی دەكەنەوە.
ئەوەی لەئێستادا كورد لەباشووری كوردستان بیكات ئەویش؛
1- دەبێ پێش هێزەكانی تری عێراق بڕیاری رێكەوتن لەگەلأ هیچ لاێك نەدرێت.
2- كێ زیاتر بەرەو پیری داواكاریەكانی كورد دێت ئەو ببێتە بژاری رێكەوتنی یەكەم، چونكە ئێمەی كورد بەرگەی ناكۆكی نێوان سونە و شیعە و ئێران و ئەمریكا ناگرین.
3- دەبێ لەئێستاوە خەمی ئەوە بخۆین ئەگەر ئەمریكا لەعێراق بكشێتەوە، كورد چی بەسەردێت؟ ئایا هێزە عەرەبیەكان وەك ئێستا لێمان قبولأ دەكەن؟ لەبەرامبەر ئەو پێشهاتانە چی بكرێت باشە؟ چونكە ئەمریكا ناچارە بكشێتەوە بۆیە دەبێ لەئێستاوە گوتارێكی هاوبەشمان هەبێت.
4- كۆكردنەوەی چین و توێژەكان لەدەوری یەكتر بێ جیاوازی و بێ مەبەستی دەسەڵاتداری.
مەترسیەكان ئەگەر بەهاوبەشی رێگریان لێ نەكرێت دیار نییە سەرئەنجام بەكوێ دەگات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست