چاوپێكه‌وتنێکی هاوڵاتی لەگەڵ موراد قه‌ره‌یلان
Saturday, 20/02/2010, 12:00
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا موراد قه‌ره‌یلان باس له‌دوایین گۆڕانكارییه‌كانی كێشه‌ی كورد‌و له‌توركیا و سیاسه‌ته نوێیه‌كانی حكومه‌تی توركیا به‌رانبه‌ر په‌كه‌كه ده‌كات.
هاوڵاتی: هیچ هیوایه‌ك هه‌یه، له رێگه‌ی ئاشتییه‌وه دۆزی كورد له‌باكوور چاره‌سه‌ر بكرێت؟
موراد قه‌ره‌یلان: ماوه‌یه‌كی درێژه ئێمه كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد به رێ‌و رێبازی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بێت. له(1993) به‌دواوه، خه‌باتمان بۆ ئه‌وه هه‌یه. تاكو ئێستا چه‌ندین هه‌وڵمانداوه كێشه به شێوازی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بێت‌و یه‌ك لایه‌نه ئاگربڕمان راگه‌یاندوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌وڵه‌تی توركی ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌و سیاسه‌تی ئێمه‌ی وه‌ك لاوازیی ئێمه لێكداوهتهوهو خواستویه‌تی له‌و كاتانه‌دا كه ئێمه هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه ده‌هاوێژین، پاكتاومان بكات. هه‌ر كات ئێمه ئاگربڕمان راگه‌یاندووه‌و وتومانه ئاشتیمان ده‌وێت، ئه‌وان وتیانه، كه‌واته په‌كه‌كه لاوازه بۆیه ئه‌و كاره ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به ئه‌رێنی وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، بۆ دواینجاریش ئێمه ره‌وشی سیاسیمان هه‌ڵسه‌نگاند، به‌تایبه‌ت پاش (29/3/2009) كه هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كان له‌توركیا به‌ڕێوه چوو، له‌كوردستاندا گه‌لی كورد سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، چونكه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه له‌هه‌ناوی خۆیدا وه‌ك ریفراندۆمێك بوو، واته ده‌وڵه‌تی تورك بۆ ئه‌وه‌ی كه لایه‌نی گه‌لی كورد سه‌رنه‌كه‌وێت زۆر توانای خۆی خسته‌گه‌ڕ، پاره‌و دهسهڵاتو گوشار هه‌مووی پێكه‌وه به‌كار هێنا، به‌ڵام گه‌لی كورد پێداگریی له‌سه‌ر ویستی خۆی كرده‌وه، بۆیه ده‌ته‌په له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتو لهنهوهدو نۆ شاردا شاره‌وانیه‌كانی برده‌وه. پاش هه‌ڵبژاردن هه‌ڵسه‌نگاندمان ئه‌وه بوو یه‌ك لایه‌نه ئاگربڕ رابگه‌یه‌نین، چونكه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌له‌كه‌مان چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به شێوازی دیموكراسییانه هێنایه‌وه گۆڕی، ئێمه‌ش خواستمان به‌و ئاگربڕه قۆناغێكی ئاشتییانه بهێنینه گۆڕی. ده‌وڵه‌تی توركیا سه‌ره‌تا بێده‌نگ بوو، كاتێك رێبه‌رایه‌تی ئێمه وتی من نه‌خشه‌ڕێ ئاماده ده‌كه‌م تاكو چاره‌سه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی بڕه‌خسێت، ئیدی هه‌ڵمه‌ته‌كانمان چڕتر بوونه‌وه‌و ئێمه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌یاننامه‌مان راگه‌یاند، له‌ده‌ره‌وه‌ش هه‌ندیك گوشار له‌سه‌ر توركیا دروستبوو، باسی ئه‌وه ده‌كرا كه ئه‌و كێشه به‌شێوه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت‌و پێویسته هه‌ندیك هه‌نگاوی سیاسی بهاوێژنو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ندێك پێشنیار خرایه روو، بۆ نمونه هه‌ندێك جه‌نه‌ڕاڵی ئه‌مریكی وتیان په‌كه‌كه به شێوازی سه‌ربازی پاكتاو ناكرێت. له‌و كاته‌دا ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه سیاسه‌تی كلاسیكیانهیان، كه ههشتاوپێج ساڵه به‌سه‌ر كوردستانه‌وه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئیدی له ریشه‌وه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و ئیتر به‌و شێوه‌یه ناتوانن سیاسه‌ت بكه‌ن. كاتێك ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت له ریگه‌ی ئاكه‌په‌وه سیاسه‌تێكی نوێیان خسته‌روو، سه‌ره‌تا ناویان لێنا كرانه‌وه به‌ڕووی كورددا، پاشان وتیان ئه‌وه هه‌ڵه‌مان كرد‌و ناویان لێنا كرانه‌وه‌ی دیموكراسی، له دوایشدا وتیان ئه‌وه‌ش نه‌گونجاوه‌و ئێستا ناویان لێناوه كرانه‌وه‌ی یهكێتیو یه‌كگرتن، سه‌ره‌تا كه باسی كرانه‌وه‌ی دیموكراسییان كرد ئێمه‌ش وتمان ره‌نگه بیانه‌وێت به راستی هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ری بهاوێژن، بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه گروپێكی ئاشتیمان له‌ناو گه‌ریلاو خه‌ڵكی مه‌خمور نارده‌وه بۆ توركیا. دهشمانخواست گروپێكی دیكه‌ش له ئه‌وروپاوه بنێرینه‌وه، له‌لایه‌ن گه‌لی باكووریشه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی جهماوهریو به‌رفراوان پێشوازییان لێكراو به‌گشتی نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س پێشوازییان له‌و گروپه كرد. واته له سلۆپی تاكو ئامه‌د خه‌ڵك پێشوازیی له گروپی ئاشتی كرد. ده‌وڵه‌تی توركیا له‌و پێشوازیكردنه پڕجۆشو خرۆشه‌ی گه‌لی كورد زۆر قه‌ڵس بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه گه‌له‌كه‌مان ئاشتیی دهخواستو بانگه‌وازیی ئاشتی‌و دیموكراسییان ده‌كرد، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت وتی چۆن ده‌بێت گه‌ریلا وه‌ك قاره‌مان له‌لایه‌ن گه‌له‌وه سه‌یربكرێت، بۆیه وتیان كه‌واته ئه‌وان ده‌یانه‌وێت خۆیان سه‌ربخه‌ن، بۆیه پاش ئه‌وه هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی توركیا گۆڕا، هه‌م له‌ئیمراڵی گوشاریان خسته سه‌ر رێبهرایهتیمانو سیستمی ئه‌شكه‌نجه‌كه‌یان قوڵتركرده‌وه. رێبهرایهتیمانیان خسته شوێنێك، كه زۆر هه‌لومه‌رجه‌كه‌ی دژوارتر بوو، رێبهرایتمان بۆخۆی وتی ئه‌وه حاڵی مردنه. هێرشیان كرده سه‌ر ده‌ته‌په‌و ده‌ستیانكرد به ره‌خنه‌گرتن له ده‌ته‌په‌و له دوایشدا ده‌ته‌په‌یان داخست. هه‌روه‌ها زۆر زیاتر ده‌ستیان كرد به گرتن‌و زیندانیكردنی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد‌و به‌پلان، ئیتر له‌وه تێگه‌یشتین، ئه‌و سیاسه‌ته كه له‌ژێرناوی كرانه‌وه‌ی دیموكراسیدا ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ریگه‌ی ئاكه‌په‌وه خستویه‌تییه روو، له‌هه‌ناوی خۆیدا پاكتاوكردنی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخواری كورده. ئیتر ئه‌وه روون‌و ئاشكرا بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه بنه‌مایه ئێستا ئێمه جاڕنامهیهكمان له دووی شوباتدا بڵاوكرده‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌مانه‌وێت كێشه‌ی كورد به‌رێبازی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بێت، به‌ڵام حكومه‌تی ئاكه‌په به ئه‌رێنی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
هاوڵاتی: ده‌ته‌په له‌توركیا داخراو ئه‌ندامه‌كانی چوونه ناو به‌ده‌په، پێتوانیه دووباره چاره‌نووسیان هه‌ر وه‌ك ده‌ته‌په‌ی لێدێت‌و دووباره پارته‌كه‌یان دابخرێت‌و ریگایان لێبگیریت، كه به‌شێوازیكی مه‌ده‌نیانه كاری سیاسی بۆ كورد نه‌كه‌ن؟
موراد قه‌ره‌یلان: ئه‌و ئه‌گه‌ره هه‌یه، تاكو یاسای بنه‌ڕه‌تی له‌توركیا نه‌گۆڕدرێت، هه‌میشه ئه‌و ئه‌گه‌ره هه‌یه كه به‌ده‌په‌ش دابخرێت. بینیمان پاش یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی به‌ده‌په، ده‌ستیانكردووه به لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ده‌په‌دا. ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌ده‌په، كه پێشتر ده‌ته‌په بوو، حیزبێكی سیستم بێت، واته وه‌ك حیزبێك نه‌بێت كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستم بێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌و حیزبه كه له‌ناو سیستمدایه له‌دژی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت. ده‌وڵه‌تی توركیا به‌هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ڵێن تیرۆر. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت كه به‌ده‌په‌ش بڵێت بزوتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد تیرۆره، ده‌ته‌په ئاماده نه‌بوو ئه‌وه بڵێت. بۆیه ده‌ته‌په‌یان داخست، به‌ده‌په‌ش ئه‌وه ناڵێت، چونكه له‌كۆنگره‌ی خۆیاندا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه. ئه‌وه چه‌ند رۆژه به‌ده‌په راگه‌یاندن بڵاودهكاتهوهو ده‌ڵێت من موخاتهبم بۆ كێشه‌ی كورد‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه بۆ كێشه‌ی كورد مافی كولتوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی بدرێت ئێمه ئاماده‌ین دانوستان بكه‌ین، سه‌رۆكی نوێی به‌ده‌په سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، ئێستا ئه‌و جۆره راگه‌یاندنانه بڵاوده‌كاته‌وه، به‌ڵام بۆ چه‌كدانان من وه‌كیلی په‌كه‌كه نیم‌و ناتوانم بڵێم چه‌ك دابنێن، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌ڵێت، موخاته‌بی كێشه‌ی كورد به‌ڕێز ئۆجهلانو په‌كه‌كه‌یه. واته ئه‌وه ئێمه نین كه ده‌توانین بڵێن چه‌ك هه‌ڵبگرن، یان چه‌ك دانێنن. چونكه ئێمه هێزی چه‌كدار نین. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، چۆن به‌ده‌په كه حیزبێكی یاسای‌و مه‌ده‌نییه چۆن ده‌توانێت ئه‌وه به‌سه‌ر ئێمه‌دا بسه‌پێنێت، كه بڵێت چه‌ك دانێنن، یان دای نه‌نێن. كاتێك ئه‌و كه‌سانه راستی ده‌ڵێن، ده‌وڵه‌تی توركیا له‌راستییه‌كان قه‌ڵس ده‌بێت. به راستی داهاتووی به‌ده‌په‌ش چۆن ده‌بێت، به ته‌واوی دیار نییه. ئه‌گه‌ری داخستن هه‌یه، به‌س ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكه.
هاوڵاتی: پلانی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به په‌كه‌كه چۆن ده‌بینیت؟
موراد قه‌ره‌یلان: ئه‌وه پرسیارێكی گرنگه، ئێستا پلانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی ئاكه‌په به‌ڕێوه ده‌چێت، ئاكه‌په به‌ڵێنی به ده‌وڵه‌ت داوه، كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ئه‌وان كێشه‌ی كورد بۆ توركیا به به‌ڵا دهزاننو به‌پێویستی ده‌زانن ئه‌و به‌ڵایه له‌ناو ببرێت. ئاكه‌په ده‌ڵێت من له‌ناوی ده‌بم، بۆچی وا ده‌ڵێت، چونكه پێشتر شێوازی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه‌بوو. ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك نكوڵیی له‌كورد ده‌كرد، یان له‌ناوی ده‌برد، به‌ڵام ئێستا ئاكه‌په ده‌ڵێت وا نابێت، كورد برای ئێمهنو پێویسته بیهانهێنین بۆ لای خۆمان‌و ئهولاولایان ماچ بكه‌ین‌و به‌هایان پێبده‌ین‌و كوردیش به‌شێكه له‌نه‌ته‌وه‌ی تورك، پێویست ناكات مرۆڤ رووبه‌ڕووی بێته‌وه، پێویسته مرۆڤ له‌لای شانی خۆیه‌وه دایبنێت. ئاكه‌په به‌و شێوازی بانگه‌وازی بۆ كورد ده‌كات، تاكو بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد‌و به‌گشتی له‌سیاسه‌تی كورد دا دوو پارچه‌بوون دروستبكات. پارچهیهكان له‌لای ده‌وڵه‌ت بێت‌و بۆ لای خۆیانی راكێشن، ئاكه‌په به پلانێكی تایبه‌ته‌وه كار بۆ ئه‌و سیاسه‌ته ده‌كات. ده‌توانم ئه‌وه بڵێم، كه ئاكه‌په وه‌كو سیاسه‌تی جه‌نگی تایبهتو به‌شێوه‌یه‌كی زانایانه‌و به تاكتیكی جۆاروجۆرو ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌یه‌وێت ئه‌و سیاسته بخاته باری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌وه تیۆری‌و تێزی سه‌ره‌كیی ئاكه‌په‌یه. ئاكه‌په ده‌ڵێت كورد هه‌یه‌و پێویست ناكات مرۆڤ نكۆڵییان لێبكات، چونكه له‌توركیا حه‌فتا ئه‌وه‌نه میلله‌ت هه‌یه‌و ئه‌و قسه‌ی ئه‌وانه، له‌توركیا كورد، لاز، چه‌ركه‌س، ئاباز (ئابخازی)، گورجی، رۆمایی..... هه‌یه‌و ده‌ستده‌كه‌ن بهژماردنیان، به‌ڵام ئه‌و نه‌ته‌وانه كه ده‌وڵه‌ت ده‌یان ژمێرێت، جگه له كورد هه‌موویان خۆیان به تورك دهزاننو بوون به‌تورك، چونكه نه‌ته‌وه‌و كولتورهكهیان توێنراوه‌ته‌وه، واته ئه‌وانه كه‌سیان ناڵێن ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازین، ئاكه‌په‌ش كورد وه‌ك ئه‌وان سه‌یر ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وانه هه‌موویان بوونیان هه‌یه، به‌ڵام گشتیان میله‌تی توركن، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن ئێمه به‌گشتی میله‌تی توركین، بۆیه هێز و توانایی ئێمه بۆ میله‌تی تورك به‌و مانایه نییه، كه هه‌مووی بۆ توركه، كوردیش به واتای توركه‌و لاز و چهركسو.... هه‌موویان میله‌تی توركن. واته له‌لایه‌كه‌وه ده‌ڵێن كورد هه‌یه، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه نكۆڵیی لێده‌كات‌و ئه‌ڵێت ئه‌وانیش به‌شێكن له‌میله‌تی تورك. ئه‌وه یارییه‌كه‌و ده‌یه‌وێت به‌شێوازی عوسمانییه‌كان له‌كێشه‌كه نزیك بێته‌وه. ئه‌وه بابه‌تێكی زۆر گرنگه، كه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، واته چۆن عوسمانیه‌كان ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وانه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا به‌ڕێوه‌ی ده‌بردن، ئێستاش ئاكه‌په، وه‌ك ئه‌و شێوازه‌ی عوسمانییه‌كان ده‌ڵێت ئێوه برای ئێمهنو كه‌سی ئێمه‌ن، بۆ نمونه ده‌یه‌وێت سنووری نێوان خۆیان‌و سوریا هه‌ڵبگرن، چونكه سوریا وه‌ك به‌شێك له‌خۆ و به‌میراتی خۆی ده‌زانێت، كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌خۆی دهزانێتو ده‌یه‌وێت وه‌ك به‌شێك له‌ناو میله‌تی توركدا بیتوێنێته‌وه، هێڵی سووریا‌ن چه‌ند خاڵێكهو یه‌كێك له خاڵه‌كانی ئه‌وه‌یه، كه مافی په‌ره‌وه‌رده به زمانی دایك بۆ كورد نابێت. هێڵێكی سووری دیكه‌یان ئه‌وه‌یه، كه ده‌ڵێن نابێت ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی رابگیرێت، نابێت رێبه‌ر ئاپۆ ئازاد بێت‌و به‌و شێوه‌یه هێڵه سووره‌كانی یه‌ك به‌دوای یه‌كدا ریز ده‌كات. واته له‌سیاسه‌تی ئاكه‌په‌دا پاكتاوكردنی كورد هه‌یه‌و چاره‌سه‌ری نییه، نكۆڵی‌كردن هه‌یه‌و قبوڵكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد نییه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌یه‌وێت بانگه‌وازی بۆ ناوخۆی كورد بكات، له‌باكووری كوردستان ده‌یه‌وێت بهبانگهوازهكانی كورد پارچه بكات‌و به‌شێكیان بكات به‌هاوكاری ده‌وڵه‌ت، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌سه‌ر باشووری كوردستان ئه‌و سیاسه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان جێبه‌جێبكات. له‌باشووری كوردستان هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌دات، له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی باشووردا بۆ سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌شێك به‌لای خۆیدا رابكێشێت‌و پاكتاوكردن ده‌ستپێبكات. یانی ده‌یه‌وێت فیتنه له‌ناو كوردان دروستبكات‌و ناكۆكی قوڵبكاتهوهو شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێنێت. هه‌ر چۆن ئه‌و سیاسه‌ته له‌باكوور به‌ڕێوه ده‌بات له‌باشووریش ئێستا كاری بۆ دهكاتو به‌ڕێوه‌شی ده‌بات. هه‌موو ئامانجی ئاكه‌په ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مریكا له عێراق بكشێته‌وه‌و بۆ خۆی هاوسه‌نگییه‌ك دروستبكات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مریكا پێویستی به توركیا هه‌یه. ئه‌وان بۆ خۆیان حسابی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه بتوانن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنن، تاكو ساڵی(2008) كه به خۆڕاگرییه‌كی زاپ سوپای توركیا تێكشكا، په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی باشووری كوردستان هێڵی سوور و قه‌ده‌غه بوو، به‌ڵام پاش ئه‌و شكسته ئه‌و هێڵه سووره‌یان لادا، چونكه بۆیان ده‌ركه‌وت به یه‌كجاری دژایه‌تی هه‌موو كورد بكه‌ن سیاسه‌ته‌كه‌یان بێ ئه‌نجام ده‌بێت. بۆیه ئێستا به تاكتیك كار دهكهنو شێوازی ئێستای ئاكه‌په تاكتیكه له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان‌و ده‌یه‌وێت باشووری كوردستان‌و باكوور بكات به‌گژی یهكداو به‌وجۆره هه‌موو كوردستان لاواز بكات. ئێستاش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه ئه‌ڵێن ئێمه به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی نابین، شتێكی باشه‌و زۆر جار سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ی كردووه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌وه شتێكی باش‌و به‌جێیه، به‌ڵام ئه‌وه به‌ته‌نها به‌س نییه، چونكه پلان به‌دژی كێشه‌ی كورد هه‌مووی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی نییه، ئۆپه‌راسیۆنی سیاسیش هه‌یه. پێویسته مرۆڤ رووبه‌ڕووی ئۆپراسیۆنی سیاسی‌و سه‌ربازی بێته‌وه. ده‌بێت پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین كه كێشه‌ی كورد به‌شێوازی ئاشتییانه‌و دیموكراسییانه‌و شێوازه هاوچه‌رخه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
هاوڵاتی: هه‌ندێكجار باس له ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی توركیا‌و ئهمریكاو عێراق ده‌كرێت له‌دژی په‌كه‌كه، پێتوانوایه سه‌ركردایه‌تی كورد به‌شدار بێت له‌وه‌دا كه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌دژی په‌كه‌كه به‌ڕێوه ببات؟
موراد قه‌ره‌یلان: نا.. من له‌و بڕوایه‌دا نیم به‌شداربن، چونكه به‌شدارییه‌كی له‌وشێوه‌یه مرۆڤی بێ عهقڵو شێتی ده‌وێت، چونكه من باوه‌ڕ ناكه‌م له‌م قۆناغه مێژوویه‌دا ره‌وشێكی به‌وجۆره رووبدات، چونكه كارێكی له‌وشێوه‌یه بۆ هه‌موو كورد تراژیدیایه‌كی گه‌وره ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه پاكتاو بكه‌ن سه‌د له‌سه‌د باشووری كوردستان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پاكتاو ده‌كه‌ن. واته ئه‌گه‌ر باكوور پاكتاو بكه‌ن، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و باشووری رۆژئاوای كوردستانیش له ده‌ور دێنه ده‌ره‌وه‌و ئیتر پاكتاوكردنی باشووریش ئاسان دهبێتو به‌دڵنیایشه‌وه ده‌یكه‌ن. هیچ دوور نییه تراژیدیایه‌كی مه‌زن به‌سه‌ر كورداندا بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌ده‌ور ده‌ربخه‌ن له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێكی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی دهگهڕێنو له‌چه‌ند كاتژمێردا باشووری كوردستان پاكتاو ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تراژیدیای گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌و پێویسته مرۆڤ بیریش له‌وه بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه ده‌ڵێم باشوور به‌شداریی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش نابێت، چونكه ئه‌و كاره مه‌ترسیی زۆره‌و ئه‌گه‌ریش كه‌شتیی ئێمه نوقم بێت هه‌موومان نوقم ده‌بین. بۆیه مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ناكهمو له‌و بڕوایه‌شدا نیم. وه‌ك پێشتریش وتم نه‌ك ته‌نها هه‌ڵوێست بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هه‌بێت، پێویسته هه‌ڵویستیش بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سیاسیش هه‌بێت، چونكه ئه‌وه بۆ خۆی كێشه‌ی سه‌ره‌كییه.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌كو په‌كه‌كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كتان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان هه‌یه، ئایا كه‌ناڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێوه په‌یوه‌ندیتان هه‌بێت، په‌یوه‌ندیه‌كانتان له چ ئاستێكدایه؟
موراد قه‌ره‌یلان: وه‌ڵا هیچ كه‌ناڵمان نییه، پێشتر جارنا جارێك هه‌ندێك شت له‌ئارادا بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه. سێ ساڵ پێش ئێستا، سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆرج بوش وتی په‌كه‌كه دوژمنی ئه‌مریكایه‌و دوژمنی توركیایه، دوژمنی عێراقه‌و دوژمنی ئاشتییه. منیش ئه‌ڵێم په‌كه‌كه نه دوژمنی ئه‌مریكایه، نه‌دوژمنی توركیایه‌و نه‌دوژمنی عێراقه‌و نه دوژمنی ئاشتیشه. په‌كه‌كه مافه سروشتیه‌كانی گه‌لی كوردی دهوێتو جگه له‌وه‌ش هیچی له‌كه‌س ناوێت‌و دوژمنی كه‌سیش نییه. واته ئه‌وه‌ی كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌دونیادا خواستویانهو به‌ده‌ستیان هێناوه بۆ خۆیان، په‌كه‌كه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌وێت. په‌كه‌كه حه‌ڤده ساڵه ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌ی كه توندوتیژیو تیرۆری ده‌وڵه‌تی به‌كار ده‌هێنێت، ده‌وڵه‌تی توركیایه. په‌كه‌كه تیرۆریست نییه، ئه‌گه‌ر به‌دوای تیرۆریستدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌وه ده‌وڵه‌تی توركیایه نه‌ك په‌كه‌كه، په‌كه‌كه له‌مڕۆدا پارتێكی بێسنووره‌و به‌ملیۆنه‌ها دڵخوازو لایه‌نگری هه‌یه، ده‌یان هه‌زار شه‌هیدی هه‌یه‌و په‌كه‌كه بۆ گه‌لی كورد مافه سروشتییه‌كانی ده‌وێت. رۆژی (5/2/2010) وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا رۆبێرت گه‌یتس له‌توركیا بوو، سه‌رۆك وه‌زیری توركیا ئه‌ردۆغان لێیپاڕایهوه بۆ ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، واته ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت فرۆكه‌ی كه‌شف، كه بتوانێت چه‌ك هه‌ڵبگرێت‌و بۆردمان بكات له‌ئه‌مریكا وهربگرێتو ئامانجیشی ئه‌وه‌یه، كه له‌سه‌ر ئێمه‌و رێبه‌رایه‌تی ئێمه تیرۆری ئاسمانی به‌ڕێوه ببات، دوێنی ئه‌ردۆغان داوای ئه‌و جۆره فرۆكه‌یه له گه‌یتس كرد. به‌گوێره‌ی چاپه‌مه‌نی توركیاش گه‌یتس وتویه‌تی باشه پێكی ده‌هێنین. دوێنی ئهمریكاو توركیا رێكه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌مریكا ته‌كنیكی نوێ بهتوركیا بفرۆشێت. پێویسته ئه‌مریكا له‌سیاسه‌تی خۆیدا یارمه‌تیده‌ری كوشتن نه‌بێت، پێویسته یارمه‌تیی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بدات. كاتێك چه‌كی هه‌ره پێشكه‌وتوو به توركیا بدات، ئه‌وه بۆ خۆی ده‌بێته به‌رپرسیار. ئومێده‌وارین به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا كارێكی له‌و شێوه‌یه نه‌كه‌ن‌و له‌كێشه‌ی كورددا توندوتیژی به‌كار نه‌هێنن، به‌ڵكو پشتیوانی له‌شێوازی ئاشتییانه بكات. سیاسه‌تی توندوتیژی له‌دژی كوردان، كه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه له‌گه‌لی ئێمه ده‌كوژرێت، منداڵی كورد، كه ته‌مه‌نی سیانزه، پانزه ساڵه ده‌كوژرێت، رۆژانه له‌توركیا منداڵی كورد ده‌كوژرێت. منداڵی ته‌مه‌ن سیانزه، چوارده ساڵ توندی زیندان دهكرێنو سزای بیست ساڵ زیندانیان بۆ ده‌بڕدرێته‌وه. سیاسه‌تمه‌دار و شارهوانهكانمان ده‌گیرین، ئه‌رك لهپهرلهمانتارهكانمان ده‌سه‌ندرێته‌وه‌و دادگاییان ده‌كه‌ن، واته سوكایه‌تیمان پێدهكهنو پێویسته ئه‌مریكا به‌شداریی ئه‌و سوكایه‌تی پێكردنه نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌شدار ده‌بێت ئه‌وه پێویسته هه‌موو گه‌لی كورد چاوێك بخشێنته‌وه به‌و هه‌وڵوێسته‌ی ئه‌مریكادا. ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌ك راستییه‌كان ببینێت‌و راستی ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تی تورك به‌رامبه‌ر ئێمه تیرۆر به‌ڕێوه دهباتو زۆرداریمان به‌رامبه‌ر ده‌كات. ئێمه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تیرۆر و زۆردارییه كه‌رامه‌ت‌و روومه‌ت‌و شه‌ره‌فی خۆمان ده‌پارێزین، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زۆردارییه‌دا خۆ پاراستنمان تیرۆر نییه.
هاوڵاتی: ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كورد له‌توركیا ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی چالاكواننو خه‌ڵكانی سیاسین، پێتوایه ئاكه‌په رۆڵی هه‌یه لهدهستگیركردنیاندا، یان لایه‌نه چه‌كدارییه‌كانی توركیا ئه‌و كاره ده‌كه‌ن تاكو ریگا نه‌ده‌ن كاری سیاسی بكه‌ن؟
موراد قه‌ره‌یلان: پێشتر ئاكه‌په ده‌یوت ده‌مه‌وێت بۆ كێشه‌ی كورد هه‌ندێك هه‌نگاو بهاوێژم، به‌ڵام سوپا رێگره. گه‌رچی له‌و كاته‌شدا ئه‌و بیانوه‌ی ئاكه‌په راستنهبوو، به‌ڵام ئێستا به‌ته‌واوه‌تی ئاشكرا بووه ئه‌و قسه‌یه راست نییه‌و درۆیه. زاته‌ن سوپا‌و ئاكه‌په ناكۆكیان هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت قه‌ت ناكۆكیان نییه. به‌ڵام له‌كێشه‌ی كورددا وه‌ك یه‌كه‌ن، ئیتر ئه‌وه مسۆگه‌ر دیاره، به‌تایبه‌ت له‌م دوو ساڵه‌ی دوایدا ئه‌و سیاسه‌ته، كه ئاكه‌په به‌ڕێوه‌ی برد به‌باشی ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه.
هاوڵاتی: پێتوایه كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، پێویستی بهفیدراسیۆنێك هه‌یه، كه بۆ دۆزی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌دا یه‌ك هه‌ڵوێستبن؟ واته فیدراسیۆنێكمان هه‌بێت كه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تیایدا به‌شدار بن؟
موراد قه‌ره‌یلان: وه‌ك فیدراسیۆن نا، ره‌نگه كاتێك مرۆڤ بڵێت فیدراسیۆن هه‌ندێك به‌هه‌ڵه لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن. به‌ڵكو زۆر پێویستمان بهپلاتفۆرمێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئێمه واده‌زانین له‌م قۆناغه مێژووییه‌دا بابه‌تێك كه زۆر به قورسی خۆی به‌سه‌رماندا ده‌بڕێت، یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییه، ره‌نگه بۆ ئێستا یه‌كێتیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك فیدراسیۆن قورس بێت، به‌ڵام وه‌ك هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی مرۆڤ ده‌توانێت پلاتفۆرمێكی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی پێشبخات. پێویسته ئێمه سیاسه‌تێكی هاوبه‌شمان هه‌بێت، وه‌ك ستراتیژێكی كوردی هاوبه‌ش كه هه‌موو حیزبه كوردییه‌كان گرێدراوی بن. واته ره‌چاوی ئه‌و هێڵانه بكه‌ن، كه بۆ ستراتیژێكی هاوبه‌ش پێویستن، هه‌موو حیزبه‌كان بۆ ئه‌و ستراتیژه كار بكه‌ن، ده‌كرێت ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بێت‌و هێڵه‌كانی به‌گه‌وره‌یی دیار بن. واته ئێمه ئه‌و پلاتفۆرمه زۆر به پێویست ده‌زانین.
هاوڵاتی: ئێستا باس له‌باری ته‌ندروستی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ڕێزیان شتێكی لێ بێت‌و ته‌ندورستیی زیاتر بهرهوهخراپی بڕوات‌و له‌زینداندا بێت، ئه‌و كاته ئێوه وه‌كو په‌كه‌كه هه‌ڵوێستتان چیده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر توركیادا؟
موراد قه‌ره‌یلان: ئێمه ده‌ڵێین هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئاپۆ، هه‌ڵسوكه‌ته له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان له‌باكووری كوردستان، چونكه سێ ملیۆن‌و نیو له‌خه‌ڵكی باكووری كوردستان له‌ژێر گوشار و مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تدا ئیمزایان كرد‌و وتیان ئێمه سه‌رۆك ئاپۆ به ئیراده‌ی سیاسیی خۆمان ده‌زانین. ئێستاش زۆر كه‌س بۆ ئه‌و ئیمزاكردنه، دادگایی ده‌كرێت. له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌وه وه‌كو دیكۆمێنت قبوڵكراوه، كه سێ ملیۆن‌و نیو، سه‌رۆك ئاپۆ به ئیراده‌ی سیاسیی خۆی ده‌زانێت. هه‌موو رێكخراوه دیموكراتییه‌كانی كورد له باكووری كوردستان راگه‌یاندنیان بڵاوكرده‌وه، كه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئاپۆ، وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتكردنه له‌گه‌ڵ ئێمه‌و ئیراده‌ی گه‌لی كورد. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌تی توركیا سیستمی ئه‌شكه‌نجه‌ی ئیمراڵی رانه‌گرت، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ت وتی شوێنه‌كه‌ی ده‌گۆڕم، له‌راستیدا شوێنه‌كه‌ی گۆڕی، به‌ڵام شوێنه نوێكه زۆر خراپتر بوو، جارێكی دی له‌ناو زینداندا زیندانیان كرده‌وه، تاكو ئێستا چاره‌سه‌رێكی تهندروستیو پزیشكیی باش‌و دروستی بۆ نه‌كراوه. بۆ نمونه له‌توركیا زۆر كه‌س وه‌ك سه‌رۆك ئاپۆ سزای زیندانیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ههڵسوكهوتكردنیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك له‌هه‌موویان جیاوازتره‌و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت دهكهنو له‌وێشدا جیاكاریی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، له‌و رووه‌وه هیچ مافێك په‌یڕه‌و ناكرێت‌و هه‌میشه گوشارێك، كه وه‌ك شهڕٍێكی ده‌روونییه له‌دژی به‌كار ده‌برێت. ئێمه سه‌رۆك ئاپۆ ته‌نها وه‌ك یه‌ك كه‌س سه‌یر ناكه‌ین‌و بۆ ئێمه سه‌رۆكی گه‌له له‌باكووری كوردستان‌و هه‌ركه‌سیش له‌ئاست خۆیدا ئه‌وه‌ی نیشانداوه، كه وه‌ك كه‌رامه‌تی خۆی، وه‌ك سه‌رۆكی خۆی سه‌یری ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌م سه‌چاوه‌ی شه‌ڕه‌و هه‌م سه‌رچاوه‌ی ئاشتییه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست