کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دواوه‌ی دیمانه‌که‌ی نێچیر بخوێنه‌وه‌...

Wednesday, 31/03/2010, 12:00


له‌ دیمانه‌یه‌کیدا ، نێچیر له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی"رۆژنامه‌" ، زۆر خاڵی شاراوه‌ی ‌سایکلۆجیه‌تی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ئاشکراکرد ، له‌ویدا که‌سێک که ئه‌گه‌ر‌ له‌دووری رووداوه‌کانی کوردستانا بێت ، نێچیر وه‌ک که‌سیکی دیموکرسی و شه‌فاف و نه‌ته‌وه‌یی ده‌حه‌سبێنێت و ، ره‌نگه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ که‌سیتیکی کاریزمایی و رزگاریکاری نه‌ته‌وه‌ی کورد.
ده‌مه‌وێ به‌ کورتی ئه‌و سه‌رنجه‌ خێرا و که‌مانه‌ی خۆم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌و دیمانه‌یه‌ بخه‌مه‌روو:
1-  نێچیر کاتێ وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم ده‌داته‌وه‌ ، حکومه‌تی ناوه‌ند تاوانبار ده‌کات ،ئه‌مه‌ له‌ کاتیکد که‌ خه‌ڵکی کوردستان شاهێدی ئه‌وه‌ن که‌ خودی خۆی له‌ پێناو دزین و به‌ تاڵانبردنی نه‌وتی کوردستان و ناشه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجکردنی بودجه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی بوون بۆ ئه‌و ناکۆکییه‌ ، به‌ مانا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌ز پاساوی ده‌درا به‌ده‌سته‌وه‌ تا ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنیت به‌سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم و له‌ میانی کاره‌ موراهیقییه‌کانی نێچیره‌وه‌ خه‌كڵکی کوردستان سزا ده‌درا.. هه‌ڵسوکه‌وتی نێچیر هۆکاری ئه‌و ناکۆکیانه‌بوون و بوون به‌ بارێکی قورس به‌سه‌ر شانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. کاره‌سات و فه‌زیحه‌کانی DNO به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌مان.
2- نێچیر خۆی وه‌ک دیموکراسیوانێک له‌ گۆڕه‌پانی کوردستان داده‌نێت، که‌چی هه‌ر له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا زۆرترین رۆژنامه‌نووس و چاڵاکوانانی سڤیل که‌وتنه‌ به‌رهێرشی تیرۆر و زیندانیکردن و ده‌ربه‌ده‌ربوون، خۆ راپۆرته‌کانی رێکخراوی رۆژنامه‌نووسانی بێسنوور و مافی مرۆڤ با‌شترین به‌ڵگه‌ن. سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ شه‌هیدی قه‌ڵه‌م له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا بوو تیرۆرکرا و، نه‌به‌ز گۆرانی هاوڕێمان زۆرترین فشار و لێدانی به‌ده‌ست چه‌ته‌کانی ئه‌واندا به‌رکه‌وت و چه‌نده‌ها پیشێلکاری دیکه‌.
3- نێچیر خۆی وانیشان ده‌دا که‌ که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی و کوردانه‌یه‌ ، له‌ بیری چوو که‌ یه‌کێکی هه‌ره‌سه‌ره‌کی بووه‌ له‌ به‌جاشکردنی هه‌رێم بۆ تورکیا له‌ پێناو سه‌رمایه‌گوزاری بۆ خودی خۆی و هێنانی کۆمپانیا تورکییه‌کان و رێگاپیدان به‌ رۆیشتنی نه‌و‌تی به‌تاڵانبراوی کوردستان بۆ ئه‌ودیوی‌ سنووره‌کان تا کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین تاوان ئاشکرا بکات و له‌به‌رده‌م میدیاکانی تورکی شۆڤینیسته‌وه‌ لافی به‌کوشتدانی 3600 چه‌کداری پارتی بۆ تورک له‌شه‌ڕی دژ به‌ PKK لێده‌دا. که‌سێک خاوه‌ن یه‌ک زه‌ڕه‌ که‌رامه‌تی کوردایه‌تی بێت چۆن خوێنی کورد بۆ دوژمن به‌ حه‌ڵاڵ ده‌زانێت.
4- نێچیر باس له‌ گۆڕان له‌ نێو پارتیدا ده‌کات ، پێمان ناڵێت ئه‌گه‌ر مه‌سعود یا خودی خۆی نه‌بنه‌وه‌ سه‌رۆکی پارتی قه‌بوڵی ده‌که‌ن؟، پێموانییه‌ که‌سێکی ژیاو له‌گه‌ڵ ئه‌و مێرده‌زمانه‌ی بنه‌ماڵه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بکات فازیل میرانی بکه‌ن به‌ سه‌رۆکی پارتی یان یه‌کێکی دیکه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌.. گۆڕان له‌ چیدا ده‌که‌ن ، ئێوه‌ ته‌نها خه‌ڵکی کوردستانتان وه‌ک کۆیله‌ ده‌وێت له‌وه‌ زیاتر هیچی دیکه‌ ناتوانن له‌ سته‌رکچه‌ری پارتیدا بکه‌ن ، هه‌موو ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسییه‌کان کۆیله‌ی بنه‌ماڵه‌ن ، دیاره‌ له‌ یادتان چووه‌ به‌ته‌نها کوڕه‌ مێردمنداڵه‌که‌ی نیهادی مامتان زیاتر له‌ 3 ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسی مارکوژ کردووه‌ ؟..گۆڕان چۆن له‌ نێو کۆمه‌ڵێک له‌ دڕنده‌ ده‌کرێت، ئه‌و به‌یتوبالوره‌ی جه‌نابتان بۆ - یه‌که‌م: بۆ ئیحتواکردنی ناره‌زایه‌تییه‌کانی ناو پارتییه‌ ، ده‌تانه‌وێت کاریکی ئاوا بکه‌ن رۆح وه‌به‌ر گیانی شه‌که‌تی کۆیله‌کانتان بکه‌نه‌وه‌ تا بۆ عه‌یامیکی دیکه‌ کۆیلایه‌تیتان بۆ بکه‌نه‌وه‌ . دووه‌میش له‌ هه‌مووی گرنگتر: دیاره‌ ناکۆکی توند له‌ نێو کوتله‌ به‌هێزه‌کانی نێو بنه‌ماڵه‌ سه‌ریده‌رهێناوه‌ ، که‌ له‌ ژێر ناونیشانی" گۆڕان " ده‌ته‌وێت ته‌سفییه‌ی حساب له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌تایبه‌تی کوڕه‌کانی مه‌سعوددا بکه‌یت. ره‌نگه‌ ئه‌م ناکۆکییه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌نجام بگات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی کوردا بکه‌وێته‌وه‌ ، چونکه‌ بێهێز بوونی بنه‌ماڵه‌ شێرپه‌نییه‌که‌تان له‌ هێز و یه‌کگرتووی خه‌ڵکی کوردستان زیاد ده‌کات.ئه‌مه‌ دیاره‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ له‌ کوێ بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێوه‌ هه‌بن خیانه‌ت،جاشایه‌تی ، ته‌زویر و تیرۆریش هه‌یه‌.
5-  وه‌رنه‌گرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆک ، به‌ به‌هانه‌ی بوونی عه‌لی عه‌بدوڵا وه‌ک جێگری سه‌رۆکی پارتی ، به‌هانه‌یه‌کی بێ مانایه‌ ، چونکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاساوه‌که‌ به‌هێز بکات له‌ دیمانه‌که‌یدا زۆر به‌شانوباڵی عه‌لی عه‌بدوڵادا هه‌ڵداوه‌‌ ، که‌ دڵنیاین عه‌لی عه‌بدوڵا خۆی سه‌ری سورماوه‌ له‌و هه‌موو رێزه‌ ، چونکه‌ ئه‌و باش ده‌زانێت کاتێ له‌لایه‌ن نیهاد بارزانییه‌وه‌ له‌ مه‌کته‌به‌که‌ی خۆی تێر شه‌قکرا، ئێوه‌ فزه‌تان لیوه‌ نه‌هات ، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو بۆ جارێکیش له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتتان له‌ سه‌رۆکایه‌تی به‌ناو حکومه‌تی هه‌رێم له‌ میدیاکاندا تا ئیعاده‌ی ئعتباری بۆ بکه‌نه‌وه‌ پێشوازیتان لێ نه‌کرد ، جه‌نابتان ده‌یان گۆرانیبێژ و ده‌ڵاڵی له‌شفرۆشیتان پیشوازی لێده‌کرد ، بۆ جارێکیش ئه‌و برینداره‌تان به‌سه‌رنه‌کرده‌وه‌ ، جا ئێستا هێنانه‌وه‌ی پاساوی بوونی جێگری هه‌رێم بۆ وه‌رنه‌گرتنتان بۆ پۆستی جێگری مامتان ، پاساوێکی سووکه‌،‌ باوه‌ڕناکه‌ین منالێکیش له‌و کوردستان باوه‌ڕ به‌و پاساوه‌ بهێنیت.
6- هه‌رچی ده‌رباره‌ی لاوازبوونی پارتی له‌سلێمانی حه‌یفی بۆ ده‌خۆیت ، دڵنیابه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆکیش ئێوه‌ هه‌ر لاوازن ، خۆ ئه‌گه‌ر ئامرازی ته‌زویر نه‌بێت دیاره‌ به‌ ته‌نسیق له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنی ساختاکار ، ئێوه‌ له‌ هه‌ولێریش هه‌ر له‌دواوه‌ن ، هه‌موو چاودێران ئه‌و راستییه‌ ده‌زانن له‌ کوێ ده‌سه‌ڵاتتان هه‌بووبێت ، ئێوه‌ یه‌که‌من ، چونکه‌ ته‌زویرێکی زۆر بێڕه‌حمانه‌تان کردووه‌ ، دوور مه‌ڕۆ بۆ له‌ عه‌دنان موفتی ناپرسیت ، ئه‌و باش ده‌زانیت چه‌نده‌ ته‌زویرتان کردووه‌ ؟ ده‌یان راپۆرتی کادیران و چاودێرانی یه‌کێتی دووپاتی ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ بوونی ته‌زویرێکی بێ شومار ، ئێوه‌ ئه‌مجاره‌ نه‌ک هه‌ر له‌ بنکه‌کان ته‌زویرتان کرد به‌ڵکو به‌ لۆری سه‌نوقه‌کانتان ده‌گۆڕی.. به‌و ژمارانه‌ی که‌له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ بۆ ئێوه‌ ده‌رچووه‌ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن ، چونکه‌ ئه‌و ژمارانه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌راستییه‌وه‌ نییه‌ له‌ 80% ته‌زویره‌ ، ژماره‌ راسته‌کان لای گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵه‌ ، ئه‌وانه‌ خاوه‌ن ژماره‌ی راستین.
له‌ کۆتاییدا ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی زێده‌شم لا مابیت ، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم : ئێوه‌ باوه‌ڕتان به‌ خه‌ڵکی کوردستان و قاعیده‌ کۆیله‌که‌ی حزبه‌که‌ی خۆشتان نییه‌ ، به‌ڵکو ئێوه‌ هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌ی جه‌لالیزمن ، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێک پاش پشتکردن له‌ خه‌ڵکی له‌ پێناو خود دایه‌ ، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ سه‌قه‌ته‌ که‌ ئامانجه‌کانتان به‌ جۆره‌ها رێگای شه‌رعی و ناشه‌رعی پیاده‌ ده‌که‌ن ، بۆیه‌ زۆران له‌ رۆشه‌نبیرانی کوردستان وێکچوونێکی گشتگیر له‌ که‌سێتی ئێوه‌ و ته‌نانه‌ت مامیشتان له‌گه‌ڵ جه‌لال ده‌بینن‌ ، ئه‌وه‌تا جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری یه‌کێتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ ، بۆ ته‌واو رۆحکێشانی یه‌کێتی ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌م ده‌رگای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد که‌وتووه‌ و ده‌یه‌وێت بیکه‌نه‌وه‌ به‌سه‌رۆککۆمار . تۆش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستت بگاته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌م هه‌موو شتیک ده‌که‌یت ، ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیشتان پێی نه‌بێت دیاره‌ ته‌داولی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ ئاشتیانه‌ له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی دیموکراسیانه‌ی شه‌فاف.
لینکی خواره‌وه‌ بریتیه‌ له‌ دیمانه‌که‌:
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=402&cat=2

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە