مرۆڤ و مێژوو ، كامیان شومن ؟
Thursday, 17/12/2009, 12:00
لە بیرمانە دیكتاتۆرى لە ناوچووى عێراق شكستە گەورەكانى بە (ام المعارك) ناودەبرد و دروشمى (یا محلى النێر بعون الله) ى كاتێك دەوتەوە كە سەربازەكانى پۆستاڵى ئەمریكیەكانیان ماچ دەكرد لە ترسنا و لە برسانا ، زۆرى نەبرد مێژوو ئەم روداوەى كۆپى كردەوە ، بەڵام ئەمجارە ئەكتەرەكانى كوردن ..
ئیمزا كردنى یاساى هەڵبژاردنەكان بەسەركەوتن بۆ كورد لە قەڵەم دەدرێت ، گوایا :
سیستەمى تەوافوقى چەسپاندووە !
وەعدى جێبەجێكردنى ماددەى 140 مان پێدراوە ..
تەلەفۆن كراوە لە لایەن ئۆباما و بایدنەوە و پشتگیرى كورد و حكومەتى هەرێمن ..
كورد نەبوایە ، دیموكراسیەت لە عێراقدا سەركەوتوو نەدەبوو ..
شیعە دەسەڵاتیان مسۆگەرە ، كۆك و تەییارن ، مەرجەعیەتیان هەیە ، حوكمڕانى دەكەن و سڵ لە كەس ناكەوە ..
سوودمەندى سەرەكى هەمواركردنەوەى یاساى هەڵبژاردن سووننەى عەرەبە و بە حەماسەتەوە هاتوونەتە كێبەركێكەوە ، ئەمەش لەسەر حیسابى كورد ، سەیرەكە لەوەدایە كوردیش خۆى بەسەركەوتوو دەزانێت .. !
دواى شەش ساڵ شەڕى شیعە و سوننە ، تەقینەوە و كوشتنى بەكۆمەڵ ، ئاوارەبوونى سێ ملیۆن عێراقى ، كەچى هێشتا ئەوانن ژمارەیان زیادى كردووە ، كورسیەكانیان بەرەكەتى تێكەوتووە ، ئێمەش لەسایەى ئازادى و ئاسایشى بەرقەراربوودا كورتمان هێناوە ، دواى چوار ساڵ هێشتا 3 % مان كەمكردووە ..
جا كە كورسیەكانمان كردە خاترى خاترداران ، هاتین زۆر بەتووندى پێداگریمان كرد لەسەر مەسەلەیەكى چارەنوسساز ، نە سوونەى شۆڤێنى و نە توركمان و نە شیعە كەسیان بیریان لێنەكردۆتەوە ، ئەویش گۆڕینى مێژووى هەڵبژاردنەكان بوو ! نوێنەرانمان دیپلۆماسى و سەركەوتوو بوون و توانییان ئابڕومان بكڕنەوە و قەناعەتیان بە ناوەند كردووە كە قایل نابین بەوەى لە 6 ى 3 دا هەڵبژاردن بكرێت چونكە رۆژیكى شومە و رێكەوتننامەى جەزائیرى تیا مۆركراوە ، بەڵكو گۆڕیویانە بە 7 ى 3 ، رۆژى راپەڕینە سەركەوتووەكەى سلێمانى ...!!
بەداخەوە كە عەقڵیەتى سیاسى كوردى تا ئەم ئاستە نزم و لاواز و بێناوەڕۆك بووبێتەوە ، لەلیستى دووەمەوە دابەزیوین بۆ لیستى سێیەم و لەوانەشە چوارەم ، شكستمان هێنا بەسەر خۆمان و داهاتووى ئەمە گەلە بەشمەینەتەدا ، چەندین كورسى نوێنەرایەتیمان دۆڕاند بەڵام دڵمان بەوە خۆشە لە 6 ى 3 دا هەڵبژاردنمان قبوڵ نەكرد ، چونكە شوومە ..
بریا لە 8 ى شوبات دا هەڵبژاردن بكرایە ، بەڵام كورسیەكانمان زیادى بكردایە ..
جا با لە 7 ى نیسان دا هەڵبژاردن بكرایە بەس ئاوا شكستمان نەهێنایە ..
چى دەبوو هەڵبژاردن لە 17 ى تەموزدا بوایە ، بەس هەر هیچ نەبێت پارێزگاریمان بكردایە لە مافەكانمان و خەڵكى تر ئێمەیان نەكردایە بە پرد و لەسەر حسابى ئێمە ئاهەنگى سەركەوتنیان نەگێڕایە .. وادیارە ئێمە فەراسەتمان بەهێزە ، دووربینین ، هەر لەئێستەوە دڵمان خەبەرى داوە شكستەكەمان مسۆگەرە ، نامانەوێت بیدەین بە كۆڵى 6 ى 3 دا ، با ئەوەندەى تر شوم نەبێت ... باشە نەدەكرا شەشى سێمان بگۆڕیایە لە رۆژێكى شوم و شكستى كوردەوە بۆ رۆژێكى پڕ بەختەوەورى و سەركەوتن ؟ ئێمە لە شكست هەڵدێین یان شكست لەبەرامبەرماندا دەبێت شكست بهێنێت ؟...
ئێمە كە لە سیاسەتدا كۆڵین ، بڕوامان بە خورافاتیش هەیە ، خۆ لە سەردەمى پێغەمبەریشدا شەو هەر تاریك بووە و رۆژیش رووناك ، لە هەموو كات و زەمانێكدا شەو و رۆژ هەر 24 سەعات بووە؟.. شەو و رۆژ ئایەتى خوایە ، خۆیان شومییان هەڵنەگرتووە ، ئەوە تەنها ئەو مرۆڤانەن كە لەو رۆژانەدا دەژین شكست و دۆڕانەكەیان دەدەن بە كۆڵى شەشى مانگدا ، یان سێ شەممە و سیانزە و بە شوم دەزانن ، مرۆڤ خۆى شومیى بەسەرخۆیدا دەهێنێت ، ئەوە مرۆڤەكانن لە راستى هەڵدێن و بیانووى بێمانا دەبەخشنەوە ، تەنها نەوترێت خۆیانن هۆكارى دۆڕان و تەسلیم بوون ، فریوخواردن و مساوەمە كردن شومیى نییە ، بەڵام شوێن و كات شومن ، نەگبەتى و نەهامەتیان پێوەیە ؟!..
دەڵێن كاتى خۆى دەروێشێك بە شێخەكەى دەڵێت ، یا شێخ ئەم نیوەڕۆیە میوانى من بە ، وەعد بێـت نیسكێكت دەرخوارد بدەم لە ناوسكتا هەر زیكرى خوا بكات ... شێخەكەش گاڵتەى دێت بەم وشكە سۆفێتیەى دەروێشەكەى ، وتى : نا ، دەروێش تۆ قەلێكم دەرخوارد بدە با كوفر بكات ...
ئەگەر دەسەڵاتدارانى ئێمە ئەوەندەى بەرامبەر یەكترى رەقن و تەنازول بۆ یەكترى ناكەن ، نیو ئەوەندەش بەرانبەر نەیارەكانیان لە ناوەندا وا بوونایە ، ئێستا سەنگ و مەكانەتێكى ترمان دەبوو ، چى دەبوو ئەگەر ئەم یاساى هەڵبژاردنە پەسەند نەكرایە ، ئێمە چەندین ساڵ هەڵبژاردمان نەكرد و ملمان نەدا بۆ یەكترى ، با مانگێك كاروانى دیموكراسیەتى عێراقیش دوابكەوتایە ، بۆ ئەوەندە خەمى دیموكراسیەتى عێراقمان هەڵگرتووە؟ دوو حكومەتیى تا ئێستاش هەر لامان دەستدەكەوێت ، چوار مانگە شوێنى دكتۆر بەرهەم چۆڵە و پۆستەكەش بووەتە قوربانى ناكۆكیى پارتى و یەكێتى ، لە رابووردووودا دەستى دەستییان پێكردین و هیچمان بۆ نەكرا ، ئێستاش پۆستێكى وا چۆَڵ و بێ خاوەنە ، بۆ داهاتوویش چەندین كورسیمان كردۆتە قوربانى ...
نعیب زماننا و العیب فینا وما لزماننا عیب سوانا
ونهجو ژا الزمان بغیر ژنب و لو نگق الزمان لهجانا ..
[email protected] 9 12 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست