ئاخ بۆ دوو (بەرهەم ساڵح)ی تر!
Friday, 18/03/2011, 12:00
پێشینان وتویانە ((ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێ))..... دەسا خوایە كوا نەزانێ ئەم چەرخەمان بۆ وەرگێڕێ... ئەم نەزانانەی ئەم وڵاتە ، بەعس ئاسا لاسایی بەعس ئەكەنەوە ، بەڵام هێندە نەزانانە لاسایی ئەكەنەوە زۆر جار بەخراپ بەسەریاندا ئەشكێتەوە ... چەندین زانا هاتۆتە مەیدانەكەو راست و هەڵەكەیان پێدەڵێ هێشتا چۆك دانادەن و بەهانە بۆ هەڵەكانیان دەهێننەوە ، نەزان لەم وڵاتە یەك و دوو نیە هەر لەسەرۆكی هەرێمەو تا سەرۆكی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی عێراق نەزانیان كردووە بە ئەركی سیاسیان و چۆن 20 ساڵ لەمەوبەر ئەوان سوار چاكی مەیدانی سیاسی بوون لەو شاخ و كێوانە ئەمڕۆش سوارچاكی دەسەڵاتیان بۆ خۆیان گرتوە و نە بەڕێگەی دیموكراتی و ئاشتیانە و نە هێزی جەماوەر نە ئەوەیە ئەو دۆخە وەرگێڕن نە ئەوەیە دەسەڵات جێهێڵن.
من ئەمڕۆ 18-3 رەفتار بەعسم لەسەرای ئازادی بینی....((سەعات نزیك 12 گەنجێك لەسەر مایكرۆفۆنی سەرای ئازادی هاواری كرد.. تكای برایانە لەپۆلیسی هاتوچۆ دەكەین كە سەرووی خۆیان ئاگادار كەنەوە كە رێگەكانی سەر سەرای ئازادی ببڕن و چونكە ژمارەی نوێژكەرانی سەرای ئازادی زیادی كردووە))
ئەم دەسەڵاتە كەی دڵسۆزی رێگا و شەقامەكان بوون تا بیر لەوە بكەنەوە خەڵك ئازادە چۆن هاتوچۆ دەكا بابیكا... زیاتر لە نیو سەعات دوای ئەو بانگەوازە پۆلیسی هاتوچۆ بەدەنگ ئەو داوایەوە نەهات، بۆیە بەناچاری خەڵك خۆی هەر چوار رێیانەكەی هاتنە ناوەوەی سەرای ئازادی بڕی، لەوكاتەدا چەند شۆفێرێ خۆیان توڕە كرد، گوایە ئەمە رێگانە موڵكی كەس نین..... ئەمەیە رەفتاری بەعس ئاسا كە خەڵك كردن بەگژی یەكایە.
من خۆم نوێژ ناكەم ، بەڵام خەڵك ئارەزوی خۆیەتی لەكوێ نوێژ دەكا، ئەمڕۆ سەرای ئازادی ئەو شوێنەیە لەچەپەوە بۆ راست و لەئیسلامی سیاسیەوە بۆ عەلمانی خۆی تێدا نمایش دەكا، واتە مینبەری خەڵكە، تەنیا ملكەچەكانی پارتی و یەكێتی ناوێرن رو لەو مەیدانە بكەن، پارتی و یەكێتی نایانەوێ خەڵك نوێژ بكا و بەدەستیان بێ هەرچی مزگەوت لەم هەرێمە هەیە دایخەن.
كەواتە ئاخ بۆ دوو بەرهەم ساڵح ی تر كە بەبەرێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بڵێ رێگەكانی سەرای ئازادی كلۆم مەدەن و با سەیارە بەئارەزوی خۆی هاتوچۆ بكا تا نەبێتە شوێنێك بۆ عیبادەت و خوا پەرستی... تا نەبێتە شوێنێك بۆ ئازادی را دەربڕین.
ئاخ بۆ دوو بەرهەم ساڵح ی تر كە خەڵك هێندەی تر توڕەكا تا ئەمجارە بەم خۆپیشاندانە مەدەنیەوە نەوەستێ و هەرچی تەخت و تاراجیان هەیە بۆیان وەرگێڕێ.... ئاخ بۆ دوو بەرهەم ساڵح ی تر بۆئەوەی نەتوانێ یەك تاوانباری روداوەكەی 17ی شوبات دەستگیر بكات بۆئەوەی ئەم حكومەت و دەسەڵاتە لای خەڵك هێندەی تر سوك بكا.. ئاخ بۆ دوو بەرهەم ساڵح ی تر بۆ ئەوەی ئەمجارە زانكۆی دهۆكیش داخا و ئەوەندەی تر خوێندكاران توڕە بكا و وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەندەی تر لەبەردەم مامۆستای زانكۆدا شەرمەزار تر بكا.. ئاخ بۆ دوو بەرهەم ساڵح ی تر تا رێگەی نێوان دهۆك -هەولێر یش دابخا بەڵكە خەڵكی دهۆكیش وەك سلێمانی و هەولێر هێندەی ئاگری بابەگوڕگوڕ توڕە تر بكا .... ئاخ بۆ دوو نەزانی تر تا ئەم چەرخە هێندە تێكبدا كە تا خەڵك هێندە توڕە بێ لەسلێمانی ... دوو سەرای ئازادی تر دروست بكا.
رۆژ بەرۆژ بۆت دەردەكەوێ كە ئەم دەسەڵاتە چەند بێباكە، دەفەرموو بزانن چۆن دەسەڵاتی سیاسی چەند درۆ بەناوی دیموكراسی و ئازادیەوە دەكا...ئەوەی كە پارتی و یەكێتی تەواو بێتاقەت كردووە لەسلێمانی نوێژی هەینیە بەدەستی بێت بەدەیان تەنكەر ئاو بڕژێ بۆ ئەوەی كەس نوێژی هەینی لەسەرای ئازادی نەكا، ئەوەی سەرسامی كردوم لەبەرامبەر ئەم رژێمە سەركوتكەرەی هەرێم ئەوەیە كە دەیەوێ هەموو ئەكتەرەكان بەئارەزوی ئەو هەستن و دانیشن.... دەیەوێ خەڵك بكا بەگژی یەكدا....ئەم گەڕەك بەدژی ئەو گەڕەكدا... ئەم شار بەگژی ئەو شاردا، كەسانی پارتی و یەكێتی نەوەی بەعسن و بەعس ئاسا رەفتار دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست