مرۆڤایه‌تیی ئه‌م سه‌رده‌مه پێویستی خێرای به شۆڕشێک یا خو ڕێنێسانسێکی سیاسیی نوێ له جیهاندا هه‌یه، به‌ڵام نه‌ک نێئۆلیبڕالیزم!
Saturday, 14/03/2009, 12:00
1880 بینراوە
به‌شی دووه‌م
"ئه‌مڕۆ ڕۆژیی جیهانی ژنانه، به‌م بۆنه‌وه ئه‌م ڕۆژه له هه‌مو ژنانیی جیهان و به تایبه‌ت ژنانیی کوردستان پیرۆزبایی ده‌که‌م و ئه‌م نوسراوه‌م له گه‌ڵ چه‌پکه گوڵیی سه‌ربه‌ستیی پێشکه‌ش به هه‌مو ژنانی تێکۆشه‌ر و یه‌کسانیخوازی وڵاته‌که‌م ده‌که‌م!"
له به‌شی یه‌که‌می ئه‌م باسه‌دا جه‌ختم خستبووه سه‌ر هێندێک له خاڵه لاواز و بێ که‌ڵکه‌کانی نێئۆلیبڕالیزم و به کورتی باسم لێ کردبو که بۆچی هێندێک له وڵاته نێئۆلیبڕاڵه‌کان به ناوی هزری لیبڕالیزم و ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌وه هێڕش ده‌که‌نه سه‌ر ده‌ستکه‌وته گرنگه‌کانیی لیبڕالیزم چ له ناو وڵاته‌کانیی خۆیاندا و چ له ڕه‌ده‌ی جیهانیدا. له‌م باسه‌ی ئه‌مڕۆمدا حه‌ول ده‌ده‌م که باسه‌که‌ی پێشوم هه‌ندێک زیاتر شی بکه‌مه‌وه!
مه‌به‌ست له پێشێلکاریه‌کانی هزری لیبڕالیزم له لایه‌ن نێئۆلیبڕاڵهکانهوه له ڕه‌ده‌ی جیهانیی و سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ئه‌و وڵاته پێشێلکارانه بۆ نمونه له ده‌ست تێوه‌ردان له کار و باری وڵاتانیی دیکه‌وه و پێشێلکردنی ئیستیقلال و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاتانه‌وه بگره هه‌تا دستدرێژیکردن و هێرشی نیزامیی و نانه‌وه‌ی ئاژاوه و دووبه‌ره‌کی و چه‌ند به‌ره‌کیی له‌و وڵاتانه و دروست کردنیی شه‌ڕی ناخۆیی له هێندێک وڵات و ته‌نانه‌ت پشتیوانیی کردن له هه‌ندێک وڵاتیی دیکتاتۆڕ که ڕۆژانه مافی شارومه‌نده‌کانی خۆیان پێشێل ده‌که‌ن و به به‌ستنیی په‌یماننامه و قه‌راردادی تیجاری درێژماوه به کرده‌وه پشتیوانیان لێ ده‌که‌ن! نمونه‌کانی وه‌ک فڕۆشتنی چه‌ک و چۆڵ و ماده‌ی ژه‌هراوی به ڕژیمگهلێکی وه‌ک ئێڕاقی پێش‌و و ئێران، له کاتێکدا که ئه‌و دوو حکومه‌ته دیکتاتۆڕه له گه‌ڵ یه‌کتر له شه‌ڕدا بون و له سه‌دا سه‌د کڕینیی ماده‌ی کیمیایی بۆ به کار هێنانی دژی یه‌کتر له جهبههکانیی شه‌ڕ و له دژی خه‌ڵکیی سیڤیلی یه‌کتر به تایبه‌ت کورده‌کان بوه و ئه‌م وڵاتانه‌ش به بێ سڵ کردن و ته‌نیا بۆ پاراستنیی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان و بۆ قازانجیی له ڕاده به‌ده‌ر ئه‌م که‌ره‌سته و چه‌ک و چۆڵانه‌یان به‌و ڕژیمانه ده‌فرۆشت و له ئه‌زا و له‌بری ئه‌و که‌ره‌ستانه نه‌وت و گازیان لێ وه‌رده‌گرتن و هه‌رگیز به ڕوی خۆیانیان نه‌ده‌هێنا که ئه‌و دیکتاتۆڕانه خه‌ڵک به‌و که‌ره‌سته و مادانه ده‌کوژن! نمونه‌ێکی نوێتر به‌ستنیی قه‌راردادی نوێی حکومه‌تی نێئۆلیبڕاڵی سویسه له گه‌ڵ حکومه‌تیی ئیسلامی ئێران که چه‌ند مانگێک له‌مه پێش له گه‌ڵ ئێران، به چونیی خانمی کاڵمیی ڕای بۆ لای ئهحمهدینهژاد، له‌وێ به‌ستییان و ناوبراو له‌وێ قژیشیی داپۆشیبو! له کاتێکدا که ڕژیمی ئێران ڕۆژانه ژنان سه‌نگسار ده‌کات و خه‌ڵک هه‌ڵده‌واسێت و له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا له شاری کرماشانیی کورد زمانی سوننی و شیعه مه‌زهه‌ب، چه‌نده‌ها که‌سی به هۆی ئایینه‌که‌یانه‌وه واته ئایینی ئه‌هلی سونه‌تیی شافیعی له سێداره داوه و ئه‌مه یه‌که‌مجاریش نیه که ئه‌و ڕژیمه ئه‌م کارانه ده‌کات، به‌ڵکو به درێژایی 30 ساڵ ته‌مه‌نیی نگریسی خۆی هه‌ر خه‌ریکیی هه‌مه جۆره کارێکیی ناشایستی له‌م جۆرانه بووه و له داهاتووشدا و تا ئه‌خیر ساته‌کانیی مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات هه‌ر وا ده‌مێنێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری داهاتوشییدا که له ئێستاوه کاری بۆ ده‌که‌ن، ئه‌و مه‌لا بزماریه لێو به بزهکهش واته خاته‌می بێته‌وه به سه‌رۆک کۆمار، ئه‌م کاره دزێوانه هه‌ر به‌ر ده‌وام ده‌بن. به‌ڵام ڕژیمێکی نێئۆلیبڕاڵی وه‌ک سویس ده‌چێت بڕیارنامه‌ی له گه‌ڵ ده‌به‌ستێت و به‌م کاره‌یشی به کرده‌وه و ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی له ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه‌ی ئه‌و ڕژیمه و پشتیوانی له هه‌ر هه‌مو کاره دزێوانهکانیی ده‌کات و له‌و لایشه‌وه ئیدیعای ڕه‌چاو کردنیی مافیی مرۆڤیش ده‌که‌ن و ده‌یان نمونه‌ی دیکه‌ش وه‌ک نمونه‌ی ده‌ره‌کی له‌م بوارانه‌دا ده‌توانین ناو لێ به‌رین!
مه‌به‌ست له پێشێلکاریه‌کان له ناوخۆی وڵاته نێئۆلیبڕاڵه‌کان، هه‌ڵاواردنی سیستێماتیک و هه‌مه ڕۆژه‌ی بێگانه‌کانی ناو وڵاتی خۆیان و به‌ربه‌ست دروست کردن له سه‌ر ڕێگای خاریجیهکانیان بۆ پێشکه‌وتن و بۆ بون به کاربه‌ده‌ستێکی خاوه‌ن بڕیار یا خۆ بون به پاڕلهمانتاریست و ئه‌مانه‌یه. ڕه‌نگه به‌لاتانه‌وه سه‌یر بێت که تا ئێستا هیچ بێگانه‌ێک له سویس نه‌بۆته پاڕلهمانتاریست ئه‌مه ڕه‌نگه هه‌ر وه‌ک خه‌ونێک بمێنێته‌وه! ته‌نانه‌ت له ناو دایره‌ی پۆلیسیشدا به ده‌گمه‌ن بێگانه ده‌بیندرێن و ئه‌وانه‌یشی که هه‌ن، ئه‌گه‌ر چی له وڵاتیی سویس له دایک بونه، به‌ڵام به‌م حاڵه‌یشه‌وه هه‌ر له ڕه‌ده‌ی زۆر خواره‌وه‌ی ئیداراتی پۆلیس به کار ده‌هێنرێن. بۆ نمونه وه‌ک پۆلیسیی دژه شۆڕش له ڕۆژی یه‌کیی ئه‌یار، ڕۆژی کرێکاردا به‌کاریان دێنن! ده‌ستگای بورۆکراتیی ئه‌م وڵاته نێئۆلیبڕاڵه هێنده ته‌ویل و درێژ و قورس و نامرۆڤانه و ویشکه، که خاریجیه‌کان وا لێ ده‌کات که یا ئه‌و وڵاته به جێ بێڵن، یا خۆ سه‌ری خۆیان بخه‌نه ناو لاکی خۆیان و به ناوی "ژیانی خۆت بکه و ده‌ست به کڵاوه‌که‌ته‌وه بگره با با نه‌یبات" کارییان به سه‌ر ئه‌م هه‌مو پێشێلکاریانه‌ی مافی مرۆڤه‌وه نه‌دابێت، بۆ ئه‌وه‌ی که سبه‌ی ڕۆژیش وه‌ره‌قه‌ی مانه‌وه و ئیقامهتهکهیان بۆ درێژ بکرێته‌وه!! بێگانه‌کان ته‌نانه‌ت کاتێک که دوای 12 ساڵ داوای مافی شارومه‌ندی ده‌که‌ن و تا ده‌یاندرێتێ ده‌بێته 15 ساڵ و هه‌ندێک جار ڕه‌تییان ده‌که‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر بیشییاندهنێ، به پووڵێکی زۆر که به قه‌ده‌ر ماڵییاتی ساڵێک ده‌بێت، پێیان ده‌فڕۆشن، به‌م حاڵه‌یشه‌وه کاتێک که پاسێکی سور وه‌رده‌گرن و له‌م لاو و له‌و لا و له ئیداره‌کان ده‌ری ده‌خه‌ن، لێیان ده‌پرسن، له کوێ له دایک بوون؟ مه‌به‌ستییان ئه‌وه‌یه که تۆ سویسیی کاغه‌زیت و به‌م شێوه سوکایه‌تییان پێ ده‌که‌ن! من نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته که ئێستا چوارده ساڵه له‌م وڵاته نێئۆلیبڕاڵهی سویس ده‌ژیم و ئه‌م پێشێلکاریانه‌م به هه‌مو بوونمه‌وه هه‌ست پێ کردوه و منداڵه‌کانم له‌م وڵاته له دایک بون، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ناچارم له مانه‌وه له‌م وڵاته، به‌ڵام بڕیارم داوه هه‌رگیز ئه‌م سوکایه‌تیانه په‌سه‌ند نه‌که‌م و هه‌رگیز داوای ئه‌و پاساپۆڕته نه‌که‌م! مه‌گه‌ر بۆخۆیان به بێ داواکاری من و به خۆڕایی داوام لێ بکه‌ن که وه‌ری بگرم، که ئه‌مه‌ش ئاسته‌مه که ڕو بدات، ئه‌گه‌ر نا به پاسیی په‌نابه‌ریه‌وه زۆر بهشهرهفترم!
پێشێل کاریه‌کانی مافی مرۆڤ له وڵاتانی نێئۆلیبڕاڵی و به تایبه‌ت له سویس کاتێک زیاتر ده‌رده‌که‌وێت که که‌سێک له‌م وڵاتانه کاری بکه‌وێته دادگا و تهرهفهکهیشی له دادگا بۆ نمونه سویسیێک یا خۆ شیرکه‌تێکی سویسی بێت و ئه‌وجار دادوه‌ر قهزاوهتت له سه‌ر بکات. بێگانه‌که به شێوه‌ێکی خۆ به خۆ و سیستێماتیک و به بێ ئه‌وه‌ی که پرسیاری لێ کرابێت و وڵامی دابێته‌وه، چه‌ندین پوان و خاڵی نیگاتیڤ وه‌رده‌گرێت و توشیی هه‌ڵاواردن ده‌بێت و هه‌ر ئه‌م شێوه‌ی تێڕوانینه‌ی "دادوه‌ره‌که" خۆ به خۆ ئیمتیازاتێک ده‌دات به تهرهفیی سوسیسیی و له ئاکامدا یا خاریجیهکه ده‌بێت بیدۆڕێنێت و یا ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر ماف لای خاریجی بێت، ئه‌وجار دادوه‌ر به سیاسه‌تی نه سیخ بسوتێت و نه که‌باب کۆتایی پێ دێنێت و مه‌حکه‌مه به مساوی ته‌واو ده‌کات!! واته به‌رژه‌وه‌ندیی لێره‌ش هه‌ر ده‌پارێزن! ئایا ئه‌مه دادوه‌ریه؟ ئایا ئه‌مه مافی مرۆڤی تێدا ڕه‌چاو کراوه؟ ئایا ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ی ئینسافه‌وه؟ وڵامه‌کانی ئه‌م سێ پرسیاره نایه و ئه‌مه به ئاشکرا پێشێلکاریه و ناڕه‌وایه و فڕیان به سه‌ر لیبڕالیزمه‌وه نه‌داوه، به‌ڵکو هه‌مو ده‌چنه خانه‌ی نێئۆلیبڕالیزمه‌وه و له‌وێش ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی ده‌پارێزرێت و نه ئینساف و نه داد و نه شتیی دیکه‌ش ناپارێزرێت!
ئه‌مانه نمونه‌گه‌لێکی بچکۆله له پێشێلکاریه ناوخۆیه‌کانی مافی مرۆڤن له وڵاتانی نێئۆلیبڕاڵی و له حاڵێکدا که هزری لیبڕالیزم پێداگری له سه‌ر ئینساف و داد ده‌کات، به‌ڵام له‌و نمونانه‌دا که باسم لێکردن، به قه‌ده‌ر نوکه ده‌رزیێک ئینساف و داد بوونیان نیه و که‌واته ئه‌و وڵاته‌ش له ڕوانگه‌ی منه‌وه و له ڕوانگه‌ی هزری لیبڕالیستیشهوه، هه‌رگیز ناتوانێت وڵاتێکی ڕه‌چاو کاری مافه‌کانی مرۆڤ و وڵاتێکی لیبڕاڵی بێت.
مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕنیزم، کۆتاییه‌کان و ده‌ستپێکه‌کان
پێویسته که بۆ زانینی چۆنیه‌تیی و کاتی ده‌ست پێکردنیی قۆناخی مۆدێڕنه و پشت سه‌ر خستنیی قۆناخی ناسراو به کۆن، ئاماژه به کۆبونهوهگهلێکی گرنگ به ناوی پێناسه‌ی کۆن و نوێ بکه‌م که له لایه‌ن ئاکاده‌می فه‌ڕانسه له ساڵی 1687وه (سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م) ساز دررا و ئه‌م کۆبونه‌وانه سه‌رجه‌م بیست ساڵیان خایاند، واته تا ساڵی 1707 درێژه‌ی کێشا، به‌ڵام هێشتا ئه‌و کۆبونه‌وه فه‌لسه‌فیه دور و درێژانهش نه‌یتوانی مۆدێڕنیته به‌و جۆره‌ی که هه‌یه و ده‌بێت ببێت، بیناسینێت و چه‌ند و چۆنهکهی پێناسه بکات، تا ئه‌وه‌ی که له ساڵی 1849 له لایه‌ن بۆدلێره‌وه مۆدێڕنیته به باشی پێناسه‌کرا!
باسێک که ماوه‌ێکه له وڵاتانیی لیبڕاڵی، ڕۆژانه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌هلی خوێندنه‌وه و پێداچونه‌وه‌ن به‌رچاو ده‌که‌وێت، باسیی چوونه پێشه‌وه‌ی له مێژینه‌ی هه‌نگاوه‌کان له قۆناخیی مۆدێڕنیزمه‌وه به‌ره‌و پۆست مۆدێڕنیزم ده‌کات. هه‌ندێک له فهیلهسوفانیی ئه‌مڕۆی بواری سیاسی و فه‌لسه‌فی پێیان وایه که مۆدێڕنیزم که زۆر له مێژه ده‌ستی پێ کردوه و له سه‌روی ئه‌م پاڕاگرافهوه باسم لێ کردوه، کۆتایی پێ هاتووه و ئێستا ئێمه له قۆناخی پۆست مۆدێڕنیزمداین!
ئه‌مڕۆکه چه‌مکی مۆدێڕنیزم له لایه‌ن هه‌وادارانیی قوتابخانه‌ی فڕانکفۆڕت که میخایل فۆکۆ و یۆڕگن و هاپڕماس و چه‌ند فه‌یله‌سوفێکی تری ئه‌م قوتابخانه ده‌گرێته‌وه و هاوکات له لایه‌ن فیلهسۆفیی تێئۆلۆژیستی ئاڵمانیی، هانس کۆنگیشه‌وه، ڕه‌خنه‌ی لێده‌گیردرێت و ئه‌وان ئه‌م چه‌مکه‌یان به ته‌واو بوو له قه‌ڵه‌م داوه. هانس کۆنگ فیلهسۆفێکی تێئۆلۆژیستی سه‌ر به که‌نیسه‌ی پڕۆتێستانته که له زانکۆی تۆبنگنی ئاڵمان، هه‌ر ئه‌و زانکۆیه‌ی که له سهدهکانیی هه‌ژده‌هه‌مدا فیلهسوفانی گه‌وره‌ی وه‌ک هۆڵدهڕلین و هێگڵ و شیلینگ تێیدا خوێندبویان، فه‌لسه‌فه‌ی تێئۆلۆژیستی، واته ئایینناسیی ته‌واو کردوه. که‌واته قۆناخی مۆدێڕنه به باوه‌ڕی هه‌ردوک لایان کۆتایی پێ هاتووه و به وته‌ی ئه‌وان ئێستا ئێمه ده‌بێت له قۆناخیی پۆست مۆدێڕنیزمدا به‌سه‌ر ببه‌ین! به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ردوک لایان له پێناسه‌کردنیی کۆتایی قۆناخیی مۆدێڕنیزم و ده‌ست پی کردنیی پۆست مۆدێڕنیزم وه‌ک یه‌ک بیر ناکه‌نه‌وه! هانس کۆنگ پێی وایه که یه‌که‌مین و دوههمیی شه‌ڕی ماڵوێرانکه‌ری جیهانی له قۆناخیی مۆدێڕنه‌دا ڕوی داوه و به کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی واته شه‌ست ساڵێک له‌مه‌و به‌ر، مۆدێڕنیزم ته‌واو بووه و پۆست مۆدێڕنیزم هاتۆته ئاراوه، چونکه پێی وایه که له قۆناخی مۆدێڕنیزمدا هێشتا مرۆڤ شه‌ڕخوازن و به دروست کردنیی هه‌ردوک شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌میی جیهانی که ماڵوێرانیی و خشونه‌ت و وه‌حشیگه‌ری و توند و تیژی له ڕاده به‌ده‌ر تێدا به‌دی ده‌کرا، هێشتا مرۆڤ، ئه‌گه‌ر چی قۆناخیی کۆنی پشت سه‌ر خستبو و له مۆدێڕنیته‌دا ده‌ژییا، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ئه‌و مرۆڤه شه‌ڕخوازه‌که‌ی جارانن. ناوبراو پێی وایه که کاتێک که مرۆڤ ده‌ستییان دایه نوسیینی به‌ییاننامه‌ی جیهانیی مافیی مرۆڤ و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانی پێک هێنا، ئه‌وجار هاتۆته قۆناخی پۆست مۆدێڕنه‌وه!
به‌ڵام زۆر که‌سیی تر پێیان وایه که قوناخی پۆست مۆدێڕن له‌م ئه‌خیرانه‌دا و له ساڵی 1979وه و به هۆی نوسینیی کتێبیی "هه‌ل و مه‌رجی پۆست مۆدێڕن" که له نوسیینی فه‌یله‌سۆفی فه‌ڕانسه‌وی ژان فڕانسوا لێئۆتاڕده، ده‌ستیی پێ کردوه و نه‌ک له کۆتایی شه‌ڕی دوهه‌می جیهانیه‌وه. ئه‌م ده‌سته پێیان وایه که ناوبراو له‌م کتێبه‌یدا به باشی پۆست مۆدێڕنیته‌ی پێناسه کردوه و ئه‌م چه‌مکه‌ش له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه! له هه‌ر حاڵد ئه‌م دو بیره جیاوازه زۆر لێک دور نین و ته‌قریبی بیست و دوساڵێکیان فه‌رقه! ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه ئه‌مڕۆ ئیتر مادام تێپه‌ڕیوه گرنگ نیه، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه که هه‌ر دو بیرۆکه‌که پێیان وایه که قۆناخی پۆست مۆدێڕن ده‌ستیی پێ کردوه و ئێستا ئێمه له‌و قۆناخه‌دا ده‌ژین!
کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ند و یه‌ک له‌وانیش هانس کۆنگ، پێیان وایه که هزری وشکیی نێئۆلیبڕالیزم به هۆی باوه‌ڕه دژه ئایینیه‌کانی لیبڕالیزم و مۆدێڕنیزمه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و په‌یدا بوونی نێئۆلیبڕالیزم ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی لیبڕالیزمه‌وه و پێیان وایه که بۆ ئه‌وه‌ی که نێئۆلیبڕالیزم به‌ری پێ بگیردرێت و له ته‌شه‌نه کردنیی زیاتری به‌رگری بکرێت، پێویسته که هزری پۆست مۆدێڕنیزم گه‌شه بکات! چۆن؟
لیبڕالیزم له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بو که ئایین بکرێت به نیازیی تاکه که‌س و بێ ده‌سه‌ڵات بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی که هیچ که‌س به هۆیی بیر جیایی ئایینی یا خۆ جۆری دیکه له بیر کردنه‌وه سزا نه‌درێت و ئازادیه‌کانی پێشێل نه‌کرێت. واته لیبڕالیزم له دژی فهندامهنتالیزمی ئایینی بوو و ئه‌مه‌ش کارێکی دوروست و به جێ بو و هانس کۆنگیش که خۆی فه‌یله‌سوفێکی ئیمانداره و سه‌ر به پڕۆتهستانهکانه، دیان به‌م ڕاستیه‌دا ده‌نێت و ته‌نانه‌ت پێشی وایه که ئه‌و کاره لازم و زه‌روری بوه، بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ئایینی له ڕاده به‌ده‌ر دهخالهتیی له ژیانیی تایبه‌تیی خه‌ڵکدا کردوه و حه‌ولی داوه که ناو مێشکیی مرۆڤه‌کانیش بۆ خۆی ته‌سخیر بکات. به‌ڵام هاوکات پێیشی وایه که لیبڕاڵه‌کان هه‌ندێک تووند له دژیی ئایین و بیر و باوه‌ڕه‌کانی خه‌ڵک جوڵاونه‌ته‌وه و به‌م کاره‌یان په‌ره‌یان به بێ ئیمانیی له ڕاده به‌ده‌ر و دورکه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵکیان له باوه‌ڕه‌کانیان په‌ره پێ داوه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی دروست بوونی ئه‌و وشکیی و بێ ئیحساسیی و بێ ئینسافیه و ئه‌و نه‌بونی مۆڕاڵه‌ی که پێی ده‌ڵێین نێئۆلیبڕالیزم. هاوکات پێشیان وایه که پێویسته هه‌ر چی خێراتر هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و پۆست مۆدێڕنیزم هه‌ڵ بگیردرێن و ئه‌م هزره نوێیه به یارمه‌تیی یه‌کتر بخرێته ناو مێشکی کۆمه‌ڵگا و زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت.
پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچی هانس کۆنگ پێی وایه که پۆست مۆدێڕنیزم به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ و ئاشت بوونه‌وه‌ی مرۆڤه به ئایین و بۆچیی پێی وایه که گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌ڕه‌کان، ده‌توانێت مرۆڤ له نێئۆلیبڕالیزم ڕزگار بکات؟ ناوبراو چۆن ده‌توانێت ئاشتیی ئایینی له جیهان مسوه‌گه‌ر بکات و هاوکات چۆن ده‌توانێت پۆست مۆدێڕنیزم، که هه‌ر ئه‌و مۆدێڕنیته‌که‌ی جارانه به ئیزافه‌ی باوه‌ڕ، له گه‌ڵ ئایین پێکه‌وه ئاشت بکاته‌وه؟ ئایا ناوبراو پێی وایه که ڕێفۆرمیی ئایینی پێویسته یا خۆ ڕێفۆرم له مۆدێڕنیته‌دا؟
له به‌شه‌که‌ی دیکه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م لێکۆڵینه‌وه‌ێک له مه‌ڕ ئه‌و پرسیارانه بخه‌مه ڕو.......!
(به‌شی سێهه‌م و کۆتایی)
له به‌شه‌کانی یه‌که‌م و دوهه‌می ئه‌م وتاره‌دا جه‌ختم خستبوه سه‌ر پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ له باری ده‌ره‌کیی و ناوخۆیی دو وڵاتی نێئۆلیبڕاڵ، که هه‌ر دوکیان به ناوی پارێزگاری له مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌وه به ئاشکرا ئه‌و مافانه پێشێل ده‌که‌ن و ئێمه‌ی مرۆڤیش هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌و پێشێلکاریانه ده‌بینین و به‌شێکیشمان خۆمان قوربانیی ئه‌و پێشێلکاریانه له‌و وڵاته به‌ناو ئازاد و دێمۆکڕاتانهین، به‌ڵام له ههنبهریاندا بێ ده‌نگین و ورده ئیعتێڕازێکیش به‌و وه‌زعه ناکه‌ین، له به‌ر ئه‌وه‌ی که مهباده به زه‌ره‌رمان ته‌واو ببێت و مهباده به‌رژه‌وه‌ندیه تاکه که‌سیه‌کانمان توشی خه‌وش ببێت و به‌م جۆره‌ش به ئاشکرا حه‌ق ده‌ده‌ین به‌و پێشێلکارانه و ڕێگایان بۆ چۆڵ ده‌که‌ین که زیاتر و زیاتر هێڕش بکه‌نه سه‌ر ئه‌و مافانه‌مان وه‌ک مرۆڤ! هاوکات ده‌نگیشمان هه‌ڵده‌بڕین که گۆیا خه‌ریکین هه‌وڵی سیاسی و کار و چالاکی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که گه‌لێک و وڵاتێک و نه‌ته‌وه‌ێک ڕزگار بکه‌ین! له کۆتایی باشی دووهه‌مدا هه‌روه‌ها چوبومه سه‌ر باسی هاتنه ئارای چه‌مکی پۆست مۆدێڕن و ده‌ست پێ کردنی ئه‌م قۆناخه له ماوه‌ی ڕابردودا و باس کردن له دو قوتابخانه‌ی سه‌ر به‌م بیرۆکه‌یه و له کۆتاییدا به‌م ئاکامه گه‌یشتم که ئێستا ئێمه ده‌بێت له قۆناخی پۆست مۆدێڕنه‌دا بژین و قۆناخی مۆدێڕنه‌مان پشت سه‌ر خستبێت!
پێش چونه سه‌ر ئه‌سڵی بابه‌ته‌که پێم لازمه که من سێ هه‌ڵه ڕاست بکه‌مه‌وه، که به‌داخه‌وه بۆخۆم له کتێبێکی وه‌رگێردراوی کوردیم وه‌رگرتبو که زوتر خوێندبومه‌وه و له بڵاوکراه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ژماره 349یه. له به‌شی دوهه‌مدا وترابو هانس کۆنگ ئاڵمانی و سه‌ر به که‌نیسه‌ی پڕۆتێستانته و له خوێندنگای تۆبنگن فه‌لسه‌فه‌ی ته‌واو کردوه، به‌ڵام ناوبراو له سویس له دایک بووه و سه‌ر به که‌نیسه‌ی کاتۆلیکه‌کانه و نه‌ک پڕۆتێستانته‌کان و له ڕۆم له خوێندنگای سه‌ر به پاپه‌کان و ڤاتیکان فه‌لسه‌فه و تێئۆلۆگی ته‌واو کردوه. ئه‌و سێ هه‌ڵه به داوای لێ بوردن، لێره‌دا ڕاست ده‌که‌مه‌وه! له کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا پێناسه‌ێکی کورتی ناوبراویش پێشکه‌ش به خوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌که‌م.
وه‌ک وترا هانس کۆنگ، که خۆی هه‌م کاتۆلیک و هه‌میش ڕه‌خنه‌گرێکی ئایینی کاتۆلیکیشه، پێی وایه که پۆست مۆدێڕنه به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ و ئاشت بوونه‌وه‌ی مرۆڤه به ئایین و ناوبراو پێی وایه که گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌ڕه‌کان، ده‌توانێت مرۆڤ له بێ ئیحساسیی و سارد و سڕی و ویشک بوونی قۆناخی مۆدێڕنه که به‌رهه‌مه‌که‌ی نێئۆلیبڕالیزم بو، ڕزگار بکات؟ ئه‌گه‌ر ئێمه بێین و به‌رهه‌مه‌کانی هانس کۆنگ بخوێنینه‌وه ده‌بینین که هانس کۆنگ خۆی مرۆڤێکی ئایینی و هاوکات مۆدێڕن و ئازاد و مرۆڤ دۆسته! هانس کۆنگ له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که خۆی به کاتۆلیک ده‌زانێت، به‌ڵام له نووسینه‌کانیدا ڕێزی سه‌رجه‌م ئایین و کولتور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کان ده‌گرێت و له به‌رانبه‌ریاندا ڕێسپێکتێکی تایبه‌ت نیشان ده‌دات. ئه‌م جۆره له نوسین و هه‌ڵوێسته‌ی ناوبراو به دوره له جۆره بیرکردنه‌وه‌ێکی ویشک و لوتبه‌رزانه و یا به قه‌ول ئێرۆسهنتهریانه و له‌م لهحازهشهوه، جۆره تێڕوانینێکی ئینسانیی و جیهانشمولانهیه!
که‌واته هانس کۆنگ مادام که بۆخۆی به‌م شێوه تێڕوانینه‌وه له جیهان و له هه‌ر هه‌مو ئایین و که‌لتور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کان ده‌ڕوانێت، بۆخۆی خۆبه‌خۆ ئاشتیێکی ده‌رونی له ناو خۆیدا له گه‌ڵ هه‌موان پێک هێناوه و پێیشی وایه که خه‌ڵکی دیکه‌ش پێویسته که ئاوا بڕواننه ده‌ور و به‌ری خۆیان، ئه‌ویش نه‌ک ته‌نیا به قسه و تێئۆری و له سه‌ر کاغه‌زه واژۆکراوه‌کان، به‌ڵکو به کرده‌وه‌ش ئه‌م شێوه‌یه ڕه‌چاو بکه‌ن!
له وڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که ئایا ئاشتیی ئایینی چلۆن له جیهاندا مسوه‌گه‌ر ده‌بێت و ئایا پێویسته که ئێمه ڕێفۆرمی ئایینی بکه‌ین یا نه‌خێر له مۆدێڕنیته‌دا ڕێفۆرم پێک بینین؟ ده‌توانین به‌م ئاکامه بگه‌ین که پێویسته له پێشدا، ئه‌و مرۆڤانه‌ی که په‌یڕه‌وی له هزره‌کان و ئایینه‌کان و کولتوره‌کان ده‌که‌ن، ئه‌وان له پێشدا له خۆیاندا ئاڵ و گۆڕی فیکری و له شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌کانیان و تێڕوانینه‌کانیاندا بێنن. له هه‌ر هه‌مو ئه‌و بیرۆکه و هزرانه‌دا که به جۆرێک توندیی و ویشکیی له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا نیشان ده‌ده‌ن و خۆیان پێ دروسته و خه‌ڵکی دیکه و بیرۆکه‌ی دیکه‌یان پێ هه‌ڵه‌یه، پێویسته که ئه‌وان له خۆیاندا ئاڵ و گۆڕ پێک بێنن و ڕێسپێکت له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی دیکه و ئایین و کولتور و فه‌رهه‌نگیی دیکه‌دا نیشان بده‌ن و واز له لوت به‌رزیی یه‌ک لایه‌نه بهێنن! که‌واته ئه‌وه تاک تاکی کۆمه‌ڵگایه که پێویسته به‌م شێوه جیهانبینیه بڕوانێته باقی مرۆڤ و ئایین و کولتوره‌کانی دیکه و ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وانه‌ی که ئێرۆسهنتهریزمانه بیر ده‌که‌نه‌وه و پێیان وایه که هه‌موان کهشکن و ته‌نیا ئه‌و ڕاسته، ڕێفۆرم له خۆیدا و له شێوه تێڕوانینه‌که‌ی خۆیدا پێک بێنێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌کانیش که له تاکه‌کان پێک هاتون، خۆ به خۆ توشی ته‌حه‌ول و ئاڵ و گۆڕ و ڕێفۆرم ده‌بن. کاتێکیش ئه‌مه ڕویدا ئه‌وجار کۆمه‌ڵگاکان ده‌گۆڕێن و تێڕوانینه‌کان ئاشتیخوازانه‌ن و ئه‌مه خۆی به مانای ئاشتیی ئایینه‌کان و کولتوره‌کان پێکهویه و ڕێفۆرمێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه که پێک دێت. که ئه‌مه ڕوبدات، ئه‌وجا ئایدۆلۆژیه‌کانیش ده‌گۆڕێن، چونکو هه‌ر ئایدۆلۆژیێک هه‌ر چه‌ندیش بۆخۆی وه‌ک بیرۆکه توند و دژه مرۆڤانه بێت، له وه‌ها کۆمه‌ڵگاێکدا بێ ڕه‌ونه‌ق و که‌م ته‌ره‌فدار و کز ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئاڵ و گۆڕی تێدا پێک نه‌یات، ئه‌وا له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ورده ورده ون ده‌بێت و ئیتر ناتوانێت گه‌شه بکات و له مێشکه‌کاندا نامێنێت و بۆ هه‌میشه ده‌کوژێته‌وه.
وه‌ک باسم کرد، له مۆدێڕنیته‌دا ئایین که زه‌مانێک ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه بو و حوکمڕانیی ئایینی ده‌کرد، ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی لێ سه‌ندراوه و شێوه‌ی سیسته‌می دێمۆکڕاتی پێک هێنرا که ده‌سه‌ڵات ڕاسته‌وخۆ بکه‌وێته ده‌ست کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه و هه‌موان له به‌ڕێوه بردنی کۆمه‌ڵگادا ده‌ور و ڕۆڵیان هه‌بێت و به هه‌ڵبژاردنیی نوێنه‌ری خۆیان و ده‌نگدان، فڵانه ماده و یاسا و به‌ند، بچه‌سپێنن و یا خۆ لاوازی بکه‌ن و یا لای به‌رن. ئه‌مانه هه‌ردوکیان واته جیایی دین له ده‌وڵه‌ت و دێمۆکڕاسی دو ده‌ستکه‌وتی گرنگی مۆدێڕنهن و تا به ئه‌مڕۆش له وڵاتانی پێشکه‌وتو پارێزراون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له هه‌ندێک وڵاتی پێشکه‌وتو، ڕهقابهتیی ئابوری بۆ گه‌یشتن به به‌رزترین لوتکه‌ی ئابوری ده‌ستیی پێکردوه و ئه‌مه‌ش وای کردوه که ئه‌و وڵاتانه که له‌م کێبه‌رکێیه‌دا شه‌ریک و به‌شدارن، هێڕش بکه‌نه سه‌ر ژیان و مه‌عیشه‌تی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یان و هه‌موی یا به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و ده‌ستکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی مۆدێڕنه پێشێل بکه‌ن. وه‌ک باسیکرا به‌رژه‌وه‌ندی باڵا و ده‌ستکه‌وت و ئه‌مانه وایانکردوه که هه‌ندێک وڵات به‌ره‌و هزرێکی نوێ به ناوی نێئۆلیبڕالیزم بڕۆن و به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌مو ده‌ستکه‌وته گرنگه‌کانی لیبڕالیزم و مۆدێڕنه و ده‌ورانی ڕۆشنگه‌ری پێشێل بکه‌ن.
ئالێره‌دا دوگانهگیی و تهناقوسێک وه‌ده‌ر ده‌که‌وێت که ڕه‌نگه که‌م که‌س به خێرایی هه‌ستیی پێ بکات و ئه‌ویش ڕۆڵی خه‌ڵک له‌م گه‌یشتن به نێئۆلیبڕالیزمه چیه؟ مه‌گه‌ر ئێمه نه‌مانوت که له وڵاتانیی دێمۆکڕات، ئه‌وه خه‌ڵکن که ده‌نگ به یاساکان و به‌نده‌کان و هتد... ده‌ده‌ن و ئه‌وه خه‌ڵکن که حکومه‌ت ده‌که‌ن؟ ئه‌ی که‌واته ئه‌و حکومه‌ته که گۆیا خه‌ڵک ده‌یبات به ڕێوه و خه‌ڵک بۆی دیاری ده‌کات که چی بکات و چۆن هه‌ڵس و که‌وت بکات، ئه‌ی چۆنه که ئێستا هێڕش ده‌کاته سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانی خه‌ڵک؟ ئایا خه‌ڵک بۆخۆیان مافه‌کانی خۆیان پێشێل ده‌که‌ن؟ ئایا خه‌ڵک بۆخۆیان حه‌ز ده‌که‌ن که‌متر له ئاسایش‌دا بن و به‌م شێوه ئه‌مر به حکومه‌ته‌کانیان ده‌که‌ن که مافه‌کانیان پێشێل که‌ن و ماڵیاته‌کانیان لێ زیاد که‌ن و بیمه‌ی ده‌رمانییان لێ گران بکه‌ن و مافیی بێ‌کاری ژنانی حامیله کورت بکه‌نه‌وه و ژنی کرێکاری حامیله تا ڕۆژی وه‌زعی حه‌مل هه‌ر کار بکات و مانگێک تا 3 مانگ دوای منداڵ بونه‌که‌ی بچێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی و منداڵه‌که‌ی له شیری دایکی و له عاتیفه و ئیحساسات و باوه‌شی گه‌رمی دایکی بێ به‌ش بکات و دایکیش له کۆرپه‌که‌ی دور بخاته‌وه؟
پێویسته لێره‌دا نمونه‌ێکی زیندو باس بکه‌م که له وڵاتی نێئۆلیبڕاڵی دێمۆکڕاتی سویس له ساڵی 2004 ڕوی دا. له‌م وڵاته به پێی پێشنیاری حیزبێکی ده‌سته ڕاست به ناوی حیزبی خه‌ڵکی سویس، هه‌ڵبژاردنێکی گشتی که له 26ی سێپتامبری 2004 کرا و خه‌ڵکی وڵاته‌که ده‌نگییان پێی دا ژنی کرێکار یا موزه‌ف و ئه‌وه‌ی کار ده‌کات، تا ڕۆژی منداڵ بون هیچ مافێکی نیه، جا دێته‌وه سه‌ر خۆی ژنه‌که که ئایا تا ڕۆژی وه‌زعی حه‌مل کار بکات یا زوتر کاره‌که‌ی تاتیل بکات، ئایا ده‌توانێت یا ناتوانێت، کێشه‌ی خۆی ده‌بێت، به‌ڵام هیچ مافێکی نیه. دوای منداڵ بونه‌که، سێ مانگ و نیو یا 14 حهوتو یا 98 ڕۆژ له سه‌دا هه‌شتای حقوقهکهی ده‌بێت خاوه‌ن کار بیدات و هه‌ر کات له‌م ماوه‌دا ساحه‌ب کار هه‌ست پێ بکات که ئه‌و ژنه توانای کاری هه‌یه، داوای لێده‌کات بێته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی و ئه‌گه‌ر نه‌یات ده‌ستیی خاوه‌ن کار ئاوه‌ڵایه له بڕینی ئه‌و له سه‌دا ههشتایهی که ده‌یداتێ!! ئیتر ئه‌و ژنه هیچ مافێکی دیکه‌ی نیه و حکومه‌ت هیچ بۆ ئه‌و ژنه له خۆی ناگرێت و ئه‌گه‌ر ژنه‌که بۆخۆیشی ده‌ست له کار بکێشێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که گۆیا خه‌تای خۆیه‌تیی که کار ناکات، تا چه‌ند مانگێکیش پوڵی بێ‌کاری ناده‌نێ و دوای ئه‌و جه‌ریمه کردنهیشی ئه‌وجار پوڵی بێکاریشی به‌و شه‌رته ده‌ده‌نێ که ڕۆژانه ئیسباتی بکات که بۆ کار ده‌گه‌ڕێت! من ژنێک ده‌ناسم که ده‌قیقه‌ن ئه‌مه‌ی به سه‌ر هات و دو مانگ پێش وه‌زعی حه‌مل نه‌یتوانی کار بکات. دوای ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌که‌ی ماوه‌ێک پوڵی بێکارییان نه‌دایه و هاوکات زهختیشیان لێ ده‌کرد که له‌و ماوه‌دا که پوڵیشی ناده‌نێ، به‌ڵام ده‌بێت به سکی پڕه‌وه بۆ کار بگه‌ڕێت! ئه‌وجار که ده‌ستییان کرد به دانی حقوقی بێ‌کاری هه‌شتا له سه‌دی حقوقه پێشوه‌که‌ی، که که‌میش بو، ئه‌وجار هه‌ر وازییان لێی نه‌ده‌هێنا و ده‌یانوت که تۆ بۆ کار ناگه‌ڕێیت و پوڵهکهت لێ ده‌بڕین. له پڕ کۆرسێکیی ئیجبارییان دایه، بۆ ئه‌وه‌ی له لای منداڵه‌که‌ی نه‌بێت و ڕۆژانه مه‌شغوڵ بێت و ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پوڵه‌که‌ی لازم بوو، ناچار ده‌چو بۆ کۆرسه‌که. ئه‌گه‌ر بیشچویایه سه‌ر سۆسیال، ته‌نیا سوکایه‌تییان پێی ده‌کرد و وه‌ک سواڵکه‌ر هه‌ڵس و که‌وتییان له گه‌ڵی ده‌کرد!
ئه‌مه نمونه‌ی وڵاتێکی ئوروپایی زۆر مۆدێڕنه که زۆریش گۆیا له باری مافی مرۆڤه‌وه پێشکه‌وتویه و زۆریش به خۆیدا ده‌نازێت و ئه‌مه‌ش نمونه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ی که بۆخۆیان ده‌نگ له دژی خۆیان ده‌ده‌ن!! ئه‌و یاسایه له 1ی جولای 2005ه‌وه قودره‌تی گرت و له‌وکاته‌وه تا ئێستایش هه‌ر په‌یڕه‌وی ده‌کرێت و نه‌گۆڕاوه!
که‌واته له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که میله‌تیش هه‌ن که له دژی خۆیان ماده‌ی دژی خۆیان ده‌چه‌سپێنن، به‌ڵام دوگانهگیی و تهناقوساتی وڵاتانیی به ناو دێمۆکڕات و مۆدێڕنیش ده‌بینین! دیاره هه‌ندێک سیاسه‌تیش له پشت ئه‌و ده‌نگدانه نابه‌جێیه خه‌وتووه که به تێر و ته‌سه‌لی ناچمه سه‌ریان، به‌ڵام به کورتی ئه‌وه‌ی که وڵاتیی سویس کۆمه‌ڵگاێکی پیری هه‌یه و ئه‌وانه‌ی به زۆری ده‌نگ ده‌ده‌ن پیر و بازنشه‌سته‌ن و ژنانی وڵاته‌که‌شیان زۆر به که‌می منداڵ دروست ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ژنانی لاوی ئه‌و وڵاته کاره‌کانیان و پیشه و حیرفه و ئازادیه‌کانیان زۆر له لا گرنگتره تا منداڵ به‌خێو کردن و دامه‌زراندنی بنه‌ماڵه و هاوکات ئه‌وه خاریجیهکانن که به زۆری منداڵ دروست ده‌که‌ن و له به‌ر ئه‌وه‌ش که ڕێگای منداڵ دروست کردن له خاریجیه‌کان ته‌نگتر و قورس‌تر بکه‌نه‌وه، ده‌نگیان به‌و یاسایه دا!! منداڵه‌که‌شیان ئوتوماتیک نابێته خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته، به‌ڵکو هه‌ر بێگانه‌یه. دیاره له هه‌ندێک وڵات نه ته‌نیا تا دو ساڵ و زیاتریش مافی ژنی منداڵ دار ده‌درێت، به‌ڵکو منداڵه‌که‌ش حیسابێکی بانکی بۆ دروست ده‌کرێت و یارمه‌تی مادی ده‌درێتێ و هتد..!
ئه‌و نمونه‌ی سه‌ره‌وه به‌ڵام ته‌نیا یه‌ک نمونه‌یه که خه‌ڵکێک له دژی خۆیان ده‌نگ به ماده‌ێکی خراپ بده‌ن، ئه‌ی که‌واته هێڕشه‌کانی تر چۆن ده‌کرێنه سه‌ر خه‌ڵک و له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که گۆیا ئه‌م وڵاتانه دێمۆکڕاتن و خه‌ڵک حکومه‌ت ده‌که‌ن؟ بۆ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی ئه‌خیر ده‌گه‌ینه‌وه سه‌ر نێئۆلیبڕاڵ بونی ئه‌م وڵاتانه و جا هه‌ندێک که‌متر تێی چه‌قیون و هه‌ندێکیشیان وه‌ک سویس به ته‌واوی بونه‌ته نێئۆلیبڕاڵ. هانس کۆنگ که خۆی خه‌ڵکی وڵاتی سویسه و له شاری لوتزێڕن و ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی سوڕ له دایک بووه، پێی وایه که ئه‌م وڵاتانه زیاده له حه‌د له بێ باوه‌ڕی ئایینی‌دا ده‌ژین و له هه‌مو عه‌واتیف و ئیحساساته ئینسانیه‌کان دور که‌وتونه‌ته‌وه و ته‌نیا به گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌ڕه‌کان ده‌توانن خۆیان له حاڵه‌تی بون به ڕۆبۆت و خاڵی بون له ئیحساساتی مرۆیی ڕزگار بکه‌ن و هاوکات ناوبراو هیوای ئه‌مه‌یه که مرۆڤایه‌تیی زیاتر به‌ره‌و پۆست مۆدێڕنه بڕۆن و له مۆدێڕنه‌ی عاری له عه‌واتیف و ئیحساسات دور بکه‌ونه‌وه! بیر و باوه‌ڕیی ناوبراو جێگای ڕێز و تێڕوانینه و له کۆمه‌ڵگاێکدا هه‌مه جۆره مرۆڤێک به ئینواعی بیر و باوه‌ڕ و بۆچون بونیان هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه که هه‌موان ڕێز له باوه‌ڕه‌کانی یه‌کتر بگرن و هیچکه‌س سوکایه‌تیی به بیر، بۆچون، تێڕوانین، هزر و ئایینی ئه‌ویتر نه‌کات و له وه‌ها کۆمه‌ڵگاێکدا که هه‌موانیش سه‌ربه‌ست بن له ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕ و حه‌ز و ئاواته‌کانیان، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، کۆمه‌ڵگاێکی شاینی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه و ئه‌مه به مانای بون له قۆناخیی پۆست مۆدێڕنهدایه. مرۆڤ پێویسته نه‌ک به حزوری خۆی له‌م قۆناخه‌دا بێت، به‌ڵکو به بیر و فیکر و مێشک و کار و کرده‌وه‌ش له‌م قۆناخه‌دا بژی!
........کۆتایی
پێناسه‌ێکی کورتی هانس کۆنگ (Hans Kung):
له 19ی مارسی 1928 له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی سوڕ (Sursee) له کانتۆنی لوتزێڕن له وڵاتی سویس له دایک بوه. ناوبراو ئایینناس و نوسه‌رێکی ناسراوه له سه‌تحی جیهاندا و قهشهێکی سه‌ر به که‌نیسه‌ی کاتۆلۆکهکانیش بو. له خوێندنگای باڵای سه‌ر به پاپه‌کان له ڕۆمی ئیتالیا تێئۆلۆگی و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌وا کردوه. hans kung له دووهه‌مین کۆبونه‌وه‌ی سه‌ر به ڤاتیکانی ناسراو به کۆنیسیل که له 11ی ئۆکتۆبه‌ری 1962 تا 8ی دێسامبه‌ری 1965 له کاتی ژیانی پاپا یۆهانێسی XXIII دا به ڕێوه چو، به‌شداری کرد، ئه‌و کۆبونه‌وانه بۆ مه‌ناقه‌شه کردن له‌مه‌ڕ وازهێنانی ئایین له ده‌سه‌ڵات و خۆ گونجاندنی که‌نیسه‌ی کاتۆلیک له گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رج و ئاڵ و گۆڕی فکری ئه‌م سه‌رده‌مه به ڕێوه چون. له ساڵی 1979 به هۆی بڵاو کردنه‌وه‌ی وتاره ڕه‌خنه گرانه‌کانی له که‌نیسه، واتیکان مه‌دره‌که فه‌لسه‌فیه‌که‌یان یه‌ک لایه‌نه بێ ئیعتیبار له قه‌ڵه‌م دا! به‌ڵام وه‌ک پرۆفێسۆری بواری فه‌لسه‌فه هه‌ر ماوه و تا کاتی بازنشه‌سته بون له خوێندنگای باڵای توبینگن، ئه‌و خوێندنگایه‌ی که هێگل و هۆڵدێڕلین و شیلینگ تێیدا خوێندبویان، ماوه و فه‌لسه‌فه و تێئۆلۆگیی ته‌دریس ده‌کرد. هانس کۆنگ ئه‌مڕۆکه دوای بازنشه‌سته بونیش وازی له هه‌وڵه‌کانی نه‌هێناوه و مه‌رکه‌زێکی به ناوی (Stiftung Weltethos) دامه‌زراندووه و له‌وێ هه‌وڵ ده‌درێت که هه‌مو ئایینه‌کان له ده‌وری یه‌ک کۆ بکرێنه‌وه و له‌مه‌ڕ ئاشتیی ئایینی له جیهان باس و دیالۆگ بکرێت. هانس کۆنگ له حاڵی حازردا به ڕهخنهگرترین مامۆستا له ئایینی کاتۆلیک، هه‌ر ئه‌و ئایینه‌ی که خۆی قهبوڵیهتیی، ده‌ناسرێت!!
23ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2708