حەسانەوە بەمەرجى ملكەچبوون
Wednesday, 08/07/2009, 12:00
ڕۆژنامەى هاوڵاتى ڕٍایگەیاند كە مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى، لەكۆبونەوەیەكدا بە سەرۆكى چوار حزبەكە(یەكگرتوو و كۆمەلأ و حسك و زەحمەتكێشان)ى ووتوە كەئەگەر دەنگ بەدەستور نەدەن ئەوا لە چوار ساڵى داهاتوو كە خۆى بۆسەرۆكى هەرێم هەڵدەبژێردرێتەوە ئەوا ناهێڵێت ئیسراحەت بكەن!
ئەم چوار حزبە ئەوانەن كە ئەڵێن پەیوەندیان لەگەلأ ئێران و توركیا بەهێزەو بەتایبەت ئیسلامیەكان لەلایەن زۆرێكیش لە دەوڵەتانى عەرەبى و ئیسلامییەوە پشتیوانیان لێدەكرێت و هەركامێكیش لەو چوار حزبە بگریت هێندەى لانى كەم سەرۆك عەشیرەتێك چەكدارو تفەنگچى و سەربازیان لەدەورە، تەماشاكەن ئەم سەرۆك بارزانییە لەگەلأ ئەوان كەلەو هەموو پشتیوانیە بەهرەمەندن بەشێوازە قسەئەكات، ئەبێت لەگەلأ ژنێك كە دژى دەستورە چونكە ئەسارەتى ئەوى تیادا یاسایى كراوەتەوە ئەبێت بڵێت چى؟ داخۆ لەگەلأ ئازادیخوازێك كە ئەبینێت دەستورەكە هەموو ئازادییەكان و مافەفەردى و مەدەنیەكانى تیا زیندەبەچالأ كراوە، چۆن هەڵوێستگیرى بكات؟ لەبەرامبەر كەسانێك كە نایانەوێ ئیسلام سەرچاوەى سەرەكى یاساكان بێت و ڕازى نین كوردستان ئەو ئەمارەتە ئیسلامیە- عەشیرەتیە- ناسیونالیسیە بێت كە مەسعود ببێت بەخەلیفە تیایدا، چەند حوكمى بەسەردا ئەبارێنیرَت؟
بارزانى نەك هەر بەتەواوى یەكلایى بوەتەوەو لەوەى كە سەرۆك بوونى خۆى بۆ هەرێم لەسەرو "هێڵى سور"ەوەیە، بەڵكو وەك هەر دیكتاتۆرێك ئەیەوێ "خوا"یەتى خۆى بەسەر هەموو تاكەكانى كۆمەڵدا فەرز بكات و ئەوەى قسە لەقسەیدا بكات، قسەى ببڕێت. وەنەبێت ئەم دیوە ڕاستەقینەیەى مەسعود بارزانى بەتەنها لەم دۆڕانەى ئەواد دەركەوتبێت كە مەسەلەى ڕفراندۆم لەسەر دەستورى هەرێم لەكاتى دڵخوازانەى ئەودا نەبوبێت، بەڵكو بەدرێژایى بوونى ئەو لەسەرو سەركردایەتى حزبەكەیانەوە ئەمە شێوازو ڕەفتارو كردەوەكانى ئەو گشت كوڕو براو برازاكانى ئەون. ئەوان وادەزانن ئەبێت خەڵكى كوردستان ڕۆژانە "ێلاە الشكر" بكات بۆ "خوا" كە ئەم بلیمەتەى بەخشیوە بەم كۆمەڵگایە، ئەیەوێت وانیشاند بدات كەئەگەر ئەو نەبێت "دوژمنانى كوردستان" لەشەووڕۆژێكدا هەڵدەكوتنە سەرمان و سەرمان لەلاشە ئەكەنەوە، ئەیەوێ پێمان بڵێت كە ببونى ئێمە بەندە بە بوونى ئەو و سەرۆك بوونى ئەو و"بەخوا" سەیر كردنى ئەوە. ئەگەر ئەو نەبێت ئێمەش نابین.
بەڵام دنیا بەپێى ویست و خواستى ئەو هاوشێوەكانى ئەو ناگەڕێت، ئەوە ناشیرینى و مێژووى ڕەش و تاڵى ئەوانە، كە وایكردوە كەسانێك ببنە هێز و خەڵك لەدەوریان كۆبێتەوە كە نە ئایدۆلۆژیا و نە بەرنامە و نەڕێكخراویان هەیە، ئەوە ڕابردووى تاڵى حوكمڕانى ئەوانە كە كۆمپانیایەكى كرۆتە بەدیل، دزى و تاڵانكردنى كوردستان و كوشتار و زیندانەكانى ئەوان وایكردوە كە خەڵك تەنانەت "كۆنە بەعسیەك" یان "كۆنەپەرستێك" یان "متەهەورێك" ى لەهەموو حزب و سیاسەت و كاركردى ئەوانى پێباشتربێت.
لەم مەهزەلەى ڕیفراندۆم لەسەر دەستورەدا، مەسعود بارزانى دۆڕا، بەڵام هێشتا فرسەتى هەیە كە ئابڕوى خۆى بسەنێتەوە، ئەویش بەوەى كە ڕەنگە فشارەكانى خۆى بۆ دواخستنى وادەى "هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆكى هەرێم" لەگەلأ وادەى ڕیفراندۆم لەسەر دەستور جووت بكات، واتە بەروارى 25-7 دوابخات بۆ 11-8، هەرچەندە كە ئەمە یاریەكەو خەڵكیان پێ سەرگەرمكردوە، بەڵام لەو گەمانەى خۆشیاندا بەهەر ئەندازەیەك یەكێك لەو ڕەمزانەى بزووتنەوەى ناسیونالستى دۆڕانى بەسەردا فەرز بكرێت، بەهەمان ئەندازە ئەبێتە شتێكى ئۆمێد بەخش بۆ خەڵك بەگشتى و سەرجەم ئازادیخوازان و ئاستى تەوەقوع و چاوەڕوانیەكانى خەڵك بۆسەرەوەئەچێت و فرسەتى دەخالەتكرد\نى زیاتر ئەكات.
بۆیە ئەبێت بەهەموو توانایەكەوە ئەم مەسەلەى دەستورە بەم شێوازەى ئێستایەوە ڕەتبكرێتەوە، ئاخر دەستور چ شتێك لەوەزعى كوردستان ئەگۆڕێت ئەگەر كوردستان خۆى بەڕەسمى و بەپێى هەر خودى ئەم دەستورە سەر بەعێراق بێت؟ دڵى خەڵك خۆش ئەكەن كە گوایا دەستور سنورى هەرێمى فراوانكردوەتەوە، هەموو ناوچەكانى پەیوەندیدار بە مادەى 140 خراوەتە سەر هەرێم، چ گاڵتەپێكردنێكە، ئەم ناوچانەمان بۆ چیە ئەگەر كوردستان دەوڵەت نەبێت؟ ئەگەر جغرافیایەكى جیاكراوە نەبێت لەعێراق و بەڕەسمى لەلایەن ناوەندى نێو دەوڵەتیەوە بەڕەسمى نەناسرابێت؟ دەستور جگەلەوەى كە كوردستانى لەكۆمەڵگایەكى مۆدێرنەوە بەرەو ئەمارەتێك پەلكێشكردوە، هاوكات نەنگیەكى ترى ئەوەیە كە دەسەڵاتى بێ سنورى داوە بەو خەلیفەیەى كەسبەى ئە بەسەرۆكى ئەم ئەمارەتە ئیسلامیە هەڵدەبژێرێت. هەموو شیوەنەكەى مەسعود لەسەرى ئەمەوەیەو هیچ خەمێكیترى نیە. بۆ یە ووتویەتى " نەك یەكێتى، ئەگەر پارتیش لەگەڵى نەبێت، هەر دەبێت تێپەڕێت و بەتەنیاش خۆم تێیدەپەڕێنم" . شەرمە ئەگەر ئەم "عەنتەریاتە"بەسەر خەڵك و ئازادیخوازاندا لانى كەم بەبێ وەڵام تێپەڕێت.
زمناكۆ عزیز
8-7-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست