کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بارزانی باش لە منیش تێدەگا

Sunday, 05/08/2012, 12:00






(نامەوێ ئەم نوسینە هەموو پارتیەك بیخوێنێتەوە، چونكە زۆریان ناچێ بە مێشكیانا)

رۆژی 2ی ئاب رۆژێكی ترە لەو رۆژە رەشانەی كە پارتی مێژویەكی رەشی بۆ خۆی تۆمار كرد كاتێ لێكترازانی خستە نێو كارەكانی كوردانی سوریا و پێشوازی لەئۆغلۆ كرد.
روداوی سیاسی لەناو هەرێمی كوردستاندا وەك یاری مار و پەیژەی لێهاتووە، كوردی سوریا لە ناو هەولێردا لەسەر دەستی سەرۆكی هەرێم لەرۆژی 11/7 كۆكرانەوە ئومێدی گەورە بوو، بووە كارتێكی سیاسی گەورە بەدەست كادرانی ئەو حزبەوە، چونكە كوردانی سوریا بونە هێزێكی گەورە و بەیەكگرتووی شارە ئازاد كراوەكانی قامیشلۆ و عامودا كۆبانی و عەفرین ، تربەسپی ، گڕكێ لەگێ و دێرك بەڕێوە برد، ئەوەیش دوای ئەوەی دەستەی باڵای كوردی لەقامیشلۆ پێكهێنرا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان ، بەڵام 20 رۆژ بەسەر ئەوەدا تێپەڕی نەكرد هەر بارزانی خۆی لەسەر هەمان مێز بوو بە ماری سەر مێزی یاریەكەو داشەكانی خوارد و هێنایەوە خوارەوە.
لەو دەمەدا مەسعود بارزانی باسی یەكڕیزی كوردی دەكرد و كوردایەتی بەخەڵكی هەرێمی كوردستان دەفرۆشتەوە كاتێك بوو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی وەك گۆڕان رەخنەی لەدیوەخانەكە و كۆبوونەوەكەی 31/7 دەگرت و داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیاش هاتە هەولێرو پێشوازیەكی گەرمی لە لایەن سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لێ كرا، لەكاتێكدا دەسگێڕێكی نزیك شێخڵلا دەیزانی داود ئۆغلۆ بۆ سەردانی بارزانی دەكا، هەر بۆیە دوای كۆبوونەوەكە ئۆغلۆ نەك گەشبین بەڵكو هەر ئەوە مابوو بە مەسعود بڵێ كوڕە گیانی بەگیانیەكەی ئەتاتورك كۆبونەوەكەمان لەگەڵی هێندە ئیجابییە ئەگەر لە ئەنقەرەش بكرایە وادەرنەدەچوو.
كاتێك ئۆغلۆ دەڵێ سەرۆكی هەرێم لە پەیامی توركیا گەیشت سەبارەت بەنیگەرانی و ترس لە بارودۆخی ئەم دوایەی ناوچەكانی باكوری سوریا، مەبەستی لەوە نیە كە ئەو ترسە بۆ سەر هەرێمی كوردستانە، بەڵكو مەبەستی لەوەیە ئەو ترسە بۆ سەر توركیای كەمالیە بەدیدی ئۆغلۆ، هەر بۆیە بەگەشبینیەوە مژدەی بە ئەردۆگان دا كە وا مەسعود بوو بەدەستە برای تۆ و خۆت ئامادەكە بۆ خەڵاتێ.
زۆرێك هەن پاساو بۆ كاری ناسیاسی دەهێنەوە و پێیانوایە ئەگەر مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆغلو نەكردایە ئەوە دنیای هەرێمی كوردستان كۆتای دەهات، سنورەكان بەرەو رووی هەرێم دادەخران كورد هەمووی لەبرسا دەمرد ، لە كاتێكدا توركیا بەژەوەندی لەگەڵ هەرێم دایە نەك هەرێم بەرژەوەندی لەگەڵ توركیا بێ، بەڵام بەدیوی بەرژەوەندی مەسعود بارزانی دا وا نیە ، بەڵكو هەرێم بەرژەوەندی لەگەڵ توركیادایە، ئەو بەرژەوەندیەش لای مەسعود بارزانی هەناردەكردنی نەوتە.
لای مەسعود بارزانی كورد لە بەغدا لە پلەی یەكەمی هاوكێشەكە هاتۆتە دەرەوە، چونكە مالكی ئەو مێردەزمەیەیە كە مەسعود هەموو كوردی پێتۆقاندوە، بۆئەوەی فریشتەكە لای كورد پیشان بدا كە ئۆغلۆیە، چونكە لای مەسعود ئێستا داود ئۆغلۆ ئەگەر فریاد ڕەس نەبێ بۆ ئەو، ئەوا فریشتەیەكە و هاتووە بۆ ئەوەی دژایەتی مالكی پێ بكا ئیتر لەبەرامبەردا یەكڕیزی كوردانی سوریا چی لێدێت بابەتێك نیە پەیوەندی بەم هەرێمەوە هەبێت و لەم ناوچەیەش دەبێت یەك هەرێم هەبێت بەناوی هەرێمی كوردستان، لە تەنشت ئەم سیاسەتەشەوە پێویستە لە هەولێر یەكڕیزی ماڵی كورد لە دیوەخانەكەی مەسعود بارزانیەوە ریزی بۆ ببەستن، ئەگەر هەر هێزێكیش دواكەوت ئەوا ئەو ریزە تێكدەدا و پارتی لێی قبوڵ ناكا.
ئێ ئاخر برایانی پارتی من پرسیارێكم هەیە لە ئێوە تو ویژدانتان دیوەخانێك ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا تێیدا كۆبێتەوە لەگەڵ عەبدولباست سەیدا سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا كە هەر لەگەڵ ناوی هەرێمی كوردستانی سوریا هات هەموو دنیای تێگەیاند كە ئەوە قبوڵ ناكەن، ئەبێت چ دیوەخانێك بێت باسی یەكڕٍیزی گەلی كوردی لەعیراق تێدا بكرێت.
پارتی و مەسعود بارزانی ئەگەر لە داود ئۆغلۆ تێگەیشتبێ ئەبێ لە منیش بگا كە ئەو هێزە سیاسیانەی توڕەن و كورد وتەنی لەكەلی شەیتان نایەنە خوارەوە، بێ هۆ نیە، چۆن پەیەدە كۆبوونەوەكەی 2ی ئاب توڕناداتە دەرەوەی بەرنامەی خۆی لە سەر دەستی ئۆغلۆ بكرێ و لە هەمان كاتدا بانگیش نەكرێ لەسەر داوای ئۆغلۆ، كە هیچ رۆحێكی نەتەوەیی و نیشتمانی ئۆغلۆ نابەستێتەوە نەك بەكوردی سوریا بەڵكە بەسوریا خۆشیەوە، هەر وەك چۆن بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەكەی 31/7ی حزبە كوردستانیەكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم تۆڕدایە دەرەوەی بەرنامەی خۆی، چونكە دەزانێت هیچ رۆحێكی سیاسی و ئەخلاقی ئەو هێزە سیاسیانەی كۆبوونەوەكە لەگەڵ مەسعود نابەستێتەوە بەیەكەوە.
گریمان ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد كە 5نوێنەریان لەلیژنەی باڵای كوردانی سوریادا هەیە كاتێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆدەبێتەوە سەرمەستی سەركەوتنن و كەوتونەتە ناو خەیاڵدانی دەسەڵاتەوە لە سوریا و دەیانەوێ بە هەر رێگەیە بێ ئەو ئاواتە بهێنێتەدی، بەڵام ئەی خۆ مەسعود بارزانی لە پەیامەكەی ئۆغلو دەگەیشت وەك ئۆغلۆ خۆشی وتی باش تێگەیشت، بۆ ئەو سەردانەی رەتنەكردەوە، كەواتە ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان كاتێك كاری هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لەدەستەی باڵای كوردی هەڵەسپێرێ نە تێكدانی ریزی كوردایەتیە لەسوریا نە ئەهێلێ ئەو خەونەی بارزانی و ئۆغلۆ بێتەدی كە سوریا تەسلیمی نەوەكانی ئەتاتورك بكرێ.
كاتێك دەستەی باڵای سیاسی كوردانی رۆژئاوا كە لەیەكگرتنی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد و ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان كە پەیەدە سەرپەرشتی دەكات، بەهۆی سەردانەكەی ئۆغلۆوە بۆ هەولێر لەیەكدەترازێ، ئۆباڵەكەی لەسەر شانی مەسعود بارزانیە، چونكە ئەگەر مەسعود بارزانی پێشوازی لەئۆغلۆ نەكا ئۆغلۆ جورئەت ناكا روبكاتە هەولێر، هەر بۆیە ساڵح موسلیم ئەندامی لیژنەی باڵای كورد و هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) بە توانجەوە بۆ كەناڵەكان باش مەسەلەكەی پێكا كە وتی: گەر كۆبوونەوەیەك دەكرێ ئەوا بەپێی پەیمانامەی لیژنەی باڵای كورد دەبێ بەبڕیاری هەر دوو لابێ ، بەڵام بێ ئەوەی را و بۆچوونمان وەربگیرێ5 ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، دەبێ بزانین كێ ئەم كۆبوونەوەیەی رێكخست، كێ پێشەنگایەتی كرد؟ دەمانەوێ ئەمانە ئاشكرا بكرێ.
هەرچەندە ئەمە پرسیارێك نیە پڕ بێ لە نهێنی شاراوە تەنیا بەیەك وشە هەموو كوردێك تەمەنی هەرزەكاری تێپەڕاندبێ دەزانێ وەڵامی بداتەوە و بڵێ: مەسعود بارزانیە.
ئێ كەواتە خۆ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان تووشی شیزۆفرینیا نەبوو بوون كاتێك گومانیان لەو كەمپە سەربازیە هەبوو كە پارتی و مەسعود بارزانی چەن مانگێ لەمەوبەر بۆ كوردانی سوریا كردبویانەوە لە دهۆك و گۆڕان دەیوت ئەم هێزە لە جیاتی توركیا شەڕی پەكەكەی پێدەكرێ لە كوردستانی رۆژ ئاوا، كەواتە ئەگەر مەسعود بارزانی باش لەئۆغلۆ گەیشتبێ ئەوكات لە گۆڕان تێگەیشت و دواتر لە ساڵح موسلیم تێگەی و ئێستاش لەمن دەگا!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە