كاك سەرۆ تورەبونى بۆ چییە ؟
Wednesday, 29/04/2009, 12:00
بێگومان لاى هەموان ڕوون و ئاشكرایە كە میللەتى ئێمە لە كوردستانى عێراق لە بینینى نەهامەتیەكان ..بەدبەختیەكان .. مەینەتیەكان و چەشتنى ڕەزالەت و ئازارو ئەشكەنجەدان و كارەساتەكانى وەك ئەنفال و ژەهر باران ویرانكردن و راگواستن و بە عەرەبكردن و هتد.. گەشتۆتە لوتكە ، نەتەوەیەك ئەم هەموو ماڵوێرانیەى بە سەرهاتبێت پێویستە سیاسیەكانى بە دواى ڕێگایەكى وادا بگەڕێین كە ئەم میللەتەى پێ بگەیەنە جێگایەكى شایستە كە وچانێك بدات و بەهرەمەند بێت لە خۆشگوزەرانى و وڵاتەكەى ئاوەدان بكرێتەوە و كیانێكى بۆ فەراهەمبكرێت كە مەترسى پاكتاوكردنى لە سەر نەمێنێت ، بەڵام دواى 18 ساڵ لە دەسەڵاتى سیاسى ئەو هێزە سیاسی یە باڵادەستانە ئەم میللەتە لە هیچ یەكێك لەو خەمانە نەڕەخسیوە.
كە میللەت و پیاوە سیاسیە بیركەرەوكانیشى بەدواى رێگاى چارەیەكى دیموكراتی تازەدا دەگەرێن هاوكارو هەوادارانى ئەو دۆخە سیاسیە كەمووكورتە كە هەیە هاوسەنگییان تێكدەچێت و هەڕەشە دەكەن و توڕەدەبن .
ئایا كاتى ئەوە نەهاتوە پێیان بلێیین نەتەوەیەك لە پاى ئەو هەموو بەرگرى و بەرخودان و گیانفیداكردنە دەكرێت و دەشێت لە سایەى حوكمى خۆبەخۆدا تازە بە تازە وڵاتیان بەرەو نادادپەروەرى سەرتاسەرى ببرێت ، بەڵاى گەندەلى بە جارێك ولاتێكى ویران كردوەو ئێوەش كەڕو كاس لە ئاستیدا وەستاون ، بێژیت كاتى ئەوە هاتبێت ئەم نەتەوە پێیان بلێت ئیدى بەسە .. ئا لێرەدا بوەستن و ئەمە قابیلى قبوڵ نییە ؟ بۆ نا ؟ خۆشبەختانە ئەوەى كە جێگاى ئومێدە ماوەى چەند ساڵیكە دەنگى نارازى لێرەو لەوێ پەیدا بووە و بەڵام ئەم دەنگانە پەرتەوازەو تەرابون ، بۆیە نەیان دەتوانى فشارى گەورە لە سەر ئەم شێوە حوكمرانیە دروست بكەن و بەڵام ئەمرۆ خەریكە بەو ئاقارەدا دەڕوات كە دەنگە نارازیەكان بیر لە خۆ رێكخستن و خۆ سازدان بكەنەوە سەرئەنجامیش هەر بزوتنەوەو دەنگێك كە لە هەناوى كۆمەڵگاوە بێت هەر دەبێتە بزوتنەوەیەكى سیاسى و كۆمەڵایەتى كە ئومێدى ئەوەى لێدەكرێت دەستكارى ئەو جۆرە حوكمرانیە بكات كە نارەزایەتێكەى خولقاندوە . هەمیشە نارەزایەتیەكان پێویستیان بە كەسایەتیەكى مەعنەوى هەیە كە ڕەگى لە قولایى ئەو كۆمەڵگادا هەبێت و بتوانێت ڕابەرایەتى ئەو بزاوتە گۆرانخوازە بخاتە سەر شانى خۆى و شێوەى پێ ببەخشێت ، ئەوەى لە واقعى سیاسى هەرێمدا دیارە .. دەركەوتنى كەسایەتیكى مەعنەوى گەورەى وەك "نەوشیروان مستەفایە" كە هاتۆتە مەیدانەكەوەو بۆتە بەشێك لەو ناڕەزایەى كە هەیەو كار بۆ ئەوە دەكات رێكخستنێك بدات بەو تەوژمە گۆڕانخوازەى كە ڕۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبێت ، هەر بۆیە هەمووان بە ئومێدیەكى مەزنەوە لە ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەمساڵ دەڕوانن . ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیە بخوێنینە چ پێویستیەك بە تورەبون و خۆ سەغلەتكردن دەكات . پەنابردن بۆ زمانى توند و تۆمەت و پەخشكردنەوەى چەواشەكردن بە هەر چوارلادا وەك ئەوەى هەندێك لە هەوادارانى مانەوەى دۆخە سیاسیە چەقبەستۆكە پەناى بۆ دەبەن هیچ نیە جگە لە ترسان لەوەى كە چیتر نەتوانن درێژە بە سیستەمێك بدەن كە نەیتوانیوە لە خزمەتى خەلكیدا بێت . وەك بەرێز كاك سەرۆ قادر لە كەنالێكەوە دەركەوتو بێباكانە دەستى كرد بە فرێدانى دەستەواژەى نا دروست بەرامبەر بە كەسایەتیەكى سیاسى و مێژویى و یەكێك لە قەلەمەكانى گەلەكەمان ئەگەر سەرمایە رەمزییەكەى ئەم كەسایەتەلاى ئەو بەرێزە دادى هیچ نادات خۆ لە یاسایى كۆمسیونى باڵاى هەڵبژاردنەكاندا قەدەغەكراوە كە جنێو و ناوزراندن بە سەرۆكى لیستێك بكرێت ، پەخشكردنەوەى دەستەواژەى بكوژ ..گێرەشێوێن ..ئاژاوەچى لە سەروبەندى هەلبژاردنەكاندا و لە لایەن بەرپرسى راگەیاندنى حزبێكى گەورەوە كە یەكێك لە دروشمەكانى دیموكراسى یە سەر بە چ فەرهەنگێكى دیموكراسى یە ، ئەگەر مەبەست لە بكوژ بەشدارى كردنى ئەم سەركردە بێت لە رۆژانى شۆرشى چەكداریدا ئەوە خەڵاتە ولە پێناوى مانەوەى نەتەوەیەكدا بوە، ئەگەر مەبەستیش جیاوازى قبولنەكردن بوە لەلایەن هێزە سیاسیەكانەوە ئەوە ڕوونە لاى هەموان كە هەموو هێزە سیاسیەكان لەو سەردەمانەدا بەریەك دەكەوتن و هەوڵى یەكتر سرینەوەیان دەدا ، بەڵام لەمەدا كەس بێبەرى نیە . ئەگەر مەبەست لە گێرەشوێن ئامێزكردنەوەى ئەو پیاوە بێت بەرووى ئەو ژمارە بێشومارەى هاوڵاتیانى كوردستان كە داد و بیدادیانە لە دەست گەندەڵى و نادادپەروەرى كۆمەڵایەتى بێگومان ئەمەش خەڵاتێكى دیكەى گەورەیە شایستەى ئەو كەسەیە بیەوێت ئەم گێرەیە بشێوێنێت كە نەتەوەیەكى خستۆتە ساجى عەلى و بەرپرسەكانى كەس حسابى بانكییان نازانێت ، ئامێزكردنەوەى ئەم پیاوە بۆ هەوادارانى گۆران و لەناوبردنى بێ سەروبەرى یاسایى لە كوردستانى عێراقدا و بێباكبونى لە تومەتەكانى هەوادارانى سیستەمێكى سیاسى عاشقى نادادپەروەرى كۆمەلایەتى پێگەى ئەو لە مێژودا بەرز ڕادەگرێت .
ئەى مەبەست لە ئاژاوەچى چى یە ؟ ئایا كەسێكە زۆر بە سادەیى و بە یاسایى لە گەڵ كۆمەلێك لە هاورێكانیدا دەستى بردوە بۆ دروستكرنى لیستێك و دەیەوێت مومارەسەى یەكیك لە مافەكانى بكات وەك هەر هاوڵاتیەك كە ئەویش مافى خۆ كاندید كردنە . ئەگەر ئاژاوەچى ئەمە بێت ئەمەش خەلاتێكى مەزنە . جارێكى ترسەردەرهێنانەوەى ئەم جۆرە لە وتەبێژو نوسەرانەى كە گەرمكەرى شەڕى ناوخۆ بون دواى ئەوەى بازارى ئەم نوسینانە لە دواى ساردبونەوەى شەڕى ناوخۆ وەستێنرابو هەڵگرى ئاماژەیەكى ترسناكە .
دەربەندیخان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست