کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حانووت وبەرێوەبەری قوتابخانەكان یاخود دۆڕاوەكانی ژیان؟

Thursday, 04/02/2010, 12:00


ئەم مانشێتەی لای سەرەوە لەگەڵ رێزمدا بۆ ئەوبەرێوەبەرانە نیە كە كەسایەتی خۆیان پاراستوە و لەئاست پارەو پولدا چۆكیان دانەداوە , ئەوان ناگرێتەوە بەڵكو تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە لەئاست پارەو پولدا بونەتە كۆیلە و هەم كەسایەتی خۆیان و هەم كەسایەتی پلەی وەزیفەكەیان كردۆتە وەسیلە و ئامراز بۆ قوتدانی پاروویەكی حەرام و موڵكی ئەم میللەتە لەنێو قوتابخانەكانیاندا وەئەمەش گەر هەڵەنەبم بەرە و دزی و گەندەڵی گەورەتر و هەڵدێری سەختریان دەبات و میژووش نەفرەت لە گەندەڵ كار و خۆفرۆش و خیانەت كاردەكات جا بەهەرشێوەیەك لەشێوەكانی گەندەلی و خۆفرۆشی و خیانەتكاری رەفتار بكەن بەرێوەبەر هەرچەندە ئەبیت نموونەی مامۆستای چالاك و دڵسۆز و راستگۆ و دەست پاك و عادیل و لێهاتوو بێت و بەئەزموون بێت لەبواری ئیداری و پەروەردەییدا, بەڵام بەداخەوە وادیارە لەم شارەدا (كەركوك)هیچ پێوەرێكی وەها نیە بۆ دەست نیشانكردنی بەرێوەبەری قوتابخانەكان لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو تێكۆشەرانی حیزبەكانی گۆرەپانی هەریمی كوردستان هەموو خەبات و تێكۆشان, ئەو هەموو خوێنەی شەهیدان و ئەنفال و كیمیاباران و بی سەرو شوێنانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەكەمان هەڵبەتە ئەوانە هەموو كەس و كاری ئێمەن و شایانی ڕێز و تەقدیرن و كەس ناتوانی نكۆڵی لەو رەنج و تیكۆشانە بكات, بەڵام دانانی بەرێوەبەرێك لەقوتابخانەیەك بۆچی لەسەربنەمای حیزبی بیت؟ئاخۆ هەركەسێك هاتە ناو حیزبەوە ئەكرێت دڵسۆزی گەل و نیشتمانەكەی بیت؟ئەگەر وانەبوو؟ئەبێت چاوپۆشی لێ بكرێت؟ ئاخۆ ئەبیت لەئاست بەرژەوەندی شەخسیدا مل كەچ بێت و یاساو رێساكانی پەروەردەیی و ئەخلاقی و مرۆییەكان بخاتە ژێرپێی خۆی و گیرفانە زەبەلاحەكەیەوە؟
من پێم باشە واز لەو پرەنسیپە بهێنرێت كەتائێستا لەقوتابخانەكانی شاری كەركوكدا پەیرەو ئەكرێت بۆدەستنیشانكردن و دامەزراندنی بەرێوەبەری قوتابخانەیەك لەسەر ئینتمای حیزبی؟ بائەو پێوانەیە بگۆردرێتە سەر رادەی سەلیقەو ئەزموون و دڵسۆزی ویەكسانی پاریزی و لێهاتویی وچوست و چالاكی لەبواری وەزیفە و هەستكردن بەبەرپرسیارێتی وخۆشەویستی نیشتمان وگەل, هەركاتێك بەم پێوانانە كاربكرێت ئەوا قوتابخانەكانمان بەبێ كێشە و كەم و كوری دەبێت ومامۆستا بەڕێزەكانیش وەك میلی كاتژمیر وانەكان و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن و جیاوازی لەنێوان قوتابیەكی هەژار و قوتابیەكی كوری بەرێوەبەرێك و وەزیرێكیش ناكەن؟
ئەمەوێ شتێك لەم نوسنەمدا بهێنمە گۆ و زوبان كەتائێستاكە پێموابێت گرنگیەكی ئەوتۆی پێنەدراوە؟ ئەوەش هەڵسوكەوتی ئەو بەرێوەبەرە ناشیاوانەیە كەلەنێو قوتابخانەكاندا تەنیا گرنگی بەگیرفان پركردنی خۆیان ئەدەن و جیاوازی لەنێوان مامۆستایاندا ئەكەن لەسەر ئینتمای حیزبی و ماستاو چیتی, بەبی ئەوەی هیچ نرخ و بایەخیك بۆ دلسۆزی و ماندوو بون و بەتوانایی و دوور بینی مامۆستا بی لایەنەكان دابنرێت ئەو مامۆستایانەی كە زۆر دلسۆزترن لەهەندێك بەرێوەبەری گەندەڵكار ونەفس نزم و ناشیاو لەڕووی ئیداری و وەزیفیەوە.
لەمامۆستایەكی هاورێم بیستم كەبەرێوەبەری قوتابخانەكەیان دوو ساڵە بەسەرپێچی هەموو یاساكانی پەروەردەوە حانووتی كردۆتەوە و تائێستاكە كەسیش نازانی چەند مانگانەی حانووتەكەیانە وچۆن ئەوبڕەپارەیە خەرج ئەكریت؟مامۆستایەكیتر پێی ڕاگەیاندم:ئێمە بەرێوەبەرەكەمان حانووتی قوتابخانەكەی بەبری 125هەزاردینار بەكرێ داوە بەكەسێكی دەرەوەی قوتابخانە هەرچەندە مامۆستایەكی قوتابخانەكەی خۆمان داوای لەبەرێوەبەركردووە بیدات بەئەو بەبری 400هەزاردینار و هەرمانگی 50000دیناریش ئەدات بەمامۆستاكان بەڵام جەنابی بەرێوەبەر قایل نەبوە بیداتە مامۆستاكەی لای خۆی.
هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەجەنابی بەرێوەبەرهیچ تەماعێكی لەو حانووتەدا نیە و تەنیا بۆقوتابخانە و پێداویستیەكانی خەرجی دەكات؟ هەروەها باسی بەرێوەبەرێكی تریان بۆكردم گوایە حانووتی قوتابخانەكەی داوە بەكری بەكەسێك بە75000دینار بەڵام بەكابرای گووتوە ئەگەر یەكیك لێتی پرسی بەچەند گرتووتە بڵی بە 25000دینار.پێویستە لێرەدا هەڵوێستەیەك بكەین و بپرسین ئاخۆ كام لەبەرێوەبەری ئەم قوتابخانانە مووچەكەیان لەملیۆن نیویك دیناركەمترە تاچاویان لە25000یا1000دیناری قوتابخانەبێت كەموولكی ئەم میللەتەیە؟ئەی ئەمە خیانەت نیە؟ بەڵێَ خیانەتیكە و پێویستە لێپێچینەوە لەئاستیدا بكرێت و ئەنجامدەرانی باهەرچیەك بن و لەچ ئاستێكی پلەی حیزبیش بن سزا بدرێن. دواتر ئایا ئەمە رەوشتی مامۆستایە؟ یاخوود رەوشتی كەسانی نێو مەزادخانەكانە ئەی كوا دەستپاكی و دلسۆزی و رەوشت بەرزی؟ ئاخۆ ئەمە گەمەكردن نیە بەخوێنی شەهیدان؟ ئاخۆ گەر بەرێوەبەرێك ئەمە رەوشتی بیت ئەبی مامۆستاكن لەئاستیا بێدەنگ بن؟ لەبەر هەندێك بەرژەوەندی شەخسی؟ ئاخۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەم كارە قیزەونانە ناحرەحتی دەگەیەنیت یان دڵسۆزی و هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و خۆشەویستی بۆگەل و نیشتمان؟ ئاخۆ بیدەنگ بوون لەئاست ئەم كارە دزێوانەدا بەشداربوون نیە لەئاست تاوانی دزینی موولك و سامانی گەل و حكوومەت؟ئاخۆبیدەنگ بوونمان نیشانەی بی بایەخ بوونمان بەخوینی شەهیدان و كیمیاباران و ئەنفال نیە ئاخۆ ناچینە ڕیزی ئەنفال چیەكان و كیمیاویەكانەوە؟ ئەگەر ئەم ووتانەم بەراست ئەبینن ئەی بۆچی بەرێوەبەرایەتی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە بەدواداچوون ناكات لەسەرئەم مەسەلانە و بەجددی بنەبڕی ناكات و ئەنجامدەرانی سزای تووند نادات؟ لەوەش گرنگتر زۆرجار دوای پەردەهەلمَالین لەسەر ئەم كارە دزێوانە و دڵنیابوون لێی پەردەپۆش دەكرێت, ئەی ئەوحیزبەی ئەندام وكادیری وەهای تێدا یە بۆچی قبووڵی دەكات و باجەكەشی دەدات؟ ئاخۆ دەكرێت ئەو حیزبانە شەرەفی ئەندامێتی بەكەسانی وەها ببەخشێت؟ هەڵبەتە وەڵام و بەدواداچوون و سزادانی ئەم جۆرەكەسانە لەئەستۆی ئەو حیزبانەیە كە ئەو پلە وەزیفیەیان پیداوە بەڵا م لەئەستۆی هەموو كوردێكی دلسۆز مامۆستایەكی بەئەمەك چالاك و خاوەن ویژدان و دلسۆزی گەل و نیشتمانە كەپەردە لەروویان هەلمَالی و بێدەنگ نەبێت چوونكە ئەمە ئەركی ئێمەی مامۆستایانە بەر لەهەموو شتێك خۆمان چاككەین و خێزانەكانمان و ئەوسا ئەتوانین قوتابی پەروەردەیەكی ڕاست و دروست پەروەردەبكەین و لەئایندەدا بتوانن خزمەتی گەل و نیشتمان بكەن و دووربن لەگەندەڵی و خیانەت و خۆفرۆشی و فرت و فێڵ و هەموو جۆرەكانی خوو و رەوشتی ناشیرین و نامەسئولانە؟...
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە